بەكورتی لە چەند خاڵێكدا رۆڵی سەرۆك بارزانی لەم ئاگرەی دەیەوێت رۆژئاوای كوردستان بگرێتەوە باس دەكەم.
یەكەم: گوتەیەك هەیە دەڵێت: ”چەندە لەمەیدانی شەڕدا ئازایی و زیرەكی فەرماندەی سەربازی گرنگە، لە ئاشتیشدا رۆڵی سەركردە، یان ئەو كەسایەتییەی هەوڵی ئاشتی دەدات گرنگە“
روونە سەرۆك بارزانی لەڕووی دیبلۆماسییەوە پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ توركیا و ئەمریكا و رووسیا هەیە، ئەم پەیوەندییە یارمەتیدەری رۆژئاوای كوردستان دەبێت، كە داگیر نەكرێت، یان هەر هیچ نەبێت ئەو كیانەی دروست ببوە بپارێزرێت.
دووەم: ئەوكاتەی داعشی تیرۆرست پەلاماری كۆبانێیدا، شارەكە لەسەروبەندی كەوتن بوو، هەدەپە و سەركردەكانی باكوور، لەبری ئەوەی بەشێوەیەكی دیبلۆماسی روو لە رەجەب تەییب ئەردۆغان بكەن تا رێگە بدات یارمەتی یەپەگە بدەن، دوژمنایەتیان دەكرد و ئەردۆغانیان بە دكتاتۆر ناو دەبرد، بەڵام سەرۆك بارزانی توانی رۆڵی خۆی ببینێت و بڕوا بە توركیا بكات كە هێزی پێشمەرگە بەناو خاكی توركیاوە بچێتە كۆبانێ و یارمەتی یەپەگە بدات، بەمە ئاڕاستەی شەڕ لەبەرژەوەندی كورد گۆڕا. بۆ ئەمجارەشیان، كە ئەگەر زۆرە رۆژئاوا بكەوێتە ژێر پەلامارێكی گەورەی تیرۆرستان، گرنگە یەپەگە داوا لە سەرۆك بارزانی بكات كە لە كەناڵی دیبلۆماسی خۆیەوە یارمەتیدەری یەپەگە بێت،
سێیەم: هێزی رۆژ، كە یەپەگە بەهەموو شێوەیەك رەتی دەكاتەوە، گرنگە هەر هیچ نەبێت لەم كاتەدا واز لە دژایەتی ئەو هێزە بهێنێت و رێگەی بدات بچێتە رۆژئاوا بۆ یارمەتی برا كوردەكان، بێگومان رۆڵی سەرۆك بارزانی لێرەدا گرنگ دەبێت، كە لەرێگەی كەناڵی دیبلۆماسی خۆیەوە، ئەو هێزە بگەیەنێتە رۆژئاوا.
چوارەم: كەوتنی رۆژئاوا، واتە كەوتنی كورد، ئەمە راستییەكە و دەبێت بیزانین، بەڵام رۆژئاوا ناكەوێت ئەگەر كورد یەكگرتوو بێت، ئەگەر كورد دەست لەناو دەست بێت و دژایەتی وەلا بنێت. رۆژئاوا ناكەوێت ئەگەر سەرۆكێك هەبێت، یان كەسێك بكەن بە سەرۆك و هەموو لە پشت بڕیارەكانییەوە بن.
كورد لە هەر چوار پارچەی كوردستان، بوونی سەرۆك بارزانی وەكوو مەرجەع و سیاسییەكی بەئەزموون و نەتەوەیی بینیوە، بۆیە گرنگە بەپەلە كۆنگرەی نەتەوەیی ببەسترێت و سەرۆك بارزانی وەكوو سەرۆكی كۆنگرەی نەتەوەیی دەستنیشان بكرێت و ئەو موخاتەبەی هەموو ئەو پرسانە بكات كە پەیوەندیی بە خاك و كورد و نیشتیمانەوە هەیە.
بەكورتی مانەوەی رۆژئاوا و نەكەوتنی زەروورەتە بۆ كوردی هەر چوار پارەچەی كوردستان، سەرۆك بارزانیش زەروورەتە بۆ مانەوەی رۆژئاوا، تكایە ئەم وتارەم حیزبیانە لێك مەدەنەوە، خەمی من خەمی خاكە، جا لە رۆژئاوا یان باشوور، رۆژهەڵات یان باكوور بێت.