دواین هەواڵ

سەردانی سەرۆک ماکرۆن بۆ ھەولێر

‌عومەر نورەدینی

28/08/2021

لەماوەی ساڵێکدا ئەمە سێیەمین جارە سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن و سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی یەکتر دەبینن و بەیەکەوە کۆدەبنەوە، جارێک لە پاریس و جارێک لەبەغدا و ئەمجارەش لەھەولێر.

ئەم سەردانەی  سەرۆک ماکرۆن پێمان دەڵێ ڕۆڵی سەرۆک و سەرکردایەتی سیاسی دەوڵەتان و قەوارە سیاسیەکان لە بنیاتنانی پردی پەیوەندیەکان و متمانەی دووسەرەو بەردەوامی و بەھێزکردنی، لە جیھانی پەیوەندی نێوان گەلان و دەوڵەتان زۆر کاریگەر و بەھادارە، لەم بارەوە ڕۆڵی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە خولی یەکەم و دووەمی سەرۆکایەتی ھەرێم (سەردەمی سەرۆک مسعود بارزانی ) و لەخولی سێیەمی سەرۆکایەتی( سەردەمی  سەرۆک  نێچیرڤان بارزانی ) لە بایەخدان بە پەیوەندیەکانی نێوان فەڕەنسا و ھەرێمی کوردستان بەڕادەیەک کاریگەر بووە لە ماوەی شەش ساڵدا سێ جار سەرۆکی فەڕەنسا سەردانی ھەولێر بکات و لەپشتیوانی ھەرێمی کوردستان و دەربازبوونی لەمەترسی داعش و شکاندنی گەمارۆی دیبلۆماسی و ئابوری سەر ھەرێم ئامادەیی بەرچاوی ھەبێ، ڕاستە لەکایەی دیبلۆماسیدا دامەزراوەکان ئامادەییان ھەیە، بەڵام سەرەنجام ئەوەی ھێزو وزەو و روحی جوڵەو کارابوون بە دامەزراوەکان دەبەخشێ کارەکتەرەسیاسیەکانن .

لەپەیوەندی لەگەڵ فەڕەنسای سەرۆک ماکرۆن کەسایەتی سەرۆک  نێچیرڤان بارزانی ئامادەییەکی باڵای ھەیە، دۆکتەرینی  سەرۆکی ھەرێم لە بواری دیبلۆماسیەت و سیاسەتی ناوچەیی دا کە خۆی  دەنوێنێ لە پەیوەندی ھاوسەنگ و خاوکردنەوەی گرژیەکان و  ئاسایشی بەکۆمەڵ، درواسێیەتی باش و دۆستایەتی گەلان  و پێکەوەژیانی ئاشتیانە، دژایەتی توندڕەوی و تیرۆر، لێبوردەیی و مافی مرۆڤ و ئازادی و بەرژەوەندی ھاوبەش، چارەسەرکردنی کێشەکان بە گفتوگۆ، پشتکردن لە جیاوازیەکان و ڕووکردنە خاڵە ھاوبەشەکان، یەکگرتوویی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئاشتی ناوخۆیی لە عیراق و ھەرێمی کوردستان، وایکرد ھەردوو سەرۆک لەسەر روئیاو سیاسەت و ستراتیژی ھاوبەش بۆ مامەڵە لەگەڵ ئاڵنگاری و کێشەکانی ناوچەکە کۆک و تەبابن، ھەروەھا پێداگری و سوربوونی نێچیرڤان بارزانی لە پیادەکردنی ئەم روئیا ھاوبەشە بە شێوەیەکی واقیعیانە و دەرکەوتنی  ژمارەیەک لە دەرەنجامە باشەکانی، بووە مایەی پتەوبوونی متمانەی نێوان ھەردوو سەرۆک تاڕادەی  ئەوەی سیاسەتی دەرەوەی سەرۆک ماکرۆن بۆ مامەڵە لەگەڵ  پرسەکانی عیراق و ناوچەکە لەزۆر حاڵەتدا بە ڕێڕەوی دۆکتەرینی نێچیرڤان بارزانی دا بڕوات .

سەردانی سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانۆیل بۆ ھەولێر، ڕوداوێکی دیبلۆماسی مێژوویی ئەوتۆیە ھەڵگری چەندین مانا و ھێماو دەلالەتی سیاسیە، بایەخی جۆراوجۆری بۆ ھەرێمی کوردستان ھەیە، ئەم سەردانە لە کاتێکدایە ڕوداوی گەورەی ئیقلیمی خاوەن کاریگەری جیھانی کە چاوەڕوانی لێکەوتەی باشیان بۆ ئاشتی و ئاسایش و چارەسەربوونی کێشەکان لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لێناکرێ ڕویان داوە، ئەمریکا بڕیاری کشانەوەی ھێزە سەربازیە شەڕکەرەکانی لەعێراق داوە و بێشک کشانەوەی ھێزی سەربازی کەمبوونەوەی کاریگەری سیاسی ئەمریکای بەدوادادێ، بەڵام بەدڵنیایی کۆتایی پێناھێنێ و بەردەوام دەبێ، پێدەچێ کشانەوەکە دروست بوونی بۆشایی ھێز لەگەڵ خۆی بھێنێ، ئەمەش  کاردانەوەی لەسەر عێراق و ھەرێمی کوردستان دەبێ و ئاڵنگاری نوێ لەگەڵ خۆی دەھێنێ، ئالێرەوە سەردانی سەرۆک ماکرۆن بۆ ھەولێر ھێمابەخشی ئەوەیە فەڕەنسا و لەگەڵیشیدا یەکێتی ئەوروپا پشتیوانی لە بوون و مانەوەی قەوارەی سیاسی و دەستوری ھەرێمی کوردستان لەچوارچێوەی عیراقی فیدراڵدا دەکەن، لەلایەکی ترەوە سەردانی سەرۆک ماکڕۆن بۆ ھەولێر دەشێ ئەوەی لێبخوێنرێتەوە کە ڕۆڵی سیاسی و ئەمنی و سەربازی ھەرێمی کوردستان لەڕوبەڕووبونەوەی ھەڕەشە ومەترسیە ھاوبەشەکانی ناوچەکە ھەستپێکراو و ڕێز لێگیراوە، لەوەش زیاتر  لەم سەردانە مێژووییەدا سەرۆک ماکرۆن ڕێز دەگرێ لە ڕۆڵی سەرۆک و پێشمەرگە (سەرۆک مسعود بارزانی) رەمزی بەرگری و بەرخۆدانی شکۆمەندانە و دلێرانە لە دژی دیکتاتۆریەت و تیرۆر، ھەروەھا لە قارەمانیەتی و قوربانی پێشمەرگە و گەلی ھەرێمی کوردستان، لێرەشەوە  پەیامی ئەوە بۆ دەوڵەتانی دەرودراوسێ دەچێ  کە بۆئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە واباشە گەلی کوردستان و نەتەوەی کورد بوونی  سیاسیان ھەبێ و ڕێز لەویست و بەرژەوەندیەکانیان بگیرێ .

ئەگەر لەڕوانگەی بەرژەوەندی ھاوبەشی نێوان فەڕەنسا و عێراق و ھەرێمی کوردستان سەیری ئەم سەردانەی سەرۆک ماکڕۆن بکەین، بۆمان دەردەکەوێ ئامادەیی سیاسی و ئابوری و سەربازی و کلتوری فەڕەنسا لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست کە لە سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەدا بایەخ و بەھای ستراتیژی ھەیە، بەشێوەیەک کەبەرژەوەندیە دوورمەوداکانی وەدی بێنێ، پێویستی بەوەیە عیراق سەقامگیر و ئارام و خاوەن سەروەری بێ و لەگەڵ فەڕەنسا بێ، ئەمەش بێ ھەماھەنگی و ھاوکاری ھەرێمی کوردستان مومکین نیە، بۆیە نابێ پێمان وابێ سەردانەکە ھەر بەتەنھا بۆ ئێمە باشە، بەڵکو دەبێ لەو باوەڕەدا بین کە بۆ ھەردوولاباشە، واتا بەھێز بوونی پەیوەندی نێوان فەڕەنسا وھەرێمی کوردستان دەبێتە ھۆی بەھێزبوونی پێگەی فەڕەنسا لەعیراق، بەڵام شکیتێدا نیە کە بەھێزمانەوەی پەیوەندیەکانی نێوان پاریس و ھەولێر پێویستی بەوەیە ھەرێمی کوردستان بەھێزبێ بە؛ یەکگرتوویی و تەبایی سیاسی ناوخۆیی، بە دیموکراسی و ئازادی و مافی مرۆڤ و پێکھاتەکان، پێکەوەژیانی ئاشتیانە، حوکمڕانی ڕەشید، تەکامولی سیاسی و ئابوری و سەربازی و ئەمنی لەگەڵ بەغدا، چونکە لەڕابردوودا و لەم بارەوە سەرۆک ماکڕۆن بەڕوون و ڕاشکاوی ئەو پەیامەی بۆ ھەرێمی کوردستان و پارت و لایەنەسیاسیەکان ھەبووە و بەدڵنیایی لەم سەردانەشدا جەختی لێدەکاتەوە، بۆیە سەردانەکەی سەرۆک ماکڕۆن  ئەوەمان بۆ دووپات دەکاتەوە کە بەرپرسیاریەتی ھاوبەشی سیاسی و نیشتیمانی بۆ مانەوە و بەردەوامبوونی ھەرێمی کوردستان و پاراستنی پێگە نێودەوڵەتیەکەی پێویستیەکی ژیاری حاشا ھەڵنەگرە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP