دواین هەواڵ

سەرۆکی هەرێم وەک بزوێنەری سیستەمی سیاسی

‌عومەر نورەدینی

09/06/2021

لەدەوڵەت و قەوارەی سیاسی دامەزراو لەسەر بنەماکانی دیموکراسی، کە تیایدا دەسەڵاتەکان لەیەکتری جیادەکرێنەوە، سەرۆکی وڵات وەک یاساناسی دەستوری(رۆبێرت رێدسلوب)وەسفی دەکات بزوێنەری سیستەمی سیاسیە .

لەوەش زیاتر سەرۆکی ھەڵبژێردراو جا لەلایەن گەلەوەبێ یان پەرلەمان بەرجەستەی سەروەری گەل و نیشتیمان دەکات، ڕۆڵی نێوەندگیری و ڕاگرتنی ھاوسەنگی لەنێوان دەسەڵات و دامەزراوەکانی دیکەی وڵات دەبینێ بەشێوەیەک شارەزایان سەرۆک بە حەکەمی یاری تۆپی پێ دەچوێنن .

بەپێی یاسای سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان ژمارە (١) ی ساڵی (٢٠٠٥) ی ھەموارکراو کە سروشتێکی دەستوری ھەیە، پێگەی سەرۆکی ھەرێم و ئەرک و دەسەڵاتەکانی، چوارچێوە و ئامرازەکانی کارکردنی وا ڕێکخراوە سەرۆک نوێنەری باڵای گەل و ھاووڵاتیانی کوردستانە، بۆ مانەوە و پاراستنی قەوارەی ھەرێمی کوردستان ویەکڕیزی گەل وخاکەکەی لەڕووی سیاسی و یاساییەوە بەرپرسیاریەتی دەکەوێتە ئەستۆ .

وا بوو بە دووساڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمە، لەو پێگەو دامەزراوە باڵایەوە بەشدارە لە سەرکردایەتیکردنی کۆمەڵگەی ھەرێمی کوردستان ، ئەگەر چاوێک بەم دووساڵەی کارو چالاکی و جوڵەی سەرۆکدا بخشێنین ئەوە ھەڵدێنجین کە لەڕووی جوگرافیای کارکردن و بابەت و ئامانجەکانەوە لەسەر چەند ئاست و بابەتێکی سەرەکی کاری کردووە کەبریتین لە  :

یەکەم :لەسەر ئاستی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان ،سەرۆکی ھەرێم کاری لەسەر چەند پرسێکی تایبەت کردووە کە  لەژیانی سیاسی ھەرێمدا بایەخی گەورەو ستراتیژیان  ھەیە لەوانە :

*زەمیەنەسازی بۆ قۆناغی دوای ھەڵبژاردنەکان و ڕێککەوتنی سیاسی لەسەر پێکھێنانی حکومەت و ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرەنجام گورج و چالاک بوونەوەی سیستەمی سیاسی و دەربازکردنی لە لەرزوتای پێش و پاش ھەڵبژاردن.

*خاوکردنەوەی گرژی و ناکۆکیە سیاسی و حزبیەکان و پاراستنی سەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی و کردنی دامەزراوەی سەرۆکایەتی ھەرێم بە ڕەشماڵی نێشتیمانی بۆ گفتوگۆی نێوان حزب ولایەنەسیاسیەکان .

*بایەخ دانی تایبەت بە  پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی  نێوان پێکھاتە نەتەوەیی و ئاینیەکان و ماف وئازادی ڕادەربڕین لەمبارەوە سوپاسنامەی پاپافرانسیس  بۆ سەرۆکی ھەرێم دوای سەردانە مێژووییەکەی لەمانگی ئازاری ئەمساڵ بەڵگەیەکی مانادارە، لەونامەیەدا  پاپا بە نێچیرڤان بارزانی دەڵێ : لێبوردەیی و شکۆمەندی و برایەتی و مرۆڤ دۆستی لە گیانتایە.

*بوونی ھەماھەنگی وھاریکاری لە نێوان سەرۆکایەتیەکانی ھەرێم و بەرجەستەکردنی بنەمای ھاوسەنگی و ھاریکاری نێوان دەسەڵاتەکان .

*بەڕۆژەڤکردنەوەی بابەتی دەستور و دەستکردن بە گفتوگۆ لەبارەیەوە بەمەبەستی ئەوەی لە داھاتوودا ببینە خاوەن دەستور .

*ھەیکەلبەندی نیشتیمانی بۆ ھێزەکانی پێشمەرگە .

دووەم : لەسەر ئاستی عیراق :

*نێچیرڤان بارزانی ڕۆڵی بەرچاوی ھەبوو لەوەی عیراق قەیرانی پێکھێنانی حکومەت لەدوای دەست لەکارکێشانەوەی عادل عبدالمھدی تێپەڕێن و وڵات نەخزێتە ناو گێژاوی داڕمانی دامەزراوەکان و لەبەریەک ھەڵوەشانی سیستەمی سیاسی  .

*وەک سەرپەرشتی کەرو و ئاڕاستەکەری پەیوەندیەکانی ھەرێم لەگەڵ دەسەڵاتە فیدراڵیەکان چەندین جار سەردانی بەغدای کردوە ، بەجدی کاری کرد بۆ گەیشتنی ھەولێرو بەغدا بە ڕێککەوتن و پەسەندکردنی بودجە  .

*سەبارەت بە گفتوگۆ و ئاشتەوایی نیشتیمانی لەنێوان پێکھاتە نەتەوەیی و ئاینی و مەزھەبیەکانی عیراق بەمەبەستی تێپەڕاندنی تائیفیەتی دابەشکەر و وێرانکەر، جوڵەی دیبلۆماسی جۆراوجۆر و بەرھەمداری ھەبووە.

سێیەم : لەسەر ئاستی دەرەکی :

*بەو ئاڕاستەیەدا سەرۆکی ھەرێم لەڕێگای چەندین سەفەری دیبلۆماسی و دیداری سیاسی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی دەرەوە و گەورە بەرپرسان و دیبلۆماتکارانی وڵاتان و ڕیکخراوە نێودەوڵەتیەکان ھەروەھا وەگەڕخستنی ئامرازە دیبلۆماسیەکان پێگەی نێودەوڵەتی ھەرێمی کوردستانی لەدەست ئەودڕکوداڵانە دەرھێنا کە بەھۆی سیاسەتی گەمارۆدانی دیبلۆماسی لەدەست وقاچی ھەرێم ئاڵابوون و  بەچاکی ئەو پێگەیەی بووژاندەوە.

*لەفۆرمێکی نوێدا ڕاستەوخۆ مخاتەبەی ڕیکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد لە ١٩ی نیسانی ئەمساڵ نامەیەکی فەرمی ئاڕاستەکردن و ژمارەیەک پێشنیاروداوای سەبارەت بە دۆخی عیراق  وھەرێمی کوردستانی ڕوبەڕووکردنەوە، شایانی باسە بەشێک لە و پێشنیارانە خرانە ناو بڕیاری ژمارە(٢٥٧٦) ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کە لە ٢٧ ی ئایاری ئەمساڵ لەبارەی عیراقەوە دەرچوو، ئەمە پێشکەوتنێکی دیار بوو لە کایەی دیبلۆماسیەتی کوردستاندا کە توانرا کاریگەری و نەخشی ھەبێ لە دەرکردنی بڕیاری بەھێزترین ئۆرگانی یوئێن کە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیە .

ھەڵبەتە لەسەر ھەرسێ ئاست بابەتی دیکە ھەن کە جێگای بایەخی سەرۆکی ھەرێم بوون و کاریان لەسەر کراوە بەڵام لەم وتارە ھەر ئەوەندە دەرفەت ھەیە، لەگەڵ ئەوەش دا ھێشتا چاوەڕوانی زیاترلەسەرۆکی ھەرێم و دامەزراوەی سەرۆکایەتی ھەیە، بەتایبەتی ئەم چاوەڕوانی و تەوەقوعە لە خودی نێچیرڤان بارزانی ھەیەو دەبێ، چونکە خۆی کەسایەتیەکی سیاسی بنیاتنەر و ڕیچەشکێن و روئیاگەورەیە ، وەک حسن عەلەوی دەڵێ : ھەمیشە چاوی لەبەرزییە. لەلایەکی ترەوە بزوێنەربوونی سەرۆک بۆ سیستەمی  سیاسی و بەھێزبوونی دامەزراوەی سەرۆکایەتی پەیوەندیان ھەیە بە بەرژەوەندی گشتیەوە، وەک زانای سیاسی بەناوبانگ سامۆئیل ھنتنگتۆن دەڵێ : بەرژەوەندی دامەزراوەیی لەگەڵ بەرژەوەندی گشتی دەسازێ ،دەسەڵاتی سەرۆکایەتی ھاوجووتە لەگەڵ بەرژەوەندیەکانی وڵات .

بۆئەمە دەکرێ دامەزراوەی سەرۆکایەتی بەپێی  ئامرازی گونجاو لەکاتێکی گونجاودا خۆیان لەنێوان خۆیان و بەبەشداری کەسانی شارەزا و پسپۆڕ گفتوگۆ بکەن، لەژێر ڕۆشنایی مێژوویی دووساڵەی ئەم خولەی سەرۆکایەتی ھەرێم، ڕیالیستانە و بەلەبەرچاوگرتنی سەرچاوەکانی دەرامەت و توخمەکانی ھێز و  ڕووەجیاوازەکانی واقعی ھەرێمی کوردستان  نەخشەڕێگایەکی نوێ بۆ کاری داھاتوو گەڵاڵە بکەن.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP