دواین هەواڵ

کورد خۆى چى پێدەکرێت؟

‌عارف قوربانی

23/01/2024

لەدواى هێرشى رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، شەرعییەت و دەسەڵاتى مەعنەویی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان، بەماناى (پارێزگاریى نێودەوڵەتى) هیچ بەهایەکی نەما. بەردەوامیی جەنگ و داگیرکارییەکانى روسیا لە ئۆکراینا، تەنانەت ئەوروپاشى خستۆتە بەردەم مەترسیی ئەوەوە کە بێسڵکردنەوە لە بوونى یەکێتیى ئەوروپا و ناتۆ، رووسیا هێرش دەکاتە سەر وڵاتانى ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا، بۆیە وەک ئامادەسازیى پێشوەختە کەوتونەتە کڕینى ئامرازەکانى بەرگریى.

هەروەها بەرپابوونى جەنگى ئیسرائیل و حەماس، لێکەوتەکانى ئەو جەنگەش لە ناوچەکە، چى ئەوەى ئیسرائیل لە سووریا و لوبنان ئەنجامى دەدات و ئەوەى ئێران و میلیشیاکانى عێراق و حیزبوڵڵاى لوبنان و حووسییەکانى یەمەن دەیکەن، ئەوەى دەرخست هیچ هێز و دامەزراوەیەکى نێودەوڵەتى ناتوانێ بەر لە بەزاندنى سنوورى نێودەوڵەتیی نێوان وڵاتان بگرێت.

کاتێک پێگە و شەرعییەتى دامەزراوە نێودەوڵەتیەکان بەو جۆرە لاوازبن، بەزاندنى سنوورى نێودەوڵەتى ببێتە دیاردەى رۆژانە، زەمینەى ئەوە دەڕەخسێنێت ئەو وڵاتانەى کێشە لە نێوانیان هەیە لە رێگەى مەنتقى هێزەوە بەدواى چارەسەردا بگەڕێن. تەنانەت ئەو وڵاتانەى کێشەش لەنێوانیاندا نیە هەر ترسى ئەوەیان هەیە دەوڵەتێکى بەهێز بۆ سەپاندنى هەژموونى خۆى بەسەر دەوروبەرەکەیدا، پەنا بباتە بەر بەکاربردنى هێز.

لە هەلومەرجێکى وادا کە هیچ دامەزراوەیەکى نێودەوڵەتى دڵنیایى دەستەبەر نەکات، وڵاتەکان دەبێت چى بکەن، جگە لەوەى پشت بە خودى خۆیان ببەستن بۆ پارێزگاریکردن لە شکۆ و لە سەروەریى و لە مانەوەیان.

ئەگەر ئەم بارودۆخە بۆ وڵاتانى خاوەن سەروەری، جارێک مایەى ترس و هەڵوەستە لەسەرکردن بێت، بۆ ئێمەى کورد دەیانجار دەبێت رامانبچەڵکێنێت. وە دەبێت هەموو تاکێکى کورد بخاتە بەردەم ئەو پرسیارەوە ئایا خۆمان چیمان پێدەکرێت؟ بەتایبەت کە ئێمە نە دەوڵەتمان هەیە، نە مووشەک و نە فڕۆکە و چەکى زیرەک. لە کاتێکدا دوژمنەکانیشمان بەو چەکانە لێمان دەدەن.

ئەوەى هەفتەى رابردوو ئێران کردى کە بە مووشەکى بالیستى هەولێرى موشەکبارانکرد، هەروەها ئەوەى تورکیا رۆژانە دەیکات لە سەرتەکى بەمۆوە بۆ سەرێکانى بە درۆن کورد دەکاتە ئامانج، ئەوەى میلیشیاکانى عێراق دەیکەن لە ناردنى درۆنى بۆمبڕێژکراو بۆ سەر هەرێمى کوردستان و چاوەڕوانکراویشە ئەم پەلامارانە زیاتر و زیاتر بن. دەریشکەوت نە بەیاننامە و نە ئیدانەى وڵاتانى رۆژئاوا و دامەزراوە نێودەوڵەتیەکان بەهاى ئەوەى نییە هەستانى فڕۆکەیەک بۆ کوشتنى کورد رابگرێت. کەسیش لەسەر کورد بە وەڵام نایەت لە بەرانبەر دە موشەکێکى ئەوان، تەنها یەک موشەکێکیان تێبگرێتەوە. هەر لە بنەڕەتیشەوە چاوەڕوانییەکى نا لۆژیکى و نادروستە کورد چاوەڕێى ئەوە بکات ئەمریکا و هاوپەیمانان کە بنکە و بارەگایان لە کوردستان هەیە شەڕى تورکیا و عێراق و ئێران بۆ کورد بکەن. کەس گومانى لەوە نییە ئەوان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان لێرەن و دووى بەرژەوەندیی خۆیان دەکەون نەک کورد. پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە ئەى کەواتا کورد بەبێ بوونى دەوڵەت و بێ بوونى سوپا و تانک و تۆپى سەردەم، بەچى دەتوانێت پەلامارى دوژمنەکانى رابگرێت؟

بەداخەوە هەندێک لە نوخبەى سیاسى و دەستەبژێرى ناو کۆمەڵگەى کوردى بەتایبەت لە باشوور، بۆچوونیان وایە کورد دەبێت چۆک بۆ دوژمنەکانى دابدات و هەرچى ئەوان ویستیان تەسلیمیان بێت، وەک ئەوەى لەدواى موشەکبارانکردنى هەولێر زۆر گوێبیستى ئەوە بووین دەوترێت (تەسلیم نەبوون بە ئێران، بێعەقڵییە). هەرچەندە ئەگەر هەموو کوردیش وابیر بکاتەوەو ئاڵاى تەسلیم بوون بەرزکاتەوە هەر چارەسەر نییە، چونکە خۆ کورد یەک دوژمنى نییە تا خۆى بە قەدەرى دوژمنەکەى بسپێرێت، تەسلیمى کامیان بێت؟

ئەو کەسانەى وابیر دەکەنەوە کە تەسلیم نەبوون بە ئێران بە بێعەقڵى دەزانن، دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگرن کەواتا تەسلیم نەبوون بە تورکیاش هەر وایە. خۆ ئێستا ناوچەکانى سلێمانى چوونەتە ژێر هەژموون و بەرژەوەندیی ئێرانەوە، بەڵام ئێران نەیتوانیوە لە درۆنەکانى تورکیا بیپارێزێت. وەک چۆن ئەمە بۆ هەولێریش هەر وایە، ناوچەکە بووەتە جێنفوزى بەرژەوەندیی تورکیا، بەڵام دەرکەوت تورکیا ناتوانێ بەر لە مووشەکى ئێران بگرێت بۆ سەر هەولێر.

ئەگەر دابەشکردنى رۆڵیش نەبێت لە نێوان تورکیا و ئێران، بەحوکمى ئەو دابەشبوونە سیاسیى و جوگرافییەى هەیە ئەمەى ئێران بە هەولێرى دەکات ئەگەر رێى پێنەگیرێت، زەمینە خۆش دەکات سبەى تورکیاش لەوە خراپتر بکات لەگەڵ سلێمانى. نە کۆمەڵى نێودەوڵەتى بە ئەندازەى ئێران دژ بە تورکیان و نە سلێمانیش بە ئەندازەى هەولێر لەسەرى بەدەنگ دێن.

کورد واتەنى ئەى تەگبیر چییە؟ ئایا لێبگەڕێین هەروا سووک و ئاسان ببینە خۆراکى گورگەکان، یان بەدواى چارەیەکدا بگەڕێین سنوور بۆ دەستدرێژیکردنە سەر کورد دابنێت؟ هەر بەڕاستى دەبێت ئەو پرسیارە بکەین، ئایا خۆمان هیچمان پێدەکرێت؟ رەنگە ئەمەى من دەیڵێم کارێکى ئاسان نەبێت، بەڵام مەحاڵیش نییە، بەڵێ کورد خۆى دەتوانێت وابکات دوژمنەکانى سڵى لێبکەنەوە و نەوێرن لەسەر ئەو تاوانکارییانە بەردەوام بن.

ساڵى رابردوو تۆمارێکى ڤیدیۆیی لە تۆڕەکۆمەلایەتییەکان بڵاوکرایەوە، تیمێکى ئەندازەیى ئێرانى خەریکى دیاریکردنى سنوورى نێوان ئێران و ئەفغانستانن. چەند چەکدارێکى ئەفغانى رێگەیان پێدەگرن و دەڵێن دوو سانتیمەتر هاتوونەتە ناو خاکى ئێمەوە، دەبێت دوو سانتیمەترە بکشێنەوە و ئێرانییەکان ناچار دەکەن ئەو مێخەى دایانکوتاوە هەڵیکێشن و لەو شوێنە دایکووتنەوە کە چەکدارە ئەفغانییەکان دیارییان کردووە. ئەمە دەرخەرى ئەوەیە ئەوان خاوەن ئیرادەیەکى بەهێزن، ئەو ئیرادەیەى لە دوو قۆناخدا رووسیا و ئەمریکایان ناچارکرد کۆتایى بەداگیرکاریى وڵاتەکەیان بهێنن.

چۆن دەتوانرێت ئەم ئیرادەیە لەناو کورد دروست بکرێت؟ ئەوەى دەتوانرێت لە بابەتێکى رۆژنامەوانیدا بخرێتەڕوو ئەوەیە کە پێش هەرشت پێویستە مرۆڤى کورد هەستى کوردبوونى بخاتە پێش ئەو دابەشبوونە حیزبى و سیاسى و ئایدۆلۆجییانەوە کە جگە لە دابەشبوونى بەسەر چوار دەوڵەتى ناوچەکەدا، لەناو خودى خۆشیدا کۆمەڵگەى کوردى دابەش و پارچەپارچە کردووە. ئەگەر بتوانرێت ئەو هەستى کوردبوونە باڵاى پێبکرێت، دەتوانرێت سوود لەو دابەشبوونەى بەسەر دەوڵەتانى ناوچەکەدا وەربگرێت بۆ بەرگریکردن لە کورد. بۆ نموونە کاتێک دوو دەوڵەتى دراوسێ کێشە و دوژمنایەتییان دەبێت، بۆ هیچ کامیان ئاسان نابێت بتوانن کەڵک لە هاووڵاتییەکانى دەوڵەتى بەرانبەرى وەربگرێت. بەڵام بۆ کورد ئەمە ئاسانە، بەمەرجێک هەستى خۆبەخاوەنزانین لاى تاکى کورد دروستبکرێت کە پاڵى پێوەبنێت بۆ داکۆکیکردن و بەرگریکردن لە کورد لە هەر کوێیەکى دونیادا بێت. کە ئەمەمانکرد تەنها ئەو کوردانەى لە ئیستەنبووڵن بەسە بۆ ئەوەى ببنە لەمپەر بۆ پارێزگارى لە قامشلۆ و لە سلێمانى. تەنها کوردى سنە و کرماشان بەسن بۆ ئەوەى ببنە لەمپەر لەبەردەم موشەکە بالیستییەکانى تاران بۆ سەر هەولێر.

نابێت هیچ تاکێکى کورد ئەگەر سەر بە هەر حیزب و ئایدۆلۆجیایەکى دژ بە پەکەکەیە، خۆشحاڵ بێت بەوەى تورکیا بە درۆن ئەندامانى پەکەکە بکاتە ئامانج. نابێت هیچ نەیارێکى پارتى شاگەشکەبێت کە ئێران هەولێر مووشەکباران دەکات. نابێت هیچ نەیارێکى یەکێتیى دڵی بەوە خۆش بێت کە تورکیا کارمەندى دژە تیرۆرى یەکێتى لە فڕۆکەخانەى عەرەبەت شەهید دەکات. بەپێچەوانە دەبێت ئەو رۆحە دروستکەین کە کوردێکى کەرکوک و هەولێر و سلێمانى، وەک کوردێکى سەرێکانى جەرگیان ژان بکات بۆ ئەو شەڕڤانەى تورکیا بە درۆن شەهیدى دەکات. دەبێت کوردى ئیستەنبووڵ و ئامەد و قامشلۆ وەک هەمان هاوڵاتییەکى هەولێر دژ بە ئێران و میلیشیا شیعەکان بن کە هەولێریان بەئامانج گرتووە.

کورد میللەتێکین لە رابردوودا قوربانیى زۆرمان داوە تەنها لەپێناوى مانەوەدا، ئەگەر خاوەن ئیرادەبین داهاتوومان پێویستى بە خوێنى نەوەکانمان نابێت. بەڵام ئەگەر بەم جۆرەى ئێستا بێدەربەست و خوێن ساردبێن، نەوەکانى داهاتوو ژیان و رۆژگارى تاڵتریان دەبێت.


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP