دواین هەواڵ

ڕقلێبوونەوە و ترس لە ژن !!

‌محەمەد خۆشناو

13/07/2024

بەدرێژایی مێژوو ئافرەت بەر تووندوتیژی و رقلێبوونەوە و ڕەتکردنەوە و گێچەلپێکردن «تحرش» بوونەتەوە ، گێچەڵ بریتیە لەوەی کەسێک پێگەی خۆی بۆ پڕدانی کەسانی تر بەکاربهێنێت ، دەیان لە فەیلەسوف و هزرمەند و ئەدیبی گەورە ڕقیان لە ژن بوو هەر لە ئەفڵاتون و ئەرستۆ و نیتشە و شۆپنهاوە تا دەگاتە برنادشۆ و تشرشەل و… تاد ،

هەروەها ژن لەلایەن سەدان لە ئەکتەر و هونەرمەندی ناودار و بەرپرسانی دامەزراوەکانی خۆرئاوا دووچاری گێچەڵی سێکسی بوونەتەوە ، ئەگەر پێشتر ئافەرەت لە ترسی ئابڕوو و شەرمەوە بێدەنگی هەڵدەبژارد بەڵام ئیستا دۆخەکە گۆڕاوە و سکاڵا تۆمار دەکات لەهەر سکالایەکیش ملیۆنەها دوڵار دەباتەوە و گێچەلکاریش ڕیسوا و دووردەخریتەوە لە کارەکەی ، جیاوازی کلتووری تەنگوچەلەمەیەکی ڕاستەقینەیە لەو بۆشایەی کە پێی دەڵێن گێچەڵ ، وادیارە ئافرەت تەنگوچەلەیە لە هەموو کۆمەڵگایەکدا ، دەگۆڕیت بەگۆڕانی هەمەڕەنگی کۆمەڵگاکان و پێشکەوتنەکەی  تەنگوچەلەمەی ئافرەتی ئەوروپی جیاوازە لەگەڵ ئافرەتی  ئەمریکی و ئەفریقی و ئاسیایی  ،

دۆخی ژن دەگۆڕت بەپێی گۆڕانی کۆمەڵگاکان و ، لەکۆمەڵگەی خۆرهەڵاتی ئافرەت دوودڵە لە ئیعلانکردنی ئەو تەنگپێهەڵچنینانەی کە لەلایەن هاوڕێی کار یان بەرپرسەکەی تووشی دەبن ، بەڵام واخەریکە ئەو دوو دڵیە نامێنێت ، من چەندجار لە تەلەفزیون بینیوەمە کچ سکاڵای لە کاسان کردووە کە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنەکانی کردووە و گێچەڵفرۆش چارەنووسی بەندینخانە بووە دیارە ڕاگەیاندن ئامادەیە بۆ یارمەتیدان !! بەهەمان شێوە لای هەندێک کەس ژن زۆر بەکەم سەیر دەکرێن و دەبێت هەر لەبەندینخانەی ماڵەوەبن،

من چەندان نوسەر و هونەرمەند و مامۆستای زانکۆ دەناسم لەبەر ڕقلێبوونەوە لە ئافرەت هاوسەرگیریان پێکنەهێناوە و پێیان وایە کە ژن بەربەستە بۆ ئازاد-یان ئەوان وایدەبینن کە باڵندەیەکی ئازادە و لە بەندینخانەی قەفەزی هاوسەرگیری لەعنەتی ڕزگاری بووە و ، چێژ لە ئازادی خۆی وەردەگرێت و ، هەمیشە ئەوانەی ڕقیان لە ژنە ئەو قسەیە تەنزئامێزەی گەورە ئەدیب و فەیلەسوفەکان دووبارە دەکەنەوە کە نووسیوویانە و دەڵێن : (کاتێک پیاو لەدایک دەبێت بێهۆکار دەگریێت و…دوای هاوسەرگیریی هۆکارەکەی دەزانێت و ئەگەر خۆشەویستی پاڵنەری هاوسەرگیری بێت ئەمە وەک نەخۆشیەکی جوانی بۆماوەییە و بەسەکتەی هاوسەرگیری کۆتایی دێت ) ، تشرشل پێی وابووە کە ئافرەت مافی ئەوەی نیە ببێتە ئەندام لە پەرلەمان « مجلس العموم» ، ڕۆژێکیان لە ئاهەنگێکی ڕەسمیدا یەکێک لە یاریدەدەرانی بە هەناسەبڕکێوە خۆیگەیاندە  تشرشەل و پێی گووت : هەندێک لەچالاکوانی ژن خۆیان بە ئاسنەکانی پەرلەمان بەستۆتەوە و ڕایانگەیاندووە کە لەوێ دەمێنن تا « مافی دەنگدان » بەدەستدێنن ، تشرشل وەڵامێکی گاڵتەجاڕی خێرای دایەوە  :

ئێستا لەسەر پیاوە  خۆی بەدەروازەی نەخۆشخانەی سان تۆماس« منداڵبوون» ببەستیتەوە و ڕایبگەیەنێت کە ناجوولێت تا کوڕیکی لەدایک نەبیێت ، بەڵام دوای « 50» ساڵ ژنێک « تاتشەر» سیاسەتمەداری بەناوبانگ لە شوێنی تشەرشل بووە سەرەک وەزیرانی بەریتانیا ، هەر لەم چەند ڕۆژانەی ڕابردوودا زۆرێک لەناو پارتی دیموکراتی ئەمەریکی و ڕاپرسیەکان و ڕۆژنامە و ڕاگەیاندن داوایان لە جۆ بایدن-ی سەرۆکی ئەمەریکا کردووە کە خۆی بکێشتەوە لە پێشبڕکێی سەرۆکایەتی و پالێوراوێکی تر جێگەی بگرێتەوە  هەمووی ڕەتکردۆتەوە و ، تاکەکەس کە دەتوانێت ڕازی بکات کە واز لە سیاسەت بێنیت « جیل» ژنەکەیەتی ، پسپۆران پێیان وایە کە ڕۆلی « ژن»ی سیاسی تەنها ڕێوڕەسمە و تەدەخولی سیاسەت ناکات ،

بەڵام ئەزموونی جیل لەگەڵ بایدن سەلماندی کە ژن ڕۆلیکی گرنگی هەیە و ئەوە ئەوە ڕێگەنادات مێردەکەی بکشێتەوە ، لەو سەردەمەی ئێستاماندا ئافرەت لە خۆرهەڵات و خۆرئاوا ستەمی لێکراوە ، پەرلەمانی ئەوروپا ڕاسپاردنی دەرکرد بە فێرکردنی ژن تا ڕزگاریبکات لە ئافرەتی سێکسی بۆ ئافرەتی مرۆیی و ،  كارکردن ، تا ڕزگاریبکات لە کۆیلایەتی ئابووری مێرد ، پشتگیریکردن لە ئازادی ئافرەت و نەهێڵانی تەنگپێهڵچنین و ڕەتکردنەوەی تووندوتیژی بەرانبەریان تەنها بە درووشم و گووتار و چاڵاکی و ڕاسپاردە  نابێت وەک ئەوەی ئێستا ئێمە لە هەرێمی کوردستان دەیکەین و دەبێت دەسەڵات بەها و ژیانی ژن بە کردەیی بەرز ڕابگرێت .

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP