دواین هەواڵ

چۆن ئۆجەلان دەوڵەتی كوردی لەناودەبات؟

‌کوردستان ئەحمەد

12/08/2022

ئێمە كاتێك لە دوورەوە سەیری هاوكێشەكەمان دەكرد و دەمانڕوانیە باكوری كوردستان یەكسەر ئەو دێڕە دەهاتەوە بەرگوێمان كە لە میدیاكانی پەكەكەوە لەو پەڕی دونیاوە دەمانبیست كە دەیانگوت، ئۆجەلان موخاتەبی كێشەی كوردە، ئیمراڵی چارەسەرە و دەوڵەت نەتەوە ئیتر بەسەر چووە و ٥ هەزار ساڵە مرۆڤ لەژێر هەژموونی دەوڵەت نەتەوەدا  ئازار دەچێژێت.
ئەو رستانە بەشێوەیەك بوون كە ئەنكەرەش باوەڕی بەوە هێنابوو كە ئۆجەلان تاكە رێگە چارەیەكی راستەقینەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد لە توركیا، ئێستا ئیدی كاتی ئەوەیە كە بەوردی لەو گرفتە بكۆڵینەوە ئایا كورد لە توركیا كێشەی چییە و چی دەوێت؟

كێشەی كورد لە توركیا چییە؟
كوردەكانی توركیا بەنزیكەی ٢٥ ملیۆن دەبن، كاتێك پەكەكە لە لایەن ئۆجەلانەوە دامەزرا بیر لەوە كرایەوە كە پارتێكی سیاسی كوردی لە باكوری كوردستان بەبێ چەك دروستبكرێت بۆ ئەوەی بەشداربێت لە كایەی سیاسی لە ناو خودی توركیادا، كە ئەوە زۆر كەس بە سیاسەتێكی عاقڵانەی ئۆجەلانی ناوبرد، كە لەراستیدا هەڵەیەكی كوشندەیە، چۆن تۆ باوەڕیت بەوە هەیە تۆ لە وڵاتێكدا دەژیت كە دژی تۆیە و ناتیەوێت، بەڵام ئەبیتە بەشێك لە كایە سیاسیەكانی و دەچیتە ناو پەڕلەمانەكەی، ئەگەر لە بنچینەدا باوەڕت بە ئەوە هەیە كە تۆ داگیركراویت.
بەڵام ئەگەر تۆزێك بگەرێتەوە بۆ نوسینەكانی ئۆجەلان ئەوا تێدەگەیت كە ئۆجەلان لە دروستكردنی پارتە سیاسیە بێ چەكەكەی بۆ توركیا كارێكی دروستی كرد، چونكە ئۆجەلان هەرگیز پێی وانییە كە كورد لە توركیا داگیركراوە و هەروەها هەرگیزیش نەیویستووە ئەو لە هاوكێشەی سیاسی توركیا ببێتە دەرەوە و داوای سەربەخۆی بكات، چونكە ئۆجەلان باوەڕی بە دیموكراتیزەكردنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و ئەوەی لە خەیاڵیدا نەبێت خەباتی كوردە بۆ سەربەخۆی لە توركیادا.

كاتێكیش پارتە سیاسییە كوردیەكە لە توركیا دامەزرا، هەندێك دەیانگوت ئۆجەلان دوو كاری زۆر گرنكی كرد، یەكەم  بە هەموو جیهانی گوت كە كورد نایەوێت لە توركیا جیاببێتەوە ئەگەر نا بۆ بەشێكە لە كایەی سیاسی توركیا.

دووەمیش، ئەوەی كە ئەو بەڕاستی بەم كارەی توانی ئەو كوردە توندئاژۆلیستە ناسیۆنالیزمانە بەئاسانی كۆنترۆڵ بكات و بیانخاتە ژێر ركێفی حزبەكەی خۆی و دواتریش رادەستی زیندانەكانی توركیای بكات.

كێشەی راستەقینەی كورد لە توركیا لە ماوەی دوو سەدەی رابردوودا گۆرانكاری بەسەردا هاتووە  لە مافی چارەی خۆنوسین و ئازادییەوە گۆڕدراوە بۆ ئازادی ئۆجەلان، ئەوەش پرسیارێكی زۆر گرنگە كە ئایا بۆچی بەو شێوەیە كورد داوای شتێكی دیكە دەكات لە نیشتیمانەكەی خۆیدا.

ئایا بەراستی ئۆجەلان هێندە گرنگە لەمافی چارەی خۆنوسینەوە بگردرێت بۆ ئازای بۆ ئۆجەلان؟
كورد لە توركیا داوای هەرێمێكی سەربەخۆ دەكات وەك ئۆتۆنۆمی یان نوسین و خوێندن و قسەكردن بەزمانی دایك و هەروەها مافی چارەی خۆنوسین، ئەوە ئەو مافانەیە كە گەلێكی داگیركراوی ٤٥ ملیۆنی لە توركیا دەیەوێت بەدەستی بهێنێت، بەڵام دوای دامەزراندین پەكەكە ئیدی ئەو خەونانە دەگۆڕێن و شتانێكی نوێ دێنە پێش كە لە خەونی هیچ كوردێكدا نەبووە.

پەكەكە كوردبوون لە گۆڕدەنێت
دوای دامەزراندنی پەكەكە ئیدی گەلی كورد لە توركیا چووە قۆناغێكی نوێوە، پەكەكە بەبیروباوەڕێكی چەپانە ناسیۆنالیزمانە بیردەكاتەوە لە دەیەی یەكەمی دامەزراندنیەوە چونكە ئەو دەمە ئۆجەلان وەك قوتابیەكی زانكۆ كاریگەر دەبێت بەبیری ماركسیزم و دواتریش و لەدەیەی دووەمی تەمەنی ئەم حزبەدا ئۆجەلان بیرە چەپیەكەی موتوربە دەكات بە هەندێك بیركردنەوەی خۆیەوە و لە پرسی دەوڵەتی نەتەوەییەوە بۆ خۆبەڕێوەبەری و پێكەوەژیانی گەلان بیركردنەوەكانی دەگۆڕێت، هەرچەندە بەئاسانی سەركردەكانی ئەو دەمەی پەكەكە ئەمە قبوڵناكەن بەڵام دواجار لە ئەنجامی نەبوونی چارەسەرێكدا ئەوە قبوڵ دەكەن چونكە ئەو دەمە ئەگەر بەگوێی ئۆجەلان نەكرایە ئەوا دەبوایە چەك تەسیلیم بكەن و بمرن.

لە دەیەی كۆتایدا پەكەكە ئیدی لە بیروباوەڕی ناسیۆنالیزمی چەپگەرای و نەتەوە پەرستییەوە روودەكاتە بیرێكی ئازاد و دژی چەمكی دەوڵەت دەجەنگێت ئەو چەمكەی كە خودی حزبەكە خۆی بۆی دامەزرابوو، ئۆجەلان لە تەلەبەیەكی سەرسەخت و دەروێشێكی راستەقینەی ماركسەوە خۆی وەك ركابەرێكی ماركس دەبینێت و دەستدەكات بە دانانی مانیفستۆی نوسینی تایبەت بەخۆی سەبارەت بە كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەو كەباوەڕی تەواوی بە پرسی دەوڵەتی كوردی هەبوو ئێستا بەتەواوەتی دژی چەمكی دەوڵەت نەتەوەیە و نایەوێت نەتەوەكەی هەرگیز دەوڵەتێكی هەبێت چونكە پێی وایە دەوڵت ناتوانێت كێشەكانی كورد چارەسەر بكات.

پرۆسەی ئاشتی و بەپاڵەوان بوونی ئۆجەلان
كاتێك پرسی ئاشتی لە باكوری كوردستان و توركیا جوڵێنرا،ئۆجەلان ئەو هەلەی قۆستەوە كە ئەو لە ئیمراڵیەوە وەك فریشتەی رزگاری خوازی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەربكەوێت و ببێتە فەیلەسوفێكی نوێ،هەر سەرەتاش نیازپاكی خۆی بۆ دەوڵەتی توركیا نیشاندا كە گوتی ئەو هەرگیز نایەوێت توركیا داەش ببێت و دەیەوێت  هەموو گەلانی ناوچەكە بە ئاسوودەی پێكەوە بژین و لەناو خاك و ئاوی خۆیاندا بەئاسودەی ژیان بكەن و پێكەوە وەك دوو سێ گەل دیموكراسیانە ژیان بكەن.

ئەوە دەروازەیەكی گرنگ بوو بۆ ئەوەی توركیا و شوێنكەوتوانی پەكەكە پشت لە بیری ناسیۆنالیزمانەی كوردی بكەن لە باكوری كوردستان و شتێك نەبێت بەناوی خەونی دەوڵەتەوە چونكە ئەوە هەم خواستی توركیایە هەمیش خواستی ئۆجەلانیشە و گەلیش بەناچاری قبوڵی دەكات، چونكە شوێن قسەی پاڵەوانەكەیان كەوتوون كە لەزیندانە و ئێستاش ئەو پاڵەوانە فریویداون بەوەی كە زیاتر لە دوو دەیەیە كار لەسەر ئەوەدەكات كە كورد دور بكەوێتەوە لە خەونی دەوڵەتێكی نەتەوەی كە زۆرێك لە كوردەكان خەونی پێوەدەبینن و بۆی خوێنیان رشتووە.

ئەم پرۆسەیە بەهاوكاری توركیا و میدیا و جیهان و لایەنگرانی پەكەكە و هەروەها پارتە سیاسیەكانی كورد لە باكوری كوردستان توانی ئۆجەلان بكاتە پاڵەوانێكی گەورەو وەهای نیشان بدات كە ئۆجەلان تاكە چارەسەری كێشەی كوردە، وەهای لێهاتبوو ئەنكەرە و قەندیل و تەنانەت واشنت و پاریسیش چاوەرێی نامەیەكی ئۆجەلان بوون، ئەویش دەمەو ئێوارەیەكی هەینی لە پەرەكی كورتدا نامەیەكی دەنوسی و دەیگوت من پێتان دەڵێم چی بكەن، من دەمەوێت جیان لە ئاشتیدا بێت گەلان دیموكراسیانە بەدەوری سفرەی توركیادا بسوڕێنەوە و خێر و بێری ئەو وڵاتە بخۆن توركەكان بەتوركی و كوردەكان بە كوردی قسەبكەن و ئەوانی دیكەش هەروەها.

بەو شێوەیە ئۆجەلان بووە پاڵەوانێكی گەورە و گەل هەڵخەڵەتێنرا و خەونی دەوڵەت گۆڕدرا بۆ خەونی ئازادبوونی چۆلەكەیەكی یاخی لە زیندانێكی دورە دەست لە دورگەكانی ئیمراڵی، دوا بەدوای ئەوە قەندیل و ئامەد هەنگاوێكیان نەدەنا بەبێ ئیمراڵی بەو شێوەیە پاڵەوانێك لە نێو زیندانێكدا لەو پەڕی كەناراوەكاندا دەركەوت و گەلێكی ٢٥ ملیۆنیش لە توركیا بوو بە قوربانی بیركردنەوە تاكرەوییەكانی پیاوێكی بەتەمەن لە زیندانێكی دورە دەستدا.

توركیا پاڵەوانەكە بێدەنگ دەكات
لەگەڵ ئەوەی ئۆجەلان لە ئیمراڵی بووبوو بە پاڵەوانێكی گەورە، بەهاوكاری دەوڵەتی توركیا و میدیاكان و هەروەها سیاسەتی تایبەتی خۆی بۆ بوون بە پاڵەوان لە ئیمراڵیەوە،توركیا هەستی دەكرد ئیدی گەل گوێ لەكەس ناگرێ ئیمراڵی نەبێت، قەندیل هیچ ناكات تا ئیمراڵی قسەنەكات، گەل لە باكور چاوەڕێی قسەی ئیمراڵین، بەجۆرێكی لێهاتبوو كە ئیمراڵی بریاری سەرەتاو كۆتای لە توركیا دەدا، توركەكان خۆیان ئەو پاڵەوانەیان دروستكرد، هەر زوش هەستیان كرد كە پاڵەوانەكە خەریكە لەدەستیان دەردەچێت و یارگاكە كۆنترۆڵدەكات.

بەم جۆرە كارلەسەر ئەوە كرا كە ئەم پاڵەوانە بێدەنگ بكرێت و ئیدی شتێك نەمێنێتەوە بەناوی ئۆجەلان و ئیمراڵی و كێشەی كورد، ئۆجەلان كاری خۆی كردبوو، توركیاش ئامانجی خۆی پێكابوو بەو كارە، بەڵام ئامانجە هەرە راستیەكە ئەوەی كە دەبێت پاڵەوانەكەش بێدەنگ بكرێت، كاتێكیش بێدەنگ كرا ملیۆنان كەس هاتنە سەر شەقامەكان .

من نازانم پەكەكە بۆدەتوانێت لە ئامەند و برۆكسل ملیۆنان كەس كۆبكاتەوە و هاواری ئازادی ئۆجەلان بكەن، بەس ناتوانن نیوملۆن كۆبكەنەوە بۆ ئەوەی هاواری ئازادی كوردستان و دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان بكەن؟
من نازانم بۆ گەلێكی ٢٥ ملیۆنی گوێ لە پیاوێكی پیردەگرێت كە ٣٠ ساڵی رێك كاری كرد بۆ ئەوەی گەلەكەی پشت لە مافی چارەی خۆنوسین بگات و رووبكاتە ئازادی ئەو؟

ئۆجەلان لە ئیمراڵیەوە میلۆنان كەسی لە بیركردنەوەی نیشتیمانیانە دورخستەوە وەهای لێهات شەرمیان لە دەوڵەتی كوردستان لە مەهاباد دەكرد، هەموو شتێك بوو بە ئیمراڵی ئیدی ئۆجەلان وەك خوایەكی نەبینراو حوكمی دەكرد.

ئەمەزیانێكی گەورەی بۆ توركیا هەبو، هەموو كارێكیان دەكرد بۆ لەناوبردنی ئەو پاڵەوانە باشترین كاریش دروستكردنی پاڵەوانێكی دیكەبوو، بەم جۆرە توركیا دوو ئامانجی گەورەی دەپێكا، هەم گەل لە ئیمراڵی دوردەكەوتەوە، هەمیش قەندیل نەیدەتوانی هێندە بڕیار لەباكوری كوردستان بدات.

دەمیرتاش ئۆجەلان دەسڕێتەوە
ئەو پاڵەوانەی كە قەراربوو ببێتە شوێنگرەوەی ئۆجەلان سەلاحەدین دەمیرتاش بوو، چونكە هەم كاریزمایەكی هەبوو هەمیش لە بنەماڵە گەورەكانی باكوری كوردستان بوو هەمیش سیاسیەكی رێك و پێك بوو، وردە وردە دەمیرتاشیان نزیك كردەوە لەوەی كەببێتە سەرۆكێكی باش و گەورە، میت و دەوڵةت لەگەڵی دانیشتن پێكەوە هەندێک كاریان كرد كە وردە وردە تەركیزی گەل لەسەر ئیمراڵی و ئۆجەلان نەمێنێت و وردە وردە رووبكاتە دەمیرتاش، لە كۆتایشدا هەر بەو شێوەیە دەرچوو كە توركیا دەیویست، دوای ئەنجامدانی چەند كارێكی گرنگ لەلایەن دەمیرتاشەوە گەل پشتی لە ئۆجەلان كرد ئیدی وردە وردە بێدەنگ كرا لەزیندان.

ئەم كارە هەم قەندیلی بێدەنگ كرد، هەمیش ئۆجەلانی بێدەنگ كرد، لەراستیدا پلانەكەی میت بۆ لابردنی پاڵەوانەكە كاریخۆی كرد، بۆ ئەوەی بزانن كە كارەكەیان سەركەوتوو بووە، سەلاحەدین دەمیرتاشیان بەرەو زیندان بەڕێكرد، ئەو كارەش گرنگیەكی گەورەی هەبوو بۆ توركیا، چونكە هەم پاڵەوانێكی نوێیە بۆ شوێنی پاڵەوانە كۆنەكە كە ئۆجەلانە ئەمیش پەیامێك بوو بۆ سیاسییەكانی كورد كە بەڵێ هەركەس بیەوێت ببێتە پاڵەوان ئێمە زیندانمان هەیە بۆ ئەویش.

كە سەلاحەدین دەمیرتاش گیرا، جارێكی دیكە گەل لەباكوری كوردستان و ئەوروپا رژانە سەر شەقامەكان، داوای ئازادكردنی دەمیرتاشیان دەكرد، ئیدی ئەو گەلە ٤٠ ملیۆنەی كە داوای دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی دەكرد لەو داواكارییە قورسەوە هاتە سەر داواكاری رزگاركردنی دەمیرتاشی گەنج لە زیندانێكی بێوێنەی توركیادا.

ئیدی دەمیرتاش بڕیاری دەدا لەزیندانەوە، قسەی دەكرد و تاماوەیەكی زۆریش قەندیل و ئامەدیش هەر گوێیان لە دەمیرتاش دەگرت، ئێستا ئیدی كاتی ئەوەیە بزانین پلانەكە سەردەگرێت یاخود نا كات كاتی تاقیكردنەوەیەكی قورسە.

هەڵبژاردنی ئەنقەرە و دواین كاری دەوڵەت بۆ كورد
كاتێك لە توركیا هەڵبژاردن كرا، پارتەكەی ئۆردوگان نەیتوانی دەنگی تەواوەتی بەدەستبهێنێت بۆ ئەنگەرەی پایتەخت، بۆیە داوای دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنیان كرد، لە ئەنگەرە ٥ ملیۆن كورد مافی دەنگدانیان هەیە،ئەو دەنگانەش یەكلای دەكەنەوە كە كێ دەبێتە براوەی راستەقینە.
ئۆردوگان بەڵێنی بە كورد دا ئەگەر دەنگ بەو بدەن بێگومان پرۆسێسی ئاشتی لە توركیا دەستپێدەكاتەوە، ئێستا ئیدی كاتی سیناریۆكەیە.

ئۆجەلان قسەی كرد، گوتی لەپێناو پرسەی ئاشتیدا پێویستە دەنگ بە ئاك پارتی بدرێت، پاشان دەمیرتاش قسەیكرد، گوتی نەخێر دەنگ بە ئاك پارتی مەدەن و گەل دەبێت سزای ئاك پارتی بدات، لەپاشانیش قەندیل قسەی كرد و گوتی، پێویستە گەل گوێ لە رێبەرەكەی بگرێت لە ئیمراڵی، چی روویدا، هەڵبژاردن كرا و گەل لە ئەنكەرە گوێی لە نە ئیمراڵی گرد نە لە قەندیل بەڵكو بەگوێی دەمیرتاشی كرد، بەم شێوەیەش جارێكی دیكە توركیا سەركەوت یەكەم بەوەی كە كوردەكان بوونەوە بەشێكی گەورە لە كایەی سیاسی و دووەمیش ئیدی بۆیان دەركەوت بەڵێ كارەكەیان سەركەوتووبووە بەوەی كە ئیدی گەل گوێ لە ئۆجەلان ناگرێت و گوێ لە دەمیرتاش دەگرێت.

بەم شێوەیە ئێستا گەلێكی ٢٥ ملیۆنی لە خەونی مافی چارەی خۆنوسینەوە گۆردرا بۆ خەونی ئازادكردنی سەلاحەدین دەمیرتاژ، ئێستا ئیدی گەل لەباكور نە گوێ لە ئۆجەلان دەگرێت نە گوێ لە قەندیل چونكە پێێ وایە موخاتەب دەمیرتاشە نەك ئۆجەلان.

پێدەچێت هەمان سیناریۆی ئۆجەلان بۆ دەمیرتاشیش دووبارە ببێتەوە، یان بە پێچەوانەوە بێت، پێدەچێت هەردوو سیناریۆكە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا یەكلایی ببێتەوە ئایا دەمیرتاش ئیدی موخاتەبە و گەل هیچی ناوێ ئازادی ئەو نەبێت یان ئەوەی گەل دەگەرێتەو سەر مافەرەواكانی خۆی.

ئەم گرفتەی ئۆجەلان دروستیكردووە تەنها بۆ باكوری كوردستان راست نییە، بەڵك و لەڕێگەی یەپەگە و  پژاكەوە هەمان سیناریۆ بۆ رۆژهەڵات و رۆژئاوای كوردستان راستە، لەراستیدا ئێستە كورد لە باكوری كوردستان نازانێت چی دەوێت، لە سووریاش توشی هەمان دەرد بووە نازانێت داوای ئۆتۆنۆمی بكات یان داوای پێكەوەژیانی دیموكراسیانەی گەلان بكات لە سوریا، ئەوەی زۆر روونە ئەوەیە كە ئێستا و لە دوو دەیەی رابردووەوە پەكەكە و هاوئاوازەكان و مورتەزەقەكانی هیچ باوەڕیان بە دەوڵەتی كوردی نییە و ناشیانبێت و بۆشی ناجەنگن، ئەوەی ئەوان دەیانەوێت وەك گەریلایەك تەنها بكوژرێن كە خۆیان دەڵێن بۆ ئازادی دەمرن.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP