دواین هەواڵ

سوودانی شکاندنی هێڵە سوورەکان و نیشاندانی پەتی سێدارە

‌ئەبوبەكر كاروانی

09/09/2024

لەگەڵ تەقینەوەی ناکۆکییەکانی نێوان سوودانی و مالیکی و هاوپەیمانەکانی و داوای ناوبراو واتە مالیکی بۆ دەست لەکارکێشانەوەی لەپۆستەکەی، پێش ئەوەی لە کارەکەی بەرکەنار بکرێت و بەزۆر دەستی پێ بکێشرێتەوە، سەرەتای قۆناغێکی نوێی کێشەو ململانێکان، لەناو ماڵی شیعی و حوکمڕانی عێراقدا دەستیپێکردووە .

حوکومرانییەك کەلە ژێر هەژموون و کۆنترۆڵی ئەوان واتە شیعەکاندایەو بە موڵک و بەرکەوتەی مێژوویی و دیمووگرافی خۆیانی دەزانن و بەشی ئەوانیتری لێدەدەن و بەشداریان پێدەکەن، بێ ئەوەی بهێڵن ببن بە داڕێژەرێکی بنچینەیی بریارو سیاسەتەکان و دیاریکردنی چارەنووس، ریشەی ئەم جارەی کێشەو ناکۆکییەکانیش هەروەك جارانی رابردوو، لە گەندەڵی و لەگرێژەنە دەرچوونی ژیانی سیاسی و حیزبیی و بەغەنیمەت سەیرکردنی دەسەڵات و ڕێزنەگرتن لە لۆژیکی دەوڵەت و ململانێ لەسەر کۆنترۆڵ و بەش و بەرکەوتەوە سەرچاوەی گرتووە، هەروەها هەوڵدانە بۆ پارێزگاریکردن لەمانەوەی دۆخی لەئارادابوو، کە دەسەڵات و سەروەت و دەسترۆیشتوویی لەسەر حسابی شکستی پرۆسەی دەوڵەتسازی و ئەوانیتری هاوبەش لە وڵاتدا بۆ مسۆگەر کردوون.

چوارچێوە هەماهەنگی شیعی و بەتایبەتیش پیاوە بەهێزەکەی ناوی واتە مالیکی، سوودانیان وەك فەرمانبەرێکی جێبەجێکار و چاوبەرەوژێر دەوێت، هەر بەو پاڵنەرەشەوە ئەوپێگەیان پێسپاردووە کەئێستا هەیەتی، نەك سەرکردەو خاوەن دیدی سەربەخۆو خاوەن بریارو تەموحی سیاسی بۆ دووارۆژ، واتە نایانەوێت، لەرێی هەڵبژاردنی داهاتووەوە، لەفەرمانبەرەوە ببێت بەرێبەری هێزو سەرۆکی فراکسیۆنێکی پەرلەمانی نوێ.

چوونکە راپرسییەکان ئەوەیان دەر خستووە، کە ئەگەر سوودانی لیست پێکبهێنێت ،شانسی بردنەوەی زۆری لەبەردەمدایە، جگە لەوە مەترسی ئەوەشی لێدەکەن، ئەگەر شتێکی لەوجۆرە رووبدات، واتە ڕێگری نەکەن لەوەی ببێتە سەرۆکی لیست و بەشداری هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی داهاتوو بکات، لەگەڵ سەدر و هەندێ لە هێزە کوردی و سوونییەکان رێکبکەوێت و لەدەرەوەی ئەوانەوە هاوپەیمانییەتێکی نوێی حوکمڕانی پێکبهێنێت، تەنانەت گەر ئەوەش نەهاتەدی لەمەودووا ببێتە خاوەنی پێگەیەکی بەهێزو یەکێ لەسەرکردە بەناوو دەنگەکانی ناوماڵی شیعی، ئەوەش وادەکات بەکۆمەڵێ هۆکار دەرفەتی بەدەستەوە گرتنی دووبارەی پێگەی سەرۆک وەزیرانی لەوانیتر زۆرتر بێت و بشبێتە هاوبەشێکی بێمنەتی درووستکردنی بریاری سیاسی.

زۆرێك لەهێزو سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیش هەموو ئەوشتانە، بەهۆکاری بچووکبوونەوەی خۆیان و سەرچاوەی مەترسی بۆسەر پێگەو رۆڵیان لەگۆرەپانی سیاسەت و حوکمڕانیی لەئایندەدا دەزانن، بۆیە بەهەرچی پێیان بکرێت پێش ئەوەی دۆخەکە بگاتە ئەو سەرەپێچە هەستیارە و لەدەستیان دەربچێت، هەوڵی شکاندن و رێگری لێکردنی دەدەن، ئەم دۆخە نوێیەش هێندەیتر عێراق دەخاتە بەردەم چارەنووسێکی نادیارترو کێشەی نێوان هێزو پێکهاتەکانیش قووڵتر دەکاتەوە؟


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP