نەوەیەکی تازە لە سیاسیی پەیدا بوون، کە لەپڕ و لەڕێگەی خراپ بەکارهێنانی پشتیوانیی کەسانی خاوەن نفووزەوە بەشێوەیەکی ئیستعرازیی و بێ هیچ ئەزموون و پلەبڕینێک، بە قەڵامبازێکی سێرکئاسا گەیشتنە لوتکەیەکی دەسەڵات، یان تەنانەت بوون بەخاوەن حیزبیش. گرفتی ئەم نەوەیە و مەترسییەکەیان هەر لەوەدا نیە کە کەمتوانا و بێئەزموونە، بەڵکو ئەم دۆخە وایلێکردوە، سڵ لە هیچ نەکاتەوە، تەنانەت خەڵک و نیشتمان دەفرۆشێت، تەنها بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی، لەمانەش ترسناکتر لەوەدایە کە بەهاشوهووشی چەواشەکارانە، خیانەتەکانی وەکو هەڵوێست بەخەڵکی دەفرۆشێتەوە. نموونەکانی ئەم نەوە ترسناکە زۆرن، محەمەد حەلبووسیی یەکێکیانە.
لەپاش لادانی لە سەرۆکایەتی پەرلەمان، لە وتارێکدا بەناونیشانی تەڵەکەی حەلبووسی بەشێکم لەو کێشانەی لەسەرەوە باسم کردوون ڕوون کردەوە. لەو کاتەشەوە کێشەی هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ پەرلەمان بۆتە یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی پرۆسەی سیاسیی عیراق. هەر لەو کاتەوە زۆر لە هاوڕێ و تەنانەت خەڵکیش دەیانپرسی ئەم مەسەلەیە بۆ کوێ دەچێت، و ئایا حەلبووسی سەردەکەوێت بەسەر بەرەکەی دیکەی سوننەدا و دەتوانێت پۆستەکە بۆ کاندیدێکی خۆی وەدەست بێنێتەوە؟ وەڵامی نەگۆڕم بۆ ئەم پرسیارەش ئەمەی خوارەوە بوو:
"حەلبوسی سەردەکەوێت بەسەر هەموو سوننەدا، ونایەڵێت تا کۆتایی ئەم خولە سەرۆکی تازە هەڵببژێردرێت. لە کۆتاییدا ئەو، پۆستەکە بە تاپۆی ڕەشی خۆی دەزانێت، بۆیە هەموو یارییەکانی بۆ بردنەوەی پۆستەکە نیە، بەڵکوو بۆ هێشتنەوەیەتی بەبەتاڵیی.".
لەبەرئەوەی حەلبووسی و هاونەوەکانی بەرژەوەندیی شەخسیی و ئیمتیازەتەکانی خۆیان تاکە پێوەری کردار و هەڵوێست و بڕیارە، بۆیە ئاسایی بوو لە بەرەی دژە ئێران بێتە دەرێ و لەوەش ئاساییتر ئەوە بوو خۆی هەڵبداتە باوەشیان، خۆ گەر ئەمە ببێتە مایەی پاراستنی بەرژەوەندییە شەخسییەکانی ئاساییە نەک هەر ڕێککەوتنیان لەگەڵ بکات، بەڵکوو بشبێتە بەشێک لە ئەجیندا و سیاسەتی ئێران لە عیراقدا. دوا لێدوانیشی لە دژی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، و گەلی کوردستانیش بەگشتیی هەمان سەرچاوەی هەیە.
ئەوەتەی ئێران هەیە، هێندەی ئەم خولە ئاوا کۆنترۆڵی عیراق و پۆستە سیادیی و سەرۆکایەتییەکانی لە گیرفان نەبوە. سەرۆک وەزیران شیعەیە، سەرۆکی دادگای فیدرالی هەڵوێستی ڕوونە، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی، سەرۆکی پەرلەمانیش کە پشکی سوننەیە ئێستا شیعەیە. ئەوەی ماوەتەوە تەنها پۆستی سەرۆککۆمارە ئەویش لە پێشهاتێکی ترسناکدا سوودانی شکاتی لە دەسەڵاتەکانی کردوە و دەیەوێت نەیانهێڵێت، لە کاتێکدا کە دەسەڵاتەکانی سەرۆککۆمار ئەگەر وەکو خۆیان بەکار بهێنرێن دوایین هێڵی بەرگریی و بگرە چەکی هێڕشبەری کورد دەبێت.
ئەوپەڕی ساویلکەییە ئەگەر مەسەلەکان ئاوا پێکەوە گرێدراو نەبینین. ئێران دەوڵەتە، دەوڵەتێکی ئاساییش نیە، زلهێزێکی ناوچەییە. جگە لەمەش مێژوویەکی پانوبەرینی دەوڵەتداریی هەیە. هەربۆیە بە نەفەسی شەترەنج یاری دەکات، واتا هەموو جوڵەیەکی خۆی و بەرامبەر حیساب دەکات و هەمووشیان پێکەوە دەبەستێتەوە، وەک نەوە داماو و هەڵپەکەرەکەی حەلبووسی نیە کە لەسەری لووتی خۆی دوورتر نابینێت.
دوایین هەڵوێست و سیاسەتەکانی حەلبووسی ڕوونن کە بوونەتە بەشێک لە سیاسەتەکانی ئێران، لەوەشدا بەرژەوەندییە هەرەباڵاکەی حەلبووسی کە لەم دۆخەدا پەکخستنی هەڵبژاردنی سەرۆکێکی سوننەیە بۆ پەرلەمان، لەگەڵ بەرژەوەندییە ناوچەییەکانی ئێراندا پێک دێنەوە. بەڵام کێشەکە لەوەدایە کە مامەڵێی حەلبووسی لەم قۆناغەدا تاکتیکی نیە، بەڵگەش ئەوەیە کە هەموو سیاسەتەکانی ئەم دواییەی پاشکۆیەتیی ڕوونن بۆ ئێران، نزیکترینیشیان لێدوانە دوژمنکارانەکەیەتی دژ بە پێشمەرگە. ئێران نایەوێ کوردستان و هێزە بەرگریکارەکەی پڕچەک بن، بەڵام ئەمجارە لەجیاتی ئەوەی خۆی، یان حەشدییەک ئەم کارە بکەن، هاتوە بە حەلبووسی دەکات کە سوننەیە. چاوەڕوان بن بڕیاری دادگای فیدرالیش سەبارەت بە شکاتەکەی سوودانی دژی دەسەڵاتەکانی سەرۆککۆماریش دەچێتە هەمان چوارچێوەوە.
یەکێک لە خەسڵەتەکانی ئەم نەوە هەڵپەکەرە ئەوەیە کە بۆ بەرژەوەندیی خۆیان زۆر زیرەکن، بۆنی گرفت و هەلیش لە دوورەوە دەکەن، ئەمەش سەیر نیە چونکە لەبنەڕەتدا هەلپەرستن. ئەمەش وای کرد کە حەلبووسی لە بڕیاری کشانەوەی سەدرەوە هەستی بە مەترسییەکە کرد و بڕیاری دا بە ئاراستەی سیاسەتی ئێراندا موراعات بکات، بەتایبەتیش کە دەزانی هاوپەیمانە دۆڕاوەکانی ئێران لەدوایی هەڵبژاردنی عیراقدا کورسییەکانی پەرلەمان پڕ دەکەنەوە، هەربۆیە بە شێوازێکی نایاسایی و نادەستووریی نامەی دەست لەکارکێشانەوەی پەرلەمانتارە براوەکانی سەدری ئیمزا قبووڵ کرد. بەڵام زیرەکیی نەوەکەی حەلبووسی لە بۆنکردنی گرفت و هەلدا، دادیان نادات، چونکە سیاسەت کارێکی زۆر لەوە ئاڵۆزتر و پڕمانۆڕتر و نەفەسدرێژترە. لێرەدا حەلبووسی لەوە تێنەگەیشت کە بەو داماوییەی لە ئەزمووندا دەرەقەتی پڕئەزموونیی و نەفەسدرێژیی ئێرانییەکان نایەت. هەربۆیە نەوەی حەلبووسی کە دەکەوێتە ژێر فشارەوە و تەنگەفەس دەبێت، بەپەلە چۆک دادەدات و تەسلیم بە ئیرادە و ئەجیندای گەورەکان دەبێت. هەر ئەمەش بوو کە حەلبووسی کردی.
هەڵپەی حەلبووسی و لەخۆباییبوونی گەیاندبویە ئەوەی هەوڵی قۆستنەوەی هەلی ناکۆکیی کورد بدات و داوای پۆستی سەرۆککۆمار بۆ خۆی بکات. بەڵام خۆشبەختانە ئەمەی بۆ نەچوە سەر. ئێستاش شکاتەکەی سودانی هەمان ئامانجی هەیە، کە لاوازکردنی تەواوەتیی کوردە. کورد لە زۆر قۆناغدا شەڕی زلهێزە گەورەکانی جیهانی کردوە بۆ ئەوەی پۆستی سەرۆککۆمار لە دەست نەدات، کە نەیارەکانیش بۆیان دەرکەوت پۆستەکەیان بۆ زەوت ناکرێت، ئێستا هەوڵی بەتاڵکردنەوە و بێدەسەڵاتکردنی دەدەن.
ئێستا ئیدی محەمەد حەلبووسی، لەوە دەرچوە ڕابەرێکی سوننە بێت، ئێستا دەتوانین بڵێین بەرژەوەندییەکانی وای لێکردوە ببێت بە حوجەتولئیسلام حەلبووسی، بەڵام مێژووی ململانێی کورد و داگیرکەرانی کوردستان پێمان دەڵێت زۆرن قارداش و سوڵتان و حوجەتولئیسلامەکانی کە تەنانەت لەبیریش نەماون، کەچی گەلی کوردستان هەر سەربەرز و خاوەن ئیرادەی خۆیەتی، ڕاستە دەرەنجامی ئەم مەترسییانەی ئێستا دەورەین داوین، وابەستەی هێز و تواناکانی داگیرکەر و دوژمنەکانمانەوە هەیە، بەڵام دوا بڕیاری بردنەوە و دۆڕاندن ماوەتەوە لای خۆمان، کە دەبێت هەموو ئەم پێشهاتە ترسناکانە وامان لێ بکەن بەخۆداچوونەوەیەکی مەسئوولانە بە سیاسەت و تێگەیشتنەکانمەوە بکەین، کە ئەگەر بتوانین ئەمە بکەین، ئەوا دەتوانین تەنانەت مەترسییەکانیش بکەینە دەرفەتی گەورە بۆ گەل و نیشتمانەکەمان.