دواین هەواڵ

موچەی مانگی ( 11 و 12) و مەسەلەی موناقەلە

‌ جیهانگیر گوڵپی

18/11/2024

موچەی مانگی 11 و 12ی هەرێم گرفتی گەورەی بۆ دروست كراوەو پێشنیاری چارەسەركردنیش لەڕێگەی موناقەلەوە تەنها بە پشت بەستن بەیاسای بودجە وەك چاندنی تۆوە لەسەر بەرد كە چاوەروانی سەوزبونی لێ ناكرێ. چارەسەرەكە پێویستی بە گوشار و ڕێككەوتن و جوڵەو تێگەیشتنی نوێ هەیە زیاتر لەوەی پێویستی بەپشت بەستن بەدەقی یاسای بودجە بێت. ئاخر یاساكانی بودجەی عێراق زیاتر لە 10 ساڵە بەجۆرێك داڕیژراون هەمو دەرگایەكیان بەڕوی هەرێمدا داخستوە.
ئێستا بۆموچەی مانگی 10 دەوترێ بەشی هەرێم لەتەرخانكراوەكانی موچە لەناو بودجەی عێراق كورتهینانی هەیە و بەشی ئەو مانگە ناكات، بۆ مانگەكانی 11 و12ش هیچ تەرخانكراوێك نیە بۆ موچەی هەرێم. لێرەیشەوە بۆ چارەسەری ئەم گرفتە یەكسەر باس لەپشت بەستن بەیاسای بودجە و ڕاكردن بەرەولای دەرگای موناقەلە دەكرێت وەك ئەوەی دەرگایەكی واڵابێ، یانیش كلیلەكەی لەگیرفانی خۆماندابێ، وەك ئەوەی نەزانين كە نزیكەی 10 ساڵە ئەو دەرگایەیەش وەك زۆربەی دەرگاكانی تر بە قوفڵێكی گەورە بەڕوی پشكی هەرێمدا كڵۆمدراوە.

ئەوەی دەبو لەمساڵدا جیاوازبێ ئەوە بو كە چاوەڕوانی دەكرا بەهۆی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵیەوە كۆتوبەندەكان لەسەر تەرخانكراوەكانی موچە هەڵگیرابن و دەرگای تەمویلكردنی موچە لەلایەن بەغداوە بۆ هەرێم تاڕادەیەكی باش كرابێتەوە، بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی جەختی لەوە كردوە دەبێ فەرمانبەرانی هەرێم لەكاتی خۆیدا وەك هاوتا عێراقیەكانیان مانگانە موچە وەربگرن و هیچ گرفت و ناكۆكیەك نەبێتە بەربەست. بۆیە چاوەڕێ دەكراو دەبو موچەی هەرێم لە كۆتوبەندی خەرجیی فیعلی وكۆتوبەندەكانی تر ڕزگاری ببێت و بەگوزارشتەكەی دادگای فیدراڵی وەك موچەی هاوتا عێراقیەكانی بێت.

ئەوە سەبارەت بەموچە، بەڵام سەبارەت بە بەشەكانی تری بوجەی بەگەڕخستن و وەبەرهێنان بابەتەكە جیاوازەو، تاكو ئێستا یاساكانی بودجە بەجۆرێكن كە دەرگای ئەو بەشانەی بودجەیان بەڕوی هەرێمدا نەكردوەتەوە تاكو لەدۆخێكی وەك ئیستادا بۆ موناقەلەو چارەسەری موچە بەرەو لایان ڕاكەین.

موچە ئەو بەشەی بودجە بوو كە بڕیاربو گرفتی نەبێ و لەكۆتوبەندەكان رزگاری بوبێ، كەچی ئێستا كۆتوبەندەكان بەتوندی بەسەریدا چەسپێنراون، لەكۆی 11 ترلیۆن 576 ملیار دیناری تەرخانكراو بۆ موچەی هەرێم لەناو یاسای بودجەدا، تەنها دەوروبەری 8 ترلیۆن بۆ موچەی هەرێم نێردراوەو، بەغدا دەڵی بەپێی پێوەری خەرجی فیعلی هەرێم هەرئەوەندەی دەدرێتێ و ئیستا تەنها 700 ملیاری ماوە، لەكاتێكدا موچەی سێ مانگ نەدراوە كە پێویستی بەنزیكەی 3 ترلیۆن دینارە.

پرسیار ئەوەیە ئەگەر موچە بەو هەمو هەستیاری و بەو هەمو پاڵپشتی و پارێزبەندیەی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی و بەو ڕیككەوتنانەوە لە كۆتوبەندەكان ڕزگاری نەبوبێت، ئیدی بەشەكانی تر چۆن ڕزگاریان دەبێت و سەلامەت دەبن تاكو لەئێستادا وەك یەدەگێكی گەرەنتیكراو بتوانین بیاگوازینەوە بۆ موچە، لەكاتێكدا كە هەر حەوت بڕگەكەی تری تەرخانكراوەكانی بەشی هەرێم لەبودجەی عێراق ئەوەندە بە كۆتوبەندو مەرجی یاسایی شەتەك دراون كە لەهەمو بارێكدا نەك هەرێم هیچی لێیانەوە دەست ناكەوێ بەڵكو قەرزاریش ئەبێتەوە.
پێشتر لەسەرەتای پەسەندكردنی خشتەكانی بودجەی 2024 و لەساڵانی ڕابوردویشدا ئەم بابەتەم شیكردوەتەوە، لێرەیشدا بەكورتی جارێكی تر ئەوە ڕون دەكەمەوە:

لەبودجەی 2024 جگە لە تەرخانكراو بۆ قەرەبوی فەرمانبەران و چاودێری كۆمەڵایەتی- كەتایبەتن بەموچە، بڕی تەرخانكراوەكان بۆ هەرێم لە هەرحەوت بڕگەكەی تر بریتیە لە 9 ترلیۆن و 334 ملیار. بەڵام ئەوە لەیاسای بودجەدا كۆتوبەند كراوە بە كۆمەڵێك مەرج و پێوەر و هاوكێشە، بەجۆرێك كە ئەگەر حكومەتی هەرێم لەسەدا سەد پانەبد بێت بەداواكاریەكانیشەوە هێشتا یاساكە ڕیگە نادات لەو بەشەی بودجەكە شتێكی ئەوتۆ بدرێت بەهەرێم بەڵكو قەرزاریشی دەكاتەوە، وەك لەخوارەوە شیی دەكەمەوە:

9.334 ترلیۆن كۆی تەرخانكراو بۆ بەشەكانی بەگەڕخستن و وەبەرهێنان (جگە لەموچە)

- 3.700 ترلیۆن تەرخانكراو بۆ خەرجی وەبەرهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم (ڕاستەوخۆ نادرێت بەهەرێم و نایشگوازرێتەوە بۆ بەشەكانی تر بەبێ ڕێككەوتنی سیاسی نوێ)

- 1.116 ترلیۆن تەرخانكراو بۆدانەوەی قەرزی موچەی ساڵی پاری هەرێم (ڕاستەوخۆ نادرێت بەهەرێم و نایشگوازرێتەوە بۆ بەشەكانی تر)

= 4.518 ترلیۆن پوختەی تەرخانكراو بۆ هەرێم پێش لێدەركردنی خەرجیەكانی سیادی و حاكیمە و پێوەری خەرجی فیعلی

- 2.000 ترلیۆن بڕی مەزەندەكراوی لێداشكاندنی خەرجیەكانی سیادی و حاكیمەو پێوەری خەرجیی فیعلی

= 2.518 ترلیۆن پوختەی ئەو بەشەی دەكرێ بدرێتە هەرێم پاش جێبەجێكردنی هەمو ئەرك و پابەندیەكانی سەر هەرێم كە لەیاسای بودجەدا هاتون.

ئەرك و پابەندیەكانیش بریتین لە ڕۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت و ڕادەستكردنی داهاتە نانەوتیەكات، جارێ با باس لە نەوت نەكەین كە هەمولایەك ئەزانن چەند پرسێكی ئاڵۆزە، بەڵام خۆ بەغدا تەنها لە داهاتە نانەوتیەكان داوای نزیكەی 3 ترلیۆن دینار دەكات و لە گێڕانەوەی قەرزەكانی بانكی بازرگانی عێراقیش ساڵانە نزیكەی 600 ملیار، بەڵام با بەوپەڕی گەشبینیەوە بڵێین تەنها داوای 3 ترلیۆن دەكات. بەوەیش هێشتا هەرێم قەرزار دەبێتەوە بەم شێوەیە:

2.518 ترلیۆن پوختەی ئەو بەشەی دەدرێتە هەرێم لە هەر حەوت بڕگەكەی بەگەڕخستن و وەبەرهێنان

- 3.000 ترلیۆن بەشی بەغدا لە داهاتە نانەوتیەكانی هەرێم (دەبێ بدرێتە بەغدا)

= - 0.482 ترلیۆن دینار، واتە هەرێم 482 ملیار دینار قەرزار دەبێتەوە.

ئیتر لەچی و لەكوێ موناقەلە ئەكەی و پارە ئەگوازیتەوە بۆ بەشی موچە بۆ مانگی 11 و 12.

ئەوەندەی من بزانم ئەم رێگەیەی هەژماركردن گەشبینانەترین و ئەرێنی ترین سیناریۆی هەژماركردن و لێكدانەوەیە، ڕێگەی تریش هەن بۆ هەژماركردن و شیكردنەوە، ئەوانیش هەمان دەرەنجامیان هەیە و تەنانەت هەرێم زیاتریش قەرزا ئەكەنەوە.
ئەمە ئەو ڕێساو پێوەر و مامەڵەیەیە كە بەغدا لەساڵی 2015ەوە لەهەمو یاساكانی بودجەی ساڵانەدا چەسپاندویەتی، تاكو بەو شێوەیەیش بێت ئەگەر هەرێم لەسەداسەد داواكاری و بیانوەكانی بەغدایش لەهەمو ڕویەكەوە جێبەجیبكات دۆخەكە لەمە باشتر نابێت.

ئیستایش لەبری ئەوەی تەنها پشت بەیاسای بودجە ببەسترێ باشتر وایە گوشار بكرێت و بەڕێككەوتنی سیاسی و لەبەر ڕۆشناییی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی تێگەیشتنی گونجاوبكرێت بۆ دەركردنی بەشی موچە لەژێر كۆتوبەندی خەرجی فیعلی و، لەهەمواری یاسای بودجەی ساڵی داهاتویشەوە كۆتوبەندی خەرجیی فیعلی بەتەواوی لەیاساكانی بودجەدا هەڵبگیرێت، هەر ڕێگەچارەیەكی تر بۆ چارەسەری ئەو گرفتە بگیرێتەبەر جگە لەوەی بەربەست و نەیاری زۆرە ئەگەر سەریش بگرێ تەنها سڕكەر و كاتیە و لەساڵانی داهاتویش هەرێم لە بەشەكانی تری بودجەی بەگەڕخستن و وەبەرهێنان بەركەوتەی نابێت و دۆخی موچەیش لەباشترین باردا وەك ئەمساڵ دەبێ.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP