دواین هەواڵ

رزگاربوون لە داگیرکەر؛ جیاوازی نێوان پرسی کورد و فەلەستینییەکان!

‌ئیبراهیم سادق مەلا زادە

15/10/2023

ململانێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، فرەڕەهەند و هەمەلایەنەیە، بەتایبەتیش لە پەیوەندی بە پرسی کورد و وڵاتانی داگیرکەری کوردستان و ململانێی نێوان ئیسڕائیل و فەلەستینییەکانەوە.

پرسی کورد و فەلەستینییەکان زۆر رووی لەیەکچوو و جیاوازییان هەن لەپاڵ بەسەرچوونی زەمەنێکی زۆر و مانەوەی پرسەکان بێ چارەسەر. هەرچەندە تەمەنی پرسی کورد دەگەڕێتەوە بۆ دەرهاوێشتەکانی جەنگی یەکەمی جیهان و نزیکەی سەد ساڵە بەبێ چارەسەر ماوەتەوە، بەڵام پرسی فەلەستینییەکان بەشێکە لە دەرهاوێشتەی جەنگی دووەمی جیهان و دوای دامەزراندنی ئیسرائیل لە 1948، دەست پێدەکات، کە نزیکەی 70 ساڵێک دەبێت. هەرچەندە کێشەی نێوان عەرەب و ئیسرائیل ڕەهەندی نێودەوڵەتی هەن و فەلەستین وەکو دەوڵەت مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت و چاودێریان لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا هەیە و باڵوێزخانەیان لەزۆربەی وڵاتانی دونیا هەن، بەڵام تا ئەوڕۆش پرسی ئاشتی لەنێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکان بە هەڵواسراوی ماوەتەوە.

بۆ قسەکردن لەو دوو پرسە کە بریتییە لە پرسی "رزگاربوون لە داگیرکەر"، دەبێت لە چوارچێوەی تیۆری ململانێدا، بەدوایدا بگەڕێین، بەتایبەتیش لە چوارچێوەی ململانێ کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا. تیۆری ململانێ لێکۆڵینەوە لە ناهاوسەنگی دەستەڵات و نایەکسانی نێوان پێکهاتەکاندا دەکات، کە دواجار سەردەگرێت بۆ ململانێیی کۆمەڵایەتی. زۆرجاریش هەر لەو چوارچێوەیەدا هەوڵدان بۆ سەربەخۆیی سەرهەڵدەدات. کەواتە پرسیار ئەوەیە چۆن بتوانین بیرۆکەی سەربەخۆیی لە چوارچێوەی تیۆری ململانێدا جێ بکەینەوە، بەتایبەتیش ئەو دوو ململانێ خوێناوییەی کە تا ئەمڕۆ دونیای رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی داگیرکردووە؟ لێرەدا، بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە، باس لە یەکێک لە تەوەرەکانی تیۆری ململانێ دەکەم، ئەویش کێشەی نایەکسانییە لە ڕووی پێکهاتەیی، یا ستراکتۆراڵەوە (structural inequality)!

تیۆری ململانێ جەخت لەوە دەکاتەوە کە کۆمەڵگە بەدرێژایی هێڵەکانی دەستەڵات و سەرچاوەکانی داهات، دابەش بووە. کاتێك کە داگیرکەر ناوچەیەک یا خاکێک داگیر دەکات، ناهاوسەنگییەکی بەرچاو لە باڵانسی دەستەڵاتدا دروست دەکات، کە زۆربەی جاران داگیرکەر دەستێکی باڵای دەبێت لە ڕووی هێزی سەربازی، ئابووری و سیاسیدا. لێرەدا، خەڵكی ناوچە داگیرکراوەکە، کە بەدوای سەربەخۆییدا دەگەڕێن، بەهۆی ئەو ڕەهەندە جیاوازانەوە، لەچوارچێوەی نایەکسانی پێکهاتەییدا دەکەونە ناو دۆخێکی خراپی نەخوازراو و نەبوونی بژاردەی زۆر لەبەردەمیاندا، کە زۆربەی جاران لە نێوان تەسلیمبوون و بەرگریدا قەتیس دەبنەوە.

نایەکسانی پێکهاتەیی (ستراکتۆرال)، لەکۆنتێکستی تۆڕی ململانێدا، چەمکێکە باس لە چۆنییەتی دروستبوونی پێکهاتە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان دەکات لە ناو خودی یەک کۆمەڵگەدا، ئینجا ئەو پێکهاتانە چۆن پەیوەندیی نایەکسانیی دەستەڵات دروست دەکەن و بەردەوامی پێ دەدەن. ئەم نایەکسانییەش بۆ دواجار دەبێتە هۆی ململانێ و ئاژاوە و نائارامیی کۆمەڵایەتی. ئەم بیرۆکەیە ناوەندی تێگەیشتنی تیۆری ململانێیە لە پەیوەندی بە چۆنییەتی سەرهەڵدانی ململانێکانەوە.

چەمکی نایەکسانی پێکهاتەیی، لایەنێکی بنەڕەتیی تیۆری ململانێیە لە کۆمەڵناسیدا. یەک داهێنەر و سەرچاوەی نیە، بەو پێیەی تیۆری ململانێ خۆی چوارچێوەیەکە لەلایەن چەندین کۆمەڵناس و زاناوە بە تێپەڕبوونی کات پەرەی پێدراوە. لێرەدا، نایەکسانی پێکهاتەیی، کە تەوەری سەرەکی ئەو باسەیە، توخمێکی سەرەکی  تیۆری ململانێیە، جەخت لەوە دەکاتەوە، داخۆ چۆن پەیوەندییە نایەکسانەکانی دەستەڵات و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان، بەشدارن لە ململانێی کۆمەڵایەتیدا. بیرۆکەی نایەکسانی پێکهاتەیی، لەژێر کاریگەری چەندین کۆمەڵناس و بیرمەنددا پەرەی سەندووە، لەوانەش کارل مارکس، ماکس ڤێبەر، راڵف دەهرێندۆرف و ئەوانی دیکە، کە هەموویان بەشدارییەکی بەرچاویان لە پەرەپێدانی تیۆرییەکەدا هەیە، سەبارەت بە تێگەیشتن بەو نایەکسانییە. کارل ماکرس، رۆڵی خەباتی چینایەتی و نایەکسانی ئابووری لە کۆمەڵگەدا تاوتوێ دەکات، کاکڵی بیرۆکەکە خۆی لە ململانێی نێوان چینی کرێکاران (پڕۆلتاریا) و چینی خاوەندارێتی (بۆرژوازی)دا دەبینێتەوە، لەو دووڕیانەشەوە، چەمکی نایەکسانی پێکهاتەیی لە چوارچێوەی تیۆری ململانێدا گەڵاڵە دەبێت.

لە تیۆری ململانێدا، کۆمەڵگە وەک پێکهاتە کۆمەڵایەتییە هەمەجۆرەکان تەماشا دەکرێت، لەوانەش دامەزراوە ئابووریی، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان. ئەم پێکهاتانە (ستراکتۆراڵەکان)، بێلایەن نین، بەڵکو لە بەرژەوەندی گروپ یان چینە باڵادەستەکانی ناو کۆمەڵگەدا لە قالب دەدرێن، کە لەدۆخی داگیرکەر و داگیرکراودا، داگیرکراو لەدەرەوەی ستراکتۆراڵدا دەبێت. رەگوڕیشەی ئەم نایەکسانییەش، لە ناهاوسەنگی دەستەڵاتەوە لەپانتایی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکاندا سەر دەگرێت. دەرئەنجامی دەستڕاگەیشتنێکی زیاتری گروپێک (بەتایبەتیش گروپی داگیرکەر، لە دۆخی داگیرکاریدا) یا چینێکە بە سەرچاوە و دەرفەت و دەستەڵاتی بڕیاردان، لە گروپێک یا چینێکی دیکە. ئەم دابەشکردنی نایەکسانییەی دەستەڵات، دەبێتە هۆی ئەوەی کە گروپە پەراوێزخراوەکان یا چەوساوەکان، دەزگا و کۆنتڕۆڵی سنوورداریان هەبێت بەسەر ژیانیاندا. لەکاتێکدا، چینی خاوندارێتی، بەشێوەیەکی گشتی زۆربەی سامان و موڵک و سەرچاوەکانی داهات کۆنتڕۆڵ دەکەن. لەبەرامبەردا گروپ یا چینەکانی دیکە توشی بێبەشیی ئابووری و ئیستیغلالکردن دەبنەوە. ئیستیغلالکردنیش، زۆربەی جاران پەیوەندی بە بواری ئابوورییەوە هەیە و خۆی لەمەسەلەی چینایەتییدا دەبینێتەوە. ئەم ئیستیغلالکردنەش ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆکارێک بۆ نایەکسانی ئابووری و دروستکردنی لەمپەری گەورە لەبەردەم دادوەریی کۆمەڵایەتیدا. هەرچی دۆخی داگیرکارییە، هەموو ئەو سنوورانەش تێدەپەڕێنێت و بێجگە لە تاوانەوە یا لەناوچوون بژاردەیەکی دیکە نامێنێت.

کێشەی نایەکسانی لێرەدا، خۆی لە بەرهەمهێنانەوەی نایەکسانیدا دەبینێتەوە. چونکە نایەکسانیی پێکهاتەیی، خۆی دووبارە دەکاتەوە و خۆی خۆی بەرهەمدێنێتەوە، واتە بەردەوامی دەبێت. هۆکارەکەشی لەو هەیکەلییەتە دایە کە دەسکاریکردن و هەڵوەشانەوەی لەتوانای گروپە هەژموون لەسەرکراوەکان، یاخود داگیرکراوەکاندا نابێت. گروپە ئابووری و و کۆمەڵایەتییەکان کە داگیرکراون، یا هەژمووبەسەردا کراون، لەشوێنی خۆیاندا دەچەقن. هەژموون لەسەرکراوەکان، پێگەیەکی جێگیر لەناو پێکهاتە ستراکتۆراڵەکەدا دەگرن، لەژێر هەژموونی گروپی دەستەڵات، کە بەردەوام لەرێی هێزە ئەمنییەکان و سەرچاوەکانی داهاتەوە پارێزگاری لە سیستمی باودا بکەن، بەڵام گروپە داگیرکراوەکان، زۆربەی جاران ئەو لەو پێگەیەش بێبەش دەکرێن و هەمیشە فڕێ دەدرێنە دەرەوە. ئەو پڕۆسەیەش زۆرجار بەمیرات بۆ نەوەکان بەجێدەمێنێت، ئەگەر گۆڕانکاری لە سیستمەکەدا نەکرێت. یەکێک لە ئامرازە هەرە ترسناکەکان بۆ پاراستنی ئەو هەژموونە، کۆنتڕۆڵی ئایدیۆلۆژیە. گروپی باڵادەست یا داگیرکەر پەنا بۆ ئایدیۆلۆژیا، یا ئایین دەبات بۆ پاراستنی باڵادەستی خۆی. ئایدیۆلۆژیا، یا ئایین دەتوانێت نۆرم و بەها و بیروباوەڕە کۆمەڵایەتییەکان لە قالب بدات، کە شەرعییەت بە پێکهاتەکانی دەستەڵاتی داگیرکەر یا هەژمووندار دەدات. زۆرجار، گروپە پەراوێزخراوەکان هەول دەدەن پێگەی خوارەوەی خۆیان بخەنە ناوەوەی پێکهاتە هەژمووندارەکە، لەڕێی توانەوە و خۆڕاهێنان لە خزمەتکردن بە ئامانجەکانی گروپە باڵادەستەکە.

تا ئێرە، چوارچێوە تیۆرییەکە، وەسفکردنی دۆخی پێکهاتەیی (ستراکتۆراڵ)ی کۆمەڵگەیە. لەو دۆخە پێکهاتەییەدا باس لە چۆنییەتی گروپەکان یا چینەکان دەکات. گروپی داگیرکراو، یا چینی هەژموون بەسەردا کراو، لەوەها دۆخێکدا دەبێت لێکۆڵینەوە لە نەخشە پێکهاتەییەکەدا بکاتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت ستراتیژییەتی ململانێی خۆی لەگەڵ گروپی داگیرکەردا دیاری بکات، کە وابەستەیە بە کۆمەڵێک دەرهاوێشتەی جیاوازەوە، لەوانەش جیۆپۆلیتیک، باری ئابووری و سیاسی و ئەمنی، لێکۆڵینەوە لە دۆخی ئایدیۆلۆژیای زاڵ و دیمۆگرافییای گروپی داگیرکەر و دەسنیشانکردنی کلیلی ململانێکە.

دۆخی کورد، لەو چوارچێوەیەدا جیاوازە لە دۆخی فەلەستینییەکان، لەچەند سەرێکەوە. لەوانەش:

یەکەم: کورد لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا، وەکو بەشێک لە دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان تەماشا دەکرێت، واتە بەشێکی ستراکتۆرال، نەك بەشێکی جیاواز و خاوەن خاک و مێژوو و زمان و تایبەتمەندی خۆی. لە بەرامبەردا و لەسەر ئاستی ناوخۆدا، لەڕووی پێکهاتەییەوە، کورد لەناو هەڕەمی کۆمەڵگەی دەوڵەتدا هیچ پێگەیەکی نیە، زۆربەی جاران لەدەرەوەی ستراکتۆڕاڵەکەشدا مافی کوردبوونی لێ دەسەندرێتەوە. بۆ نموونە لە تورکیا نکوڵی لەبوونیشی دەکرێت و تەنانەت ناوهێنانیشی وەکو تاوان دەبیندرێت، بۆیە وەکو کورد لەهیچ پێگەیەکی پێکهاتەییدا جێگای نابێتەوە. لە ئێران ئەگەر پارێزگایەکیش بەناوی کوردستانەوە هەبێت، کێشەی سەرەکی لە پەراوێز و رێگە نەدانییەتی بەهیچ چالاکییەکی سیاسی و فەرهەنگی، تەنانەت مافی خوێندنیشی بە زمانی خۆی لێ زەوت دەکرێت و وەکو کورد هیچ پێکەیەکی لەناو ستراکتۆراڵی دەوڵەتدا پێ رەوا نابیندرێت. لە سوریاش سادەترین پێگەی کورد بریتی بوو لە بێگانە (ئەجانیب). سەرباری هەموو ئەو وەدەرنانە ناوخۆییەش، هەرچی لەناوخۆی ئەو چوار دەوڵەتەدا رووبدات، کێشەیەکی ناوخۆییە نەک نێودەوڵەتی. واتە ململانێکە لێرەدا دەکەوێتە چوارچێوەی بەدەستهێنانی مافە مەدەنییەکان و کێشەی نەبوونی دیموکراسی و پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ، نەک پرسی نەتەوەیەک.

بەڵام فەلەستینییەکان وەکو بەشێک لە ئیسڕائیل تەماشا ناکرێن. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەمیشە وەکو گروپێکی مرۆیی جیاواز تەماشای فەلەستینییەکان دەکات و ئەوان راستە لەپەراوێزی جوگرافیدا دەژین، بەڵام یەکێک لەو فاکتەرانەی کە ئەوانی لەپەراوێزدا هێشتۆتەوە، خودی فەلەستینییەکان خۆیانن، چونکە لەڕووی ئیداریەوە سەربەخۆن و دەتوانن لەو پەراوێزەدا لەڕووی سیاسیی و نێودەوڵەتییەوە یارییەکی سیاسیی کاریگەر بەرێوە ببەن، لەپێناو بەدیهێنانی ئامانجەکانیان. ئەوان پشتیوانییەکی بەردەوامی نێودەوڵەتییان هەیە. ساڵانە لەسەر ئاستی دەرەوەدا بودجەی تایبەتییان بۆ دابین دەکرێت. وڵاتانی عەرەبی پشتیوانی لە داواکانی فەلەستین دەکەن، هەر هیچ نەبێت لەڕووی جەماوەرییەوە پشتیوانییەکە بەشێوەیەکی رەها دەبیندرێت. گرنگی ئەو پشتیوانییەش دەگەڕێتەوە بۆ گرنگی پێگەی ئیسرائیل لەناو پێکهاتەیی سیستمی سیاسی نێودەوڵەتیدا، وەکو دەوڵەتێکی تاقانەی نەتەوەیەک و هەڵگری بەها و نۆڕمە دیموکراسییەکان.
کورد لەو ڕووەوە، بەتایبەتیش لە تورکیا و ئێران، ئەو کەرەستە و ئامرازانەیان لەبەردەستدا نین، بەمانای ئەوەی لەبنەڕەتدا رێگەیان پێنادرێت بچنە ناو کاری سیاسییەوە. ئەمەش رامان دەکێشێت بۆ خاڵی دووەم.

دووەم: ئیسڕائیل، بە پێچەوانەی تورکیا، ئێران، عێراق و سوریا، وڵاتێکە پێڕەوی لە سیستمی دیموکراسی دەکات، خاوەن دامەزراوەی دەوڵەتییە. لەو ڕووەشەوە دەتوانین فەلەستینییەکان دابەش بکەینە سەر دوو جۆر. جۆری یەکەم فەلەستینییەکانی ناو ئیسرائیلن کە ژمارەیان لە دەوری دوو ملیۆن و نیوە، کە دەکاتە نزیکەی چارەگێک لە دانیشتوانی ئیسڕائیل. شار و باژێرەکانی خۆیان بەڕێوە دەبەن، لەڕووی ئایینی و مافە مەدەنییەکانەوە هیچ کێشەیەکییان نیە. زۆرینەیان کڵاسی مامناوەندین و کارەکانیان لە دەوری پارێزەری و ئەندازیاری و پزیشکی و مامۆستایەتی و پیشەییدا چڕ دەبنەوە و حیزبی سیاسی خۆیان هەن و شەڕی پاراستنی پێگەی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری خۆیان لەناو کنێسەتدا بەڕێوە دەبەن. بەو مانایەی ئەوان بەشێکن لە ستراکتۆری سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری دەوڵەتدا. هەڵگری پاسپۆرتی ئیسرائیلین و وەکو هەر ئیسڕائیلییەک دەتوانن بە دونیادا بسوڕێنەوە. ئەوان دەتوانن لە دادگای باڵای ئیسڕائیل کێشە مەدەنی و ئابووری و سیاسییەکانی خۆیان بەڕێوە ببەن و دەیان دۆسییەی هەمەجۆریان لەو ڕووەوە بردوونەتەوە. لەگەڵ ئەوەی کە دوای 2003 عێراق بە دۆخێکی تایبەتدا تێپەڕی و کورد بەشێک بوون لە رزگاری عێراق و تا ئێستاش بەشێکن لە سیستمی سیاسی عێراق، بەڵام تا ئێستاش مافەکانی کورد لە عێراق ناگەنە ئەو مافانەی کە فەلەستینییەکانی ناو ئیسرائیل هەیانە.

جۆری دووەمی فەلەستینییەکان، ئەوانەن کە لە کەرتی غەززە و لە باریکەی رۆژئاوادا دەژین. بەڵام دوو دەستەڵاتی جیاواز ئەو دوو هەرێمە بەڕێوە دەبەن. دەستەڵاتی یەکەم، بزووتنەوەی فەتحە بە سەرۆکایەتی مەحمود عەباس لە باریکەی رۆژئاوا، کە شەرعییەتێکی قانونی و نێودەوڵەتی هەیە و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل بە بەرزی و نزمیدا تێپەڕ دەبن. بەڵام بزووتنەوەی حەماس "کە لە رۆژئاوا و هەندێک وڵاتی عەرەبی بە گروپێکی تیرۆریست ناسراوە"، کۆنتڕۆڵی تەواوی کەرتی غەززەی کردووە لەدەرەوەی شەرعییەتی دەستەڵات یا سوڵتەی فەلەستین. لێرەدا، کێشەی سەرەکی ئیسڕائیل لەگەڵ فەلەستینییەکاندا، کێشەی نوێنەرایەتییە. بۆیە، ئەگەر خواستی فەلەستینییەکان دەرچوون بێت لە پەراوێز و گەیشتن بێت بە سەربەخۆیی، خواستی ئیسڕائیل بە پلەی یەکەم بەدەستهێنانی ئاسایشە.

ڕاستە دواجار ئیسرائیل لە رێککەوتننامەی ئۆسلۆ کە بە رێککەوتننامەی بنەماکان ناسراوە لە (13/9/1993)، رازی بوو بەوەی دەوڵەتێکی فەلەستینیش بە رێبەرێتی رێکخراوی رزگاریخوازی فەلەستینی (فەتح)، لەپاڵ دەوڵەتی ئیسڕائیل دابمەزرێت، بەڵام ئەو پڕۆسەیە وەکو خۆی بەڕێوە نەچوو.

لەلایەك، بزووتنەوەی حەماس پێی وایە ئیسرائیل دەوڵەتێکی زۆڵە و دەبێت بڕوات، بە پێچەوانەی بزووتنەوەی فەتح کە چووە ناو پڕۆسەی ئاشتییەوە لەگەڵ ئیسرائیل. لێرەدا کێشەی نوێنەرایەتیی فەلەستینییەکان زۆر زەق بۆتەوە، بەتایبەتیش دوای ئەوەی بزووتنەوەی حەماس لە بزووتنەوەی فەتح هەڵگەڕایەوە و دەستی بەسەر غەززەدا گرت. کەواتە ئێستا کێشەی ئیسرائیل دووسەرەیە، لەلایەک کێشەی ئاسایشە، بەوەی کە غەززە هەمیشە سەرچاوەی مەترسی و هەڕەشەیە لەڕێی حەماسەوە، لەو رۆژانەشدا بینیمان حەماس چۆن پەلاماری ئیسرائیلی دا. لەلایەکیش کێشەی نوێنەرایەتییە و بزووتنەوەی فەتح ناتوانێت لەهیچ گفتوگۆ و دانوستانێکدا نوێنەرایەتی هەموو فەلەستینییەکان بکات، بۆ ئەوەی هەردوو لا بتوانن وەکو دوو دەوڵەت لەپاڵ یەکدا، بە ئاسایش و سەقامگیر بژین. بەردەوامبوونی ئەم دۆخەش وای کرد ئیسرائیلییەکان بەردەوام بن لە بیناکردنی نشینگەی تازە و مانەوەی دۆخی فەلەستینییەکان لە پێگەی نە دەوڵەت و نە نادەوڵەت، لە کاتێکدا کە توندوتیژی هێندەی زیان بە خودی فەلەستینییەکان دەگەیەنێت، هێندە زیانی بە ئیسڕائیل نەگەیاندووە.

دۆخی کورد لێرەدا زۆر جیاوازە. لەلایەک هەر چوار دەوڵەتی داگیرکەری کوردستان، نەک هەر پشتیوانی لەکورد ناکەن، بەڵکو دوو دوو، سێ سێ و چوارچوار، هەمیشە لەپڕۆسەیەکی گەلەکۆمەدا دژ بە هەر ماف و خەدەنگێکی کورد دەکەونە جموجۆڵ. بەردەوام کار لەسەر سیاسەتی "پەرتکە و زاڵ بە" دەکەن و هەوڵی هێشتنەوەی کورد لە پەراوێزدا درێژە پێ دەدەن. لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیشدا، هیچ پشتیوانییەکی راستەوخۆی نیە، ئەگەر هەشبووبێت زیاتر لەپێناو بەرژەوەندی زلهێزەکاندا بووە و بەکارهێنان بووە تا چارەسەر. لەسەر ئاستی هەرێمیش، هەر چوار دەوڵەتەکە لەڕووی پێکهاتەیی سیاسیی (ستراکتۆراڵەوە) دەوڵەتی رەهان، باوەڕیان بە هیچ رەهەندێکی دیموکراسیی فرەیی نیە، بەتایبەتیش لەئاست نەتەوەی کورد.

دوای 2003 لە عێراق دۆخێکی نیمچە فرەیی هاتە ئاراوە، بەڵام تا ئێستاش ئەو دۆخە هەر بە هەڵواسراوی و لینگاوقوچ بەڕێوە دەچێت. لەو نەخشە سیاسییەی بەرچاویشدا لەماوەی سەد ساڵدا کورد لەگرتنەبەری خەباتی توندوتیژی نەیتوانیوە هیچ گۆڕانکارییەکی سیاسی بەدەست بێنێت. ئەوەش پەیوەندی بە کۆمەڵێک هۆکارەوە هەیە. لەلایەک هیچێک لەو چوار دەوڵەتە بەپڕۆسەیەکی دیموکراسیدا تێناپەڕن. دەوڵەتی ئۆتۆکرات و ڕەهان، کورد تیایاندا نەک هەر هیچ پێگەیەکی ستراکتۆرالی نەبووە، بەڵکو رووبەڕوی پڕۆسەی جینۆسایدیش بۆتەوە و هەوڵی سڕینەوەی دراوە بە شێوەیەکی بەردەوام.  یەکێک لە کەموکوڕییەکانی کورد، کە تا ئەمڕۆش بەردەوامە، لەڕووی گوتار و ڕەفتارەوە هیچ کاتێك نەگەیشتۆتە ئاستی گوتاری فەلەستینییەکان. ئەوان "ئیسرائیل" بە داگیرکەر (موحتەل) دەزانن و بەکردەوەش پێڕەوی لەو گوتارە دەکەن. دوور و نزیک نەچوونەتە تەلئەبیب و لەوێ شەڕی هاوڵاتیبوون یا شەڕی دەستەڵات بکەن، بەڵکو پێگەی خۆیان وەکو عەرەب بەکارهێناوە بەسوود وەرگرتن لەو دیموگرافییە سیاسییەی وڵاتانی عەرەبی و دروستکردنی هەژموون و توانیویانە پرسی خۆیان ببەنە ناو دامودەزگا نێودەوڵەتییەکان و وەکو نەتەوەیەکی سەربەخۆ دانیان پێدا بندرێت.

ئیسڕائیلیش لەسەر ئەو بنەمایە چۆتە ناو پڕۆسەی ئاشتی لەگەڵ بزووتنەوەی رزگاریخوازی فەلەستین و دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین شان بە شانی دەوڵەتی ئیسڕائیل. لە بەرامبەردا کورد گوتارێکی شەرمنانەیان هەیە لەئاستی داگیرکاری دەوڵەتانی داگیرکەردا، لە رووی رەفتاریشەوە، دوای پڕۆسەی جینۆسایدیش، چوونەتەوە پێتەختی داگیرکەر و بوونەتەوە بە بەشێک لەپڕۆسەی سیاسی و بوونەتە پارسەنگێکی گرنگ لە دروستکردنەوەی دەوڵەتی عێراق وەکو نموونە، دوای ئەوەی دارێکی لەسەر بەردێک نەما. ئەمە لەخودی خۆیدا پەیامێکە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دروستبوونی ئەو قەناعەتەی کە کورد بەشێکن لە ستراکتۆری ئەو ولاتانە و دەتوانن لەناو ئەو دەوڵەتانەدا وەکو هاوڵاتی جێگای خۆیان بکەنەوە و ئەگەری دەرچوون لە پەراوێزدا زیاترە.

کە ئەمەش لە واقیعدا هیچ ئومێدێکی نیە، چونکە هەرگیز وەکو بەشێک لە ستراکتۆر و پێکهاتەیی ئەو دەوڵەتانەدا قبوڵ ناکرێت. بۆیە دۆخی کورد دەیان جار لە دۆخی فەلەستینییەکان شلۆقتر و ترسناکترە، لەگەڵ ئەوەشدا، بەشێکی زۆر لە کورد بەهۆی هاودینییانەوە خەریکی شین و رۆڕۆن بۆ حەماس و فریای خۆیشیان ناکەون.


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP