دواین هەواڵ

چارەنووسی نووسەرانی (کوردانی ئازربایجان و کوردستانی سوور).

‌د. جەبار قادر

07/02/2024

ئەلیکساندەر سیمیۆنەڤیچ بوکشپان مێژوونووسێکی هەڵکەوتوو بوو، لە پەیمانگای دەوڵەتیی ئازربایجان بۆ توێژینەوەی زانستی کاری دەکرد، شارەزای مێژووی گەلانی کەفکاز و ڕۆژهەڵات بوو. ساڵی ١٩٢٨ کتێبێکی لە سەر دەوڵەتەکانی هۆزە تورکەکان بڵاو کردبووەوە. ساڵی ١٩٣١ لە سەر ڕاسپاردەی کاربەدەستانی حیزبیی و حکوومی کۆماری ئازربایجانی سۆڤیەتی سەرۆکایەتی شاندێکی کرد بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە بارودۆخی خوێندن و پەروەردە لەو ناوچانەی تا ساڵی ١٩٢٩ بەشێک بوون لەو یەکە کارگێڕییە ئەتنیکییە کە بە ئویەزد(قەزا)ی کوردستان یا کوردستانی سوور دەناسرێت. ئەو یەکەیە لەو ساڵەدا هەڵوەشێنرایەوە. گەشتی شاندەکە بۆ لاچین و کەلبەجاڕ و ناوچەی نەخچوان بوو و لە ٢ ئاب تا ٨ ئەیلوولی ئەو سالەی خایاند. بوکشپان سەرۆکایەتی شاندەکەی دەکرد و ئەندامانی بریتی بوون لە: کوردناسێک بە ناوی مارۆگووڵەف، تورکناس و زمانەوان ئیدریس گەسانۆف(غەسانۆف)، سەمەد شاهسوارۆفی کورد کە لە گوندی مینکەند مامۆستا بووە و لە کاتی بڵاوکردنەوەی نامیلکەکەدا لە مۆسکۆ دەیخوێند، هەروەها ئێتنۆگرافێک بە ناوی عەلیئێکپێرۆف (عەلی ئەکبەرۆف). بەوەی کە لە پێشەکی نامیلکەکەدا هاتووە و ئاماژەی بە سەرچاوەکان کردووە، دەردەکەوێ کە بوکشپان ئاگاداری سەرچاوەکانی مێژوو و کولتووری کورد بووە و زمانی ئینگلیزیشی زانیوە. وەک کەسێکی شارەزا زانیاری باشی لە بارەی ئەو ناوچانەوە کۆ کردەوە و لە نامیلکەیەکی ٩٤ لاپەڕییدا لە ژێر ناونیشانی (کوردانی ئازربایجان)دا لە ساڵی ١٩٣٢ لە باکو لە لایەن ئەو ناوەندەوە کە کاری تێدا دەکرد بڵاو کرایەوە. نامیلکەکە زانیاری زۆری تێدایە سەبارەت بە ناوچەکان، ژمارەی گوندەکان، دانشتووانیان، چەندیان کوردن و چەندیان ئازەری یا ئەرمەن، چەندێ لەو کوردانە زمانی کوردییان زانیوە، ئەم زانیارییانە تایبەت بوون بە هەموو یەکە کارگێڕییەکانی قەزای کوردستان: واتا لاچین، کەلبەجاڕ، مورادخان، کوردحاجی و قوبادلی، هەروەها ئەو هۆز و خێلانەی لەو ناوانە نیشتەجێ ببوون. بەشێک لە زانیارییەکانی نیو نامیلکەکە بە کورتکراوەیی هەر بە زمانی ڕووسی لە سەر چەند سایتێک دانراون. باسی زانیارییەکانی نێو کتێبە بۆ دەرفەتێکی دیکە هەڵدەگرم، تەنها دەمەوێت هەندێ باسی نووسەرە بەدبەختەکەی ئەم کتێبە یا نامیلکە مێژووییە بکەم.

ئەلیکساندەر لە ساڵی ١٨٩٨ لە باکو لە دایک بووە و خوێندنی لەوێ تەواو کردووە، لە ١٩٢١ بووە بە ئەندامی پارتی کۆمۆنیستی ڕووسیا (بەلشەفی). لە ٢٨ کانوونی دووەمی ١٩٣٧ کەوتە بەر ڕەشەبای تێڕۆری دەوڵەت و لە لایەن کارمەندانی دەزگای ترسناکی هەواڵگری سەر بە وەزارەتی نێوخۆ کە لاڤرێنتی بیریا سەرۆکایەتی دەکرد و میرجافەر باگیرۆف(باقرۆف) لە ئازربایجان فەرمانەکانی جێبەجێ دەکرد، دەستگیر کرا.تۆمەتەکەی ئەوە بوو گوایە لە ساڵی ١٩٣٤ەوە بۆ ڕێکخراوی، بە وەتەی پڕوپاگەندەی حیزبی (تیڕۆریستی سیخوری وتێکدەرانەی ترۆتسکی) کاری کردووە . لە ١١ ئوکتۆبەری ١٩٣٧ دادگای نائاسایی سەربازی سزای تیربارانی دا و هەر لەو مانگەدا لە تەمەنی ٣٩ ساڵیدا تیرباران کرا و لە باکو بەخاک سپێردارا.

بوکشپان خۆی بە مارکسی لێنینییەکی دڵسۆز دادەنا و ڕەخنەی لەو کەسانە دەگرت کە بەپێی ئەو دیدە پرسەکانیان لێک نەدادەیەوە. لەو نامیلکەیەیدا ڕەخنەی توندی لە پرۆفیسۆری ناسراوی ڕووسیا گورکۆ -کریاژین گرتووە کە گەشتێکی بۆ کوردستانی ئازربایجان کردبوو و ڕاپۆرتێکی لەو بارەوە ئامادە کردبوو. بۆ خۆی دەڵیت ڕاپۆرتەکە بلاو نەبووەتەوە، پێدەچێت بە دڵی کاربەدەستان نەبووبێ و ڕێگەی پێ نەدرابێ بڵاوی بکاتەوە. بەڵام گورکۆ – کریاژین پوختەیەکی ئەو زانیارییانەی بە سێ ئەڵقە لە ڕۆژنامەی (زاریا ڤاستۆکە) لە ١٦ و ١٨ ئاب و ١٥ ئوکتۆبەری ١٩٢٩ بلاو کردەوە. ئەم باسانەی گورکۆ -کریاژین بەلای بوکشپانەوە (پڕ بوون لە هەڵەی سیاسی گەورە) و ئەوەشی دەگەڕایەوە (بۆ هەڵویستی دژە مارکسی و لێنینی گورکۆ – کریاژین) کە بەوتەی ئەو پشتی بە زانیاری نادروست و تاقینەکراوە بەستووە و بۆ خۆی لە کاتی گەشتەکەیدا کۆی کردوونەتەوە – نامیلکەی کوردانی ئازربایجان – باکو ١٩٣٢، ل ٩). لە دوای مردنی ستالین بە سێ ساڵ و ڕێک لە ٢٨ نۆڤەمبەری ١٩٥٦دا شکۆیان بۆ بوکشپان گەڕاندەوە، بەڵام لە پاش چی؟.

لە دوای بوکشپان بە هەشتا و شەش ساڵ، نووسەرێکی دیکە کە باسێکی گرنگی لەسەر کوردانی ئازربایجان و کوردستانی سوور نووسیوە و زانیاری باشی لە بارەی ئەو بابەتەوە خستە ڕوو، ئەویش چارەنووسێکی خەمگین هەبوو هەرچەندە هەندێ لەوەی بوکشپان سووکتر بوو بەڵام ڕەنگبێ بە ئازارتر بێت، مەبەستم مێژووزان و نووسەر و سیاسەتمەداری ئەرمەنی دکتۆر داڤید بابایان، ڕاوێژکاری سەرۆک کۆماری ئارتساخ (نەگۆڕنە – قەرەباخ)، وەزیری دەرەوەی کۆمارەکە و نێردەی تایبەتی سەرۆکەکەی بۆ وڵاتان. بابایان لە ٢٨ ئەیلوولی ٢٠٢٣ لە ئەنجامی شکستی ئەرمەندا لە دوا شەڕدا لە بەرامبەر ئازەرییەکان، خۆی دا بەدەست دوژمنە ئازەرییەکانی و ڕایگەیاندا کە دانانی ناوی لە لیستی تاوانبارانی هەڵهاتوو و لیستی ڕەشی حکوومەتی ئازربایجان و گشتاندنی بەسەر ولاتان و پۆلیسی ئینتەرپۆلدا، زیان بە گەلەکەی دەگەیەنێت، بۆیە ناچارە خۆی ڕادەستی ئەوان بکات، ئێستاش لە زیندانەکانی ئازربایجاندا کات بەسەر دەبات.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP