دواین هەواڵ

ناکۆکی و شەڕی ناوخۆی باشورو شێواندنی ناوەرۆکی کۆمەڵگەی سیاسی هەرێم

‌ئەبوبەكر كاروانی

25/09/2023

ئەگەر كۆمەڵگە بەگوێرەی هەندێ‌ پێناسە باس لە كۆمەڵە خەڵكێك بێت كە لە ماوەیەكی مێژوویی درێژخایەندا پێكەوە ژیان كردوونی بە خاوەنی بەها‌و كەلتور‌و شێوە ژیانێكی دیاریكراو (لەگەڵ بوونی جیاوازیشدا) بۆ مانادان بەژیان‌و ئاراستەكردنی رەفتاری ئەندامەكانی‌و گواستنەوەیان لە نەوەیەكەوە بۆ نەوەیەكی تر.

ئەوا مەبەست لە كۆمەڵگەی سیاسی بە مانا نوێكەی، رێكخستنی پەیوەندی نێوان ئەندامەكانی كۆمەڵگەیە بە سیفەتی هاوڵاتی، کۆبوونەوەیە بەدەوری ئامانجێكی هاوبەشدا. بە جۆرێك بەهای هاوبەشی سیاسی‌و فەرهەنگی گروپ‌و پێكهاتەكانی ناوی پێکەوە کۆبکاتەوەو ناسنامەیەکی هاوبەشیان پێ ببەخشێت.

بەگوێرەی ئەم پێناسەش، كۆمەڵگەی سیاسی بەم خەسڵەتانەی خوارەوە دەناسرێتەوە:

۱. تێپەڕاندنی ئامانج‌و ناسنامە گروپیە تایبەتەكان، لەوانەش ئامانجە حیزبیە تایبەتەكان، بۆ ئامانجێكی گەورەتری هاوبەش.

۲. هۆشیاربوون بەخود وەك تاكی خاوەن ماف‌و هاوڵاتی، بەدەر لە ئینتیما دینی‌و ئایدۆلۆژی‌و فیكری‌و سیاسیە جیاوازەکان.

۳. بوونی ئامانجی هاوبەشی نێوكۆیی.

٤. یەكگرتنی ئەندامان لەسەر بناغەی بەهاو پێوەر‌و بەرژەوەندی هاوبەش.

بەم جۆرەش هاوڵاتی بە جەوهەری كۆمەڵگەی سیاسی لەقەڵەم دەدرێت .

كاتێك لەم روانگەشەوە سەیری باشووری كوردستان دەكەین، دوای تێپەڕبوونی (30)ساڵ بەسەر ئەزموونە حوكمڕانیەکەیدا، دەبینین، ناكۆكی‌و شەڕە حیزبیەكان ، رێگربوون لەوەی كۆمەڵگەی سیاسی كوردستانی باشوور بەواتا هاوچەرخ و مەدەنییەکەی بێتەكایەوە.

لەو چوارچێوەشدا ئامانج‌و پرۆژەیەكی هاوبەش، هاوڵاتی‌و گروپ و تەوژم و هێزەكان بەیەكەوە كۆبكاتەوە هەست و ئامانج و ناسنامەیەکی هاوبەشیان پێ ببەخشێت.

هاوڵاتی بوون پێوەری دیاریكردنی مافەكان‌و دابەشكردنی ئیمتیازاتەكان بێت، بەرژەوەندی هاوبەشی گەلی كوردستانی باشوور بتوانێت گروپەكان بەتایبەتیش یەكێتی و پارتی بە دەوری خۆیدا كۆبكاتەوە‌و ڕێ‌ لە ناكۆكی‌و دابەشكاری‌و لێكهەڵوەشاوەیی ناوخۆیی و شێواندنی ناوەرۆکی چەمکی نیشتیمان وگەل بگرێت !

پێدانی جەوهەرێكی نیمچە نەگۆڕی لایەنە ناکۆکەکان بەیەكتر، كە شەڕێكی دەیان ساڵە‌و پاشخانی بریندار‌و كینە‌و بێ‌ متمانەیی لە پشتەوەیە و لێکەوتۆتەوە ڕێگربووە لەوەی، ئاشتی تەنها یەکسان نەبێت بە شەڕ وەستاندن، بەڵکو سازشی مێژوویی و تێپەڕاندنی گرێ دەروونییەکان و ماکی ناکۆکی و شەرەکان و ئاشتەوایی نیشتیمانیش لەخۆ بگرێت، ئەوەش كۆمەڵگەی سیاسی كوردستانی لەو جەوهەرە‌و ستونە ناوەكی یە بێبەش كردووە، كە پێویستی هەر کۆمەڵگەیەکی سیاسی دروست و ڕاستەقینەیە ! .

ئەویش لە وسۆنگەوە کە لایەنە بەشەڕ هاتووەکان و بەگشتی حیزبی کوردی، هێندەی نوێنەرایەتی دۆخی كۆمەڵگەی ئەهلی دەكەن بەمانا سوننەتی و مۆدێرنە شێواوە تێکەڵەکە، پێیان نەناوەتە ناو قۆناغی كۆمەڵگەی مەدەنیەوە، كە ئاماژەیە بە سەركەوتنی ئەزموونی بیناکردنی كۆمەڵگەی سیاسی‌و دووبارە خۆڕێكخستنەوەی كۆمەڵ بەگوێرەی پەیمانێكی كۆمەڵایەتی كە هاوڵاتی تیایدا چەقی دەسەڵات وحوکمڕانی و مافەکان و رەوایەتی بێت.

مەبەست لە كۆمەڵگەی ئەهلیش لێرەدا ئەو پێكهاتە پلەبەندییە نەریتیە بۆماوەییانەن، کە ملكەچی رێكارێكی پلەبەندی شاوڵین و لەسەر بناغەی دەمارگیری‌و گوێڕایەڵی، نەك ئینتیماو بەشداری هوشیارانەو ئازادان دامەزراون. لەوێنەی خێڵ ‌و تایەفە‌و هەموو ئەو گروپانەی ئەندامەکانی ناسنامەیەكی ناوچەگەریی پێش مۆدێرنە بە یەكیانەوە دەبەستێتەوەو ئەرك و ئاراستەو ڕۆڵیان بۆ دیاری دەکات .

حیزبی كوردی خاوەنی پێكهاتەیەكی رەق‌و نەریتی‌ دامەزراو لەسەر ناوەندێتیەكی توند‌و گوێڕایەڵیەکی تێكەڵ بە ڕەگەزگەلێکی ناسیاسی‌و پێش مۆدێرنەیە!

ئەوەش وایكردووە، نەتوانێت دەستبەرداری ئەو بەشە لە ڕۆڵ ‌و ئامانج‌و بەرژەوەندی‌و شێوەكاركردنی خۆی ببێت، كە لەبەردەم دروستبوونی كۆمەڵگەی سیاسی باشووری كوردستاندابوونەتە رێگرێکی ڕاستەقینە!. پێشی وایە هەر خودی خۆی كۆمەڵگەی سیاسی پێكدەهێنێت‌و نوێنەرایەتی بەهاكانی دەكات! کە ئەوەش جگە لە کارەسات هیچیتر نییە. رەنگە ئە وەش جگە لەوەی ئاماژەیە بە لاوازی كلتوری مەدەنی‌و پاشخانی فیكری سەركردەكانی، ترسان بێت لەڕێگەدان بە شكڵگرتنی كۆمەڵگەی سیاسی كوردستانی دامەزراو لەسەر بناغەی هاوڵاتیبوون‌و وێناکردنێکی هاوبەشی بەرژەوەندی گشتی سەرو حیزبیی.

ئەگەر نا، لەگەڵ باوەڕبوون بە پێشمەرج و پێویستیەکانی كۆمەڵگەی سیاسی ، كە دامەزراوەی نیشتمانی یەكگرتوو، سەرەتای هاوڵاتێتی ئازادو یەکسان، ناسنامەی هاوبەشی نیشتیمانی، پێناسەكردنێكی یاسایی‌و دامەزراوەیی بەرژەوەندی گشتی‌و دەستورێكی سازان لەسەركراوی مەدەنی دەخوازێت، هیچ لۆژیكێكی تێدا نیە ، تاكو ئێستا مودێل و ڕۆڵ و پەیوەندییە حیزبییەكان بەم جۆرەی ئێستا بمێنێنەوە، کەلەڕووی زانستیەوە، بۆتە هۆی ئەوەی، تاکو ئێستاشی لەگەڵدا بێت، كۆمەڵگەی سیاسی كوردستانی باشوور‌و چوارچێوە‌و ناسنامە‌و ئەرك‌و بەرژەوەندی هاوبەش نەیەنەکایەوەو لە ئارادا نەبن.

 

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP