دواین هەواڵ

بەغدا پایتەختى چارەسەر نەبوو

‌عارف قوربانی

02/01/2024

دوور لە هەر لایەنگیرییەک بۆ هیچ کام لەو ئاراستە سیاسییانەى پاڵ بە کوردستانەوە دەنێن بەرەو بەغدا، یاخود ئەوەى هانى کوردستان دەدەن بۆ دوورکەوتنەوە لێى، دەمەوێ بپرسم ‘ئایا لە بنەڕەتدا کێشەى کورد کێشەیەکى لۆکاڵیی ئێراقییە، تاوەکو چارەسەرەکەى لە بەغدا بێت؟ یاخود کێشەى کورد رەهەندێکى نێودەوڵەتیشى هەیە؟’ بێگومان ئەم پرسیارە بۆ هەریەک لە بەشە داگیرکراوەکانى دیکەى کوردستانیش دروستە.

زۆرجار گوێبیستى ئەوە دەبین؛ دەگوترێت چارەسەرى کێشەى کورد لە بەغدایە نەوەک لە پایتەختى وڵاتانى دیکە، کە مەبەست لێى واشتنن، ئەوروپا، هەندێجار ئەنقەرە و تارانیشە. بە دیاریکراوى ئەم قسەیەش لەلایەن نوخبەیەک لەو کارەکتەرە سیاسییانەوە دەوروژێندرێت کە تاوەکو ئەندازەیەک دواڕۆژى سیاسىی خۆیان لە ناوەند دەبیننەوە، یان ئەوانەن کە گرێدراوى ئەو جەمسەربەندیەن کە ئاو دەکاتە ئاشى بەهێزبوونى بەغداوە لەسەر حیسابى لاوازکردنى هەرێمى کوردستان. بەشێک لەوانەش کە بانگەشەى ئەم تێزە دەکەن بۆ دۆزینەوەى دەروازەى چارەسەر بۆ پرسى کورد، خۆیان هیچ دونیابینییەکی سیاسییان نییە، بەڵکو بەهۆى سەرسامییان بۆ کارەکتەر و ئاراستەیەکى سیاسیی دیکە، یان لەدژى ئاراستەیەکى سیاسى، دواى دەنگى دهۆڵەکە کەوتوون.

ئەمە، تەنانەت لە بەشەکانى دیکەى کوردستانیش رەنگیداوەتەوە، بەدیاریکراویش لە رۆژهەڵاتى کوردستان. بێ ئەوەى تاران هیچ پرۆژەیەکى سیاسى بۆ چارەسەرى پرسى کورد هەبێت، یاخود بێ ئەوەى کورد هیچ پێشکەوتنێکى ئەوتۆى کردبێتە ئەمرى واقیع لەوێ تاوەکو تاران پەلکێشى گرتنەبەرى دۆزینەوەى چارەسەر بکات، لەئێستاوە کەوتوونەتە بانگەشەى ئەوەى؛ تەنها چارەسەر تارانى پایتەختە، نەوەک پایتەختى وڵاتانى دیکە.

بۆ ئەوەى وەڵامى ئەوەمان دەستکەوێت ‘پرسى کورد لە هەریەک لەم وڵاتانە پرس و کێشەیەکى لۆکاڵییە یان نێودەوڵەتى؟’ دەبێت بگەڕێینەوە سەرەتاى دروستبوونى کێشەکە و لەخۆمان بپرسین؛ ئایا، ئێمە چ وەک خەڵکەکە و چ  وەک جوگرافیا لە بنەڕەتدا بەشێک بووین لەم وڵاتانە؟ یاخود بە هۆکارێک خەڵک و جوگرافیاکەمان دابەشى سەر ئەم دەوڵەتانە کراوە؟ پێموانییە هیچ کوردێک هەبێت ئەوە نەزانێت، کورد و کوردستان هیچ هاوبەشییەکیان لەگەڵ ئەم دەوڵەتانە و نەتەوە سەردەستەکانیان نەبووە و بەبێ خواستى خۆمان و بەزۆر، لکێندراوین پێیانەوە. ئەوەش دەزانین کە بە بڕیارى زلهێزەکانى جیهان ئەم ستەمە لە کورد کراوە، ئەوەشمان لەبەرچاوە؛ تائێستاش ناوەندە نێودەوڵەتییەکان پاسەوانى مانەوەى ئەم سنوورە دەستکرد و بەزۆر دروستکراوانەن. کەوایە کێشەى کورد چەند پەیوەستە بە هەریەک لەو وڵاتانەى کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە، لەوەش زیاتر پەیوەستە بە ناوەندە نێودەوڵەتییەکانەوە. بۆیە وەک چۆن خودى کێشەکە ئەو رەهەندە نێودەوڵەتییەى هەیە، بێگومان چارەسەرى کێشەکەش وایە. واتا چارەسەرى کێشەى کورد بە تەنها لە پایتەختى دەوڵەتەکانى نەتەوەى سەردەستەى ناوچەکەدا نییە.

خۆ ئەگەر پرسى کورد هیچ پەیوەستى و رەهەندێکى نێودەوڵەتیشى نەبووایە، لەبەرئەوەى ئەو ستراتیژیانەی لەلایەن هەریەک لەم دەوڵەتانەوە بۆ پاکتاوکردنى کورد و گۆڕینى دیموگرافیاى نیشتمانەکەى گیراونەتەبەر، دەچنە چوارچێوەى تاوانە نێودەوڵەتییەکانەوە، بۆیە هەر دەبوو کورد رێگەى نێودەوڵەتى بگرێتەبەر بۆ دەربازبوون. بەتایبەتیش ئەزموونى 100 ساڵى رابردوو ئەوەى سەلماندووە؛ کورد لە هەر بەشێکیاندا بەردەوام بەڕێى پایتەختەوە بووە و هیچى لێ نەچنیونەتەوە. بەپێچەوانەوە، بەردەوام بە رێگەو شێوازى نوێ لە پایتەختى ئەم دەوڵەتانەى نەتەوەسەردەستەکانى ناوچەکەوە پلان و بەرنامەى نوێ بۆ نکوڵیکردن لە بوونى کورد و سڕینەوەى ناسنامەى نیشتمانەکەى گیراوەتەبەر.

بەحوکمى لێکەوتەى جەنگەکانى ناوچەکە لە شەڕى هەشت ساڵەى ئێراق ئێرانەوە بۆ داگیرکردنى کوێت، تاوەکو رووخانى سەدام، بزووتنەوەى سیاسى کورد لە ئێراق زۆر باڵاى کرد، بەڵام ئەو ئاراستە و هۆکارە ناوخۆیى و دەرەکییانەى پاڵیان بە کوردەوە نا بۆ گرتنبەرى رێگەى بەغدا، کوردى خستە نێو چوارچێوەیەکەوە ئەگەرەکانى لە قاڵبدانى زیاتر بێت، وەک لە دەرفەتەکانى کرانەوە. ئەوەى ئێستا کورد پێى گەیشتووە و چاوەڕوانکراویشە لە داهاتوودا گوشارەکانى سەرى زیاتر بن، ئەنجامى ئەو بژاردەیەیە، کە بەغدایان وەک چارەسەر هەڵبژارد.

لەدواى گرتنەبەرى رێگەى بەغدا، ئەزموونى دوو دەیەى رابردووى رەفتار و مامەڵەى بەغدا لەگەڵ کوردستان، بۆ کەسانێک ئاگایى سیاسییان هەبێت زوو ئەوەى دەرخست؛ بەغدا نەک پایتەختى چارەسەر نەبوو، بەڵکو سەرچاوەى مەترسى و هەڕەشەى راستەقینەشە لەسەر کوردستان.

ئەوە شتێکى حەتمییە مرۆڤ کاتێ چاوى دابخات و بەڕێگەیەکدا بڕوات یان دەکەوێت یاخود سەرى بەر لەمپەرێک دەکەوێت. بۆ کوردیش تازە کات ناگەڕێتەوە تاوەکو بەڕێگەى بژاردە هەڵەکەدا نەڕوات. ئەوەى ئێستا هەرێمى کوردستان پێى گەیشتووە، ئەنجامى بژاردەکەیە، بەڵام کۆتایى رێگەکە نییە. لە ژیانى ئاسایى مرۆڤێکەوە تاوەکو دەگاتە کۆمەڵگەو دەوڵەتەکانیش، حیکمەت ئەوەیە هەستیان بە هەڵە کرد، درێژە بەھەڵەکە نەدەن و بەدواى رێگە دروستەکەدا بگەڕێن.

وەک چۆن لەسەرەتاوە خەڵک بەشدار نەبوون لە هەڵبژاردنى بژاردەکان و خۆیان دایە دەست قەدەرى سەرکردە و سیاسییەکان، یان بە دیوێکى دیکەدا لەبەرئەوەى سەرکردە و حیزبە سیاسییەکان ئەم قەدەرەیان هەڵبژارد، بۆیە ئێستاش ئەرکەکە لە ئەستۆى کارەکتەر و هێزە سیاسییەکانە، کورد لە سپاردنى بە قەدەرى بەغدا رزگار بکەن کە وەک مانگى چواردە روون و دیارە چ چارەنووسێک لە بەردەم کورددایە، ئەگەر هاوکێشە هەرێمایەتییەکان وەک ئێستا ئاو بکەنە ئاشى بەغداوە.

کورد پێویستى بەوەیە؛ بەدواى دۆزینەوەى شۆکێکدا بگەڕێت لەپێناو ئەوەى هاوکێشەکەى بۆ پێچەوانە بکاتەوە. ئەویش ئەوەیە یان دەبێت هاوکێشە هەرێمایەتییەکان بەجۆرێک بگۆڕێت کە بەغدا نەبێتە توونى مەرگ بۆ کورد، تاوەکو کورد لەسەر ڕێگەى بەرەو بەغدا بەردەوام بێت، یاخود بەیەکجارى پشت بکاتە بەغدا. هیچ شتێک لە سیاسەتدا مەحاڵ نییە، بەڵام پێویستى بە دۆزینەوەى کۆدى کردنەوەى دەرگەکان هەیە. داهاتوو دەیسەلمێنێت ئایا سیاسییەکانى کورد تواناى دۆزینەوەى هیچ کۆدێکیان هەیە، یان ئەوانیش وەک هاووڵاتییە بەستەزمانەکانى کورد خۆیان بەقەدەر سپاردووە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP