دواین هەواڵ

نێچیرڤان بارزانی و بەغدا هیوایەک بۆ راستکردنەوەی پڕۆسەی سیاسی

‌فەرحان جەوهەر

29/11/2022

ساڵانێکە پڕۆسەی سیاسی عیراق لە ئاراستەکەی دەرچووە، بەتایبەتی دوای هاتنی داعش و ئەو جەنگە خوێناوییەی بەرپا کرا. جەنگ هەمیشە دەرفەتێکە بۆ تێکدانی دامەزراوەکان و پێشێلکردنی یاسا و دەستوور، بۆیە ئەگەر لە عیراق پێش هاتنی داعشیش پڕۆسەکە هەندێک لاوازی تێکەوتبێت، ئەوە دواتر هەنسکی بڕی و خستییە سەر لێواری نەمان.

دوای هەڵبژاردن و ئەو کێشانەی هاتنە پێش، ئێستا حکومەتێک پێکهاتووە، بەهەموو سەرنج و کەموکوڕییەکانیەوە، پشتگیریکردنی باشترە لە دەستبەرداربوونی.

هەر لەم سۆنگەیەوە، پێموایە، نێچیرڤان بارزانی پشتگیری خۆی و هەرێمی کوردستانی بۆ حکومەتی سوودانی زۆر بە ئاشکرا دەربڕیووە، چونکە بنیاتی سیاسی عیراق، بەرگەی گەڕێکی دیکەی شکانی پڕۆسەی سیاسی ناگرێت، بەتایبەتی لە بارودۆخێکی وەهادا، کە نەک هەر ئەم ناوچەیە، بەڵکو تەواوی جیهان لەسەر دەستی عێفریتە.

بۆشایی سیاسی و تێکچوونی بارودۆخی عیراق، لە بەرژەوەندی هەرێم نییە. سەرۆکی هەرێم دەیەوێت ئەم پەیامە بەڕوونی و راستی، بگەیەنێتە هەموو ئەو لایەنانەی لەگەڵیاندا کۆبۆتەوە، لە ساڵانی رابردووشدا بە ئەزموون سەلمێنراوە، تێکچوون و شکانی پڕۆسەی سیاسی و لاوازبوونی دامەزراوە دەستوورییەکان، زیانی زۆری لە هەرێم داوە، بۆیە ئەم چاوپێکەوتن و سەردانانەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، پڕۆسەی سیاسی و هاوبەشییەتی نێوان هەرێم و بەغدا، باشتر و بەهێزتر دەکات، ئەمەشیان لە بەرژەوەندی هەردوو لادایە، بەتایبەتی لە کاتێکی وەک ئێستادا، کە هەرێم رووبەڕووی شاڵاوێکی مەزن لە پێشێلکاری بۆتەوە و گەر بە عەقڵانی رووبەڕووی نەبینەوە، سەردەکێشێت بۆ دۆخێکی خراپتر.

ئێمە لە هەرێم، دەبێت هەندێک واقیعییانە دۆخەکە ببینین، نەک سۆزدارانە. راگرتنی پێشێلکارییەکانی سەروەری عیراق لەلایەن دراوسێکانەوە کە لە نێوانیاندا هەرێم کراوەتە ئامانج، لە توانای هەرێم و عیراقیشدا نییە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە هاوبەشی عیراق، دەتوانێت ئەم شاڵاوانە رابگرێت، لەمەشیاندا ئەبێت دیسان واقیعیی بین، چونکە
تێڕوانینی ئێمە و عیراق جیاوازە، ئەوان وەک ئێمە لە ژێر گوشاری سۆزی نەتەوەییدا نیین، رەنگە گەلێک لەوان، پێیانوابێت، ئەمە مافی ئەو وڵاتانەیە کە بەرگری لە ئاسایشی خۆیان دەکەن، بەتایبەتی بۆ وڵاتێکی وەک ئێران، کە پەیوەندییەکی قووڵی سیاسی و کولتووری و ئابووری و کۆمەڵایەتی، لەگەڵ پێکهاتەیەکی گەورەی پێکهێنەری سەرەکی حکومەتی ئێستای عیراقدا هەیە، بۆیە ئەبێت ئەم جیاوازییە لە تێڕوانین، بۆ پرسێکی وەها لەنێوان بەغدا و هەرێم بە ئاسایی وەربگرین، لەگەڵ ئەوەشدا دەرکردنی بەیاننامە و کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی بەرگری و ئاسایش، بە بەشداری نوێنەری هەرێم و بڕیاردان بە جێگیرکردنی هێزێکی پاسەوانی سنوور لە خاڵە سنوورییەکان، ئەگەر لەئێستاشدا بڕیارێکی نەکردەیی بێت، بەڵام خاڵێکی ئەرێنییە، هەروەها نوێ کردنەوەی لیژنەی ماددەی 140 و ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای نەوت و گاز و جێگیرکردنی بەشی هەرێم لە بودجەدا، بەرهەم و دەستکەوتی باشی ئەم سەردانانەی سەرۆکی هەرێمن بۆ بەغدا.

ئەو تێڕوانینە لۆژیکیەی نێچیرڤان بارزانی بۆ کۆی پرسەکانی عیراق و هەرێم و رێکخستنی پەیوەندییەکی باش لە نێوانمان، هاندەر و هۆکارێکی مەزنە بۆ سەرکەوتن و راستکردنەوەی پڕۆسەی سیاسی لە عیراق، بۆیە ئەگەر عیراقییەکان خوازیارن وڵاتێکیان هەبێت کە مرۆڤ تیایدا میحوەر بێت، مافی هاووڵاتیبوون بنەماو بنچینە بێت، ئەبێت کار بۆ سەرخستنی ئەو تێڕوانین و لۆژیکە سیاسییەی نێچیرڤان بارزانی لە هەموو عیراقدا بکەن، چونکە ئەو چۆن هەڵگری خەمی تاکێکی هەرێمە بۆ گەیشتن بە ژیانێکی باش، بەهەمان شێوە و ئەندازەش، خوازیارە تاکی عیراقی ژیانێکی شایستەی هەبێت.

لە هزرو بیری ئەودا دەوڵەت بۆ رەفاهیەتی هاونیشتمانییانە، نەک بۆ جەنگ و ماڵوێرانی گەلەکەی. بەدرێژایی هەشتا ساڵی رابردوو، دەوڵەت وەک کەرەستە و ئامرازی تێڕوانینی کورتبینانەی توێژێکی سەردەستە پێکهێنراوە، کە دواجار قازانجی بۆ خودی خۆشیان نەبووە.

لە بارەی چەمکی دەوڵەت لە عیراقدا، سەرۆکی هەرێم دەیەوێت کۆتایی بەم جۆرە بیرکردنەوە و تێڕوانینە ناعەقڵانی و نالۆژیکییانە بهێنێت، ئەمەش هاوکاری هەمووانی دەوێت و بە تەنیا کاری کەسێک نییە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP