دواین هەواڵ

نکوڵیکردن لە داگیرکاریی

‌شێركۆ كرمانج

25/12/2023

خەسڵەتێکی سەرەکی هەر چوار داگیرکەرەکەی کوردستان

بە کورتی:

تورکیای نوێ سەد ساڵە بەشێکی کوردستانی داگیرکردووە، کەچی نەک هەر دان بە داگیرکارییەکە ناهێنێت بەڵکو دان بەو خەڵکەش نانێت کە کردوونی بە بەشێک لە نەتەوە و وڵاتەکەی. لە ناو پەرلەمانی تورکیا کاتێک ناوی کوردستان دێت، سەرۆکی پەرلەمان بە زمانێکی گاڵتەجاڕییەوە ئینکاریی بوونی کوردستان دەکات، ناو دڵ نەبێت، تورکەکان شوێنێک لەسەر مەریخیش بە کوردستان ڕەوا نابینن. کورد لەناو پەرلەمانی تورکیا سوێند بە برایەتی تورک و کورد دەخوات کەچی تەنیا و تەنیا لەسەر ئەم قسەیە و لەبەر ئەوەی بە کوردی سوێندی خوارد، سوێندخۆر، لەیلا زانا، دە ساڵ زیندانی کرا.

ئێرانی شاکان و مەلاکان پارچەیەکی بچووکیان لە ڕۆژهەڵات ناوناوە کوردستان نەک بۆ داننان بە خاکی کوردستانیان بەڵکو بۆ بچووکردنەوە و پەرتکە و زاڵبە. بۆ ئەوەی لوڕ و کەڵهوڕ، بۆ ئەوەی موکریان و شکاک لە کوردستان داببڕن و کورد لەتوکوت بکەن، ئوستانێکیان لە سنە قیت کردۆتەوە بەناوی کوردستان، کە ٣٠٪ ڕۆژهەڵاتی کوردستان نابێت. هەر لەو سنەیەش کاتێک ژنە چالاکوانێک منداڵانی “ئوستانی کوردستان” فێری زمانی کوردی دەکات نەک هەر قوتابخانەکە دادەخەن بەڵکو چالاکوانەکەش زیندانی دەکەن و دەڵێن ئەو کردارە هەڕەشەیە لەسەر یەکپارچەیی “سەرزەمینی ئێران” و “میللەتی ئێران”.

مەلیک فەیسەڵی عێراق بە ئینگلیزەکانی دەگوت کە بێ کوردستان عێراق لە برسان دەمرێت کەچی لە دەستورەکەیدا بە وشەیەکیش نە ناوی کورد نە کوردستانی نەهێنا. جێگرەوەکانی مەلیک، ئەوانەی سەدەی ڕابردوو (قاسم و عارف و سەدام) تەنیا بە مەرجێک ڕازی بوون ناوی کورد بێنن کە کوردستان بسڕنەوە و بیکەن بە پارچەیەک لە نیشتیمانی عەرەبی. ئەوانەی ئەم سەدەیەش (مالکی و سودانی) کوردیان وەک زەلیل و برسی و ملکەچ قەبوڵە، کوردستانیش بە مەرجێک کە جوزئێکی لایەتەجەزە بێت لە نیشتیمانی عەرەب (جز‌و لایتجز‌و من الوگن العربی). واتە لە باشترین حاڵەت شیمالی حەبیبە و لە خراپترینیش بەشێکە لە نیشتیمانی عەرەب.

لە سووریای بەعس و ئەسەدەکان نەک هەر کوردستان بوونی نییە بەڵکو کورد یان بێگانەیە یان میوان لەسەر خاکی نیشتیمانی عەرەب. بۆیە بە گۆتەی خۆیان دەبێت وەک شێرپەنجە ببڕدرێنەوە و لە ڕیشە دەربهێنرێن. سوورییاییەکان تا ٢٠١١ هیچ نەما بە ڕۆژاڤای کوردستانی نەکەن، یەک تاکە گوند نەما ناوەکەی تەعریب نەکەن، خاکی هەزاران گوندیشیان لە جوتیارە کوردەکان ستاندەوە و دایانە عەرەبی هاوردە. لەدوای ٢٠١١ کە خۆیان لە پەلوپۆ کەوتن ئیدی داعش و تورکیایان بەرداوەتە گیانی کورد و کوردستان لەو بەشە داگیرکراوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP