دواین هەواڵ

شیعە خەریکی چییە و کوردیش بە چییەوە سەرقاڵە!

‌نوری بێخاڵی

05/12/2023

ئەو پەندە کوردییەی کە دەڵێت: “کەر لە کوێ کەوتووە و کوندە لە کوێ دڕاوە!”، ڕێک وەک ئەوەیە کە بۆ دۆخی ئەمڕۆی کورد، جا بۆ بڵێین کورد و ڕاست و ڕاشکاوتر نەڵێین: تەواو وەک ئەوەیە کە بۆ دۆخی ئێستای حزبە کوردستانییەکان و بەتایبەتتر و لەسەروویانەوە، بۆ پارتی و یەکێتی گوترابێت!

لەکاتێکدا شیعە بۆ سەرژمێریی دانیشتووانی عێراق، کە بڕیارە لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ بکرێت، خۆی بۆ ئەوە ئامادە کردووە و هەموو ڕێوشوێنێکیشی گرتووەتەبەر کە فۆڕمی سەرژمێرییەکە هیچ پرسیار و ئاماژەیەکی بۆ ڕەگەز و تایفە، یان نەتەوە و مەزهەبی تێدا نەبێت، کەچی سەیری پارتی و یەکێتی بکەن لە کەرکووک خەریکی چ کۆمیدیا و گۆبەندێکن، کە سەر بە قوڕ و هەشش و خممی پێ دێتە پێکەنین!

ڕاستییەکەی، ڕاپرسی و سەرژمێریکردن لە عێراق، بەبێ پرسیارکردن لە ئینتما و ڕەچەڵەک و ڕەسەنی نەتەوەیی و مەزهەبیی هاووڵاتیان، کڵاوێکی چینییە و شیعە بۆ خستنەسەری کورد و سووننە ئامادەی کردووە!

بەداخەوە، لەسای ئەم ناکۆکی و پەرتەوازەیی و قۆڵبادان و ئێسقانی یەکتر شکاندنەی کورد - کورد، سووننە - سووننە (سووننە کەیفی خۆیانە!)، شیعە فیت و بە ملیم ئەم کڵاوەشیان بۆ دادەنێت، وەک چۆن سەرەڕای بوونی بەها و هێزی یاسایی و دەستووریی بڕگەکانی ماددەی سەد و چل (ئاساییکردنەوە، سەرژمێری، ڕاپرسی)، شیعە بە شێنەیی کڵاوی لەسەری کورد نا و لەبری شەڕکردن لەسەر گەڕاندنەوەی ناسنامەی کوردستانیبوونی ناوچەکانی سنووری ئەو ماددەیە و جێبەجێکردنی بڕگەکانی ماددەکە، کوردی لە بەغدا بە وردەشەڕی ژمارەی کورسیی پەرلەمانی و پۆستی سەرکۆمار و بەرکەوتەی وەزارەتەکان و ئەو بەزم و بازاڕە کاتییانە خەریک و سەرقاڵ کرد!

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP