دواین هەواڵ

ئەوەی ئاشتی رەتبکاتەوە شەر دەچنێتەوە

‌فەرحان جەوهەر

14/10/2023

ساڵانێکی زۆرە ئیسڕائیل ئاشتی لەگەڵ فەلەستینییەکان رەتدەکاتەوە، بەتایبەتی لەگەڵ رێکخراوی فەتح، بە سەرۆکایەتی هەردوو پیاوی ئاشتی خواز عەرەفاتی کۆچکردوو و مەحمود عەبباس سەرۆکی ئێستای فەتح. ئیسڕائیل گوێی بۆ هیچ بانگەوازێکی ئاشتی ناوخۆو نێودەوڵەتی شل نەکردووە، هەرکاتێک گفتوگۆیەکان گەرم دەبوون ئیسڕائیل نیشینگەی زیاتری بۆ جولەکەکان دروست دەکرد، تەنانەت گوێی بە نزیکترین هاوپەیمانی خۆیشی کە ئەمریکایە نەدەدا، رێکخراوی فەتحی ئەوەندە ریسوا کرد، تا دواجار رێکخراوێکی ئیسلامی تووندڕۆی وەک حەماسی بۆ پەیدابوو، لە ناوخۆشیدا حکومەتێکی تووندڕۆی ئایینی لەو حزب و کەسانە پێکهێنا، هیچ باوڕیان بە ئاشتی و دەوڵەتی فەڵەستینی نییە، بۆیە دەرەنجامەکەی ئێستا دەبینین، هەردوو گەلی فەلەستینی و یەهودی باجە قورسەکەی دەدەن.

ئەم جەنگەی ئێستا، بۆ هەردووکیان ماڵوێرانییە، زیاتریش بۆ ئیسڕائیل، چونکە ئەزموونی گەلان پێمان دەڵێت: جگە لە ئاشتی کێشەی هیچ نەتەوەیەک، بە شەڕو کوشتار چارەسەر ناکرێت، ئەو هێز و عەقڵە تووندڕۆییەی وای لە ئیسڕائیل کردبوو، ملل بۆ ئاشتی نەدات و هیچ حسابێک بۆ فەلەستینییەکان نەکات، ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر دەستەو پاچەیە، بەرامبەر ئەو شکستەی لەسەر دەستی رێکخراوێکی وەک حەماس خواردی، راستە بەشێکی زۆر لەو کردەوانەی چەکدارەکانی حەماس دژ بە ئیسڕائیلییەکان ئەنجامیداون، تاوانی تیڕۆرستین، بەڵام دوای هێرشەکەی ئیسڕائیل بۆ سەر کەرتی غەززەو ئەو گەماڕۆ ئابوورییەی خستوویەتییە سەری، چیدی ئیسڕائیل وەک قوربانی سەیرناکرێت، رای گشتی جیهان لەگەڵ هاووڵاتیانی غەززەدا هاوسۆز دەبن.

ئەم هێرشەی حەماس بەرەنجامی ژانێکی دوورو درێژی فەلەستیینەکان و ناوچەکەشە بەگشتی، چونکە ماوەیەکی زۆرە ئاوسە، بە ململانییەکی گەورەی نێوان ئێران و ئیسڕائیل، هەر دەبوو بە شێوەیەک لە شێوەکان بتەقێتەوە، چونکە وەک لەسەرەوە باسمکرد، ئیسڕائیل سەت و یەک هۆکاری بەدەستەوەدا، بۆ تەقینەوەی جەنگێکی وا، دیاریش نییە، زوو لێیدەربچێت، ئەم هێرشەی حەماس کێشەی فەلەستینی زیندوو کردووە، ناتانیاهۆ و حکومەتە تووندڕۆیەکەی، هەموو هیوایان لە سەر هێز هەڵچنی بوو، بێ ئەوەی گوێ بە رەوایەتی مەسەلەی فەلەستین بدەن، پێموایە دوای ئەو هێرشەی حەماس، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، باشتر بە دوای چارەسەرێک بۆ کێشەی فەلەستین دەگەڕێت، دوور لە حەماس، وانەی دوای ئەم جەنگەش ئەوە دەبێت، هیچ کاتێک هێز ناتوانێت تاسەر مەسەلەیەکی رەوا کپ بکات، تووندرۆیی هەر بیرو باوڕێک یا ئاین و ئاینزایەک بێت، دواجار هەرشکست دێنێت.

ئەمریکا لەهەوڵی جدیدایە بۆ ئەوەی، ئەم جەنگە فراوان نەبێت، چونکە لە بارودۆخی ئاڵۆزی ئیستای جیهان، ئەمریکا بە چەندین کێشەی تری وەک شەڕی ئۆکرانیا و ململانێی چین دەرگیرە، نایەوێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بەرەیەکی فراوانی لێ بکرێتەوە، بەتایبەتی کێشەیەکی هەستیاری وەک فەلەستین و ئیسڕائیل کە چەندین رەهەندی مێژووی سیاسی ئابووری ئایینی هەیە، بەدرێژبوونی جەنگەکەو فراوان بوونی، ئەمریکا بێ لایەنبوونی خۆی لەدەستدەات، لەو کاتەشدا هاو پەیمانە میانڕوەکانیشی دەکەونە ژێر گوشارو شەرمەزار دەبن.

ئەوەی بۆ ئێمە وەک هەرێمی کوردستان گرنگە لەم کاتەدا، بێلایەنبوونە لەم کێشەیەدا، بەڵام رەوایەتی کێشەی فەلەستینییەکان بۆ مافی خۆیان لە دروستکردنی دەوڵەت، وەک نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە دیداری مێری لە هەولێر باسی کرد، دەبێت یەک لە بنەما نەگۆڕەکانی بیرو هەڵوێستمان بێت.


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP