لەبەرامبەرچی پەكەكە چەك رادەستی توركیا دەكات؟
دەنگۆی چەكدانانی پەكەكە، لە هەفتەی داهاتوو بەهێزە، میدیاكانی توركیا بڵاویان كردووەتەوە، پەكەكە لە هەفتەی داهاتوو لە سلێمانی كۆنگرە دەبەستێت و چەك دادەنێت، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە، شاندی ئیمیڕاڵی، دوای ئەوەی بۆ چوارەم جار چوونە ئیمیڕاڵی و چاویان بە عەبدوڵا ئۆجەلان كەوت، چی داواكارییەكیان لە خودی رەجەب تەییب ئەردۆغان و ئاكەپە هەبووە؟
بەگوێرەی زانیارییەكان، شاندی ئیمیڕاڵی، كاتێك سەردانی ئەردۆغانیان كردووە، داوایان لێكردووە، لەگەڵ وەزیری داد كۆببنەوە، چونكە چەند داواكارییەكیان هەیە و پێویستە جێبەجێ بكرێت، یەكێك لەو داواكارییانە ئەوەیە، گۆشەگیركردنی ئۆجەلان هەڵبگیرێت.
ئاژانسی (DW) توركی بڵاوی كردووەتەوە، شاندی ئیمیڕاڵی داوایان كردووە، ئیمیڕاڵی دەبێت بەجۆرێكی لێ بێت، كە رێگە بدرێت رۆژنامەنووسانیش بچنە لای ئۆجەلان و دیمانەی لەگەڵدا بكەن، تەنانەت باسیان لەوەش كردووە، ئۆجەلان مافی ئومێد بیگرێتەوە بۆ ئازادبوونی.
شاندی ئیمیڕاڵی داكۆكی دەكات، لەوەی لەگەڵ وەزیری داد كۆببنەوە، چونكە دەبێت چەند یاسایەك دەربچێت، بۆ چەك دانانی پەكەكە، ئەگەر ئەوە نەكرێت، پرۆسەكە ئەنجامی نابێت.
یەكێك لەو یاسایانە، ئەگەر پەكەكە لە كۆنگرە بڕیاریدا چەك دابنێت، ئایە ئەو چەكانە چۆن و بەچی شێوازێك دابنێت؟ ئایە لایەنی سێیەم كێیە ئەو چەكانە وەردەگرێت؟ ئایە ئەو چەكانە دەدرێتە دەستی وەزارەتی بەرگری توركیا؟
بۆ ئەمەیان چەند زانیارییەك گەیشتووەتە دەستی میدیاكانی توركیا، كە وەزارەتی بەرگری گوتویەتی، لە مانگی پێنجدا چەكەكان فڕێ بدرێت و وەزارەتی بەرگری وەریبگرێت، ئەوانیش تا ئەوكاتە هیچ ئۆپەڕاسیۆنێك دژی پەكەكە ئەنجام نادەن.
هەروەها شاندی ئیمیڕاڵی داوای كردووە، ئەگەر پەكەكە چەك دابنێت، دەبێت یاسایەك هەبێت گیانی گەریلاكان و سەركردەكان بپارێزێت، كە تاوەكوو ئێستا یاسا بۆ ئەو لایەنە دەرنەچووە كە زۆر گرنگە و دەم پارتی پەلەی لێ دەكات.
ئەوەی گرنگە و باس دەكرێت، داوا كراوە ١٥٠٠ زیندانی سیاسی كورد، كە لە گرتوخانەكانی توركیان ئازاد بكرێن، ئەمەش دەبێتە نییەت پاكییەكی حكوومەتی توركیا و رای گشتی بەو هەنگاوە لە پاكی نییەتیان تێدەگات.
ئەوەی لە میدیاكانی توركیا باس دەكرێت و بەرپرسانی حكوومەتی توركیا باسی دەكەن، تەنیا (توركیایەكی بێتیرۆرە)، بەهیچ شێوەیەك باس لەوە نەكراوە، ئەگەر پەكەكە چەك دابنێت، هەنگاوە یاساییەكان چین كە حكوومەتی توركیا بۆ چارەسەری پرسی كورد دەیهاوێت؟
رەنگە بۆ باكووری كوردستان، هیچ پڕۆژەیەكی گرنگ بوونی نەبێت، بۆ نموونە خوێندن بە زمانی كوردی و هەروەها ناساندنی كورد وەكوو نەتەوە لە دەستووری توركیا، بەڵام حكوومەتی توركیا چاوپۆشی لەوە بكات، كە كورد لە رۆژئاوای كوردستان ببێتە خاوەنی فیدڕاڵی و هەروەها كێشەشی نەبێت لەوەی سەركردەكانی پەكەكە، بچنە رۆژئاوا و لەوێ درێژە بەژیان و خەباتی سیاسی بدەن.