گەندەڵی كردەیەكی كۆنە و لە مێژە مرۆڤایەتی كاری لەسەركردووە، بە هەموو بەهەدار دانێكی سامانی گشتی كە لەلایەن كەسێكەوە لە هەر بوارێكی دارایی، كارگێڕی، ئیداری وتەندروستیدا و هتد....پێیدەوترێت گەندەڵی بە پێی پێناسەی بانكی نێودەوڵەتی.
بە كورتی سەقامگیری، گەشەكردن، خۆشگوزەرانی دەتوانرێت بهێنرێتە دی ئەگەر بتوانرێت سیستەمێك دابڕژێت و كاری پێیكرێت، ڕێگە لە هەموو جۆرە بەهەدەر دانێك بگرێت لە هەموو بوارەكانی بەڕێوەبردنی دەوڵەتداری و كارگێڕیدا، گەندەڵی زۆرجۆری هەیە، هەر لە گەندەڵی دارایی و یاسای و كارگێڕی هەڵبژاردن و هتد..
لێرەدا باسی ئابوری ئەكەین چونكە ئابوریناسان لەو بڕوایەدان كە گەندەڵی لە50 % ئابوری لە ناو ئەبات، ئەمەش وایكردوە گەندەڵكاران و بەرپرسان بەشی زۆری داهات ببەن خەڵكە زۆرەكەش زیانی گەورەیان پێبگات.
ئەوەی كە زۆر گرنگە كێشەی ئابوریە كە بەزمانێكی سادە خەڵك چۆن بتوانێت پاروە نانی خۆی پەیدا بكات لە دۆخێكی سەقامگیردا، لە كاتێكدا كە سەرۆكی یەكێتی بانگەوازی ئەوە ئەكات كەلە هەموو لایەكەوە سزا ئەدرێێت ناوچەكەی ژیر دەسەڵاتی خۆی ناتوانێت خۆ بژێنێت.
بە پێێ دەستوری عێراق و وە یاسا كارپێكراوەكانی هەرێمیش مافەكانی هاوڵاتیانی دیاریكراوە، كە دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان بەرپرسیارە لە دەستەبەركردنی شوێنی حەوانەوە و نیشتەجێبوون دابینكردنی دەرفەتی كاركردن كە بەلایەنی كەم هاوڵاتیان بتوانن بەسەربەرزی و كەرامەتەوە بژین، بەڵام لە كاتێكدا گەورە بەرپرسانی ئەم زۆنە كە زۆربەیان بە چەندین دۆنم زەوی یان چەندین پارچە زەوی داگیركردوە و فرۆشتویەتی لە ڕێگای دەڵالە دزەكانیانەوە، بە ملوێنان دۆلاریان كۆكردۆتەوە، بەهۆیەوە مافی بەشێكی زۆری هاوڵاتیانی ئەم ناوچەیە خوراوە بەپێی ئەم دەستورە، ئەوەی گرنگە كاتێك كە خێزانەكان ئەبن بە خاوەنی شوێنی ژیانی خۆیان لەو كاتەوە گەشەكردنی خێزان و كۆمەڵگا دەستپێدەكات و داهێنان و بازرگانی بەرەو پێشەوە ئەڕوات كە خێزانەكان بەبێ گرفت دەتوانن بیر بكەنەوەو منداڵەكانیان پەروەردەبكەن ئەوە بیرۆكەی (لی كوان یو) كە دامەزرێنەری دەوڵەتی سەنگاپورەیە، كە ووڵاتەكەی لە جیهانی سێهەمەوە گۆڕی بۆجیهانی یەكەم.
ئەوەی كە ئەبێت سەرنجی سەرۆكی یەكیتی نیشتمانی رابكێشیت، ئەو خەڵكە درۆزن و دوو ڕوانە بێت كە ئاڵاكەی یەكێتی نیشتمانی لە گەڵ وێنەیەكی (مام جلال) لە پشتی سەری خۆیانەوە داناوە لە ژیر ئاڵاو وێنەكەدا بوون بەخاوەنی ملیونان دۆلارخەریكی داگیركردن و خواردنی مافی هاوڵاتیانی وڵاتەكەن.
ئەمەش نیشانەی خراپ بەڕیوەبردنی بەرپرسەكانی یەكێتی یە كە چۆن ئەم ناوچەیان وێرانكردوە بۆیە ئەگەر سەرۆكی یەكێتی ئەیەوێت ئەم پاكسازیە بكات ئەبێت لە پێشەوە ئەم دزەگەورانە سزا بدات كە مافی هاوڵاتیانی ئەم ناوچەیە ئەخۆن كە بەدەستور و یاساكانی هەرێم دیاریكراوە، چونكە (لی كوان یو) كە بە چامپێۆنی نەهێشتنی گەندەڵی و دامەزرێنەری دەوڵەتی (سەنگاپورە )دادەنرێت، لە ووتە بەناوبانگەكەیدا ئەڵێت: (نەهێشتنی گەندەڵی وەك پاكردنەوەی قادرمە وایە ئەبێت لە سەرەوە دەستپێبكەیت بۆ خوارەوە).
بۆ ئەوەی بەتەواوی پاكبكرێتەوە، بۆیە ئەگەر دزە گەورەكان نەگیرێن ئەوا پڕۆسەی نە هێشتنی گەندەڵی و خواردنی مافی هاوڵاتیان هەربەردەوام ئەبیت هیچ چارەسەر نابێت، ئەو كاتە پەندەكەی ناوچەی گەرمیانمان دێنێتەوە یاد كە ئەڵێت (ئەژدیها فیشكە فیشكیەتی بەڵام شەڕیەتی لەگەڵ مـارمێلكەیەكدا) هەروەها ئەو مافیانەی كە بەهۆی سەرانە وەرگرتنەوە وە بەرهێنەران و بازرگانانی ئەم شارەیان ڕاونا بونەتە هۆی بێزاری خەڵكی ناوچەكە و نەڕەخساندنی هەلی كارو ژمارەی بەتاڵە ڕۆژ بەڕۆژ زیادبكات و گەنجانی ناوچەكە ووڵات بەجێبهێڵن، پێویستە سەرۆكی یەكێتی لێپرسینەوەی یاسایانەیان لەگەڵدا بكات، چونكە بەدەستور و یاساكانی هەرێم دەبێت مسۆگەركردنی یەكسانی بۆ هەموو هاوڵاتیانی هەرێم بەرامبەر یاسا.
ئەو دزانەی كە موڵكی گشتیان خواردەوە پیویستە لێیان وەربگیرێتەوە جارێكی تر دابەشبكرێتەوە بە شیوەیەكی دادپەروارانە بەسەر خەڵكی ناوچەكەدا و سەروەت و سامەنەكەیان بگەڕیتەوە بۆ خەزێنەی گشتی و نەك خەزێنەی سەرۆكی یەكێتی، چونكە ئەوە موڵكی گشتیە، نەك موڵكی سەرۆكی یەكێتی، بكرێت بە پڕۆژەی خزمەتگوزاری وەبەرهێنان لە ناوچەكەدا تا هەلی كار بڕەخسێنیت.
بۆیە هەر بەپێی دەستوری عیراق و یاسابەكاربەكارەنی هەرێم ئەبێت هەموو كەسێك بەرامبەر یاسا وەك یەك لێپرسینەوە ی لە گەڵدا بكرێت ئەمەش مافی هەموو تاكێكی ئەم كۆمەڵگەیە، بۆیە بەرامبەر بە یاسا مافی هاوڵاتیان وەربگرەوە لە تاوان باران و مافیاكان بۆ خەڵكی ناوچەكە كە بەشخوراون لە هەموو شتێكدا.