دواین هەواڵ

ديبەيتەکەی ڕووداو

‌رەنج نەوزاد

5 رۆژ پێش ئێستا

پرسی ململانێی ئيسرائيل و فەڵەستين، حەماس و غەززە، یەکێکە لە بابەتە سەرەکييەکانی ميديا و سۆشيال ميديای کوردی لە ماوەی ساڵ و نيوی ڕابوردوو تا ئەمڕۆ. ئەوەی مایەیی سەرنجە، ئەو هەموو بایەخ و بەرنامەیە تا ئێستا نەيانتوانيووە، تەنانەت تا ڕادەیەکی زۆر کەميش، تێگەيشتنێکی درووست لای خەڵک درووست بکەن سەبارەت بە پرسی ململانێی ئيسرائيل و فەڵەستين. ئەمە دوو هۆکاری هەیە، هۆکارێکی نەزانی و بێ ئاگایی، هۆکارێکی چەواشەکاری و بەلارێدا بردنی بابەتەکەیە. بە گشتی، لە ناوچەکە و لە کوردستانيش، سێ سەرچاوەی سەرەکی هەبووە بۆ تێگەيشتن لەو بابەتە، ئەوانيش: گوتاری ناسڕی و ناسيوناليستەکان، گوتاری بەعسی، هاوکات گوتاری ئيسلامی (ئيخوانی و ئێرانی ). هەر سێ ئەم گوتارە لەسەر بنەمایەکی پڕ چەواشەکاری و شاردنەوەی هەقيقەتی پرسەکە بنياتنراون.

بۆ نموونە بۆ کەسێکی شارەزا لەو پرسە، کە ئاگاداری وردەکاری و بەڵگەنامەکان و مێژووی پرسی ئيسرائيل و فەڵەستين بێت، کاتێک تەماشای ئەو بەرنامەیی ڕووداو دەکات، وێنەیەکی کۆميدی دەبينێت، دوو کەس کە ديبەيتەکە دەکەن، لەگەڵ پێشکەشکارێک، لەگەڵ کۆمەڵیک بەشداربوو، ماوەی زیاد لە یەک سەعات بەوپەڕی جدیێتی و حەماسەوە قسە لەسەر بابەتێک دەکەن کە لێی نازانن و کەمترين زانيارییان لەسەر ئەسڵی بابەتەکە هەیە. زيادڕەوی نييە ئەگەر بڵێم هەموو بەرنامەکە ٣ دێر زانياری گرنگ و وردی تیا نەبوو لەسەر ئەسڵی مەسەلەکە. باسکردنی شەڕەکەی غەززە و حەماس بەشێکە لە بابەتێکی فراوانتر کە پێی دەڵێن ململانێی ئيسرائيل و فەڵەستين، ناکرێت دابڕاو لە وردەکاری و مێژوو و بەڵگەنامەکانی ئەو بابەتە، باسی شەڕی غەززە بکرێت و دەيان حوکمی لەسەر بدرێت. لێرەدا بە چەند خاڵێک تەنيا چەند هەڵەیەک ڕاست دەکەمەوە، لە دەرەفەتێکی تر بە وردی و درێژی لەسەر پرسی ئيسرائيل و فەڵەستين بابەتێک دەنووسم، بۆ ئەوەی بەشێک لە خەڵک و بە تايبەت ئەوانەی لەسەر ئەو بابەتە قسە دەکەن، تاڕادەیەک زانياری و ئاگاییەکيان لەبارەیەوە هەبێت.

١. موسەنا ئەمين و عەبدولەتيف ئەحمەد، بە پێی قسەکانيان وا ديارە کەمترين زانيارييان هەیە سەبارەت بە مێژوو و بەڵگەنامە و وردەکارييەکانی سەبارەت بە دۆزی فەڵەستن. بەڵام عەبدولەتيف لەبەر ئەوەی زیاتر لە ڕووی شەرعیيەوە باسی بابەتەکەی دەکرد، کە پسپۆریی خۆیەتی، بەڵگە و بۆچوونەکانی لەو ڕەهەندەوە تۆکمەتر بوون. موسەنا ئەمين لە ڕووی شەرعييەوە نەيتوانی بيسەلمێنێت ئەوە جيهادی بەرگرييە، جونکە واقعەکە دژیەتی و حەماس خۆی دەستپێشخەری کردووە، جگە لەوەی ئەو هەراجکردنی خوێنی خەڵکە لە پێناو هيچ و کۆمەڵێک درووشمی وەهمی، بە جيهاد هەژمار ناکرێت. هاوکات، موسەنا ئەمين لە ڕەهەندی یاسایی و مێژوویی و سەربازی و سياسيشەوە قسەی کرد، دەتوانم بڵێم ئاستی زانينی نزيک بوو لە سفر. خۆی چەند جارێک وتی شارەزای هەڵسەنگاندنی ستراتيژی و سەربازی نيم، بەڵام چەند جارێکيش حوکمی ستراتيژی دا کە حەماس سەرکەتوو بووە. هەر وەک چۆن چەند جارێک وتی ئەوە شەڕی حەماس نييە بە تەنيا، بەڵکو شەڕی فەڵەستينييەکانە بە گشتی، بەڵام لەوانەیە خۆی زیاد لە ١٠ جار هەر دەيوت شەڕەکەی حەماس، مقاوەمەکەی حەماس، حەماس لەسەر هەقە....

٢. پێش هەموو شت، لە ڕووی یاسای نێودەوڵەتييەوە، ئيسرائيل وەک دەوڵەت داگيرکەر نييە و ئیعترافی نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسای نێودەوڵەتی هەیە. لە١٩٤٧ و١٩٤٨ەوە بە پێی یاسای نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان، ئيسرائيل ئيعترافی پێکراوە وەک دەوڵەت لایەنی کەم بەسەر ٥٤٪ی ئەو خاکە. پاش ڕێککەوتننامەی ئۆسلۆ لە ١٩٩٣، بە پێی یاسای نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان و فەڵەستينييەکانيش لەسەر ٧٨٪ی ئەو خاکە ئيعترافی پێکراوە وەک دەوڵەت. بە پێی یاسای نێودەوڵەتی تەنيا لە کەناری خۆرئاوا و غەززە و جۆلان و رۆژهەڵاتی قودس داگيرکەرە. موسەنا ئەمين وتی بە پێی یاسای نێودەوڵەتی دەوڵەتێکی داگيرکەرە و کۆی ئيسرائيلی ڕەت کردەوە. دەکرێت بڵێت ئيسرائيل قبوڵ ناکەم، نەک بڵێت بە پێی یاسای نێودەوڵەتی ئيسرائيل تەنيا داگيرکەرە.

٣. بە پێی یاسای نێودەوڵەتی حەماس مافی ڕاگەياندنی شەڕ و ئاشتی و بڕياردانی نييە لەسەر دۆزی فەڵەستين. بەڵکو تەنيا مونەزەمەی تەحرير ئەو مافەی هەیە وەک تاکە نوێنەری شەرعیی فەڵەستين. ئەمە هەموو وڵاتانی عەرەبی و ئيسلامی ئيمزایان کردووە و ئيمزای دەکەن و دانی پێدادەنێن. بە تورکيا و قەتەر و ئێرانيشەوە. تەنانەت بە خودی حەماسەوە ئيمزای کردووە لەسەر ئەو بەياننامانەی کە تيايدا هاتووە "مونەزەمەی تەحرير تاکە نوێنەری شەرعیی فەڵەستينە". سادەترين مانای "تاکە نوێنەری شەڕعیی فەڵەستين" واتە بڕياری جەنگ و ئاشتی دەبێت ئەو نوێنەرە بيدات نەک حەماس کە لە دەرەوەی مونەزەمەی تەحريرە. دووبارە، موسەنا ئەمين دەبوو بڵێت بە ڕای من و حەماس، سەرکردەکانی حەماس بۆیان هەیە جەنگ ڕابگەيەنن، نەک بڵێت بە پێی یاسای نێودەوڵەتی حەماس ئەو مافەی هەیە. ئەوەی ئەم جۆرە قسانە بکات، یان درۆ دەکات یان نەزانە. چونکە بۆچوونی جياواز هەڵناگرێت، ئيسرائيل ئەندامە لە نەتەوە یەکگرتووەکان، یانی چی بە پێی یاسای نێودەوڵەتی تەنيا داگيرکەرە! مونەزەمەی تەحرير نيمچە ئەندامە لە نەتەوە یەکگرتووەکان وەک نوێنەری دۆزی فەڵەستين، یانی چی یاسای نێودەوڵەتی مافی جەنگ دەداتە حەماس بە بێ گەڕانەوە بۆ مونەزەمەی تەحرير؟

٤. یەکێک لەو هەڵانەی کە بەردەوام دووبارە دەکرێتەوە، براوردکردنی "داگيرکاری" ئيسرائيلە بە داگيرکارييەکانی بەڕيتانيا و فەرەنسا و هۆڵەندا.... براوردکردنی فەڵەستين بە جەزائير و وڵاتانی ئەفريقيا و ئاسيا و ئەمريکای باشوور... لای زۆربەی ئيسلامييەکان، ئيسرائيل لەسەر هەموو خاکەکە داگيرکەرە، لەناوبردنی ئەو داگيرکارييە واتە نەمانی خودی دەوڵەتی ئيسرائيل. ئایا لەناوبردنی داگيرکاریی فەرەنسا و بەڕيتانيا و هۆڵەندا و پروتوگال بوونە مایەیی لەناوبردنی ئەو دەوڵەتانە؟ ئایا جەزائيرييەکان هەوڵياندەدا فەرەنسا لە جەزائير دەربکەن یاخود هەر خودی دەوڵەتی فەرەنسا بسڕنەوە؟ بە کۆتایی هاتنی داگيرکاریی فەرەنسا لە جەزائير، فەرەنسا وەک دەوڵەت مایەوە و لەناونەچوو، ئەوەی ئيسلامييەکان باسی دەکەن بە کۆتایی هاتنی داگيرکاریی ئيسرائيل، دەوڵەتەکە نامێنێت. ئایا ئەو کات ئيسرائيلييەکان بەرەو کوێ بڕۆن؟ ئەی زیاد لە ١٠٠ بۆمبی ئەتۆمی بۆ کێ بەجێبهێڵن؟ کۆی ديبەيتەکە لەسەر کۆمەڵێک بنەمای هەڵە و نەزانانە و پڕ چەواشەکاری بوو، بۆیە ئەگەر زیانی نەبێت، ئەوا سوودێکی وای نابێت.

٥. ئيسرائيل بە بەڵێنی بلفۆر درووست نەکرا، بەڵکو بەڵێنی بلفۆر تا ڕادەیەک ئەنجامی کۆتایی پڕۆژەی دەوڵەتی ئيسرائيل بوو. بۆ نموونە ئەگەر دەوڵەتی ئيسرائيل لە ١٠ هەنگاو پێکهاتبێت، ئەوا بەڵێنی بلفۆر لەوانەیە شەشەم هەنگاو بێت. پاشان بەڵێنی بلفۆر، چەنێک پرۆسەیەکی جووەکان بوو، هەر ئەوەندەش بەڕيتانی بوو. هەر کەسێک ئەم جۆرە حوکمەی دا، یان درۆ و چەواشەکاری دەکات، یاخود کۆمەڵێک زانياری هەڵە و سادەی ميديا و سۆشيال ميديا و مزگەوتەکانی هەیە. (لە دەرەفەتێکدا بە وردی باسی ئەم بابەتە دەکەم).

٦. هەڵەیەکی باو بريتييە لە براوردکردنی تيرۆری حەماس بە دۆزی کورد. هەرگيز ڕووینەداوە و نموونەی نەبووە لە مێژووی کورد، بزوتنەوەیەکی کوردی کاتێک حوکمی شارێکی ٢ مليۆن کەسی دەکات لە ڕووبەرێکی بچووک، هەموو مافیکی کولتوری و زمانی هەیە، ڕەگەزنامەی خۆی هەیە، لە نەتەوە یەکگرتووەکان نيمچە ئەندامە و ئاڵای هەیە، بە پێی یاسای نێودەوڵەتی مافی دەوڵەتی پێدراوە و تەنيا جێبەجیکردنی کێشەی تیایە، بەشێکی زۆريشی جێبەجێ کراوە. لە زیاد لە ١٣٠ وڵات سەفارەتی هەیە... بەڵام تەنيا لەبەر ئەوەی جۆریک لە گەمارۆی لەسەرە، بڕوات پەلاماری عيراق بدات و جەنگ ڕابگەيەنێت. کەی کورد ئەمەی کردووە؟ غەززەییەکان ڕەگەزنامەی فەڵەستينييان هەیە، مافی دەوڵەتيان پێدراوە بە پێی یاسای نێودەوڵەتی، هەموو مامەڵە و خوێندنێک بە زمانی خۆیانە، مافە کولتوری و دينييەکانيان وەک سعوودييە پارێزراوە، تەنانەت چەکدار و حکومەتی خۆشيان هەبوو... ڕاستە کێشە و قەيرانيان هەبووە، بەڵام بە دڵنياییەوە ژیانيان زۆر لە سوودانی و سۆماڵی و سووری و ليبی و یەمەنیيەکان باشتر و پارێزراوتر بوو... ئایا کورد ئەم دەستکەوت و دەرەفەتانەی هەبوایە، لە هەموو مێژووی خۆی تەقەیەکی دەکرد؟

٧. بابەتی گوایە غەززە زيندانێکی گەورە بووە، چەقۆ لەسەر مليان بووە، گەمارۆیەکی توند و ترسناکيان لەسەر بووە، جووەکان ئافرەتانی غەززەیان ئەتک کردووە... جگە لە درۆ و پڕوپاگەندە هيچی تر نييە. بە قسەی بەرپرسانی حەماس، کە دەيان جار لە ڕێگەی کەناڵی ئەلجەزيرەوە وتویانە پێش جەنگەکە ڕۆژانە ٥٠٠ بارهەڵگری خواردن و دەرمان و شمەک هاتووەتە ناو غەززە لە ڕەفەحەوە. ئایا هەموو رۆژ ٥٠٠ بارهەڵگر لە شمەک بێتە ناو شارێکەوە، دەکرێت بڵێين ئەو شارە لە ژێر گەمارۆدانێکی کووشندە بووە؟ ڕاستە گەمارۆ و چاودێری هەبووە، قەيران هەبووە... بەڵام نەک چەقۆ لەسەر ملی خەڵک و زيندانێکی گەورە بووە. ئەو زيندانە گەورەیە ئەگەر هەبووبێت چەتەکانی حەماس و سەربازەکانی ميسر لەسەر سنوور درووستيان کردبوو، ڕێگەیان نادا کەس گەشت بکات بە بێ پارەدان بە ميسر و چەتەکانی حەماس. هەموو مانگێک لە ڕێگەی مۆساد و قەتەرەوە بڕی ٣٠ مليۆن دۆلار بۆ غەززە و حەماس چووە. کێشەی سەرەکی غەززە بريتی بوو لە بچووکی ڕووبەر و زۆری دانيشتووان و گەندەڵی حەماس. پاشان گەمارۆکەی ئيسرائيل.

٨. ئيسلامييەکان لە لایەکەوە دەڵێن حەماس و غەززە سەرکەوت، لە لایەکی ترەوە دەڵێن بۆچی جيهان فريای غەززە ناکەوێت جينۆسايد دەکرێت. ئەمە پارادۆکسێکی ئەخلاقی و لۆژيکييە. ئەگەر جينۆسايد هەیە، کەواتە سەرکەوتنی سەربازی یانی چی؟ ناکرێت بڵێين لە کاتی ئەنفال کورد سەرکەوتنێکی سەربازی گەورەی بەدەست هێنا چونکە پێشمەرگە و پارتی و یەکێتی مانەوە. ناکرێت جووەکان بڵێن لە کاتی هۆڵۆکۆست سەرکەوتنێکی سەربازیی گەورەمان بەدەست هێنا! یەکێکی هەڵبژێرن، یان سەرکەوتن، یاخود جينۆسايد دەکرێن.

٩. لە لایەکەوە ئيسرائيل لە لیواری لەناوچوونە، لە لایەکی ترەوە ئيسرائيل دەگاتە نيل و فوڕات و کوردستانيش!

١٠. پرسی فەڵەستين سەرەتا پرسێکی زیاتر عەرەبی و نەتەوەیی بووە وەک لەوەی پرسێکی ئيسلامی بووبێت. بۆ نموونە یەکەم کۆنگرەی فەڵەستينييەکان لە ساڵی ١٩١٩ بە ناوی (المؤتمر العربي الفلسطيني) بوو، ئەو دەستە و دامەزراوانەی کە وەک نوێنەر و حکومەتی فەڵەستينييەکان بوون پێش ١٩٤٨ کە لایەن دەوڵەتانی عەرەبييەوە درووست کرا ناویان (اللجنة العربية العليا لفلسطين) وپاشان (الهيئة العربية العليا لفلسطين)، دوو لە حيزبە سەرەکييەکانی فەڵەستين لەو سەردەمە (حزب العربي الفلسطيني) و(حزب الدفاع الوطني) بوون. پاشگری ئيسلامی زۆر کەمتر بەکارهاتووە وەک لە عەرەبی. گوتار و بەياننامەکانی ئەو کاتيش زیاتر بایەخی بە لایەنی عەرەبی داوە نەک ئيسلامی. بۆیە سەرەتا دۆزێکی عەرەبی بووە زیاتر لە ئيسلامی.

ئەوەی بە باشی ئاگاداری ئەم پرسە بێت لەو سەردەمەدا، زۆر بە ئاسانی دەزانێت کە ئەوەی ئەمڕۆ پێی دەڵێن فەڵەستين و دۆزی فەڵەستين بەم نەخشە و مانایەیی ئێستا، بوونی نەدەبوو ئەگەر دوو هۆکار نەبان: یەکەم درووستبوونی ئيسرائيل، دووەم، بەرژەوەندی و سياسەتی ميسر. ئەگەر ئيسرائيل درووست نەبوایە، ئەوا دەوڵەتێک درووست نەدەبوو بە ناوی فەڵەستين، بەڵکو ئەو ناوچەیە دەبووە ميسر و ئوردن و سووريا، لەوانەیە لوبنانيش. (لە نووسينی داهاتوو بە وردی دێمەوە سەر ئەم خاڵە).

١١. جووەکان ماوەی زیاد لە ٣ هەزار ساڵە لەو خاکەن، بە پێی سەردەمەکان ژمارەیان کەم و زیادی کردووە. ٣ هەزار ساڵە ڕووەو قودس نوێژ دەکەن، لەوێ حەج دەکەن، پيرۆزترين شوێنە لە جيهان بە پێی جووەکان. هەموو ئەمە نەک پێش هاتنی ئيسلامە، بەڵکو دەوروبەری هەزار ساڵ پێش هاتنی مەسيحە. جوو بە براورد بە ئيسلام و مەسيح، نە جيهادی هەیە نە تەبشير، دينێکی داخراوە و بە قوورسی خەڵک وەردەگرێت و بانگەشە بۆ ئەوانی تر ناکات کە ببنە جوو. هەر بۆیە ژمارەیان ئەوەندە کەمە سەرەڕای ئەوەی لە هەردوو دينەکەی تر کۆنترن. کەواتە زۆربەی ئەوانەی لە ئەوروپا و ناوچەکانی تری جيهانەوە دەگەڕێنەوە بۆ ئيسرائيل، هەر نەوەی ئەو جووە کۆنانەن و دەگەڕێنەوە بۆ خاکی ڕەسەنی خۆیان، کە قيبلە و شوێنی حەجەکەیانی لێيە پێش دوو هەزار ساڵ لە هاتنی ئيسلام. ئيسلامييەکان هەقە بپرسن بۆچی پێغەمبەرەکەیان قيبلەی لە قودسەوە گۆڕی بۆ مەککە، چونکە زانی قودس واتە جوو، قودس و جوو دووانەیەکی لە یەک دانەبڕاون. محمەد زانی ئەو شەڕە هەڵەیە و ئەنجامەکەی هەر شکستە، کەسانی وەک موسەنا ئەمين دەيانەوێت ئێستا ئەو شەڕە ببەنەوە!

١٢. ئيسلامييەکان بۆ حەماس قبوڵيانە تا ڕادەی شەڕی خۆکووژی دژی داگيرکەر شەڕ بکەن، بەڵام کاتێک پەکەکە دوو تەقە بکات لە تورکيا، خێرا دەڵێن ئێمە لەگەڵ ئاشتين، تورکيا بەهێزترە، شەڕ چارەسەر نييە. لە کاتێکدا حەماسەکە لە ١٣٦ وڵات سەفارەی هەیە، لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاڵای هەیە، ڕەگەزنامەی خۆی هەیە، خوێندن و پەروەردە و ژیانی هەموو بە عەرەبی و بە پێی کولتوری خۆیەتی... کوردەکە ١٪ی ئەوەی نييە، کەچی دەبێت هێمن و ئاشتيخواز بێت، بەڵام حەماسەکە ئاساییە کاری تيرۆر بکات و ٦٠ هەزار لە هاووڵاتی خۆی بدات بە کووشت و شارەکەی خۆی کاول بکات.
١٣. ئاماژەکردن بەوەی ئەمە شەڕی ئيخوانی و ئێران و حەماس نييە، بەڵکو هی هەموو فەڵەستينييەکانە، ئەمەش یان درۆیە یان نەزانی. زیاد لە دوو مليۆن فەڵەستينی کەناری خۆرئاوا بەشداری ئەم شەڕەیان نەکرد. زیاد لە ٣٠٠ هەزار فەڵەستينی مسوڵمانی عەرەبی ناو قودس بەشدار نەبوون. شەڕەکە تەنيا لە غەززەیە کە ناگاتە ٥٪ی خاکی دەسەڵاتی فەڵەستينی. ئەمشەو موسەنا ئەمين ناڕاستەوخۆ وتی، ٩٥٪ فەڵەستين، ١٠٠٪ی وڵاتانی مسوڵمان و عەرەبی، ١٠٠٪ی جيهان هەڵەن تەنيا حەماس ڕاستە.

١٤. وترا بە هۆی حەماسەوە بۆ یەکەمين جار لە دادگایەکی نێودەوڵەتييەوە بڕيار دژی ئيسرائيل درا. باوەڕ ناکەم هيج دەوڵەتێکی تر لە ئيسرائيل زیاتر بڕياری نێودەوڵەتی لە دژ دەرکرابێت. لە ١٩٤٨ەوە تا ئەمرۆ نەتەوە یەکگرتووەکان بە هەموو بەشەکانييەوە، بە دادگاکەیەوە، زیاد لە ٢٠٠ بڕيار و بۆچوونی دژ بە ئيسرائيل دەرکردووە.

بە کورتی ديبەيتەکە ڕاستە بينەرێکی زۆری هەبوو، بەڵام لە ڕووی بابەتی و مەعريفی و زانيارييەوە نزيک بوو لە سفر، کێشەکە ئەوەیە زانياری هەڵە دەوترا، کە ناچێتە چوارچێوەی ڕای جياواز، بەڵکو تەنيا نەزانی یان درۆ و چەواشەکارييە. گرنگترين لایەنی بەرنامەکە ئەوە بوو کە دووبارە پێشانی داين، لەو چەند نموونەیی دانيشتبوون، ئيسلامی سياسی و سەلەفی چيان لە بەشێک لە کۆمەڵگە و گەنجی کورد کردووە. کۆمەڵێک گەنجی نەزان، بە وەهم سەرخۆش، زیانبەخش، ئەوەندەی خەمی سعوودييە و تورکيا و قەتەر و ئيخوانيانە، نيوەی ئەوە خەمی خۆیان و کەسوکار و شار وڵاتی خۆیان نييە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP