دواین هەواڵ

گۆیژەو یەکێتی

‌خالد سلێمان

27/05/2024

دوساڵ پێش ئێستا لە چاوپێکەوتنێکدا لەسەر شاشەی کەناڵی کوردسات، ڕۆژنامەنوسەکە داوای لێکردم وەک ڕۆژنامەنوسێکی تایبەتی بواری ژینگەو گۆڕانکاری کەشەوهوا، ڕای خۆم لەسەر هەڵمەتی چاندنی یەک ملیۆن نەمام لەلایەن یەکێتییەوە بڵێم. هەڵمەتەکەش لەلایەن سەرۆکی یەکێتی Bafel Jalal Talabani ەوە ڕاگەیەندراو دەنگدانەوەیەکی زۆری لەناو کەناڵەکانی میدیادا هەبو.

وەڵامەکەی من بەم شێوەیەی خوارەوە بو: ئەمە پرۆژەیەکی زۆر باشە، بەڵام پێش چاندنی ملیۆنێک نەمام، زۆر گرنگە پارێزگاری لەو دارو درەختانە، هەروەها لەو سیستمە ژینگەییە بکرێت کە لە کوردستان و بەتایبەتی لە پارێزگای سلێمانیدا هەن.

دوای دوساڵ، لە شەخشی سەرۆکی یەکێتی دەپرسم، ئەرێ هێشتا مەرەکەبی هەواڵەکانی چاندنی ملیۆنێک نەمام کە بەبۆنەی یادی یەکێتییەوە ڕاتانگەیاند وشک نەبوەتەوە، کەچی وا خەریکە چیای گۆیژە لەناو دەبرێت. ئایا ڕەوایە یەکێک لە خەسڵەتە سروشتی و ژینگەییە هەر جوانەکانی شاری سلێمانی، کە چیای گۆیژەو ئەزمەڕە، بخرێتە بەردەست هەندێ کۆماپانیاو بکرێتە ڤێلاو شوقە؟ ئەوە چی یاساو ڕێسایەکە، چیایەک تێکبدرێت و بکرێتە سەرچاوەی دەردانی گەرمی و تۆزو خۆڵ، ئەوەش لە پێناو چەند تەنێکی کۆنکرێتیدا کە شارەکە لە ڕوی ژینگەییەوە دەکاتە کورەی ئاگر؟

ئێوە باش دەزانن، کە هیچ قەیرانێکی نیشتە جێبوون لە ئارادا نیە، بگرە (فائیزێکی) زۆر لە ڤێلاو شوقەدا هەیە، ئەمەی کە لە لاپاڵەکانی گۆیژەشدا دەکرێت، ئاکارێکی زۆر خراپی بەسەر ئاوهەواو ژینگەی شارەکەوە دەبێت. چیایەک کە خاک و پێکهاتەکانی فاکتەری ساردکردنەوەی شارن و مۆڵگەی چەندان زیندەوەری ناو خاکن، هەروەها عەمباری هەڵمژنی کاربۆنن، چۆن دەکرێت بەم شێوەیە تێکبدرێت و بکرێتە سەرچاوەی بەخشینی وزەی گەرمی. هەڵبەتە ئەم تەنە کۆنکرێتیانە جگە لەوەی گەرمی دەبەخشن، پێویستیان بە ڕادەیەکی ئێجگار زۆر بەئاو هەیە، لە کاتێکدا شارو ناوچەکە توشی گرفتی بێ ئاوی بون؟

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP