دواین هەواڵ

ئەو ڕێککەوتنەی شەڕەکەی هەڵگیرساند، بۆچی مووچە لە سلێمانی وای لێهات؟

‌ هەردی مەهدی میکە

10/05/2022

سێ مانگێك زیاترە بگرە و بەردە و گفتوگۆیەکی بێزەنتی بێ بن و چەلەحانێیەکی میدیایی پدک و ینک و شەڕە کۆڵانەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و جنێودان و "گرێخاڵیکردنەوەکان"ی لایەنگرە چاوبەستکراوەکانیش بە حزبایەتیی مایەپووچ بابووەستێ کە شەتەقی لە ڕۆحی هاونیشتمانی بڕیووە، بەڵام بە سیاسی و میدیا و خەڵکەوە، هەمووان چەلەحانێکە گەرم دەکەن بێ ئەوەی لە ئامانجەکە بدەن و بگەنە هیچ.

ئەسڵی کێشەکەی (ئەوەی پێیدەوترێت) زۆنی سەوز! لەم کاتەدا ڕێککەوتنی چەند مانگێکی ڕابردووی یەکێتی و پارتی و گۆڕانە لە چوارچێوەی ئەنجومەنی ئابووریی ھەرێم کە بەپێی رێککەوتنێک (لەسەر پێداگریی یەکێتی وەک حزب لە تیمی یەکێتیی حکومەت) ھەر زۆنێک سەرپشک کرا لەسەر داھاتی نێوخۆ تەکمیلەی داھاتە نەوتییەکە بۆ مووچە بکەن، ئەمەش نیمچە لامەرکەزییەکی زۆنەکان بوو، کاتی خۆی بە خەیاڵی خۆیان هەر حزبە بە مەرامی خۆی (وەک حزب) ویستی خێری خۆی لێبچنێتەوە، بە بێ گوێدانە بەرژەوەندی خەڵک و بەڕێوەبردنێکی شایستەی دادپەروەرانە و پاراستنی قەوارەی هەرێم و دواجار ئامانجی جوڵانەوەی نیشتمانی بزوتنەوەی ڕزگارییخوازیی کوردستان!.

ئەم دەسەڵاتشۆڕکردنەوەیە (یان نیمچە لامەرکەزییە داراییە)کە ئەجێندای بەردەوامی بەشێکی یەکێتی و چەند دەنگێکی نێو پارتی و هەندێک لە گۆڕانخوازەکانی پێشتر و چەند کەسایەتییەک بوو، کە بیری سیاسییان پەرتەوازە بوو، پەرتەوازە بوو چونکە لەلایەک داوای هەرێم و لامەرکەزییان دەکرد و لەلایەکی دیکەوە داوای بەهێزکردنەوەی ناوەند و گەڕانەوە بۆ بەغدایان دەکرد! (کە من ھەمیشە دژی بووم و باوەڕم نە بە لامەرکەزیی سیاسیی و نە هەرێمەگەرایی و نە ئومێدهەڵچنین لەسەر بەغدا هەبووە).

دواجار بە فشاری شەقام و پۆپۆلیزمی عوقدەیی، تیمی یەکێتی و گۆران لە حکومەت ناچار کرا (کە نەدەبوو تەسلیم بووایە)و کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢١ بەم ڕێککەوتنە مشتومڕەکەیان بڕییەوە، بەداخەوە لەمەدا حساباتی یەکێتی ھەڵەبوو و پارتییش وەک ململانێ لەبابەتەکەی ڕووانی و وا دەبینین ئەمەی لێکەوتەوە کە داهاتی سلێمانی و دەوروبەری لەلایەک زیادی کردووە و لەلایەکی دیکەوە ناتوانێت تەکمیلەی داهاتی نەوتی و سەدەقاتەکەی بەغدا بکات! پارتییش تا ئێستا ئاسودەدەروون بەبێ گوێدانە بەرژەوەندیی هاونیشتمانیان لە نێوچەکە دەستی ڕەقیبەکانی دەشکێنێتەوە و لە کاسەی خاڵیی ماڵەکان دەڕوانێت و دۆخەکەی زۆر پێ باشە، بەداخەوە! چونکە ئەو تەنها چاوی لەوەیە کە بەم هەنگاوە یەکێتی لە دابینکردنی مووچەدا ئیحراج بکات کە کردوویەتی و پرسەکەی کردووە بە ئیختیبار بۆ شیعارە پێشینەکانی ھەرێمگەرایی و لامەرکەزی و دەیەوێت بیسەلمێنێت و بە بەرامبەرەکانی بڵێت: ناتوانن بژێوی دابین بکەن!.

ئەم پرۆسەیەی کە سلێمانی و هەڵەبجەی بە ئێرە گەیاندووە ڕێک واتە بەبارمتەگرتن و بە سیاسییکردنی قوتی خەڵک لەلایەن یەکێتی و پارتییەوە، نەک سیاسەتکردن و حوکمڕانی، یانی خەڵک و خزمەتگوزاریی بوونەتە کارتی ململانێیەکی نانیشتمانی! ئێستا نە یەکێتی دەیەوێت و دەتوانێت بڵێت پەشیمانم لەو بڕیارە تا خەڵک باری ڕاست ببێتەوە و نە پارتیش خەمی خەڵکی سلێمانی و هەڵەبجەیەتی و ئیتر کۆی قەیرانەکەش تێکەڵبووەتەوە بە ململانێکانی بەغدا و یاسای ھەڵبژاردن و غازی نادیار!.

ئەمە بەشێکی چیرۆکە ھەقیقییەکەیە، کە لەپەنایدا ھەم داھاتی ھەرێم کە زیادی کردووە بۆ قووتدانی حزبی و دیارنەمانی بەرلەوەی بێتە نێو بانکەکانەوە! ھەم کەمیکردووە بۆ ھاونیشتمانییان!(مەتەڵ).

یادی بەخێر سەردەمی خوالێخۆشبوو بایز تاڵەبانی (وەزیری دارایی پێشووتر) حکومەت مانگانە پارەی دەدا بە حزبەکان و یەک جار بوو، ئێستا حزبەکان و سەرکردەکانیان بەپێی مووچە و بە ڕێژەی کورتھێنان بەشی حکومەت دەدەن و خێری پێ ئەکەن! ئەوکات ئۆپۆزسیۆن و میدیا لێیان کرد بە ھەرا کە ئەمە ھەڵەیە، ئێستا تێگەیشتم کە چ حیکمەتێکی تێدا بوو ئەو دابینکارییە. چونکە حکومەت بەشی حزبی دەدا و بێدەنگی دەکرد ئێستا پدک و ینک بە ڕێژەی پێویست بەشی حکومەت دەدەن.

ھەر ئەمەشە نهێنی ئەوەی ئیشی حزب و پرۆژەکانییان نەک نەوەستاوە لەم قەیرانەدا بەڵکو زیاتریش بوون، بەڵام زۆرینەی پرۆژەی خزمەتگوزاریی حکومەت و مووچەی بەشێکیشی وەستاوە! ساڵ بە ساڵ خۆزگەم بە پار.

ئیتر وابزانم ئەوەندە دووری نەخەینەوە و ڕوونە گەر چارەسەریی ڕاستەقینەیان دەوێت با پدک و ینک لەسەر ئەم پرسە بەرپرسیارێتی هەڵبگرن و ڕووبەڕوو دانیشن و لانیکەم ئەمە نەکەنە سیاسی.

ئێستا مەترسیدارتر لەمەش ئەوەیە ھودنەیەکی میدیاییش لە نێوان پدک و ینک-دا چەند ڕۆژێکە ھەیە وایکردووە مەسەلەی بێموچەیی بەشێکی فەرمانبەرانی سلێمانی ھیچکامیان هەر باسیشی ناکەن، جا موسیبەتەکە لەوەدایە کە شەڕی میدیایی دەستپێدەکەن ھەر فەرمانبەرانی حکومی زیان دەکەن کە ئاشتیش دەبنەوە ھەر لەسەر حسێبی ئەمان کۆتایی دێت!

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP