دواین هەواڵ

بیرەوەرییەكانی منداڵیم: لە ئەنفالەكانی بادینان بۆ كەمپی موش لە توركیا

‌نەوزاد هێتوتی

25/08/2023

قوناغی ھەشتەمی شالاوەكانی ئەنفال كە دوا قوناغی ھێرشی سەربازی رژێم بووە دژی كورد لە 25 ئابی 1988 دەستی پێكرد و لە 6 ئەیلولی 1988 كوتایی پێھات كە بەشێكی ھەرە زۆری ناوچە و گوندەكانی دەڤەری بادینان گرتەوە.

لەو پرۆسەیەدا ھێزەكانی بەعس بە پاڵپشتی راستەۆخۆی جاشەكان بە ھێزی پیادە و ئاسمانی بە بەكارھێنانی چەكی كیمیایی و گازی خەردەل ھێرشێكی سەرتاسەرییان كردە سەرەڤەری بادینان.

لەم ھێرشانەدا بە هەزاران خەلك شەهید و بێسەروشوێن بوون و گیران و، سەدان گوندی وێران بوون و دەیان وسەدان هەزار کەسیشی بەرەو سنوورەكانی توركیا و ئێران ئاوارە بوون.

گوندی ئێمەش یەكێك لەو گوندانە كە بەر شالاوەكانی ئەنفال كەوت . چەندە لە كاتی پرۆسەی ئەنفالكردنی بادینان سالی 1988 منداڵ بووم و تەمەنم 8-9 سال بووە. بەلام لە گەل ئەوەشدا ھەندێك شتم بە بیر دیتەوە. دیارە لەو كاتەدا، واتە لە ھەشتاكاندا خەڵكی گوندی ھێتوت پێشمەرگە بوون لە لقی یەك و بە كەسوكاریانەوە لە ناۆچەی ژێر دەسەلاتی پێشمەرگە دەژیان كە ئەو كات رژێمی بەعس پێ دەگوت (المناطق المحرمة). ئەو كات ئێمە لە ناوچەیەك بووین پێ دەگوترا شیڤیی كە دەكەویە پشت زنجیرەی چیایی مەتینا واتە پشت چیای دەرەچی و چیایی لینكی. ئەو ناوچەیە ناوچەیەكی زۆر سەخت، پر گەلی و چیا و ئەشكەوت بوو. شوێنەكی زۆر باش بوو بۆ ئەوەی خەڵك خۆیان لە ھێرش و پەلاماری فرۆكەكانی رژێم بپارێزین .

بێگومان ژیان لەو ناوچانە زۆر سەخت و زەحمەت بوو. چونكە ناوچەكە لە ژێر گەماروی رژێمدا بوو و دەستكەوتنی پێداویستییەكانی رۆژانە زۆر زەحمەت بوو. تەنانەت دەتوانم بێڵیم ژیان لەو ناوچانە وەك ژیانی خەڵكی سەردەمی بەردین بوو. چونكە ھیچ شتێكی لێ نەبوو. نە قوتابخانە ھەبوو، نە خەستەخانە ھەبوو. واتە بە كورتی ھیچ شتێكی لێ نەبوو و ناوچەیەكی تەواو داخراو بوو. خەلك ھەژار و نەدار بوون لە بن ئەو ئەشكەوت دار و بەردانە دەژیان و ھیچ كەسیش نەبوو پاڵپشتیان بكات. لەلایەك خەلك پێشمەرگە بوون بێ بەرامبەر و جارێ وا ھەبوو 6 مانگ چاوەی بە مالەكەی نەدەكەوت، لەلایەكی تریشەوە، بە سەد دەردو بەلا دەبوایە نانێكی بۆ مال و خیزانەكەی پەیدا بكردایە . بەراستیش ئەگەر مەسەلەكە كوردینی، كوردایەتی و كوردستان نەبوایە كەس موجبور نەبوو ئەو ھەموو سەختی و ھەژارییە قەبول بكات. بەڵكوو ئەوانیش وەكو زۆر خەلك دەھاتنە شارەكان كور و كچەكانیان لە قوتابخانە و زانكۆكانی موسل و بەغدا خەرێكی خوێندن و ژیانی تایبەتی خۆیان دەبوون. بەلام ئەو كات خەڵك پێ وابوو بو پرسێكی گرنگ خەبات دەكەن و پێیان وابوو روژێك دێت كوردستان ئازاد دەبێت و دونیاش دەبێتە شامی شەریف .

بەھەرحال ، سالی 1988 كاتێك پرسەی ئەنفال دەستی پێكرد ئەو كات چونكە مندال بووم، نەمدەمزانی بە دروستی چی روودەدات یان چی روونادەت. بویە وەك ھەر رۆژێكی ئاسایی لە گەل مندالەكانی ئەو كات خەرێكی یاری و مەلەوانی بووین. ئەو كات گەرەكی گەوەری ئاومان لە سەر رووبار درووست كرد بوو كە پێمان دەگوت (گەرا زێروو) لە وێ زۆربەی ھاوینان خەرێكی مەلە كردن بووین. ماوەیەك دیتمان خەڵكێكی زۆر دینە لایی ئێمە و دەرباز دەبن. لە راستی نەمدەزانی ئەم خەڵكە بوچی دێن و لێرەوە بەرەو كوێ دەچن. ئەو ھەلاتن و ئاوارە بوونە ماوەیی چەند ھەفتەییەك بەردەوام بوو. دیار بوو ئەوكات پرۆسەی ئەنفالەكان دەستی پێكرد بوو و خەڵك لە لای ئیمەوە بەرەو توركیا ئاوارە دەبوون. ماوەیەك پێ چوو بەرە بەرە ژمارەی ئەو خەلكە كەم بوو، تا وای لێھات ئێدی كەس نەما و بێ دەنگی بە تەواوەتی بالی بەسەر ناوچەكەمادا كێشا.

ئەوەی جێگەی سەیر و سەمەرە بوو ئەو ھەموو خەڵكە ئاوارە دەبوون، گوندی ئێمە نییەتی ئەوەی نەبوو یان بیری لەوە نە دەكرد دەبێت ھەرچی زووە ناوچەكەمان بەجێ بھێلێن بەرەو توركیا بچن. ئەمەش وەكو وابوو كە ئەسلەن ئەوان لە دەرەوەی پرۆسەی ئەنفالەكان بن. بەلام لە راستیدا مەسەلەكە پەیوەندی بە شتێكی دیكەوە ھەبوو. ئەو كات بەشێكی زۆر پێشمەرگەی ھێتوت لە واجبی پیشمەرگایەتی بوون لە گەلیێ رەشاڤە. دیار بوو خەڵكی گوندیش پێیان وابوو ئەگەر شتێك ھەبێت، ئەوان ئاگادارن و بە كەس و كاریان دەلێن. كەچی لە كوتاییدا ھاوكێشەكە پێچەوانە بوویەوە . ھەندێك لە خەڵكی گوند لە كوتاییدا ناچار بوون پێیان بێلێن فریایی خۆتان بكەن .

لە ھەشتاكان ئەو كات لە گوندی ھێتوت دوو مونەزمە پێشمەرگە ھەبوون . یەكیكیان مونەزمەی شەھید ئەحمەد ئادەم بووە كە كەرەم ھیتوتی بەرپرسی بووە و دوای شەھید بوونی، ماھر ھێتوتی دەبیتە بەرپرسی . ئەویتریان مونەزمەی ھندرین بوو كە خالم (رەفعەت تەھا) بەرپرسی بوو. دیار بوو لە بەر ئەوەی واجبی مونەزمەی ھندرین لە گەلیێ رەشاڤە بوو. ئەوان ئاگاداری جموجەلەكانی ھیزەكانی بەعس بوون و دەیانزانی لە ھەموو ميحوەرەكان ھێرشەی گەورە كراوتە سەر دەڤەری بادینان لەوانەش ئەو ناوچەوی ئەوان لێ بوون. بەلام ئەوان پێیان وابوو بەبێ فەرمانی لقی یەك سەنگەرەكان چول نەكەن. تەنانەت ئەوان بیریان لەوەش نەدەكرد كە ژیانی كەس و كاریان لە ژێر ھەرەشەدا و دەبێت فریای ئەوان بكەون. ھەروەھا، بەشیێكی تری پێشمەرگەكانی ھێتوت بریار بوو لە چیایی دەرەجی، چیایی لینكی خۆیان جێگیر بكەن. لە راستیدا ئەو بریارەش بریاریكی كەسێكی بووە واتە ھیچ لایەنێكی فەرمی یان حزبی پێیان نەگوتوبوو.

وەك ھەندیك كەس بو منیان گێرایەوە، ئەو پێشمەرگانەی واجیان لە گەلیێ رەشاڤە بوو و سوور بوون لە سەر ئەوەی دەبێت بە بریار ئەو میحوەرە چول بكەن. لەو سەرو بەندەدا پرسیاری ئەوە لای زۆربەی پێشمەرگەكان درووست كە گرنگە كەسێك (قاسیدێك) بنێرێن بۆ لقی یەك بۆ ئەوەی ھەم بزانن باردوخ چونە و ھەم بزانن چی بكەن و چی ناكەن و بەرچاویان روون بێت. بەتایبەت تا دەھات ھێرش و پرسەی ئەنفال نزیكی شیڤی و ناوچەكە دەبوون و مەترسی جدی ھەبوو كە ئەو خەڵكە كە بكەونە دەست رژێم و جاشەكان. بویە بریار دەدرێت ھونەرمەندی پیشمەرگە (تەھا توفیق كەریم ) بچێت سەرەدانی لق بكەت. تاكوو بزانن بریاری لق چییە. كاتێك دەچێت سەرەدانی لقی یەك دەكات دەبێنێت لقێكی چول و ھولە و یەك كەس تیدا نەماووە.

خالم بۆی گێرامەوە لە كاتی چونی تەنیا یەك كەسی لەو ناوچەكە دیتووە و پڕسیاری لێكردووە ئەرێ خێرە كوا لقی یەك. كابراش پێی گوت ھیچ كەسێك نەماووە و ھیچ لق و مق نەماون و ئێوەش فریای خۆتان بكەون. ئەویش بە پەلە دیتە گەلی رەشاڤە و ھەوالەكەیان پێ دەڵێت. ھاوكات لەو كاتەدا، لە گوندیش مامم شەھید زەعیم شكری براكەی (عارف شكری لە گەل كەسێكی تر ) رادەسپیریت بۆ ئەوەی بەپەلە ھەمان پەیام بگەھێنە ئەو پێشمەرگانەی كە لە گەلی رەشاڤە بوون. ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە بەبێ ئەوەی پێشمەرگە ئاگادار بكرین كە لە سەنگەرەكانی ھەرە پێشەوە بوون، لقی یەك و ھەموو ناوچەكە چول كرا بوون و ھیچ ھێزیكی تیدا نەمابوو. ئەمەش وایكرد زۆری نەما بوو ئەگەر لە ماوەی چەند كاتژمێرێكدا پێشمەرگە گەلی رەشاڤە پاشەكشەیان نەكردبا ھەموویان گەماروو دەدران و دەكەوتنە دەست ھێزەكانی رژیم.

ئەو كاتەی ھێزەكانی بەعس و جاشەكان بە پشتوانی توپە و تەیارە نزیك دەبنەوە و دەگەنە سەرێ چیایێ دەرەچی ، كێریێ سیارێ و چیای لینكی، و نزێك كانیین میرا، ھەموو پێشمەرگەكان دوای كشانەوەیان لە گەلی رەشاڤە لە گوندی ھیتوتا كەڤن لە گەل ئەوانی تر كە بە بریاری خۆیان بەتەمان بوون بچنە سەری دەرچی بە یەك گەیشتن . ئەو كات لە نێوان ئەوان و رژیم تەنیا دوو كیلومەتر دەبوو . واتە بە ئاسانی بردومان دەكران بە چەكی سوك و گران. سەرەتا بریار دەدەن عەمەلیاتێكی سەربازی دژی رژێم و جاشەكان بكەن. بەتایبەت لە ناوچەی (سەردولا، ھیتوتا كەڤن و كێلەرەشێ)، بەلام لە بەر ئەوەی ھیچ ھێزێكی تر لە ناوچەكە نەمابوو و بە تەواوەی دەڤەرەكە چوڵكرابوو. ھەروەھا، كەسوكاریان ھەرەشەی جیدیان لە سەر درووست ببوو كە بكەونە دەست رژێم و ژمارەیەك خەڵكی سیڤیل لەلایان بوون و ژمارەیەك برینداریش لە گەلیان بوون. پلانەكەیان دەگورن بەوەی بە ھانایی ئەو خەڵكەوە بچن ھەر ھیچ نەبێت یارمەتیان بدەن نەكەونە دەست جاشەكان.

وەك (غەنی ھێتوتی) بو من باس كرد كاتێك مالێكی ئاوارەی (ئامیدی یان بەرێ گارێ) لە گەلی رەشاڤە رێگەكەیان بزر دەكەن و دێن بو ھیتوتا كەڤن دەكەوێتە بەر ھێرشی و بردومان جاشەكان و رژێم، خیزانی ئەو مالە كەسێك بووە ئەگەر ھەلە نەبیت ناوی (سەید ئەحمەد) بووە. نزیكەی 8 پێشمەرگە لەوانە (غەنی، حەیدەر، داود و ئەحمەدی خازیكی، عەزیز تیلی، محمد ئەمین) بە ھانای ئەو مالەوە دەچن كە چەند بریندارێكیان ھەبوو و یەكێكیان كچ بوو كە دواتر گیانی لە دەست دەدات .

غەنی ھیتوتی چیرۆكی ئەو مالە بەو شێوەیە دەگێریتەوە: دیار بوو لە كاتی بردومانكردنەكەدا ئەندامانی ئەو خێزانە ھەندیكیان بریندار دەبن و لێك دادەبرن. بەلام بە ھۆی یارمەتی پیشمەرگە ھەموویان دبینەوە و رزگار دەكرین. یەكێك لەوانەی بە برینداری بەجێ ھێلرا بوو كچەكی ئەو مالە بوو. كاتێك بە یارمەتی پیشمەرگە ئەو كچە دووبارە پەیدا دەكەن و كچەكە باوكی دەبینیت بە باوكی دەلێت باوكە تو لێرەی و وامزانی ئێمەت بەجێ ھێشتووە. باوكی پێدەلێت بەلێ لێرەم و قەد تو بەجێ ناھێلم. دواتر كچەكە بە باوكی دەلێت ھەندێك برینم ھەیە و خوێنم پێدا دیتە خوار، دیار بوو برینەكەی زۆر سەخت بوو. دوای ماویەكی كەم دوای ئاو دەگات، بەلام پێش ئەوەی ئاوی بۆی بھێنن گیانی لە دەست دەدات. ئەو مالەش بەو خەموو و كارەساتە سەختەوە بە ھۆی نزیك بوونەوەی ھێزەكان بەعس و جاشەكان، تەرمەكەیان بەجێ دەھێلن. پێشمەرگەش تەرمەكە بە پەلە پەل ھەر لە (كێلە رەشی) بەخاك دەسپێرین و دواتریش یارمەتی ئەو خێزانەش دەدەن و دەربازی دەكەن.
ماویەتی.......

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP