دواین هەواڵ

خوێندکاری سەرکەوتوو

‌د. نیاز نه‌جمه‌دین

19/06/2022

بەوەدا مرۆڤ بەرگەی سەختەرێگای سەعیکردن و ئیمتیحان دەگرێت، تەحەممولی زۆر شتی تریش دەکات. بەو دیودا، ئەگەر ئیمتیحان لە ژیانتدا نەماوە، ئەوا هیچ نەبێت بەختەوەرییەکت هەیە.

ئەم دیوە ناخۆشەی خوێندن و ئیمتحان چار ناکرێت، ئیسلام و کۆمۆنیزم و لیبڕالیزمیش لەسەری کۆکن و نایگۆڕن مەگەر بە رێژەیی.

ئێستا کێشەیەکی ترمان هەیە کە قابیلی گفتوگۆ و چارەسەرە، ئەویش ئەو دڵەڕاوکێ زۆرەیە خوێندن و ئیمتیحان و ئەنجامەکان لەگەڵ خۆیان دەیهێنن.سەرچاوەیەکی دروستبوونی دڵەڕاوکێکە دونیابینیی مامۆستاکانە. هەندێکیان وای دەبینن کە دەبێت خوێندکار بپڕوکێت ئینجا سەرکەوتوو بێت، هەندێکیان تەبیعەتیان ناخۆشە و دەیانەوێت بڵێن: "منیش شتم، ها؟". ململانێی نێوان مامۆستاکان و ترس لە تۆمەتبارکردنیان بەوەی "وەک خۆڵ دەرەجە تەوزیع دەکەن"، و ترس لە تەحقیقی ئیدارییش کۆمەڵێک هۆکاری ترن.

بەشێکی تری پاڵنەرەکان لە خوێندکاران خۆیاندا دەدۆزرێنەوە. هەم کێبڕکێ هەیە لە ناویاندا، هەم دەیانەوێ بە هاوڕێ و خزمەکانیان و ماڵی دایک و باوکیان بڵێن: "ئەها من چەند سەرکەوتووم؟"، واتە خەمی وێنەی خۆیانە لای ئەویدیکە. کاڵوکرچیی لە توانا و کارامەییدا (وەک زمانی عەرەبیی یان ئینگلیزیی) بۆ خۆی دڵە پەلەپەلەکە زیاد دەکات.

با بێینە سەر کاریگەریی و ئاکامەکانی. کۆی سیستمەکە بە چەشنێکە سەرکەوتن بەوە پێناسە دەکات کە خوێندکار نمرەی بەرزی هەبێت. یان خوێندکار نابێت بکەوێت. تەنانەت دایکان و باوکانیش رێزی زیاتری ئەو منداڵانەیان دەگرن کە دەردەچن و نمرەی بەرز وەردەگرن بەراورد بەو منداڵانەیان کە دەکەون یان نمرەیان نزمە. وەک چۆن هەمیشە دەوڵەمەند لە هەژار شیرینترە، هەر ئاواش خوێندکاری نمرە بەرز لە نمرە نزم شیرینترە. وەک چۆن زیاتر دڵخۆشیت، رەنگە شانازییش بکەیت، بەوەی منداڵی دەوڵەمەندێک یان مەسولێک هاوڕێت بێت وەک لەوەی منداڵی هەژارێک هاوڕێت بێت، ئاواش کەمتر حەزت لە هاوڕێیەتی خوێندکارێکە کە نمرەی نزمە (پێی ئەڵێن تەممەڵ!) بەراورد بەوەی نمرەی بەرزە (کە پێی دەڵێن زیرەک!).

هەڵپەی نمرە و سەرکەوتن کۆمەڵیک دیاردەی خراپ و ناشیرینی تری بە دوای خۆیدا هێناوە. مەگەر خودا خۆی باش تێبگات کە خوێندکاران توشی چ دۆخێکی دەروونی خراپ دەبن کاتێک نمرەیان نزمە یان دەرناچن، هەوڵی واستە و واستەکاریی و خۆنزیککردنەوە لە مامۆستاکەت لە پێناوی دەرچوون لەو لاوە بوەستێت. لێرەوە، زیرەکەکان ئەوانەشن کە تەکنیکی خۆنزیککردنەوە دەزانن و تەممەڵەکان ئەوانەشن کە هونەری خۆنزیککردنەوە نازانن.

کێشەی دووەمی ئەم دونیابینییە ئەوەیە خوێندکار وەک کەسێک دەبینێت بۆ ئەوانی تر بژی و بمرێت، خۆی هیچ حسابێکی نییە. واتە بۆ کەس گرنگ نییە ئەو سەلامەتە، بەڵکو دەبێت بشکێنرێت لەبەرئەوەی شکستی هێناوە لەوەدا "وێنەی دەستەجەمعیی بۆدانراو"ی نەکێشاوە. هەندێک لە ئێوە لە بیرتانە کە جاران دایکان و باوکان منداڵەکانیان دەدایە دەستی مامۆستا، دەیانگوت: "گۆشتی بۆ تۆ و ئێسقانی بۆ ئێمە". خوێندکار خوێندنەکەی تەواو دەکرد، ئینجا مامۆستا بە ناوی "گیانفیداکردن بۆ نیشتمان" دەیدایە دەستی دەوڵەت و دەیگوت: "فەرموو ئەوە گۆشتەکە، بیکوڵێنە، بیبرژێنە، چی لێ ئەکەیت بیکە". تا ئەمڕۆش لە وتاری هەندێک لە سەرۆک زانکۆکاندا هەمان گوتار دەبیستینەوە: "پۆلێک خوێندکاری ترمان پێشکەشی نیشتیمان کرد!". ئاخر بۆ نیشتیمان؟ ئەی ژیانی خۆیان؟ بۆیە لە سەرەوە وتومە خۆی هیچ حسابێکی نییە، یان راستتر بلێم حسابی کەمە.

لە ریزی ئەو گرفتانەی تر کە لەم چرکەیەدا لە بیرمە ئەوەیە کە سیستمەکە و ئەو روئیایەی سیستمەکە دەجوڵێنێت لە گۆشەیەکی بەرتەسکەوە سەیری سەرکەوتن دەکەن، یەکێکیان ئەوەیە بە هیچ شێوەیەک نرخێک بۆ کاراکتەری خوێندکارەکە دانانێن مەگەر خزمەتکاری سیستمە رزیوەکە بێت.

لە راستیدا، چەرخی نوێ پێناسەی نوێی بۆ خوێندکار پێیە و وەزنێک بۆ "کەسایەتیی"ش دادەنێت، کە ئەمەی خوارەوە تەنها بەشێکتی:

1- کەسێکە وزەی پۆزەتیڤ پەخش دەکات، بە پێچەوانەی خوێندکارێکەوە کە هاوڕێکانی لە فێربوون و خوێندن سارد دەکاتەوە.

2- کەسێکە رێزی فێربوون دەگرێت، فێربوون بە نرخە لەلای. خوێندکاری سەرکەوتوو کەسێکە لە پەڕەی ئەو کتێبە باشانەی دەیخوێنێتەوە ئاگرێک لە ناخی خۆیدا بۆ سوتانی جەهلەکانی خۆی (بەر لە کۆمەڵگە) دادەگیرسێنێت. ئەمە جیاوازە لەوەی بۆ نمرە و بڕوانامە بخوێنێت (بۆ نمونە تا لە رووی کۆمەڵایەتییەوە قبوڵکراوتر بێت، ئاسانتر هاوسەرگیریی بکات... هتد).

3- کەسێکە "ئیدارەی کات"ی پێ دەکرێت و هاوسەنگیی لە نێوان بابەتەکانی ژیانیدا رادەگرێت (بۆ نمونە چێژی ژیان دەکات سەرباری سەختیی خوێندنەکەی).

4- کەسێکە فراوان سەیری ژیان دەکات، بە کورتی لاواز نییە تا ئەو رادەیەی تەحەمولی ئەنجامەکانی نەکات و بڕوخێت، یان خۆی بکوژێت.

لە چوارچێوەی ئەم گفتوگۆیەدا، دەکرێت بڵێم: مامۆستای سەرکەتووش کەسێکە کە دەستبەرداری پێناسە کۆنەکەی خوێندکاری سەرکەتوو بووە و لە هێنانەدی ئەم خاڵانەی سەرەوەدا هاندەرە.

دەمەوێت توشی گفتوگۆی بێ مانا نەبم: من نە هانی ئەوە ئەدەم خوێندکاران هیچ نرخێک بۆ نمرە دانەنێن، نە هەوڵی بەدەستهێنانی نمرەی بەرزیش بێ نرخ دەکەم. هیوادارم ئەم پەیامەم بێ گرێوگۆڵ گەیشتبێت: فراوان سەیری ژیان بکە. ژیان گەورەترە لەوەی تۆ بە ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی ئەم قۆناغەتەوە، بیبەستیتەوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP