بە پێوەری کوردەواری و بە لۆژیکی سەردەمیانەش دەرئەنجامی کارەکانت لە کۆتایی وەدیار دەکەوێت، کورد دەڵێت:”جوجکە لە ئاخیرێ پایزێ دەژمێردرێن”. لۆژیک و زانستی سەردەمیانەش ئەوە بە دەستەواژەی دیکە دووبارە دەکەنەوە:”ئەنجام گرنگە”.
ئەوەی مەسرور بارزانی لە سەرەتای دەست بەکاربوونی کابینەی نۆیەم گۆتی،دەرئەنجامەکی ئێستا وەدیار دەکەوێت، مەسرور بارزانی گوتی:”یەک هەرێمی کوردستان و یەک حکومەتی کوردستان”. ئەو دروشمە ڕووبەڕووی زۆر ئاڵانگاری بۆوە، تا ئەو ڕادەیەی چەند جارێک شاباشی کۆتایی هاتنی حکومەت و هەڵوەشانەوەی قەوارەی دەستوری کوردستان دەکرا. زۆر جاری دیکەش حوکمڕانی مەسرور بارزانی بە تاکڕەو و سەردەمی تاریک و دەستی ئاسنینی ئەمنی پێناسە دەکرا. بەڵام دەرئەنجامەکەی چیە؟
دەرئەنجام ئێستا لە سەروبەندی پێکهێنانی کابینەی دەیەم بە تەواوی ڕوون و دیارە وەک ڕۆژی ڕۆناک. ڕکابەرە سیاسیەکانی مەسرور بارزانی بە تایبەتی سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەڕێز بافل تاڵەبانی و کاک قوبادی برای کە جارێکی دیکە دەبێتەوە جێگری مەسرور بارزانی، هاتبنەوە سەر هەمان باوەڕ و بۆچوون، کە پارتی بەدیلی یەکێتی نیە و یەکێتیش بەدیلی پارتی نیە، بەڵکو هەردووکیان تەواوکەری یەکترن. نەک بە دابەشکردنی کوردستان بۆ دوو زۆن، نەک بە دابەشکردنی کوردستان بەسەر دوو ئەجێندای ئیقلیمی و نێودەوڵەتی. بەڵکو بە یەکخستنی قەوارەی دەستوری کوردستان بە هەموو پێکهاتە سەربازی و ئابوری و دارایی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیەکانیەوە. خۆشبەختانە ئەو دیسکۆڕسەی مەسرور بارزانی بۆتە دیسکۆڕسی ئێستای بافل تاڵەبانی و قوبادی برای. ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ دەستپێکردنی قۆناغێکی تازە و گەش لە کوردستان ئاماژەی بۆ دەکرێت، کە ئومێدی گەڕانەوەی هەیمەنی کوردستان بۆ سەر کەرکوک و ناوچەکانی دیکە دابڕاو لە کوردستان دەکرێت.
هەموو ئەوانە گرەوی مەسرور بارزانی بوو لەگەڵ سەخترین و دژوارترین ئالنگاری، کە وەدیهێنانیان بەبێ کۆدەنگی و یەک گوتاری کوردستانی ئەستەم بوو، کە ئێستا ئاماژەکان پێچەوانە دەڵێن و ئەگەری وەدیهێنانیان مومکینە، چونکە کوڕانی تاڵەبانی بەخۆیان بانگەشەی هەمان شت دەکەن. بۆیە دەتوانین بڵێین مەسرور بارزانی گرەوەکەی بردەوە، بەبێ ئەوەی بەرامبەرەکانیشی بدۆڕێن.