دواین هەواڵ

لەنێوان ڕادەستكردنی نەوت و گەمژاندنی میدیادا

‌مەشخەڵ کەوڵۆسی

05/04/2023

ڕەنگە لەڕاستی دوورنەكەومەوە ئەگەر بڵێم: یەكێك لەكێشە هەرە سەرەكی و جومگەییەكانی كوردستان و كۆمەڵگەی كوردی پەیوەندی بەمیدیا و ئەو گوتارە میدیاییەوە هەیە كەلێوان لێوە لە پارادۆكسی سەیر و هیچ پەیوەندییەكی بە ئاسایشی دەرونیی هاووڵاتییان و ئاسایشی نەتەوەیی كوردستانەوە نیە.

میدیا لەسەرەتاوە تاكو كۆتایی، لەهەموو سێكتەر و پنتەكانیدا، پێویستی بەپێداچوونەوە هەیە، میدیاكارە هەرە شارەزاكانی كوردستان، پێویستیان بە سەرەتاییترین خول هەیە لەسەر داڕشتنی سیاسەت و زمانی ئیعلامی هاوتەریب و گونجاو لەگەڵ ئاسایشی نەتەوەیی و بەهاكانی كۆمەڵگە و ئاسایشی دەرونیی كورددا.

یاریكردن بە ئەقڵی خەڵك و گەمژاندنی وەرگرەكانی میدیا، بووەتە زەقترین نەریتی میدیایی و هیچ سنور و بەربەستێك نیە كە میدیاكان بگێڕێتەوە لەوەی دەست بۆ گەمژاندن نەبەن.

لەپرسی ڕێككەوتنی نەوت و لێكەوتەكانیدا، زەقتر لەهەر كایەیەكی تر، ئەم سیاسەتە میدیاییە لەبەربڵاوترین ئاستیدا پێڕەوكراو، مرۆڤ دەرچەیەك نابینێت بۆ ئەوەی داتایەكی دروست بەدەستبهێنێت.

لەكاتێكدا كورد لەتێكشكانێكی شارستانی ومێژوویدا تازە بەتازە هەڵدەستێتەوەو دەبێتە خاوەنی بڕیار لەسەر سامانی خاكەكەی خۆی، دەبینین میدیاكان ئیجحافێكی گەورە دەكەن و نایانەوێ لەو ڕاستییە تێبگەن كە بەتەنها هەوڵدانی بەغدا بۆ وەرگرتنی ئۆكەیی هەرێم لەسەر پرۆسەی نەوت، پێشكەوتنێكی مێژووییە بۆ دۆزی كورد، چونكە لەهەموو قۆناغەكانی تری مێژووی ئەم میللەتەدا، نابینرێت پرس بەكورد كرابێت لەسەر دۆسیەكانی تایبەت بەچارەنوسی خۆی! نەلەمێژووی ناوەڕاست و نەلەمێژووی هاوچەرخدا، هەمیشە كورد لە دەرەوەی ژوورەكان بووە.

لەو كاتەشەوە كە لە خاكی كوردستاندا نەوت دۆرزارەوەتەوە، تاكو ئەم چركەیە، هیچ كاتێك كورد نەپرسی پێكراوەو نەڕێككەوتنی لەگەڵدا كراوەو، نەئاگاداركراوە كە چۆن و كەی و بەچەند و بەكێ نەوتی خاكەكەی فرۆشراوە! ئەمە یەكەمجارە بەڕەزامەندی كورد نەوتی كوردستان دەربهێنرێت و بفرۆشرێت و داهاتەكەی بەناوی كورد خۆیەوەو، ڕادەستی كورد خۆی بكرێت!.

بەڵام میدیای كوردی ئەم هەموو خەسڵەتە نابینێت و، گەمژاندێكی سەیر و نا لۆژیكی پێڕەو دەكات و دەرخواردی شەقامی دەدات.

سەیرتر لەهەموو ئەوەی باسمكرد، میدیای كوردی تەنانەت ناگەڕێتەوە بۆ دەقی ڕێككەوتنەكە، كە بەهیچ شێوەیەك وشەی ڕادەستكردن " التسلیم"ی تێدانیە! نەلەدوور و نەلەنزیك، كەچی بەبێ هەبوونی هیچ سەنەدێكی لۆژیكی و بێ هیچ بەڵگەیەك، میدیای كوردی دەڵێت: ئیلا و بیلا هەر ڕادەستكردنە!.

ئەم كوێرە شەڕە لەگەڵ هەر شتێك بۆنی سەروەری كوردی لێ بێت، سەیرە و من پێم وایە قووڵترین گرێی دەرونییە كەلە میدیا و سیاسەتی میدیاییدا بەرهەم دەهێنرێتەوەو پرۆسەیەكی گەمژاندنی ترسناك دروستدەكات و ئامانجیش لێی بەهەڵەدابردنی خەڵك و چاوبەستكردنە لە جەماوەر.

كێشەی ئەو میدیایانە ئەوەیە تەنانەت جەماوەرەكەی خۆیشیان، بینەران و بیسەران و خوێنەرانی خۆیشیان، بەشایستەی ئەوە نازانن زانیاری دروستیان پێ بدەن! ئایا ئەمە بەڵایەكی گەورە نیە لەناو میدیای كوردیدا؟.

ئەگەر لە بەرپرسی یەكەم و سەرنوسەری ئەو میدیایانە بپرسین: لەكوێی ئەو ڕێككەوتنەدا وشەی ڕادەستكردن هاتووە! پاڵپشت بەكام بڕگەی ڕێككەوتنەكە ناوت لێناوە ڕادەستكردن؟ بێگومان هیچ وەڵامێك نیە و قڕوقەپ! .

ئەوەی كە ڕوویدا، ڕێككەوتنە، كورد گەشتۆتە ئاستێكی وا، داگیركەر ناتوانێت بەبێ ڕەزامەندی كورد بڕیار لەنەوتی خاكی كوردستان بدات. داگیركەر ناتوانێت كورد بێبەش بكات لەداهاتی نەوتی خاكەكەی خۆی.

كورد گەیشتۆتە ئاستێك، بازاڕی وزەی جیهانی ڕێك بەناوی" نەوتی كورد-نەوتی هەرێمی كوردستان" فشار دەكات و دەڵێت: بازاڕی وزە بەرگەی ڕاگرتنی نەوتی كوردستان ناگرێت و، ڕاگرتنی نەوتەكە لەبەرژەوەندی هیچ لایەكدا نیە!.

ئەگەر ئەوە دەستكەوت نەبێت، پێم وانیە لەهیچ گۆشەیەكەوە لە وشەی دەستكەوت تێگەیشتبین، ئەگەر بەزۆری زۆرداریش ناوی ڕێككەوتن بكەین بەڕادەستكردن، كەواتە نەلە ڕادەستكردن گەیشتووین، نەلە ڕێككەوتن.

بەڵام دواپرسیار ئەمەیە: ئایا ڕێككەوتنەكە هەمووی لەبەرژەوەندی و بەدڵی كوردە؟ بێگومان نەخێر!. ئەوەش لەگەڵ هەموو ڕێككەوتنەكانی مێژوودا دەگونجێت و، هیچ ڕێككەوتنێك نیە هەموو مەرج و خاڵەكانی بەدڵی لایەنێك بێت و لەدژی لایەنێكی تربێت.

بەڵام كەی میدیای كوردی بەم شێوە بابەتییە مامەڵە دەكات؟ الله أعلم. ڕەنگە بۆ تەمەنی من نەبێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP