دواین هەواڵ

بڕیارە نادروستەكانی دادگەی فیدراڵ و هەڵوێستی دادگەی پێداچوونەوە (دادگەی كاساس)

‌سەلام عەبدوڵڵا

04/06/2024

لە چەند نووسینێكی تردا ئاماژە بەوە درابوو كە ئەم دادگەی فیدراڵە زێدەڕۆیی دەكات و دەست بۆ زۆر بابەت دەبات كە لە دەسەڵاتی ئەودا نییە، ئەو بەڕادەیەك دەستی وەردابووە كاروباری حكوومەت و پەرلەمان و یاسا فیدراڵییەكان كە بە دەستوور جێگیر كرابوون كە بەهیچ جۆرێك لە چوارچێوەی كاری ئەودا نەبوون، ئەم دەهات بە ئارەزووی خۆی هەڵیدەوەشاندنەوە و بڕیاری نوێی دەردەكرد كە كار گەیشتە ئەوەی سەرۆكی پەرلەمان، كە بە هەڵبژاردن و بڕیاری پەرلەمان و بەپێی دەستوور ئەو پۆستەی پێدرابوو، لەسەر كار لا بدات.

ئەم زێدەڕۆییە نادەستووریانە دادگەی پێداچوونەوەی ناچار كرد كە هەموو ئەو بڕیارانە هەڵبوەشێنێتەوە كە دەركەوت سیاسی بوونە، نەك یاسایی، بەتایبەتی هەموو ئەو دەقانەی كە سەبارەت بە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان دابووی هەمووی زیادەڕەوی بوون و بۆیە لەغوی كردنەوە، دادگەی پێداچوونەوەی فیدڕاڵ هەموو ئەو بڕیارانەی بە مردوو پێناسە كرد و دەڵێ ئەوانە هیچی لە دەسەڵاتی ئەو دادگەیەدا نەبوون، هەربۆیە دادگەی پێداچوونەوە بە هەموو ئەو بڕیارانەدا دەچێتەوە كە دادگەی فیدڕاڵ دەریكردوون.

هەربۆیە دوور نییە سەرۆكی پەرلەمان بگەڕێتەوە شوێنەكەی خۆی و كورسیی كۆتاكانیش وەك خۆی لێبكرێتەوە، دادگەی فیدڕاڵ تەنیا دەسەڵاتی ئەوەی هەیە بڕیار لەسەر دەقێك بدات یان هەڵیبوەشێنێتەوە كە پێچەوانەی دەستوور بن، هەربۆیە بۆی نییە دەق زیاد بكات یان هەمواری بكات، چونكە ئەوە دەسەڵاتی یاسادانانە.

هەربۆیە هەرێمی كوردستان پشتیوانیی گەرمی ئەو بڕیارە دروستانەی دادگەی پێداچوونەوە دەكات و هیوادارە كە بەم هەنگاوە دەسەڵاتەكان لە عێراقی فیدڕاڵ دا لە سنووری خۆیدا كارو چالاكیی خۆی بكات و بەوپێیەش هەرێم بە تەواوی مافە دەستوورییەكانی خۆی، كە لە دەستووردا جێگیر كراوە دەستەبەر بكات، كە بێگومان دەبێتە مایەی سەقامگیریی دۆخی سیاسیی ئاڵۆزی ئەمڕۆی عێراق بەتایبەتی كە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان بەكۆی دەنگ ئەركی یۆنامیی بۆ ماوەی (19) مانگ درێژ كردەوە كە دەتوانرێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بە چاودێریی (یۆنامی) لەو نێوەندەدا بەڕێوە بچێت و پەرلەمان كارا بكرێتەوە.

هەروەها هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیش كە بڕیارە لە ساڵی (2025)دا بكرێ ئەویش هەر لەو نێوەندەداو بە چاودێریی (یۆنامی) بكرێت كە زیاتر متمانە بە ئێمەو سەرجەم عێراقییەكان دەدات و لە گزی و فزی دووری دەخاتەوە




Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP