هیچ نەتەوەیەک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی هاوچەرخدا بە ئەندازەی کۆماری ئیسلامی ئێران بەرگەی فشاری بەردەوامی جوگرافییە سیاسییەکەی بەلایەنی ئابووری و سەربازییە نەگرتووە. لەوانەیە بتواناین بڵێین ئێران لە شۆڕشی ١٩٧٩ەوە خۆی بۆ ئەم سەردەمە ئامادە دەکات.
بنیاتنانی بناغەیەکی ئایدیۆلۆژی و ستراتیژی کە توانای بەرگەگرتنی دوژمنایەتی دەرەکیی هەبێت. بەڵام ئێران کەمووکورتی گەورەی ژێرخانی هەیە.
گرفتەکان لە تەکنەلۆژیای مووشەکی و ڕێگری ستراتیژیدان، ئامێری ئابووری و تەکنەلۆژی ئێران لە ڕووی پێکهاتەییەوە زۆر لاوازە.
بەهۆی سزاکان، ناکارایی بەڕێوەبردنی حکومی و گەندەڵی ژیانی تەنیوەتەوە. ئەم پارادۆکسە پێمان دەڵێت، خۆڕاگری ئێران و چۆکدانەدانی ئامادەیی سەربازی نییە بەڵکو کەلتوری گەلانی ئێرانە کە هەرگیز تەسلیم نابێت.
کاتی خۆی بە "ئیسلام"یشیان گووت، وادینەکەمان وەرگرت، بەڵام داگیرکاری وەرناگرین.
دەمێکە گووتوومە "ئێرانییەکان پێش تەسلیمبوون لە برسێتی دەمرن" ئەمە دەگەێنێت کە دەروونێکی نەتەوەیی و نیشتمان ویستی سەیریان هەیە کە لە مێژوودا تەسلیمبوونی ڕەتکردووەتەوە. ئەم هەڵوێستە نەگۆڕە واشنتۆن و تەلئەبیبی بێزار کردووە، چونکە ڕاستەوخۆ کاریگەریی ستراتیژییە ئابووری و سەربازییە زۆرەملێییەکانی تاڕادەیەک لەناوخۆی ئێران بێ ئەنجام کردووە.
ئیسرائیل و تەماحە ستراتیژییەکان و شکستە تاکتیکییەکان
ئامانجی ستراتیژی ئیسرائیل لە دوای حەوتی ئۆکتۆبەری 2023 لە ناوچەکەدا لە دوو ڕووەوە نەهاتە دی، یەکەم : خاکەکەی فراوان نەکرد، مەلیک عەبدوڵاو سیسی و بن سەلمان ڕازی نەبوون، کۆچی میلێۆنی غەززە بۆ سیناو و ئوردن دەست پێبکات، ئەمجارە ئەمریکا و ئیسڕائیل دەیانەوێت دەست پێبکات و نەشگەڕێنەوە.
دووەم: گۆڕانکارییەکە لە سەر ئاستی ڕۆژهەڵات بەدینەهات، دواکەوت، لە بەر دوو هۆکار:
ئەلیف: دەست پێشخەری تورکیا لە سوریاو بەرپابوونی دەسەڵاتێکی سوننی دەمارگیر لە سوریا.
ب: لاوازی بەڕێوەبەرایەتی بایدن و دواکەوتنی پڕۆسەکان، هەروەها، فشارە ناوخوییەکان لەسەر بونیامین ناتانیاهۆ و فشاری کاتی "ترەمپ" یش بۆ وەستاندنی جەنگەکە.
خودی ئاگربەستەکە لە سێ قۆناغی جیاواز پێکهاتبوو،
وەستانی شەڕ و ئاڵوگۆڕی سەرەتایی دیلەکان؛ ئازادکردنی گشتگیرانەی دەستگیرکراوەکان؛ و دەستپێکردنی ئاوەدانکردنەوەی غەززە. بەڵام حەماس کە ئامانجەکانی ئیسرائیل بە کاتیی زانی ، ئاڵوگۆڕی زیندانییەکانی دواخست لە کۆتاییدا بووە هۆی دەستپێکردنەوەی شەڕەکان.
ئەم چاوشارکییەی نێوانیان، جەخت لەسەر ئەو واقیعە فراوانترە دەکاتەوە کە نە ئیسرائیل و نە حەماس ڕێککەوتنەکانی ئاگربەستیان وەک میکانیزمێک بۆ ئاشتییەکی بەردەوام سەیر نەکردووە، بەڵکو وەک پرسێکی کاتی تاکتیکی لە ململانێیەکی درێژخایەندا سەیریان کردووە.
پەیامی ستراتیژی ئەمریکا، دوکتۆرینی دوو فشار
مانۆڕی ناوچەیی ئەمەریکا ستراتیژێکی دوولایەنە پەیڕەو دەکات، پەرەسەندنی هێرشەکان دژی حوسییەکان وەک ئامرازێک بۆ گوشاری ناڕاستەوخۆ بۆ سەر ئێرانە، لە کاتێکدا چڕکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە غەززە، بەشێکە لە دەستپێشخەرییەکی فراوانتر بۆ دووپاتکردنەوەی هەژموونی تەواوی ئیسرائیل بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەم کارانە ڕەنگدانەوەی پابەندبوونی واشنتۆنە بۆ بەهێزکردنی پێگەی ئیسرائیل وەک تاکە هێزی ناوەندی بێ هاوتا لە دیزاینە نوێیەکەی ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
حیساباتی جیۆستراتیژی ئێران و فاکتەری ڕووسیا
توانای ئێران بۆ دەستەبەرکردنی پشتیوانی ڕووسیا، بەندە بە توانای ئێران خۆیەوە بۆ گۆڕینی پەرەسەندنی ناوچەیی کە زۆر لە زیانییەتی.
ئەمریکا، لە سەر حسابی زێڵنسکی و گەل و خاکی ئۆکراینا بۆ ماوەیەکی درێژخایەن، لە حساباتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ڕووسیای ڕازی و بێلایەن کردووە.
کەواتە ئامانجی سەرەکی ململانێ ناوچەییەکانی ئەم دواییە چەسپاندنی دەسەڵاتی ئیسرائیلە وەک بەرپەرچدەرەوەی ئەو گۆڕانکارییە جیۆستراتیژیانەی کە شۆڕشی ئێران (1979) لە ئێرانەوە بۆ دەریایی سوردرێژ بۆوە. تورکیا لە هەموان زووتر ئەمەیان زانی بەتایبەتیی دەوڵەت باخچەلی. هەروەها چەسپاندنی دەسەڵاتی ئیسڕائیلە بەرامبەر دەرکەوتنی تورکیا وەک ئەکتەرێکی ناوچەیی پێداگر لە دوای ساڵی 2002.
توانا سەربازییەکانی ئیسرائیل ئێستا لە ئاستێکدایە دەتوانێت هێز لە دژی هەردوو ئێران و تورکیا بەکاربێنێت، ئەمەیە گۆڕانە گەورەکە،ئیسڕائیلیش دەور بەهەندیک هێزی نوێ دەدات.