دواین هەواڵ

لە نێوان سەروەریی نەتەوەیی و شکۆی تاک دا

‌ئیبراهیم سادق مەلا زادە

20/12/2023

هاوڕێیان لەو بابەتەدا لێکدانەوەیەکم بۆ پرسی سەروەری نەتەوە و شکۆی تاک کردووە. پێم وایە یەکێکە لە پرسە هەستیار و گرنگەکان بۆ کۆمەڵگەی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان. درێژەی بابەتەکە لە یەکەم لینکدا دادەنێم. تەنها یەک کۆپڵە لێرە دادنەێم کە پەیوەندی بە شکۆی تاکەوە هەیە، درێژەی ئەو پرسەش لە بابەتەکە دایە.

خاڵێکی دیکە کە لێرەدا زۆر گرنگە بۆ سەروەری دەوڵەت یا هەر هەرێمێک، یا بۆ هەر دەسەڵاتێک، شکۆی تاكە. شکۆی تاك کاکڵی دەوڵەتی مۆدێرنە. مۆدێرنبوونی دەوڵەت، یان مۆدێرنبوونی هەر دەسەڵاتێک بە بانگەشە نابێت، بەڵکو بەو بنەما و پرنسیپانەوە دەبێت کە ئەو دەوڵەتە یا ئەو دەسەڵاتە لەسەری دادەمەزرێت و بەڕێوە دەچێت. بۆیە لە ژێر هەژموونی دەسەڵاتی مۆدێرندا چارەسەرێکی هەمیشەیی بۆ گرووپ و پێکهاتەکانی ناو کۆمەڵگا کراوە. ئەو چارەسەرەش لەڕێی چەمکی هاووڵاتیبوون و شکۆی تاکە.

لە دەسەڵاتی مۆدێرندا، شکۆ بۆ کەمینە و زۆرینە نییە بەڵکو شکۆ لە خوارەوە بەرز دەبێتەوە بۆ سەرەوە، واتە لە تاکەوە بەرز دەبێتەوە بۆ سەرەوە. تاك هەڵگری شکۆ و سەروەریی خۆیەتی، نەك لەبەر ئەوەی سەر بە زۆرینەیەک یا کەمینەیەکە، بەڵکو لەبەر ئەوەی لە خودی خۆیدا هەڵگری بەها و بایەخی خۆیەتی. لە وەها دەسەڵاتێکدا، هیچ تاکێک سەر بە هەر گرووپێکی مرۆیی بێت لەناوخۆی هەرێمدا، لە سایەی سیستەمێکی مۆدێرندا، پێویست ناکات نیگەران بێت و بترسێت لەوەی پەراوێز بخرێت، یان مافەکانی پێشێل بکرێن، یان ئازادییەکانی سنووردار بکرێن، بە هۆکارێکی زۆر سادە، ئەویش شکۆی تاکەکانە لەناوخۆی هەرێمێکی سەروەردا. هیچ سیستەمێک نابێت بە ناوی سیستەمی کۆتا و پاراستنی تایبەتمەندی هیچ گرووپێکی مرۆیی گەورە بن یان بچووک، بەڵکو دەسەڵات شکۆی هەموو تاکەکان وەکوو یەک دەپارێزێت و بەرگریان لێ دەکات.

ئەگەر رۆژێک لە رۆژان کەسێک لەناو هەر بزووتنەوەیەک، لە بنەما تەقلیدییە شێواوە باوەکانی حوکمداری لایدا و توانی سیستمێکی سیاسی مۆدێرن (کە دەڵێم سیستمی سیاسی مۆدێرن، بۆخۆی چەمکە و هەموو بنەماکانی لەگەڵ خۆیدان)، بە هەموو دامەزراوەکانییەوە، دابمەزرێنێت، گەورەترین خزمەتی بە نەتەوە و هاوڵاتییانی ئەو نەتەوەیە کردووە و ناوی دەچێتە مێژوو و تا هەتایە ناوی بە نەمری دەمێنێتەوە و بەهای ئەو جۆرە کەسە هیچی لە باوکانی دامەزرێنەری ویلایەتە یەکگرتووەکان کەمتر نابێت.v

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP