دواین هەواڵ

شکۆ و شکان!

‌نوری بێخاڵی

31/01/2024

(ماڕکس) کاتی خۆی جەختی لەسەر ئەوە دەکردەوە، کە تا نرخی کاڵا و کەلوپەل بەرز ببێتەوە، بەهای مرۆڤ زیاتر دێتە خوارەوە. 

لەم سەردەمەدا مرۆڤایەتی ڕێک لەم دۆخەدایە، دۆخێک کە لە سای تێرنەخۆریی سەرمایەداری و چاوچنۆکیی بازاڕی ئازاد و بێ مۆراڵیی نیولیبڕالیزمدا، مرۆڤ گەیشتە ئەو ڕۆژگارەی، کە بەها و بوونە مرۆییەکەی، لە نرخی کاڵا و کەلوپەل و شمەک هەرزانتر بێت و بەهۆی ئەم سیستەمی سیاسی و ئابوورییە ژیانکوژە، ڕۆژ دوای ڕۆژیش لەگەڵ هەر بەرزبوونەوەیەکی نرخی کاڵاکاندا، نرخ نا، بەڵکوو بەهای مرۆڤ زێتر و زێدەتر داببەزێت. 

ئەو دۆخەی ئەم سیستەمە خوڵقاندوویەتی، وای کردووە مرۆڤ (باسی زۆرینەی هەرە زۆر دەکەم) بە کارکردن و ڕاکە ڕاکەی بیست و چوار کاتژمێریش، هەر فریای ئەوە بکەوێت کە ژیانێکی عەلاحەددە و مەمرەومەژی، بژیێت، ئەو ژیانەی کە (ئەنگلس) زۆر جوان و دروستتر ناوی دەنێت “لە دەستەوە بۆ دەم!”

ڕاستییەکەی، چونکە سیستەمەکە جیهانگیرە و لەمسەری دنیا بۆ ئەوسەری، بە دەوڵەت و دەسەڵاتی لۆکاڵییەوە، وەک تۆڕێکی هاوبەرژەوەندی یەکتری تەواو دەکەن، ئێمەی کوردیش لە دەرەوەی ئەم هاوکێشەیە نین.

ڕوون و ڕاشکاوتر بڵێم: بەهۆی ئەم بێدادییەی کە هەیە، کۆمەڵگای ئێمەش (کەمینەیەکی زۆر کەمی لێ دەربچێت)، ئێستا لە دۆخێکی هاوشێوەدا دەژیێت. بۆیە کە باسی وڵاتپارێزی و ئەو بەها بەرز و پیرۆزانە بۆ مرۆڤی ئەم نیشتمانە دەکەیت، بەهاگەلێک کە هەرگیز لە بوون و بەهای مرۆیی خودی مرۆڤ پیرۆز و بەرزتر نین و نابن، گاڵتەی پێیان دێت، ئاخر کورد دەمێکە گوتوویەتی: “سکی تێر ئاگای لە برسی نییە!”

ئەم بابەتە ڕێی قسەکردنەکان دەباتەوە سەر پرسی نیشتمانپەروەری و ئەو پرسیارەی، کە لەبارەی چییەتیی نیشتماندا لە بیرمەند و فەیلەسووفێکی دەکەن (بەداخەوە ناوەکەییم بیر نەماوە) ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت: “نیشتمان ئەو شوێنەیە، تیایدا کەس ئەوەندە دەوڵەمەند نابێت، کە بتوانێت یەکێکی تر بکڕێت. وەک چۆن کەسیش هێندە هەژار نابێت، کە ناچار بێت خۆی بفرۆشێت. نیشتمان نان، نوا، دڵنیایی و هەستکردن بە شکۆمەندییە. نیشتمان هەر بە تەنیا خاک نا، مافیشە.”

لەم ڕوانگەیەوە، پەیوەندیی نێوان نیشتمانپەروەری و هاووڵاتیبوون، پەیوەندییەکی تەواوکارییە. بەو واتایەی، یەکێکیان ئەوەی تر تەواو دەکات و بوون و ئامادەیی هەر یەکێکیان، گرێدراوی بوون و ئامادەیی ئەوی ترە و لە دەرەوەی ئەم هاوکێشە ماتماتیکییە، بوون و ئامادەیی هەر کامیان بەبێ ئەوەی تر، بوونێکی ئیفلیج و ئامادەییەکی ساختەیە.

نیشتمان هەر بە تەنیا شوێن و سەرزەمینی جوگرافی نییە، بەڵکوو پێش ئەوە و بەر لە هەموو شتێک، نیشتمان واتە بوون و بەها و شکۆی مرۆیی مرۆڤ. بۆیە ناکرێ چاوەڕێی ئینتیما و هەست و هۆشیاریی نیشتمانپەروەری لە مرۆڤێک بکەیت، کە لەو شوێن و سەرزەمینە جوگرافیەی ناوی لێ نراوە نیشتمان، نەک هەر هەست نەکات هاووڵاتییە، بگرە دەرک بەوەش بکات کە بوون و بەها و شکۆ مرۆییەکەی لەژێر پرسیاردایە.

ڕاددەی نیشتمانپەروەریی مرۆڤ لەو نیشتمانەی بڕیارە هی ئەویش بێت، پەیوەستە بە ڕاددەی هەستکردنی بە بوون و شکۆمەندیی مرۆیی خۆی و هاووڵاتیبوونی وەک یەک و یەکسان لە ئەرک و مافدا.

بە واتایەکی سادە و ڕۆشنتر: 

نیشتمانپەروەری ئەوکاتە واتا و بەهای هەیە، کە نیشتمان بە خێر و خۆشییەکانی، بە نەهامەتی و ناخۆشییەکانی، بۆ هەمووان وەک یەک بێت.


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP