دواین هەواڵ

پارتی ئومێدی کەرکووکییەکان

‌فرسەت سەید شوكر

05/04/2025

٥ی نیسانی ٢٠٢٥، لە هەنگاوێکی گرنگدا، دوای نزیکەی ٨ ساڵ پارتی دیموکراتی کوردستان، بارەگای مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک-گەرمیانی لە ژێر پەرچەمی ئاڵای کوردستان لە شاری کەرکووک کردەوە.

ئەم هەنگاوەی پارتی کە هەنگاوێکی گرنگ دەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ناوچەکە، هاودەمە لەگەڵ گۆڕانکارییە گەورەکانی جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموە بارودۆخە دژوارانەی کە ڕووبەڕووی شارەکە دەبێتەوە، بێ شک گەڕانەوەی پارتی گرنگی لە چەندین ڕووەوە هەیە.

یەکڕیزیی لە پێناو داهاتووی کەرکووک

لەم دۆخە هەستیارییەی کە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان پێیدا تێدەپەڕن، یەکگرتوویی گەلی کورد و حزبە سیاسییە کوردییەکان گرنگترین هەنگاوە لەپێناو داهاتووی شارەکە. ئەوەی گرنگە ئەم یەکڕیزییە ببێتە بناغەیەک بۆ دانانی گوتارێکی سیاسی یەکگرتوو لە بەرژەوەندیی کورد هەموو پێکهاتەکانی وەکو عەرەب، تورکمان، مەسیحی و هەموو پێکهاتەکانی تر. بێ شک ڕێگەکانی بەدەستهێنانی ئەم یەک گوتارییە تەنها لە ڕێی گفتوگۆو پێکەوەژیاندا دێتە بەرهەم بەپێچەوانە سیاسەتی زۆرە ملێ و خۆسەپاندن تەنها دەرەنجامی شکستە.

ئامانجەکانی پارتی لە کەرکووک

بەشێوەیەکی گشتی بە درێژایی مێژوو، پارتی قوربانی زۆری لەپێناوە شاری کەرکووک داوە، بەڵام گرنگترین ئامانجە سەرەکییەکانی لە چەند خاڵێکدا کۆدەکرێتەوە:

١. وەلانانی ناکۆکییەکان: 

وەستاندنی ناکۆکییە ناوخۆیییەکان لە کەرکووک و دروستکردنی یەک پەیامی و یەک گوتاری بۆ ئەوەی داهاتووی کەرکووک وەکو ئێستا نەبێ، پارتی بۆ کەرکووک هەموو بەرژەوەندییە حزبییەکان وەلا دەنێت و کار بۆ پاراستنی مێژوو و ڕەسانەیەتیی پڕ شکۆی کەرکووک دەکات.

٢. پەیوەندییەکی تەندروست لەگەڵ پێکهاتەکانی ناوچەکە: 
گفتوگۆی ڕاستەوخۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان لەڕێگەی دانوستاندن و دیالۆگ؛ بەو پێیەی بۆ ناوچەیەکی پڕ پڕ ئارێشەی وەکو کەرکووک، دیالۆگ و ئامانجی هاوبەش باشترین ڕێگە چارەسەرە.

٣. چارەسەری کێشەکان لە ڕێی دەستوورەوە:

ئەوەی پارتی لە کەرکووک مەبەستییەتی، دوور لە توندوتیژی و عەقڵیەتی خۆسەپێنی، لەڕێگەی دەستوورەوە مافی کورد و هەموو پێکهاتەکان پارێزراو بکات، بەپێچەوانەی ئەوەی کە بەبێ گەڕانەوە بۆ لایەنە سیاسییەکان و دەنگی ڕەهای زۆرینەی خەڵک لە کەرکووک بڕیار لە چارەنووسی شارەکە بدرێت.

٤.پارتی جیا لەوەی مەبەستییەتی کە پێکەوەژیان و ژیانی ئاشتیانە لە کەرکووک بەرقەرار بێ بەڵام بە هەموو توانای دژی هەر هەنگاو و هەوڵێک دەوەستێتەوە کە کاریگەریی بخاتە سەر پێگە نەتەوەییەکەی، چونکە ئەوەی لە ڕابردوودا بینراوە، لەبەر بەرژەوەندی تەسکی حزبایەتی زۆر جار مساوەمە لەسەر کوردستانیبوونی کەرکووک کراوە، بە پێچەوانەوە پارتی دەیەوێ هەم کوردستانیبوونی کەرکووک بپارێزێ، هەم دەستی ئاشتی و خێر بێت لەنێوان هەموو پێکهاتەکان.

٥.نەهێشتنی داگیرکاری و جیاکاری: داگیرکاری لە کەرکووک بووەتە پیشەی بەردەوامی نەیارانی کورد و پێکەوەژیان لە کەرکووک، بەتایبەت لە پرسی زەویوزاری جووتیارانی کورد و ماف و داخوازییەکانیان، هەرچەندە پارتی لە ڕابردووشدا لەسەر ئەم بابەتانە توند بووە و ڕێگەی گرتووە لە هەر هەوڵێک بۆ داگیرکاری لە کەرکووک، بەڵام ئەمجارە بە گەڕانەوەی بێدەنگ نابێ لە ئاست هەر جۆرە فشار و هەڕەشە و زوڵمێک بۆ سەر جووتیاران و هاووڵاتیان کە لەسەر زێدی باب و باپیری خۆیان دەژین.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP