دواین هەواڵ

كۆماری ئیسلامی ئێران بەزۆر سەپاندنی حجابی لە كوێوە هێناوە؟

‌عەبدوڵا ڕێشاوی

18/09/2022

من رێز لە یاساكانی كۆماری ئیسلامی و هەر وڵاتێك دەگرم، بەڵام ئەگەر كۆماری ئیسلامی ئێران بە زۆر سەپاندنی حجاب وەك فەرمانێكی ئاینیی جێبەجێ دەكات ئەوا با پێمانبڵێ ئەم دەستور و زۆرە ملێیەی لەكوێوە هێناوە ؟ ئەگەر لەدەقەكانی قورئان و سوننەتەوە هێناویەتی با بیخاتە ڕو ؟

ئەگەر لە نەریتی حكومەت و دەوڵەتە ئیسلامیەكانەوە لە مێژودا هێناویەتی قەینا ئەوەش با تەرحی بێ و ئەوەشمان بۆ بخاتە ڕو ؟ لە ڕاسیا من نازانم كۆماری ئیسلامی ئێران ئەم بە زۆر سەپاندنی حیجابەی لەكوێوە هێناوە؟

هیچ كات وەزیفەی حكومەتی ئیسلامی نەبوە دەخاڵەت لە ئازادیە شەخسیەكانی هاوڵاتیاندا بكات مێژوی دەوڵەتی ئیسلام پڕیەتی لە مرۆڤی فاسق و فاجرو بێ دین و نالملتەزم و هیچ كات دەوڵەت ڕێوشوێنێكی تایبەتی بۆ گرتن و ڕاوە دونانی ئەمانە نەگرتۆتە بەر.

وەزیفەی حكومەتی ئیسلامی وەك هەر حكومەتێكی تر وەزیفەیەكی زەمەنیی و دنیاییە پەیوەستیەكی نیە بەحەشرو حسابی خەڵكەوە، خۆ ئەگەر وابێ ئیتر كەواتە حەشرو حسابی قیامەت بۆچیە؟

حجابی زۆرە ملێ بەشێكە لە قانونی ئەساسی جمهوری ئیسلامی بەمەش پەیڕەو كردن یانەكردن لەو یاسایە شكاندن و نەشكاندنی قانونی ئەو وڵاتەیە نەك جێبەجێكردن یا پشتگوێ خستنی فەرمانی ئیلاهی، بیرمان نەچێ هەر شتێ بوە قانون ئیتر قانونە نەشتێكی تر بۆ نمونە ئەگەر تۆ لە دەوڵەتدا تەوقەكردنت كردە یاسا ئیتر ئەوكات تەوقەنەكردن جێبەجێ نەكردنی یاسایە نەك شكاندنی فۆرمێكی ئەخلاقی و مەرجیش نیە هەمیشە یاسا ئەخلاقی و ئینسانی بێت.

ئێستا تەحەدای حجاب بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران بوەتە تەحەدای قانون نەك دین، بۆیە كۆماری ئیسلامی وەك چۆن لە تێپەڕاندنی ترافیكی سور دەپێچێتەوە هەر ئاواش لە لابردنی روسەری دەپێچێتەوە ئەمەش هەڵەیەكە حكومەتە تۆتالیتارو شمولیەكان بە ئیسلامی و نائیسلامیەوە تێی ئەكەون كاتێك جیاوازیی ناكەن لەنێوان ئازادیە شەخسیەكان و ئازادیە گشتیەكان

حكومەتی ئیسلامی و هەر حكومەتێكی دیكەش بۆی نیە تەدەخول لە ئموری شەخسی و ئازادی تاكەكەس بكات ئەركی حكومەت دیاری كراوەو پەیوەستە بە فەزای گشتیەوە دابینكردنی رەفابیەت و ژیانی شایستەو عەدالەتی كۆمەڵایەتیە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP