پێشەکی
ڕۆژی 19ی مانگی ڕابردوو، ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران و شەش سەرنشین و تیمی فڕۆکەوانیی دیکە، بەهۆی کەوتنەخوارەوەی هەلیکۆپتەرەکەیانەوە گیانیان لەدەست دا. فڕۆکەکە لەناوچەیەکی شاخاویی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات لە باکووری ڕۆژاوای ئێران لە تەمێکی چڕدا، لە ڕێگەی گەڕانەوەیان لە مەراسیمی کردنەوەی بەنداوێک لەسەر سنووری ئازەربایجان کەوتە خوارەوە. کەمتر لە ٧٢ کاتژمێر دوای مردنی ڕەئیسی و تا ئێستایش سەرنجی خەڵک و چاودێران زیاتر لەسەر ئەو گۆڕانکارییە سیاسییانەیە کە لە دوای هەڵبژاردنی ٢٨ی حوزەیران لە ئێراندا دێتە دی، لە ڕێگەی هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ و وەزیری دەرەوە، کە نوێنەرایەتیی سیاسەتی ئێران دەکەن لە دەرەوەدا.
ئەم بابەتە شرۆڤەیەک دەکات بۆ سیماکانی سیاسەتی دەرەوەی ئێران و ڕەفتاری ئێران (کە فراوانترە لە سیاسەتی دەرەوە) لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا؛ ئایا وەک خۆی دەمێنێتەوە یان کاراکتەرە نوێیەکان دەتوانن گۆڕانێک دروست بکەن، یانیش خودی ڕووداوەکە دەکرێت سەرەتای قۆناغێکی تری سیاسەتی ئێران بێت لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا؟
هاتنی سەرۆکێکی تر چ لە سیاسەتی ئێران دەگۆڕێت؟
هاتنی سەرۆککۆمارێکی تر شتێکی وا لە سیاسەتی دەرەوەی ئێران ناگۆڕێت، بەتایبەت لە ئاییندەیەکی نزیکدا، چونکە ئەو دامەزراوانەی سیاسەتی دەرەوەی ئێران دادەڕێژن لەژێر کۆنترۆڵی سەرۆککۆماردا نین، بەڵکوو لەژێر کۆنتڕۆڵی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی (SNSC)دان کە بەرزترین دەزگەی باڵایە کە سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی نیشتمانیی ئێران ئاراستە دەکات. سەرۆککۆمار وەک سەرۆکی ئەنجومەنی ئەم دەزگەیە دەتوانێت کاریگەریی لەسەر دیبەیتەکان و ڕۆڵی لە دانانی بەرنامەی کاری سیاسەتی دەرەوەدا هەبێت. بەڵام سەرۆککۆمار تەنیا نییە لەو ئەنجومەنە بەڵکوو هێشتا دەبێت کار بکات بۆ پێکهێنانی کۆدەنگی لەگەڵ ١١ ئەندامی هەمیشەییی دیکە کە پۆستی باڵای سەربازی، سیاسی یان وەزارییان هەیە. لە کۆتاییشدا بڕیارەکانی SNSC دەبێت لەلایەن ڕابەری باڵا پەسەند بکرێن کە “ئایەتوڵڵا خامنەیی”یە[1].
بەڵام ڕەنگە نەمانی لەناکاوی ڕەئیسی جۆرێک لە تێکچوونی هاوسەنگی لەناوماڵی سیاسیی ئێران دروست بکات. واتا جۆرێک لە ململانێ لەناو ئەو گرووپ و دەزگە و کەسایەتییانە دروست بکات کە هەوڵ دەدەن دەستیان لە دانانی جێگرەوەی ڕەئیسی و پۆستەکانی تر هەبێت. بۆ دەستەبەرکردنی گواستنەوەی دەسەڵات بەئارامی لەم قۆناغەدا، ئێران ڕەنگە خۆی لە گەڕێکی نوێی پەرەسەندنی گرژییەکان لەگەڵ ئیسرائیل یان نەیارەکانی دیکە بپارێزێت تا ئەو کاتەی سەرۆکێکی نوێ سوێند دەخوات؛ هەروەها ڕەنگە دەستپێشخەرییە دیپلۆماسییە نوێکانیش دوا بخات بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە وەزیری دەرەوەیش نەماوە. بۆیە یەکەم هەنگاوی سەرۆکی بەوەکالەت (محەمەد موخبر) بریتی بوو لە دانانی عەلی باقری، جێگری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری سیاسی وەک وەزیری دەرەوە بەوەکالەت، کە هەر زوو بۆ چەسپاندنی پێگەی خۆی و نیشاندانی ئەوەی کە نەمانی وەزیری دەرەوە کەلێنێکی لە پلانەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئێران دروست نەکردووە، سەردانی هەر یەکە لە عێراق و هەرێمی کوردستانی کرد.
ڕەئیسی ئەگەرچی چوارچێوەی سنووری سیاسەتی دیاریکراوی ڕابەری باڵای نەبەزاند، تێبینیی زۆریش هەبوو لەسەری کە سەرۆکێکی لاواز و بێدەسکەوتە؛ بەڵام لە ئاستی سیاسەتی دەرەودا کۆمەڵێک دەسکەوتی هەبوو. کاتێک ڕەئیسی لە ساڵی ٢٠٢١ وەک سەرۆک دەستبەکار بوو، بەکردەوە هیچ ئەزموونێکی سیاسەتی دەرەوەی نەبوو. لە سەرەتاوە پشتگیریی لە دانوستانەکان کرد بۆ گەڕاندنەوەی پابەندبوونی ئەمریکا و ئێران بە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی ٢٠١٥. ڕەئیسی دوو ئەولەوییەتی سەرەکیی هەبوو : ١) باشترکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ دراوسێکان، ٢) فراوانکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ زلهێزەکانی ئاسیا، لەوانەیش چین و ڕووسیا. ڕەئیسی لە هەردوو بەرەدا پێشکەوتنی بەدەست هێنا بەڵام نەیتوانی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی ٢٠١٥ زیندوو بکاتەوە.
مردنی ڕەئیسی گەر گۆڕانێکی دیاریش دروست نەکات، بەڵام بەردێکی تر دەخاتە ناو گۆمی نادڵنیاییی سیاسی لە قۆناغی گواستنەوەی دەسەڵات لە ئێران. پەرلەمانی نوێی ئێران کە لە مانگی ئازاردا هەڵبژێردرا و لە مانگی ئایاردا هەڵبژاردنی دووەمی بەڕێوە دەچێت، بڕیارە لە کۆتاییی مانگی حوزەیراندا سەرۆکی نوێ هەڵبژێرێت. حکوومەتی ئێران دوای هەڵبژاردن بۆ پەرلەمان و ئەنجومەنی شارەزایان لە ئاداری 2024 ڕووبەڕووی قەیرانی ڕەوایەتی بووەوە: ڕێژەی بەشداری 41% بوو؛ ئەمەیش کەمترین ڕێژە لە دوای شۆڕشی 1979وە بوو.
پێ دەچێت ئێرانییەکان ئارەزووی دەنگدان لە هەڵبژاردنەکانی ٢٨ی حوزەیراندا نەکەن، چونکە ئەنجومەنی پارێزەران تا ئێستا تەنیا ڕێگەی بە ژمارەیەکی سنووردار لە کاندیدەکان داوە کە گشتیان دەستوپێوەندی دەسەڵاتی کۆنن و فیگەری ئومێدبەخش نین بۆ خەڵکی ئێران[2]؛ ئەمە جگە لەوەی کوتلە سیاسییەکان لە ئێستاوە خۆیان بۆ گواستنەوەی کۆتاییی دەسەڵات ئامادە دەکەن بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ڕێبەری باڵا، تەمەنی بووە بە ٨٥ ساڵ. چەندان ناوەندی دەسەڵات، لەوانە سوپای پاسداران و نووسینگەی ڕێبەری باڵا، دەیانەوێت کاریگەرییان لەسەر جێنشینی ئەو هەبێت. هەرچەندە تا ئێستا هیچ جێنشینێکی دیار دەرنەکەوتووە، بەڵام بە شێوەیەکی بەرفراوان پێشبینی دەکرا کە ڕەئیسی یەکێک لە کاندیدەکان بێت. هەروەها موجتەبا خامنەیی، کوڕە تەمەن ٥٥ ساڵەکەی ڕێبەری باڵا، وەک ڕکابەرێک پیشان دەدرێت؛ هەرچەندە ئەو هەرگیز پۆستێکی فەرمیی نەبووە و خاوەنی بڕوانامەی ئایینیی باڵایش نییە لەو بوارەدا. ئەمە جگە لەوەی هەڵبژاردنی ئەو پێچەوانەی بنەماکانی شۆڕشی ئیسلامیی ساڵی ١٩٧٩ دەبێت کە دەسەڵاتێکی پاشایەتیی بۆماوەییی ڕووخاند[3].
بەڵام موجتەبا پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ سوپای پاسداران و “بەسیج” هەیە، کە ڕەنگە ئەگەر خۆیشی یەکێک لە کاندیدەکان نەبیت بەڵام کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر دیاریکردنی جێنشینی باوکی هەبێت؛ چونکە موجتەبا ئێستا دەسەڵاتی نەک تەنیا بەسەر سوپای پاسدارانەوە هەیە بەڵکوو “ئەرتەش”یشی گرتۆتەوە. جگە لەوە، موجتەبا دەستی بە جومگە سەرەکییەکانی ئابووریی ئێرانیش گەیشتووە؛ تۆڕێکی بەرفراوان لە کۆمپانیاکانی پەیوەست بە چەک، وزە، بیناسازی، پەیوەندییەکان، کانگە و چەندان کەرتی دیکە کۆنتڕۆڵ دەکات. بۆیە بێ گومان سوپای پاسداران لە پشت موجتەبا دەوەستێت ئەگەر سەرۆکی باڵای داهاتوو بیەوێت پشتی پێ ببەستێت.
ڕەئیسی ئەگەر سەرۆکێکی لاوازیش بووبێت، بەڵام دڵسۆزترین بژاردە بوو بۆ ڕابەری باڵا لەناو ئەو بژاردانەی کە هەبوون؛ لە هەمان کاتدا، پاشخانی نەریتیی ئەو “ئاستێک پشتیوانیی لەلایەن لایەنگرانی حکوومەت و لەناو نوخبەکانەوە پێ بەخشی.” ڕەئیسی هیچ لێدوانێکی لەسەر ئەگەری جێنشینیی خامنەیی نەدابوو؛ بەڵام ئەو کە بەدەگمەن لەلایەن سیاسەتمەدارانی کۆنسێرڤاتیڤ ڕەخنەی لێ دەگیرا، دڵنیا بوو کە لە داڕشتنی فۆڕمی داهاتووی دەسەڵاتی ئێراندا ڕۆڵی دەبێت. پرسیار ئەوەیە: ئایا دۆزینەوەی “ڕەئیسی”یەکی تر بۆ “بەیتی ڕابەری” هەروا ئاسان دەبێت؟ عەلی باقری کەنی، وەزیری دەرەوەی کاتیی ئێران، سەرۆکی دانوستانکاری ئێران بووە لە دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ زلهێزە جیهانییەکان. ڕوون نییە کە ئایا ئەو هەمان پەیوەندیی بەهێزی لەگەڵ “میحوەری بەرخۆدان”ی ناوچەیی و هاوتەریبی ئێران هەیە کە ئەمیرعەبدوڵڵاهیان هەیبو یان نا.
بە شێوەیەکی گشتی دەتوانین بێژین کە سیاسەتەکانی ئێران لە دوای ڕەئیسی گۆڕانکارییەکی ڕیشەیییان بەسەردا نایەت، چونکە کاتێک باس لە هەندێک فایلی سیاسەتی دەرەوە دەکرێت، ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، ڕێبەری باڵا و سوپای پاسداران لە ڕووی بیرۆکراتی و دامەزراوەیییەوە، ئەوان بەرنامەی کاری سیاسەتی دەرەوەی ئێران دادەنێن.
هاتنی ڕەئیسی بۆ سەر دەسەڵات، کەمتر پەیوەندیی بە کاریزمای کەسیی شارەزاییی ڕەئیسی هەبوو، بەڵکوو زیاتر پەیوەست بوو بە سیستەمی حوکمڕانیی ئێران و مێژووی ئەو وەک کەسایەتییەکی سیاسیی گوێرایەڵی بەیتی ڕابەری باڵا. ئەم میراتە ئاڵۆزەی ڕەئیسی، هەڵبژاردنی جێنشینەکەی دەکاتە ئەرکێکی زۆر هەستیار بۆ سیستەمی حوکمڕانی لە “ئێرانی پۆست-ڕەئیسی”دا. بۆیە دوور نییە لێکەوتەی ئەو دۆخە دواجار لە خزمەتی هاتنی گرووپێکی تر لە ڕادیکاڵە توندڕەوەکان بۆ سەر دەسەڵات بشکێتەوە.
لە ئاستی ناوخۆ
لەوانەیە کۆچی دواییی ڕەئیسی و ئەمیرعەبدوڵڵاهیان بتوانێت هەندێک گۆڕانکاری لە سیاسەتی ناوخۆییی ئێراندا بە دوای خۆیدا بهێنێت. بەڵام ئێستا دامەزراوەکە لەلایەن بەرەی سیاسییە نەریتخواز و ڕادیکاڵەکانەوە بەڕێوە دەبردرێت، بۆیە هەر ململانێیەکی شاراوە گەر لەناوخۆیشدا هەبێت، هەر لە نێوان ئەو بەرەیەدا دەبێت نەک لەگەڵ بەرەی ڕیفۆرمخوازەکان.
لە دوای ڕووخانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی و سەپاندنەوەی سزاکان بەسەر ئێراندا، ڕیفۆرمخواز و میانڕەوەکان دوور خرانەوە؛ سوپای پاسدارانیش بەهێزتر بووە. کوتلە توندڕەوەکان لە دوای شەپۆلی ناڕەزایەتیی دژەحکوومەت کە بە هۆکاری مردنی “ژینا ئەمینی” لە ساڵی ٢٠٢٢دا هاتە ئاراوە، ڕەتیان کردەوە سازش بۆ شەقام بکەن. زۆرێک لە دامەزراوەکان و کارمەندانی سوپای پاسداران بەشدارن لە دەزگە ئەمنییەکانی ناوەخۆدا، بۆیە پێ ناچێت موخبر-یان سەرۆکی داهاتوو-ئەو ئاراستەیە پێچەوانە بکاتەوە. دوایین دەسنیشانکردن بۆ پۆستێکی باڵای ئەمنی، لە مانگی ئایاری ٢٠٢٣ بوو؛ کاتێک عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان، فەرماندەی سوپای پاسداران لەلایەن خامنەیییەوە وەک سەرۆکی نوێی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران هەڵبژێردرا بۆ جێگرەوەی عەلی شەمخانی[4].
ڕەئیسی وەک پێشەنگێک بۆ جێگرتنەوەی ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی سەیر دەکرا. سەرکەوتنی بۆ سەرۆکایەتیی کۆماریش لە ساڵی 2021، لە نێوان ناڕەزایەتییەکی بەرفراواندا بوو؛ وەک هەنگاوێکی ستراتیژی بۆ پێگەی ئەو وەک جێنشینی ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، تەماشا دەکرا. ئەگەری دانانی کەسێکی توندڕەوتر دەتوانێت کاریگەریی لەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئێران و تەماحەکانی چەکی ئەتۆمی هەبێت. کەسایەتییەکی توندڕەو لە سەرۆکایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا لێکەوتەی قووڵی دەبێت؛ چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوە.
لە ناوخۆدا ئەگەری ئەوە هەیە کە ڕژێم جۆرێک لە لێبووردەیی و کرانەوە بەرامبەر گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکان بگرێتە بەر، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەگەری ئەوەیش هەیە بەکارهێنانی ڕێوشوێنی توندتر بۆ کۆنترۆڵکردنی کایە کۆمەڵایەتییەکان بگیرێتە بەر. ئەمەیش دەتوانێت پێکدادانەکانی نێوان ڕژێم و کۆمەڵگە چڕتر بکاتەوە و قەیرانی ئابووری توندتر بکات و بارودۆخی ژیان خراپتر بکات و ناڕەزایەتییە ناوخۆیییەکان زیاتر بکات.[5] ئەم جۆرە پێشهاتانە دەتوانن ڕژێم بخەنە ناو قەیرانێکی ناوخۆییی شەرعییەتەوە و، کەلێنی نێوان نوخبەی دەسەڵاتدار و جەماوەر فراوانتر بکەن.
لە کۆتاییدا دەتوانین ئاماژە بە دوو تێڕوانینی ستراتیژی بۆ ئەم دۆخە بکەین کە ئاماژە بە ململانێیەکی دەسەڵاتی ناوخۆیی دەکەن کە بەهۆی بۆشاییی سەرکردایەتییەوە دروست بووە کە ڕەنگە ببێتە هۆی دووبارە سەرهەڵدانەوەی ناڕەزاییەتییەکان دوای مردنی ڕەئیسی؛ ئەگەری دووەم ئەگەرچی کەمیش بێت، ئەوەیە کە سەرکردەیەکی میانڕەوتر سەر هەڵبدات، کە دواجار ببێتە هۆی کەمبوونەوەی نائارامیی ناوخۆیی و باشتربوونی پەیوەندییەکان لەگەڵ ڕۆژاوا کە دەرفەتێک بۆ ڕێبازێکی سازانتر دروست بکەن، کە ئەگەری هەیە ببێتە هۆی پێشکەوتن یان بنبەستی زیاتر لە دانوستانەکاندا[6].
لە ئاستی سیاسەتی دەرەوەی ئێران
پایەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئێران، لەوانەیش “بەرەی مقاوەمە” – هەوڵدان بۆ نزیکبوونەوە لە چین و ڕووسیا – و وتووێژی زیاتری ناوچەیی، بە ئەگەری زۆر وەک خۆیان دەمێننەوە. سەبارەت بە پایەی دووەم، واتا دیالۆگی ناوچەیی، بەتایبەت لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی، لەوانەیە کەمێک پاشەکشە بکات، چونکە ئەمیر عەبدوڵڵاهیان دیپلۆماتکارێکی نەرم و هێمن بوو، شارەزای زمان و کەلتووری سیاسیی عەرەب بوو، ساڵانێک بوو کاری لەسەر دروستکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و دراوسێکانی دەکرد؛ لەم بوارەدا هەندێک متمانەیشی دروست کردبوو. بۆ دروستکردنی دووبارەی ئەو متمانەیە، لەوانەیە ماوەیەکی تری بوێت. ئەم پرسە- واتا پرسی پەیوەندی لەگەڵ دراوسێکانی ئێران و وڵاتانی عەرەبی- لەوانەیە تووشی کێشە ببێتەوە چونکە کاریگەریی سەرۆکی نوێ لەسەر ئەم پرسە زۆر دەبێت؛ سەرۆکی نوێش بە ئەگەری زۆر لە ڕادیکاڵە موحافزکارەکان دەبێت.
پرسێکی تر کە بۆ جێنشینی ڕەئیسی مایەی سەرئێشەی زۆر دەبێت، پرسی چەکی ئەتۆمیی ئێران و سزاکانی ئاژانسی ئەتۆمی و ئەمریکان لە دژی ئێران. ئێران لە سەردەمی ڕەئیسیدا ئامادە نەبووە ڕێککەوتنی ئەتۆمی زیندوو بکاتەوە. بەڵکوو ئێران پیتاندنی یۆرانیۆمی زیاد کردووە؛ کێشەیشی بۆ پشکنەرە نێودەوڵەتییەکان دروست کردبوو. تا دواجار ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی (٥ی حوزەیران) لە ڤیەننا، لە بڕیارێکی نوێدا ڕەخنەی لە ئێران گرت بەهۆی هاوکارینەکردنی ئەو وڵاتە لە پرسی گەشەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی. ئەم بڕیارنامەیە کە لەلایەن لەندەن و پاریس و بەرلین پێشکەش کراوە، لە کۆی ٣٥ وڵات، ٢٠ وڵات پەسەندیان کردووە. ئەمریکا هەرچەندە لەو کاتەدا لەوانەیە خوازیاری ئەم بڕیارە نەبووبێت، بەڵام ئەمریکاش پشتیوانیی بڕیارەکەی کرد. بەڵام ڕووسیا و چین دەنگیان لە دژی بڕیارنامەکە دا و ١٢ وڵاتیش دەنگیان نەدا و ئەندامێکیش ئامادەی دەنگدانەکە نەبوو.
ئەم بڕیارنامەیە کە یەکەمین بڕیارە لە دوای ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢ەوە، ڕەخنەی زیاتر ئاراستەی ئێران دەکات. ئەوروپییەکان وا دەبینن کە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران زیاد لە ئاستی خۆی پێش کەوتووە و، لە ئاستی وڵاتێک زۆر زیاترە کە خاوەنی چەکی ئەتۆمی نەبێت؛ بۆیە لە سەروبەندی گفتوگۆکانی ئەندامانی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی، دۆخی ئێرانیان بە “نیگەران” زانی. پرسی دۆسیەی ئەتۆمی وەک باس دەکرێت، دەکەوێتەوە ژێر سەرپەرشتیی عەلی شەمخانی. ئەمەیش ئەگەری ئاڵۆزیی کێشەکە لەگەڵ ڕۆژاوا زیاتر دەکات نەک کەمتر[7].
تایبەت بە سیاسەتی ئێران بەرەو ڕۆژهەڵات، ڕەئیسی درێژەی بە سیاسەتی “ڕۆیشتن بەرەو ڕۆژهەڵات”ی “حەسەن ڕۆحانی”ی پێش خۆی دا[8]. بۆ ئەم مەبەستەیش ڕەئیسی و حکوومەتەکەی بە دوای نزیکبوونەوەی زیاتر لەگەڵ چیندا ڕۆیشتن. لە بەرامبەردا پەکین بە هاوردەکردنی نەوتی ئێران و دەلالیکردنی ڕێککەوتنێکی دیپلۆماسیی نێوان ئێران و سعوودیا لە مانگی ئازاری 2023، چین ژیانی بەبەر ئابووریی ئێران هێنایەوە لە ڕێگەی بەنایاسایی کڕینی نەوتی ئێران[9]. ئەم سیاسەتەی ئێران لە سەردەمی دوای ڕەئیسییش هەر لەگەڵ چین بەردەوام دەبێت.
بە نەمانی ڕەئیسی، لەوانەیە تا ماوەیەک پەیوەندییە هەرێمییەکان خاوبوونەوەیەکیان تێ بکەوێت، چونکە ڕەئیسی لە بەڕێوەبردنی پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی ئێران لەگەڵ دەوڵەتانی عەرەبی دراوسێ، ڕووسیا و چین ڕۆڵی سەرەکیی هەبووە. لە ڕووی دەرەکییەوە گۆڕانکاری لە هێڵی ڕەقی سیاسەتدا (hard power) دەتوانێت ببێتە هۆی هەڵوێستێکی گرژتر بەرامبەر بە وڵاتانی دراوسێ. هاوکات لە سەردەمی سەرۆکایەتیی ڕەئیسیدا، ئێران بەردەوام بوو لە خزمەتکردن وەک هاوپەیمان و دابینکەری پشتیوانی بۆ ململانێکانی دژەئەمریکا و دژەڕۆژاوا؛ درۆن (فڕۆکەی بێفڕۆکەوان)ی شەڕکەری گەیاندە ڕووسیا بۆ بەکارهێنانی لە ئۆکرانیا و دابینکردنی چەک بۆ بریکارە جیاوازەکانی ناوچەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست[10].
ئێران و بەرەی مقاوەمە
یەکێک لەو دۆسیانەی کە گرنگ و کاریگەریی زۆری هەیە، پێگەی پڕۆکسییەکانی ئێرانە وەک میکانیزمێک بۆ سیاسەتی دەرەوەی ئێران، بۆیە پرسیاری سەرەکی لە ئێرانی دوای ڕەئیسیدا ئەوەیە کە، ئێران لە ناوچە تەقلیدییەکانی نفووزی خۆیدا، لە بەغداوە تا سەنعا چۆن هەڵسوکەوت دەکات؟ عەبدوڵڵاهیان تۆڕێکی بەرفراوانی پەیوەندیی گشتیی لەگەڵ هاوپەیمانەکانی ئێران لە ناوچەکەدا هەبوو و تا ڕاددەیەک سەرکەوتوو بوو لە کۆنترۆڵکردنی جموجۆڵی پرۆکسییەکان و، هەروەها هەڵسوکەوتی ئێرانیش لە ناوچەکەدا، جا چ لە ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی ئەمریکا یان تێوەگلانی ناڕاستەوخۆ لە جەنگی غەززەدا. بۆیە پرسیاری گرنگ ئەوەیە کە، ئایا گۆڕانکاریی گەورە لە ڕۆڵی ئێران لە عێراق، سووریا، لوبنان و یەمەن، بەتایبەت بە هاتنی وەزیرێکی نوێی دەرەوە لە دوای عەبدوڵڵاهیان، دەبینین؟
لە سەرەتادا دەتوانرێت بڵێین کە عەلی باقری، نوێنەرایەتیی لایەنێکی قوتابخانەی نەریتخوازان لە ئێران دەکات و بە هەڵوێستە سیاسییە توندڕەوەکانی ناسراوە. باقری بە پاڵپشتیی سوپای پاسداران و ڕێبەری باڵا، شانازیی بە بەڕێوەبردنی دیپلۆماسیی ناڕاستەوخۆ بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمریکا دەکات. بەڵام لە ناوچەکانی نفووزی ئێراندا (sphere of influence) هەمان تۆڕی پەیوەندییەکانی عەبدوڵڵاهیانی نییە. ئەمەیش ڕۆڵی زیاتر زەحمەت دەکات، چونکە عەبدوڵڵاهیان هەم لەگەڵ دامەزراوەکان و هەمیش لەگەڵ پرۆکسییەکان پەیوەندیی هاوسەنگی هەبوو.
درێژەدان بە دیپلۆماسییەتی مەیدان (field diplomacy) کە عەبدوڵڵاهیان پەسەندی کرد، کە پێک هاتبوو لە بەهێزکردنی بوونی بریکارەکانی ئێران و یەکخستنی ئەم ئامادەبوونە لە خزمەت ڕۆڵی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هێشتا دەتوانێت ڕێبازێکی خوازراو بێت بۆ سەرکردایەتیی نوێی ئێران. بەڵام ئەو لێهاتوویییە سیاسییانەی کە عەبدوڵڵاهیان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەم بزووتنەوانە هەیبوو، بەتایبەت کە دەبوونە بەربەست لە بەردەم جووڵە دیپلۆماسییەکانی سیاسەتی دەرەوە، کەم دەبێتەوە. ئەمەیش دەتوانێت لەمپەر بۆ ڕۆڵی سیاسەتی دەرەوەی ئێران لە قۆناغی داهاتوودا دروست بکات[11].
ئاڵنگاریی سەرەکیی بەردەم ئێران لە ئێرانی دوای ڕەئیسیدا بریتییە لە پاراستنی ئەو کەناڵ و هەماهەنگییەی کە عەبدوڵڵاهیان لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل دروستی کردبوون، بەتایبەتی لە عێراق و سووریا؛ هەروەها گفتوگۆگانی عێراق و عوممان و قەتەر. لەناو نوخبەی سیاسیی ئێراندا، ترسێکی بەرچاو هەیە لەوەی کە هەڵوێستی ڕەقی خامنەیی ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی ئۆپەراسیۆن یان چالاکییە سەربازییەکانی ئێران لە عێراق و سووریا سنوورەکانی ئێران تێ پەڕێنن بە پەرەپێدانی هێرشەکان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا، یان تەنانەت بە دەستپێکردنی هێرشەکان کە دواجار ئەگەری هەیە وەڵامدانەوەی ئیسرائیلی لێ بکەوێتەوە.
وڵاتانی ڕۆژاوایی، بەتایبەتی ئەمریکا، دەیانەوێت ئێران/خامنەیی سەرکردایەتییەکی نوێی ئێرانی بێنێتە پێشەوە کە توانای پەیوەندییان لەگەڵ ڕۆژاوا هەبێت، کە جیاواز بێت لەو ڕێبازە ڕادیکاڵەی کە ڕەئیسی و عەبدوڵڵاهیان پەیڕەویان دەکرد. بەم پێیە، دەرەنجامی هەڵبژاردنەکانی ٢٨ حوزەیران لە دیاریکردنی ڕێبازە نوێیەکەی ئێران بەرامبەر ئەمریکا، چ بە درێژەدان بە ڕێبازی ڕەئیسی یان بە گرتنەبەری ستراتیژییەکی نوێ، زیاتر دەردەکەوێت[12].
لە کاتێکدا ئامادەبوونی هەمیشەییی خامنەیی وەک کاراکتەرێکی سەرەکی لە پەیوەندییەکانی داهاتووی ئێران لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژاوایی و ئەمریکادا وەستاوە، مێژووی سیاسیی ئێران پێمان دەڵێت کە هاتنی سەرۆکێکی ڕیفۆرمخواز زۆر جار دەبێتە هۆی ناکۆکی لە نێوان سەرۆکایەتیی کۆماری و دامەزراوەی ڕێبەری باڵای شۆڕش لە سیاسەتی دەرەکیدا. ئەمریکا ئەم ناتەبایییە بە کێشە دەزانێت بۆ دروستکردنی ڕێڕەوێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکوومەتی ئێراندا، بەتایبەت لە پێش هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکادا. ئیدارەی بایدن لە هەوڵی چارەسەرکردنی، یان لانی کەم کۆنتڕۆڵکردنی پرسی ئێرانە پێش ئەوەی بچێتە ناو کێبڕکێی هەڵبژاردنەکانەوە، بۆ ئەوەی لە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران دوای چوار ساڵ لە پۆستەکەیدا بێکاریگەر دەرنەکەوێت.
لە ئاستی وڵاتانی عەرەبی، ڕەنگە سەرۆکێکی نوێ، هەوڵی بەردەوامبوونی باشترکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی کەنداو بدات، کە دوای مردنی ڕەئیسی گشتیان سەرەخۆشییان کرد. سعوودیا و ئیمارات بە ئاماژەدان بە ئێران وەک “ڕژێمێکی دەستەخوشک”، تیشک دەخەنە سەر گۆڕانکاریی ئەرێنی لە داینامیکی ناوچەییدا. باشتربوونی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و کەنداو، مەترسییەکانی سەر دابینکردنی نەوت لە ناوچەکە کەم دەکاتەوە[13].
ئەدای ئابووریی ئیدارەی ڕەئیسی لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا زۆر خراپ بووە. ئەو نەیتوانی هیچ کام لە بەڵێنەکانی جێبەجێ بکات؛ لە کەمکردنەوەی هەڵاوسانی بەربڵاوەوە (مەزەندە دەکرێت لە دەوروبەری 50%) تا دروستکردنی 4 ملیۆن خانووی نوێ بۆ کەسانی کەمداهات[14].
پێ دەچێت دامەزراوە ناوخۆیییەکانی دیکە کە هەوڵی زیادکردنی کاریگەریی خۆیان لە بواری سیاسەتی دەرەوەدا دەدەن، هەوڵ بدەن بۆ قۆستنەوەی ئەو بۆشایییە کاتییەی کە لە ئەنجامی نەبوونی عەبدوڵڵاهیانەوە هاتۆتە ئاراوە بۆ زیادکردنی نفووزی خۆیان لە کایەی دیپلۆماسیدا؛ هەروەها دەستبەسەرداگرتنی ئەو فایلە دیپلۆماسییانەی کە لەژێر کۆنترۆڵی وەزارەتی کاروباری دەرەوەدان. بۆ نموونە، میوانداریکردنی ڕێبەرانی ڕێکخراوەکانی “میحوەری خۆڕاگری” لەلایەن سوپای پاسدارانەوە لە کاتی ڕێوڕەسمی سوێندخواردن بۆ سەرۆک (هەروەها لە کاتی ڕێوڕەسمی پرسەکەیدا لەگەڵ بەرپرسانی دیکە)، هەنگاوێکە بۆ بەهێزکردنی هەژموونی پاسداران بەسەر ئەم مەلەفەدا، یان هەوڵی دامەزراوەکانی سەر بە ڕابەری باڵا بۆ وەرگرتنەوەی مەلەفی ئەتۆمی لە وەزارەتی بەرگری و پێدانی بە عەلی شەمخانی، نموونەیەکی دیکەی ئەم ڕەفتارەیە.
ئێران و هەرێمی کوردستان
دوای ئەو ساردوسڕی و گرژییەی لە پەیوەندییەکانی هەردوو لا لە دوای ١٦ ئۆکتۆبەری ڕووی دا ٢٠١٧، سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تاران ڕووداوێکی سیاسی و دیپلۆماسیی گەورە بوو لە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تاران، بەڵام ڕووداوی تێکشکانی هەلیکۆپتەرەکەی ڕەئیسی و وەزیری دەرەوە کاریگەرییەکی نەرێنیی هەبوو لەسەر ڕەنگدانەوەی خێرای سەردانەکە لەسەر پێشڤەچوونی خێرای ڕووداوەکان. ئەمە بێجگە لەوەی سەرۆکی هەرێم لەم سەردانەدا دەرگەیەکی پەیوەندیی لەگەڵ وەزیری دەرەوە کردبووە، بە جۆرێک ئەمیر عەبدوڵڵاهیان بەدەر لە پرۆتۆکۆڵ جارێکی تریش لە شوێنی دانیشتنی سەرۆکی هەرێم سەردانی کرد. عەبدوڵڵاهیان لەبەر ئەوەی باکگراوندێکی ئەکادیمیشی هەبوو و لە گرنگیی هەرێم کوردستان بۆ ئێران تێ دەگەیشت، توانای ئەوەیشی هەبوو کە کاریگەری لەسەر ڕاکانی ڕەئیسی دروست بکات. بۆیە نەمانی ئەو دوو فیگەرە، کاریگەریی نەرێنیی هەبوو لەسەر بنیاتنانەوەی خێرای پەیوەندییەکان. هەرچەندە عەلی باقری، جێگرەوەی عەبدوڵڵاهیان، زۆری نەبرد سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستانی کرد، وەک تەواوکەری ئەوەی لە سەردانەی سەرۆکی هەرێمدا بڕیاری لەسەر درابوو. پێشبینی دەکرێت ئەو سەردانەی سەرۆکی هەرێم جۆرێک لە متمانە بگەڕێنێتەوە بۆ پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئێران؛ ئێرانی دوای ڕەئیسییش بەردەوام بێت لە هەماهەنگی یان ڕێکكەوتنێکی ئەمنی لەگەڵ هەرێمی کوردستان.
بەشێک لە نیگەرانییەکانی ئێران لە هەرێمی کوردستان پەیوەندیی بە نێوانی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە هەیە. یەکێک لە ستراتیژە نەگۆڕەکانی ئێرانن بەرامبەر هەرێمی کوردستان لە دوای ٢٠٠٣ تا ئێستا ئەوەیە، کە هەرێمی کوردستان نابێت ببێتە مەترسی و کێشە بۆ دەوڵەت و دەسەڵاتی نوخبەی حوکمڕانی شیعە لە عێراقدا. ستراتیژیی دووەمی ئێران بەرامبەر هەرێم ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان نابێت ببێتە ژینگەیەک بۆ نەیارانی ئێران لە ناوچەکەدا. بۆیە گرنگە وەک هەرێمی کوردستان ڕەچاوی ئەو ستراتیژەی ئێران بکەین. واتا لە بوون بە بەشێک لە کێشەکانی ناوماڵی شیعە ئاگادار بین، بەڵام لە هەمان کاتیشدا سوود لە کێشە ناوخۆیییەکانی ناوماڵی شیعە وەربگرین. یاخود ئەگەر نوخبەی حوکمڕانی شیعە دەیەوێت ئێمە نەبینە بەشێک لە هاوپەیمانیی لایەنێک، ئەوە دەبێت خۆیشیان نەبنە بەشێک لە کێشەدروستکردن بۆ ناوماڵی کورد لە هەرێمی کوردستان.
ئەنجام
لە دەرەنجامدا دەتوانین بڵێین کە پێشبینی دەکرێت گۆڕینی پەیکەری حکوومەت، کاریگەریی لەسەر هەندێک لایەنی سیاسەتی دەرەوە هەبێت، لەوانە گۆڕانکاری لە بەرنامەی کاری سیاسیدا؛ هەروەها سەرهەڵدانی موحافزکارەکانی وەک عەلی لاریجانی یان عەلی شەمخانی، لەسەر مەلەفی دانوستان لەگەڵ ڕۆژاوا سەبارەت بە ناکۆکیی ئەتۆمی؛ لە کاتێکدا سەرهەڵدانی کەسایەتییە توندڕەوەکانی وەک سەعید جەلیلی و محەمەد موخبر ڕەنگە سیاسەتی دەرەوەی ئێران زیاتر، بەرەو ڕووسیا و چین ئاراستە بکات. هەروەها ئەگەری ئەوە هەیە گۆڕانکاری لە ئەولەوییەتەکانی سیاسەتی دەرەوەدا ڕوو بدات، بە جۆرێک کە “سیاسەتی دراوسێیەتی” کە حکوومەتەکەی ڕەئیسی پەسەندی کردووە، ڕەنگە بگۆڕێت لە بەرژەوەندیی ئەجێندایەکی دیکە کە لە ڕوانگەی سەرکردە نوێیەکانەوە بە گرنگتر دادەنرێت. بۆیە بە ئەگەری زۆر ئەم گۆڕانکارییانە کاریگەرییان دەبێت، بەهۆی بەهێزبوونی پڕۆسەی بەتاڵکردنەوەی وەزارەتی دەرەوە لە دەسەڵاتەکانی لە بەرژەوەندیی دامەزراوە بەدیلەکان. ڕۆیشتنی لەناکاوی ڕەئیسی و عەبدوڵڵاهیان لە گۆڕەپانەکەدا بەرنامەی کاری دیپلۆماسیی حکوومەتی پێشوو ڕوبەڕووی ئەگەرەکانی گۆڕانکاری دەکاتەوە[15].
سیناریۆی دووەم ئەوەیە کە پێشبینیی درێژەپێدانی ئەولەوییەتەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئێران دەکات، بەڵام لە چوارچێوەی هێڵە فراوانەکاندا. ستراتیژیی فراوانبوونی ناوچەییی ئێران لە ڕێگەی میلیشیا و گرووپە پرۆکسییەکانەوە بەردەوام دەبێت، فایلی دانوستان لەگەڵ بلۆکی ڕۆژاوا بەردەوام دەبێت لە پەراوێزخستن و ستراتیژی “بەرەو ڕۆژهەڵات” و، هەوڵدان بۆ هاوسەنگکردنی پەیوەندییەکانی نێوان چین و ڕووسیاش لە شوێنی خۆیدا دەمێنێتەوە. هەروەها وەزارەتی دەرەوەیش دەسەڵاتەکانی هەر بەسنوورداری دەمێننەوە. بەڵام ئەو گۆڕانکارییانەی لە ئەنجامی نەبوونی عەبدوڵڵاهیان دروست دەبن، لەگەڵ ئەو بۆشایییەی بەهۆی مردنی سەرۆککۆمارەوە دروست دەبێت، کاریگەریی دەبێت. پێشبینی دەکرێت مامەڵەکردن لەگەڵ میلیشیاکان هەندێک پێشهاتی نوێ بەخۆیەوە ببینێت لە ئەنجامی نەبوونی دیپلۆماتکارێکی نزیک لە سەرکردەکانیان؛ هەروەها “سیاسەتی کرانەوە بەرەو دراوسێکان” پاش نەبوونی دیپلۆماسییەتێکی کارامە، بەرەو لاوازبوون بچێت. ئێرانی دوای ڕەئیسی ئەگەری هەیە دەرگە بەڕووی کۆمەڵیک ڕووخساری نوێدا بکاتەوە کە بە دوای تێکەڵبوون لەگەڵ زلهێزەکانی ڕۆژهەڵاتدا بگەڕێن وەک چین و ڕووسیا و هیندستان. کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئێران کاریگەرییەکی بەرچاوی دەبێت لە بەهێزکردنی دۆخی وەزارەتێکی دەرەوەی بێدەسەڵاتدا. ئەم سیناریۆیە لە هەمان کاتدا ئەگەری گۆڕانکاریی لاوەکی و قووڵ گریمانە دەکات و، پێشبینی دەکات گۆڕانکاریی کاریگەرتر دەربکەوێت لە سیاسەتی ئێراندا لە ئاستی ناوەخۆ و دەرەوەدا، سەرەڕای بەردەوامبوونی چوارچێوە گشتییەکانی ڕەفتاری سیاسیی کۆماری ئیسلامی لە ژینگەی هەرێمی و نێودەوڵەتیدا.