دوو ساڵ پێش ئێستا بۆ کۆنفرانسێک لە لەندەن لەسەر ناوچە کێشەلەسەرەکان داوەتکرابووم. کۆنفرانسەکە لەلایەن زانکۆی ئێگزیتەر و بێرمینگهام ڕێکخرابوو. لەبەر ئەوەی کۆنفرانسەکە تایبەت بوو بە یەک پرسی تایبەت، بۆیە ژمارەی بەشداربووان زۆر نەبوون، هەر ٢٥ ئەکادیمی دەبوون. وەک نەریتێکی کۆنفرانسە تایبەتەکان لە ڕۆژی یەکەم بەشداربووان خۆیان ناساند. یەکەم کەس کە داوای لێکرا خۆی بناسێنێت، بەدبەختانە من بووم، منیش نەمویست وەک هەندێک درێژدادڕانە کات بکوژم،
بۆیە هەر گوتم من شێرکۆ کرمانجم لە زانکۆی شارقە لە ئیماراتی عەرەبی، پسپۆڕییەکەم پرسی شوناس و پۆلەتیکی عێراقە، ئاوێ بینە دەستان بشۆ.
وەڵا دوای من هەرچی خۆی ناساند بێجگە لە درێژدادڕی هەوڵیشیاندا باس لە پەیوەندی خۆیان بە پرسی توێژینەوە لەسەر ناوچە کێشەلەسەرەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقی بکەن. یەکێک گوتی من دکتۆراکەم لەسەر ئەو پرسە بووەو ئەوە سێ ساڵە خەریکی توێژینەوەم لەم بوارە. یەکێکی دیکە گوتی وەڵا من گرانتێکم وەرگرتوە لە فڵان شوێن بۆ توێژینەوە، ئەوە دوو ساڵە لەو پرسە دەکۆڵمەوە.
ئیدی هەموو باسی پەیوەندی خۆیان و توێژینەوەکانیان لەگەڵ پرسی ناوچە کێشەلەسەرکان کرد. کەم کەس هەبوو لە دە ساڵ زیاتر خۆی سەرقاڵی پرسەکە کردبێت. دوای ئەوەی کە هەموویان خۆیان ناساند، من پەشیمان بوومەوە لەوەی کە باسی پەیوەندی خۆم لەگەڵ پرسی ناوچە کێشەلەسەرەکان نەکرد، لەبەرخۆمەوە گوتم دواتر.
ڕۆژی دواتر کە نۆبەی من هات بابەتەکەم پێشکەش بکەم، بە فرسەتم زانی. گوتم ببورن دوێنێ هەمووتان باستان لە پەیوەندی خۆتان بە پرسی ناوچە کێشەلەسەرەکان کرد، من ئەوەم نەکرد، با منیش پەیوەندی خۆم بە پرسی ناوچە کێشەلەسەرەکانی کوردستان باس بکەم، گوتم، بەس بە مەرجێک. گوتیان مەرجەکەت چییە. گوتم لە دەڤەرەکەی ئێمە، بە کوردی، ئەگەر کەسێک قسەیەک بکات کە لە فەنتازیاوە نزیک بێت و جێگەی باوەڕ نەبێت هەموو دەڵێن "پیاح"، واتە ئای لەو درۆیە گەورە. من قسەکەم دەکەم، بەس کەس نەڵێت پیاح. گوتیان باشە.
گوتم، من ئێستا تەمەنم پەنجاو پێنج ساڵە، بەڵام پەیوەندی من لەگەڵ پرسی ناوچە کێشەلەسەرەکان لە کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ پەنجاو پێنج ساڵو پێنج مانگ پێش ئێستا، واتە پێنج مانگ پێش لە لەدایکبوونم. هەندێکیان پێکەنینو یەک دووانێکیشیان گوتیان "پیاح". گوتیشیان جا ئەوە چۆن دەبێت کاکە؟ گوتم، کاکینە، من پێنج مانگان بووم لە زگی دایکم کاتێک سوپای عێراقو حەرەس قەومی لە ١٢ ی حوزەیرانی ١٩٦٣ گوندەکەی ئێمە، گابەرەکەیان، سوتاند و پیاو و کوڕانی گوندەکەیان ڕاپێچکردو بردیانن بۆ زیندان و ژنو منداڵانیشیان دەرپەڕاند و عەرەبیان هێنایە گوندەکەمان و لەوێ لەسەر زێدی باپیرانی ئێمە نیشتەجێیان کرد. ئەوەی ئێوە ئێستا توێژینەوەی لەسەر دەکەن، من پێش پێنج مانگ لە دایکبوونم ئەزمونم کردوە.
ئەمڕۆ ١٢ ی حوزەیرانە و یادی جاری یەکەم تەعریبکردنی گوندەکەمانەو بە چاکم زانی ئەو بەسەرهاتەتان لەگەڵ شەیربکەم. بەداخەوە، بێدەوڵەتی کوردی کردوە بە تۆپی پێی کە دەوڵەتانی ناوچەکە یاری پێدەکەن.
دوای چوار ساڵو نیو لە ئاوارەیی لە هەولێر، لە کۆتایی ١٩٦٧، گەڕاینەوە گوندەکەمانو جارێکی دیکە ئاوەدانمان کردەوە. بەداخەوە لە ١٩٧٥ دەوڵەتی عێراق گوندەکانی دەوروبەری گابەرەکەیان جارێکی دیکە تەعریب کردەوە. خۆشبەختانە ئەمجارە هەڵمەتەکە گوندەکەی ئێمەی نەگرتەوە، بەڵام لە ١٩٨٧ بەر هەڵمەتێکی دیکەی تەعریب کەوت و گوندەکەمان تەختکرا، ئێمەش جارێکی دیکە دەربەدەرو ئاوارە کراینەوە. خۆشبەختانە لە ٢٠٠٣ دوای ڕوخانی سەدامو داڕمانی دەوڵەتی عێراق خەڵکی گوندەکەمان جارێکی دیکە گەڕانەوە سەر زێدی بابوباپیرانیان. ئەمە بۆ چوار ساڵ دەچێت جارێکی دیکە کەوتۆتەوە بەر هەڕەشەی سێ بارە تەعریبکردنەوە.
دوێنێش گوتم، کوردبوون خەمگینە.