له‌دوای نه‌مانی داعش و كۆنتڕۆڵكردنی پایته‌ختی ئه‌و خه‌لافه‌ته‌ی له‌سه‌ر بنه‌مای تیرۆر بونیاد نرابوو، هه‌تاوه‌كو ساته‌وه‌ختی هێرشه‌كانی حه‌ماس بۆسه‌ر ئیسرائیل، واته له‌و ماوه‌یه‌دا به هۆی بوونی هێزه‌كانی ئه‌مریكاوه خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌نیمچه سه‌قامگیرییه‌كدا بوو، به‌ڵام ئه‌مه مانای ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت، كه وڵاتانی ناوچه‌كه به بوونی ئه‌مریكا خۆشحاڵ بوون. به‌تایبه‌ت له‌ناو ئه‌م وڵاتانه‌دا (توركیا) به‌رده‌وام ژێر به‌ژێر پڕوپاگه‌نده‌ی كردووه، بۆ ده‌رچوونی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له سوریا، چونكه ئه‌نكه‌ره پێی وایه به‌هۆی ئه‌مریكاوه كورد له سوریا به‌هێز بوون و به‌م هۆیه‌شه‌وه بوونه‌ته مه‌ترسی بۆسه‌ر ئاسایشی توركیا.
به‌ڵام له ڕاستیدا ئه‌م ئاواته‌ی توركیا به‌هۆی هێرشه‌كانی حه‌ماسه‌وه لە خەونێک زیاتر نیە، چونكه بارودۆخی ناوچه‌كه به‌هۆی ئه‌م شه‌ڕه‌وه جارێكی تر ئاڵۆز بووه‌و ڕۆژ به ڕۆژیش ئه‌گه‌ری فراوانبوونی مه‌وداكانی شه‌ڕه‌كه زیاتر ده‌بێت. ئه‌مه‌ش وا ده‌خوازێت، كه نه‌ك هێزه‌كانی ئه‌مریكا نه‌كشێنه‌وه، به‌ڵكو واشنتۆن ژمارەی هێزەکانی زیاتر دەکات، بۆ ناوچه‌كه. ئه‌مه‌ش له كاتێكدایه، كه (حوسییه‌كان و میلیشیاكانی نزیك له ئێران) زیاتر بوونه‌ته هه‌ڕه‌شه له‌م ناوچه‌یه‌دا و ڕۆژانه په‌لاماری هێزه‌كانی ئه‌مریكا ده‌ده‌ن.
له‌سه‌ر ئاستی راگه‌یاندن ڕاسته چ له خۆرئاوا یان له خۆرهه‌ڵات باسی ئه‌و كشانه‌وه‌یه ده‌كرێت، به‌ڵام له ڕووی ستراتیژییه‌وه ئه‌م بابه‌ته به نیسبه‌ت سوریاوه هه‌روا ئاسان نییه. هۆكاری ئه‌مه‌ش بۆ كۆمه‌ڵێك فاكته‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه به‌م شێوه‌یه:
هه‌ر له بنه‌ڕه‌ته‌وه بوونی ئه‌مریكا له سوریا بۆ كۆمه‌ڵێك ئامانجی هه‌م مرۆیی و هه‌میش ئه‌منی و سیاسی بووه. له ڕووی مرۆییه‌وه بۆ ئه‌وه‌بووه تا به‌شێك بێت له چاره‌سه‌ری قه‌یرانی مرۆیی له‌و وڵاته‌دا. له ڕووی ئه‌منی و سیاسییه‌وه بوونی ئه‌مریكا له سوریا زیاتر ڕۆڵی هه‌بووه له پاراستنی ئیسرائیل له نزیكه‌وه. ئه‌گه‌ر فاكته‌رێكی تریشی بۆ زیاد بكرێت ئه‌وا ده‌توانرێت بووترێت له ڕووی ئابووریشه‌وه بۆ پاراستنی بیره نه‌وتییه‌كان بووه، بۆ ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن ئه‌كته‌ره‌كانی تره‌وه به‌كارنه‌هێنرێت.
له پاڵ ئه‌و دۆخه‌ی له سوریادا دروست بووه، كه چه‌ندین ده‌وڵه‌ت ڕاسته‌وخۆو ناڕاسته‌وخۆ له‌و وڵاته‌دا ڕۆڵ ده‌بینن، توركیا له مێژه كار له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كات، كه هێزه كوردییه‌كان لاواز بكات، به‌تایبه‌ت له باكووری ئه‌و وڵاته و ئه‌و ناوچانه‌ی هاوسنوورن له‌گه‌ڵ توركیادا. له‌لایه‌كی تره‌وه، ڕووسیا هه‌وڵێكی زۆر ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی (یه‌په‌گه) له واشنتۆن دوور بخاته‌وه‌و له ڕژێمی به‌شار ئه‌سه‌دی نزیك بخاته‌وه. كه‌وابێ هه‌وڵی ئه‌م ده‌وڵه‌تانه، جگه له ئه‌مریكا، بۆ ئه‌وه‌یه كورد له ڕۆژئاڤا نه‌بێته گه‌مه‌كه‌رێكی سه‌ره‌كی و له ئاستێكدا رایبگرن یان هێزو توانای سنووردار بكه‌ن، به چه‌ندین سیناریۆی جیاواز.
به‌ڵام له‌ناو ئه‌م كێشمه‌كێشدا رۆژئاڤا به سه‌ركردایه‌تی یه‌په‌گه، سه‌ره‌ڕایی ئه‌و كێشانه‌ی دووچاری بووه‌ته‌وه، توانیویه‌تی لۆژیكیانه هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ بارودۆخه‌كه‌دا بكات، چ له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆی وڵاته‌كه یان له‌گه‌ڵ دنیای ده‌ره‌وه‌دا. له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ، توانیویه‌تی زۆر به باشی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ گرووپه كه‌مینه‌كان یان نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی تر بكات، به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ عه‌ره‌به‌كان و ئه‌مه‌ش جۆرێك ئارامی و جێگیریی هێناوه‌ته‌دی له‌و ناوچانه‌دا. له‌سه‌ر ئاستی ده‌ره‌وه‌ش، ڕۆژئاڤا تا ئێستا له‌گه‌ڵ ئه‌مریكییه‌كان به‌تایبه‌تی هاوئاهه‌نگییه‌كی باشی هه‌یه و پشتیوانی واشنتۆنی بۆخۆی ڕاكێشاوه.
ڕه‌نگه مانه‌وه‌ی ئه‌و بارودۆخه تا ماوه‌یه‌كی زۆر به‌وجۆره به‌رده‌وام نه‌بێت به‌تایبه‌ت، كه له‌ناوچه‌كه‌دا به‌رده‌وام گۆڕانكاریی ڕوو ده‌دات. هه‌ربۆیه بژارده‌ی گونجاو یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كێشه‌كانی سوریایه له ڕێی پته‌وكردنی ئاشتی و دابینكردنی مافی هه‌موو لایه‌نه‌كان به‌تایبه‌ت رۆژئاڤا، كه له ئێستادا بووه‌ته دیفاكتۆ. کۆتا قسەی واشنتن ئەوەیە پرۆسه‌ی ئاشتی پێویستی به به‌ژداری لایه‌نه ناوخۆییه ناكۆكه‌كان و وڵاتانی ده‌وروبه‌رو زلهێزه‌كانیش هه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌خشه‌رێگایه‌ك دابنرێت به پشت به‌ستن به ده‌ستوورێكی نوێ، كه زامنی سوریایه‌كی نوێ بكات و كه‌س مافخوراو نه‌بێت له‌و حاڵه‌تەدا ئه‌مریكا پلانی ده‌رچوونی ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر كارێكی ئاوا نه‌كرێت ئه‌وا ئه‌گه‌ری به‌هێزبوونه‌وه‌ی داعش و ده‌ستتێوه‌ردانه‌كانی ئێران و توركیا ئه‌گه‌رێكی به‌هێز ده‌بێت و له‌م باره‌شدا ئه‌مریكا هه‌ڵه‌ی ئه‌وه ناكات له‌و وڵاته‌دا پلانی كشانه‌وه دابنێت، بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی سوریای داهاتوو بە دڵی واشنتن دەبێت..