دواین هەواڵ

گۆڕینی هەڵوێست و دیدگای بەشێ لە سەلەفییەکان لە نێوان دوێنێ و ئەمڕۆدا

‌ئەبوبەكر كاروانی

27/12/2023

بەرەو هوشیارییەکی ئیسلامیی رەسەن و کراوەتر

بەشێ لە سەلەفییەکانی کوردستان، کە بە مەدخەلییەکان ناسراون و دکتۆر عەبدوللەتیف ئەحمەد، دیاترین ڕەمزیانە، لەم دوواییانەدا، بەهەندێک دیدو هەڵوێست و تێگەیشتن و فتوای خۆیاندا چوونەتەوە، لەوانەش هەڵوێستیان بەرانبەر هەڵبژاردن گۆڕیوەو لەحوکمەکەیان لە کوفرەوە کردووە بە موباح و دەیانەوێت وێنایەکی نوێ لە خۆیان نیشان بدەن.

دیدە توندەکانی ڕابردوویان لەم ڕوەوە واز لێبێنن و لەگەڵ ئەو ڕۆڵە سیاسییە ناڕاستەوخۆیەی دەیانەوێت بیگێڕێن بیانگونجێنن.

لە کۆنگرەکەی لەمەڕ زاناو شێخی تەریقەتی قادری بەناوبانگی کوردیش، شێخی نودێیی لە زانکۆی سلێمانی، جگە لەوەی ڕاگری کۆلێژی لێکۆڵینەوە ئیسلامییەکانی زانکۆ، دکتۆر خالید ئەحمەد، کە دەکاتە برای دکتۆر عەبدوللەتیف، لە وتەکەی خۆیدا ستایشێکی زۆری شێخ و زانای ناوبراوی کرد، دکتۆر عەبدولەتیف خۆشی وەک میوانی کۆنگرە وتەی تایبەتی بەخۆی هەبوو بەشداری تێدا کرد.
لە کاتی لێدانی سروودی نیشتمانی عێراق و کوردستانیشدا ،هەموومان و لەوانەش ئەو دوو دکتۆرە برایە، بە پێوە وەستاین.

هەموو ئەم شتانەش ئاماژەن بەوەی کەوا هەندێ لەو پرس و بابەتانەی لەمەو پێش و تا دوێنێ بە (شرک)( و کوفر) و (بیدعە)و گومڕاییان دەزانین و لەسەر ئەو بناغەش هێرشیان دەکردە سەر ئیسلامییەکان و بە توندی دژایەتیان دەکردن و حوکمی قورسی عەقیدەییان بەسەردا دەدان، لەئێستادا بەوجۆرە نەماون بەجۆرێکی تر مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەن.

ئەم دیدگاو هەڵوێست گۆڕینە، لێشاوێك ڕەخنەی ئیسلامییەکان و هەندێ ناوەندی تر و لەوانەش بەشێ لە ناوەندە سۆفییەکەی، بە دوای خۆیدا هێنا، ڕەخنەکانیش بەگشتی ئاراستەی دژ بەیەکی هەڵوێستەکانی دوێنێ و ئەمڕۆو بەبێ مسداقییەت نیشاندانی رەمزە سەلەفییەکان کرابوون، واتە بەپلەی یەکەم ڕەخنەبوون لە کەسەکان نەك مەنهەج ؟ لە کاتێکدا بە بڕوای ئێمە، کە یەکێک بووین لە ڕەخنەگرە جددییەکانی ڕەوتی سەلەفی بە گشتی و لەوانەش سەلەفی مەدخەلی و بیروڕاکانی خودی دکتۆر عەبدولەتیف لە ڕابردوودا، دەبوو ڕەخنەکان ئاراستەی مەنهەج بکرانایەو مەبەست لێیان هاندان بێت بۆ بەخۆداچوونەوەی زیاتر و ڕاستکردنەوەی زۆرتری هەڵە مەنهەجی و فکرییەکانی ڕابردوویان و نیشاندانی ئەو ڕاستیەی کە سەلەفییەت، دژایەتیەکی قوڵی لەگەڵ ئیسلامەتی کوردەواریدا هەیە، ئاسان نییە بەهەمان شێوەی وڵاتان و بەبێ بە کوردی کردنی، بتووانێت ئیختراقێکی ڕاستەقینەی گۆمەڵگە بکات و ڕۆڵێکی ئەرێنی ژیانساز ببینێت.

کەمن بەش بە حاڵی خۆم مەسەلەکە بەو جۆرە دەبینم و پێشوازی لە هەر هەنگاوێکیان دەکەم کە ئاماژە بێ بە خۆداچوونەوەی مەنهەجی و فکریی، بەحوکمی ئەوەی ڕەخنەگرتنەکانم لەم ڕەوتە، لە ڕابردوودا فیکری بوون نەک شەخسی، بەو واتایەی ئامانج لێیان دەستەبەرداربوونی ئەوان بووە لە:

‌‌* مەنهەجێتێکی بە بڕوای ئێمە ناڕاست بۆ تێگەیشتن لە دین و دەق و واقیع .

* پۆڵێنکردنی موسڵمانانی کوردستان لەسەر بناغەی عەقیدی و گومانکردن لە ئاینیان و حوکم بەسەردانیان بەحوکمی جۆراوجۆر .

* لاف لێدانی قۆرخکردنی حەقیقەت و تەنها خۆبەڕاست زانین .
* دژایەتی کردنی مەعرووفەکانی سەردەم و لەوانەش دیموکراسی.

هەر وەک چۆن لە ڕابردوودا و سەبارەت بە ئیسلامییەکانیش بە هەمان ئامانج و پاڵنەر مامەڵەمان کردووە. بۆ نموونە لە چەندین کۆڕو بەرنامەدا دژ بەو کەس و ناوەندانە وەستاونەتەوە کە دەیانویست، جیاوازی دیدی کۆن و نوێی مامۆستا عەلی باپیر دەربارەی پەرلەمان و هەڵبژاردن، بکەن بە دەروازەیە بۆ لێدان لە کەسیەتی ئەو، لە کاتێدا بەخۆدا چوونەوەو خۆ نوێکردنەوەی فیکریی ئەو لەم بووارەدا خوازیاری نرخاندن و پێشوازی لێکردن و ستایشە نەك رەخنەلێگرتن و دژایەتیکردنی وقۆستنەوەی وەك ئامرازی ململانێی حیزبیی.

بۆ سەلەفییەکانیش هەمان شت ڕاستە، کاتێک دکتۆر عەبدوللەتیف لە میانەی بە خۆداچوونەوەیدا ئەوەی دوێنێ بە پرسێکی عەقیدەیی و کوفری زانیوە لەوانەش مەسەلەی هەڵبژاردن، ئەمڕۆ وەک ڕایەکی فیقهی و جوزئی دەیبینێ و پێشەوا شافعی بە نموونە دێنێتەوە کە چۆن کاتی خۆی لە میسر بەشێک لە فتواو دیدگا فقهیەکانی گۆڕیوە دەربارەی هەمان پرس فتوای نوێی داوە، یاخود ئامادەیە لە کۆنفراسێکی زانستی دەربارەی کەلەپووری زانستی ڕابەرێکی تەریقەت لە کوردستاندا بەشداری بکات و ڕێزیش بۆ ئەو زاتە بنوێنێ، ئاماژەی ئەرێنین، هەربۆیە پێویستیان بەهاندانە، کەلە جەوهەردا لانی کەم لەرووی فیکرییەوە و سەبارەت بەهەندێ پرس، نزیکبوونەوەیە لە دیدی ئیسلامییەکان، هەروەها لەئەستۆ گرتنی لێپرسراوێتی زیاتری دینی و ئەخلاقی و نیشتیمانیە بەرامبەر کۆمەڵگەو پێکەوە ژیانی ئاشتیانەو نزیکبوونەوە لە ڕۆح و تایپی تایبەت و مێژوویی دینداریی کوردی.

دیارە ئەوە روونە ململانێ و رەخنەکان بەمە کۆتاییان نایەت، چاکسازیی لە فیکری سەلەفییەکانیشدا کات و وزەو هەنگاوی زۆرت دەخووازێت، بەڵام بە بەراورد بەڕابردوو، وا چاوەڕوان دەکرێت، زیاتر مۆرکێکی سیاسی و بەهایی بەخۆوە بگرن نەك عەقیدەیی، واتە باس و خوواسەکان زۆرتر بچنە بوواری دورو نزیکی لەبەها ئیسلامییە باڵاکانی هاوشێوەی دادپەروەری و ستەم دژی و ئیسڵاح و هێزە سیاسییەکانی گۆڕەپانەکە.

دەرهێنانی ململانێکانیش لەبوواری عەقیدەوە بۆ فیکرو سیاسەت و ئەخلاق، جگەلەوەی لەرووی مەنهەجییەوە بە دەسکەوت دادەنرێت، تاڕاددەیەك سنوور بۆ بڵاوبوونەوەو تەشەنەکردنی فیکری تەکفیریش دادەنێت و دەرگا بەرووی کارلێکێکی عەقڵانیتر لەداهاتوودا دەکاتەوە.

سەرچاوەیەکی سەرئێشەو موزایەدەی دینی و بەرەو داخراوی بردنیش لەکۆڵ ئیسلامییەکان دەکاتەوە یاخود لاوازی دەکات.


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP