دواین هەواڵ

تێگەيشتنێکی هەڵە لەبارەی کشانەوەی ئەمريکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

‌رەنج نەوزاد

09/02/2024

پرس و ئەگەری کشانەوەی ئەمريکا لە عيراق و سووريا، زۆر کات، چ لە لایەن خەڵکی ناوچەکە یان لە دەرەوە، تەنانەت لە ئەمريکاش، وا لێکدەدرێتەوە کە پرس و ئەگەری کشانەوەی ئەمريکایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەم تێڕوانينە هەڵەیە، هێز و هەژموون و گرنگترين پێگەکانی ئەمريکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بريتييە لە بنکە سەربازييەکانی لە قەتەر و بەحرێن و کوێت و تورکيا و ئيماڕات، نەک لە عيراق و سووريا. خودی هێزەکانی ئەمريکا لە عيراق و سووريا، پشت بە ئەو بنکە سەربازييانە دەبەستن کە لەو وڵاتانەن. پایە سەرەکييەکانی ئەمريکا لە ناوچەکە، لەو وڵاتانەن نەک لە عيراق و سووريا. ئەمريکا نە پلانی هەیە نە باسی کشانەوەی هێزەکانی کردوە لەو وڵاتانەی کە پایەیی سەرەکی ئەمريکان. بۆ نموونە هەر پێش ماوەیەک ئەمريکا و قەتەر لەسەر ئەوە ڕێککەوتن بنکەی "العديد" کە گەورەترين پێگەی سەربازیی ئەمريکایە لە ناوچەکەدا، بۆ ماوەی دە ساڵی تر لە شوێنی خۆی بمێنێتەوە.

لە ئێستادا هێزەکانی ئەمريکا لە ناوچەکەدا، وەک ژمارە و چەک و چالاکی، زیاترە بە براورد بە ساڵانی پێشوو. لە ئايندەدا، بە ئەگەری زۆرەوە هەر وا دەمێنێتەوە و دەکرێت زیاتريش بکرێت. گۆڕانکاری لە ئامراز و تەکتيک ڕوودەدات، بەڵام لەسەر ئاستی ستراتيژ و جيوپۆلەتيک گۆڕانکاری گەورە ڕوونادات. ساڵی پار لە ڕاپۆرتێکی فەرماندەی ناوەندیی ئەمريکا, پێگەکەی لە بەحرێنە، بۆ کۆنگرێس، ئاماژە بەوە کراوە چين گەورەترين هەڕەشەیە، ئەمريکا دەتوانێت لە ڕێگەی هەژموونی خۆیەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گورزی بەهێز لە چين بدات لە ئەگەری گەيشتنی ململانێکە بە ئاستێکی بەرز و توند. واتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئەمريکا، ڕەهەندێکی تر و گرنگييەکی نوێ وەردەگرێت کە پەيوەندی بە چينەوە هەیە.

هەندێک کات جياوازی هەیە لە نێوان ميديا و توێژەر و دەزگای توێژينەوە و ئەکاديمييەکانی ئەمريکا لەگەڵ ڕاپۆرتە فەرمييەکانی دەزگا حکومی و سەربازييەکانی دەوڵەتەکە بۆ تێڕوانينی ئەمريکا بۆ هەندێک پرس. ويست و حەزی ئەمريکا بۆ کشانەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، زیاتر گروپی یەکەم بانگەشەی بۆ دەکەن، نەک گروپی دووەم.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP