دواین هەواڵ

بڕیارى خۆهەڵوەشاندنەوەى پەکەکە ئاشتى و سەقامگیرى دێنێتە ئاراوە

‌رێبوار حەمەلاو شوانی

5 کاتژمێر پێش ئێستا

دواى نزیکەى نیو سەدە لە خەباتى چەکدارى پەکەکە لە کۆتاییدا لە پاش ئەو گۆڕانکارییانەى کە لە ناوچەکە هاتنە ئاراوە و دەرفەتێکى مێژوویی بۆ گەلى کورد هاتووتە ئاراوە تا بە لۆژیکى ئاشتى و گفتوگۆ و هەوڵێکى ئاشتیخوازانە سەرۆک بارزانى لە ڕووى سیاسى و دیپلۆماسى لە سەر ئاستى ناوچەیی و نێودەوڵەتیی تا کۆتایی بە شەڕ و کوشتار بهێنرێت ، هەڵبەت ئەم هەوڵانە کارێکى تازە نین بەڵکو لەماوەى چەندین ساڵى رابردوو دا ، چەندین جار سەرکردایەتى سیاسى هەرێمى کوردستان بەتایبەتى سەرۆکى هەرێم و سەرکوەزیرانى کوردستانیش هەنگاویی گرنگیان لە پێناو گەیشتن بە چارەسەرى ئاشتى و کۆتایی هێنان بە شەڕ ئەنجامداوە ، ئەوەتا ئەمڕۆ  بەرهەمەکەى پەیامى 27ى شووباتى 2025 و ئینجا ئەنجامى کۆنگرەى 12ى نائاسایی لە رۆژى 12ى ئایارى 2025ى و بریارى وازهێنان لە خەباتى چەکدارى بوو .

ئەگەر لەماوەى 50 ساڵ شەڕ و کوشتار و نائارامى هیچ دەستکەوتێک جگە لە وێرانکارى بەرهەم نەهات ، ئەوەتا  لەم دەرفەتە مێژووییە بۆ  کورد و تورکیا ، لۆژیکى ئاشتى و دیموکراسى و گفتوگۆ ، ئینجا لە ژێر چاودێرى و گرەنتى نێودەوڵەتى ، هەنگاوەکان بەرەو  کۆتایی هێنان بە گڕژى و کوشتار و لە شوێنى فەراهەمکردنى مافەرەواکانى کورد ، دەکرێت لاپەرەیەکى نوێی هەڵبدرێتەوە و قۆناغى خەباتى چەکدارى و سەربازى بگۆڕێت بۆ ئاشتى و لەیەکتر تێگەیشتن و ئینجا بەتاڵکردنى زیندانەکان لە کەسانى کوردپەوەر و شۆڕشگێر .

ئەوەى گرنگە ئەو راستییەیە ، کە چیتر پەکەکە نابێتە ئامراز و یاریچەى دەستى دەزگە هەواڵگرییەکانى وڵاتانى ناوچەکەو بەکارهێنانیان لە دژى هەر چوار پارچەى کوردستان و لە پێناو لێکترازان ، چیتر هیچ پاساوێک نامێنێتەوە تا کورد و دۆزە رەواکەى لە باکوورى کوردستان بە تیرۆریست  ناوبهێینن ، چیتر  بیانوو نابێت تا چیا و  ناوچەکانى کوردستان لەلایەن داگیرکەرانەوە مووشەکباران و تۆپباران بکریت  
بەدڵنییاییەوە ، ئەگەر نیازى ئاشتى راستەقینە هەبێ ، ئەوە هەوڵەکانى ئاشتى دەبنە هۆى کۆتاییهێنان بە مێژووییەکى پڕ لە ڕق و خوێن و هەنگاوێکیشە بەرەو پاککردنەوەى ڕووبەڕێکى فراوانى خوێن وزامى مێژوویی و دەرفەتى ئەوەش دێتە ئاراوە تا بەڕێگە و شێوازى جیاواز خەبات و تێکۆشان بکرێت بۆ داکۆکیکردن لە ماف و شوناس و بەرەوپێشبردنى دۆزى کورد .

بۆیە، بڕیارى هەڵوەشاندنەوەى پەکەکە و کۆتایی هێنان بە خەباتى چەکدارى ، دەستپێکى مێژوویی سەڕەکییە کە دەتوانێت زەمینە بۆ قۆناغێکى نوێ لە پەیوەندییەکانى کورد و تورکیان و ناوچەکە خوشتر بکات ، بۆ پێشکەوتنى دۆزى کورد .

بەدڵنییاییەوە ، کۆتایی هێنان بە شەڕ و دەستپێکى پرۆسەى ئاستى ، وادەکات کە ئیتر کۆتایی خوێن و مەرگى هەزارن کەس دێت ، چونکە ئەوەى بە ئاشتى و لۆژیکەوە بەدەست دێت لە ڕێى تفەنگەوە بەدەست نایەت و هیچ رووناکى تێیدا نابینرێت ، گرنگیشە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتیش پشتیوانى دۆزى کورد و ئەو پرۆسە ئاشتییە گەورەیە بێت ، کە نەتەنها بۆ گەلى کورد ، بەڵکو لە سەر ئاستى ناوچەکە و نێودەوڵەتیش سەقامگیرى و ئارامى دێنێتە ئاراوە .

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP