دواین هەواڵ

خەونی دەوڵەتی لە بەغدا کەوتە گیانەڵڵا

‌یاسین تەها

پێش 4 هەفتە

گردبونەوەی چەند گروپێكی هێزەكانی حەشدی شەعبی لە ناوچەی سەوزی بەغدا و داخستنی دەروازەكانی ئەم ناوچەیە كە گرنگترین بنكە و بارەگا عێراقی و نێودەوڵەتییەكان لەخۆی دەگرێت ( 26 ئایار) وەك هەر كودەتایەكیتری تەقلیدی لە عێراقدا هێزی سەربازی تێدا جوڵێنرا و خەڵكی پایتەختی خستە دڵەخورتێوە. لە زنجیرەی ئەو بەریەككەوتننانەی كە ناوبەناو لەنێوان مستەفا كازمی و گروپە چەكدارەكاندا رودەدەن، ئەمە پێشهاتێكی گرژ و پڕ مەترسیش بو لە كێشمەكێشی هێزەكانی لایەنگری دەوڵەت و ئەو هێزانەشی پێیان دەوترێت “لا دولة”. بەریەككەوتنی ئەمجارەشیان لە كاتێكدایە كە وڵات خۆی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە ئامادە دەكات.

جوڵەی ئەمجارەی چەكدارە وەلائییەكان بۆ نمایشی هێز نەبو وەك ئەوەی دو مانگ لەمەوبەر و (25 ئازار) كەتیبەكانی حیزبوڵڵای عێراق و رەبعوڵڵا هەر لە بەغدا ئەنجامیان دا. یان وەكو وەك كاردانەوەو ركابەریكردنی نمایشی پێشوتری “سرایا السلام” ی سەدرییەكان ( 8 شوباتى 2021) نەبو. بەڵكو، گردبونەوەی ئەمجارە بۆ ئازادكردنی یەكێك لەفەرماندە حەشدییە سەر بەگۆبەنەكان بو كە قاسم موسڵیحی ئامر لیوای “الطفوف” و فەرماندەی میحوەری ئەنباری حەشدی شەعبییە، كە بەفەرمانی كازمی و بەپێی مادەی 4 ی تیرۆر، تەنها چەند كاتژمێرێك لەوەوپێش بەسەرپەرشتی ئەحمەد ئەبو رەغیف بریكاری وەزیری ناوخۆ بۆ كاروباری هەواڵگری دەستگیر كرابو.

هەرچەند تۆمەتەكانی قاسم موسڵیح، دۆسییەكانی تیرۆرە، بەڵام لە راگەیەنراوە فەرمییەكانیش بەدیاریكراوی ڕون نەكراوەتەوە كە چی و چین، بەڵام بەپێی دزەپێكردنەكان، هێرشكردنە سەر بنكەی (عین الأسد) ئەمەریكییەكان و تیرۆركردنی چالاكڤانانی خۆپیشاندانی تشرین دەگرێتەخۆ، بە تایبەت ئیهاب وەزنی كە لەكۆتاییەكانی رەمەزانی رابردو (9 ئایار) لە سەنتەری كەربەلای پیرۆز لای ملیۆنەها شیعە، كرایە دوا تیرۆری چالاكڤانەكانە تشرینییە مەدەنی و راپەڕیوەكان. بەهۆی ئەوەشەوە ئەم هەفتەیە (25 ئایار) خۆپیشاندەرانی باشوری عێراق لە هەمولایەكەوە رژانە گۆڕەپانی تەحریر و گۆڕەپانی نسوری بەغدای پایتەخت و دروشمی “كێ كوشتمی؟”یان گوتەوە و جموجوڵەكەی خۆشیان ناونا “شۆڕشی ئیهاب وەزنی” و دوایان لە حكومەتی كازمی كرد بەرەنگاری میلیشیاكان ببێتەوە و بكوژی چالاكڤانەكانیان ئاشكرا و دادگایی بكات، هەر لەم میانەیەشدا هەندێك لەو هێز و گروپانەی تشرینییەكان، وەك ناڕەزایی و توڕەیی، بریاری بایكۆتی هەڵبژاردنی پێشوەختەی چاوەڕوانكراویان دا و بەمەش هیواكانی گۆڕانكاریی لەرێگەی پرۆسەی دیموكراسی و دەنگدانەوە پاشەكشەیەكی گەورەی كرد.

قاسم موسڵیح، كە پێشتر و لەسەردەمی شەڕی داعش فەرماندەی لیوایەكی سەر بەعەتەبەكانی مەرجەعیەتی نەجەف بوە (الطفوف)، بەر لەوەی سەنگەر بگوازێتەوە بۆ بەرەی وەلائییەكانی ئێران، لەگەڵ براكەیدا (عەلی موسڵیح) پێشینەو پەرێزێكی خراپیان هەیە لەناو خەڵك لە دۆسیەكانی سەركوتكردنی ناڕازییەكان و گەندەڵی دارایی و سەرانە وەرگرتن و سپیكردنەوەی پارەو بودجەی هێزەكانی حەشد. هەر لەم میانەیەشدا دایكی ئیهاب وەزنی، لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا بەدڵنیاییەوە دەڵێت، قاسم موسڵیح هەڕەشەی توندی لە كوڕەكەی كردوە “ئەگەر یەك رۆژیشم مابێت لە ژیاندا هەر دەتكوژم.”

هەندێكیتر پێیانوایە كاری قاسم موسڵیح گەورەترە لە تیرۆر و سەرانە وەرگرتن و ترساندنی خەڵك، چونكە ناوبراو لەسەردەمی ژیان و چالاكی قاسم سولەیمانیدا (كانونی دوەمی 2020 تیرۆر كرا) بوەتە جێگە متمانەی سوپای پاسداران و سەرپەرشتیكردنی دۆسیەی ئەمنی میحوەری ئەنباری پێ سپێردراوە كە شیعەی عێراق و ئێران دەبەستێتەوە بە سوریا و مۆڵگەی پێشوی ڕێكخراوەكانی ئەلقاعیدە و داعشیش بوە، هەر ئەمەش قاسم موسڵیحی كردوەتە یەكێك لە ئایكۆنەكانی حەشدی وەلائی لەسەر ئاستی عێراق و پێگەشی لەناو دەستەی حەشدی شەعبی بەهێز كردوە كە بەفەرمی سەر بەدەوڵەتە و بودجەی ساڵانەی لە دو ملیار دۆلار زیاترە.
ئەو هێزانەی لەسەر قاسم موسڵیح چونە سەر ناوچەی سەوز دەموچاویان پێچرابو، هیچ لۆگۆ و ناونیشانێكیشیان بە ئاشكرا هەڵنەگرتبو، بەڵام ئەو لایەنانەی زۆر لە رێگەی بەیاننامە و لێدوانی میدیاییەوە پشتیوانییان كردن، زیاتر بریتی بون لە عەسایب و كەتیبەكانی حیزبوڵڵا و بزوتنەوەی نوجەبا كە بڕبڕەی پشتی پرۆژەی وەلائییەكان لەناو حەشدی شەعبیدا پێكدەهێنن. ئەم هێزانە بە پاڵپشتیكردنی جموجوڵە سەربازییەكە جارێكیتر جاڕی یاخیبونیان لە فەرمانەكانی سەرۆكوەزیران راگەیاند، هەروەها بەكردەیی كۆتاییان بەو قسەیەش هێنا كە زۆرجار دەگوترێتەوە كە گوایە دەستەی حەشدی شەعبی و چەكدارەكانی سەر بەسەرۆكوەزیرانن و بەشێكن لە پێكهاتە ئەمنییەكانی دەوڵەت و لەژێر ئاراستەكردنی فەرماندەیی گشتی هێزە چەكدارەكاندان.

هەرچی بەسەر قاسم موسڵیح ئیدانە بكرێت یان ئازاد بكرێت (ئەگەری دوەم زاڵترە)، هیچ لەو راستییە ناگۆڕێت كە گرژییەكانی چوارشەممەی بەغدا خەونی دەوڵەتداریی لەعێراقدا لە سایەی چەكی بەرەڵا و فرەیی مەرجەعیەتی ئاراستەكردنی گروپەكان، خستە گیانەڵڵا. لەدوای ئەم روداوەشەوە جارێكیتر ئەستەمە هیچ كەس باس لە شكۆی دەوڵەت یان قەتیسكردنی چەك لە دەستی دەوڵەتدا بكات، بەتایبەت پاش ئەوەی چەكدارەكان یەكڕاست گەمارۆی سەرۆكایەتی وەزیران و ماڵی پلەدارە باڵاكانی دەوڵەتیان دا و لەهەندێ گرتەی ڤیدیۆییشدا بەلاقرتێوە هەواڵیان دەپرسین كە ئاخۆ چیتر بەتەمای چین و لەكوێن؟

هەڵكشانی پێگەی گروپەكان لەسەر حسابی دەوڵەت، پێش لەسەرهەڵدانی داعش و راگەیەندنی حەشد بەفەرمی (2014) بەردی بناغەی دانراوە، حكومەتەكانی پێشوش (عەبادی و عەبدولمەهدی) لەگەڵیدا ژیاون و بەڕێیان كردوە، بەڵام ناو بەناو كازمی بە دەست بردن بۆ ئەو پرسانە و گوشاری خۆپیشاندەرانی تشرین بۆ بەرەنگاربونەوەی دەوڵەت و میلیشیاكان، هەموجارێ قەتماغەی برینەكانی سەر جەستەی عێراق لا دەبەن و هەموجارێك گروپەكان هەنگاوێك زیاتر دەچنەپێش لە خۆسەپاندن. بەڵام دیارە خۆیان نایانەوێت كۆنتڕۆڵی تەواوەتی دۆخەكە بكەن چونكە كەرەستە و ئامادەیی ئەوەیان نییە دواتر ئیدارەی دۆخی عێراق بدەن، ئەویش لە سایەی ئابورییەكی داتەپیو و پێویستییەكی زۆری عێراقدا بە كۆمەك و پەیوەندییە دەرەكییەكان بەتایبەت ئەمەریكا و ئەوروپا كە ئێستا لە دەستی كازمیدایە.

سەرەتای بەریەككەوتنی ئاشكرای حكومەتی مستەفا كازمی و گروپە چەكدارە وەلائییەكان دەگەڕێتەوە بۆ هاوینی 2020، كاتێك كازمی 14 كەسی لە كەتیبەكانی حیزبوڵڵا دەستگیركرد كە تۆمەتباربون بە هاویشتنی موشەك بۆسەر باڵیۆزخانە و بنكەكانی ئەمەریكا. دواتر چەكدارەكانی ئەم گروپە كە دڕترین و ڕێكخراوترین گروپە وەلائییەكانی ئێرانن هەڵیانكوتایە سەر ناوچەی سەوز و بەنێوانگری مالیكی و سەركردەكانیتری شیعە سەرۆكوەزیرانیان ناچاركرد، بەبێ هیچ سزوا ڕێوشوێنێك گیراوەكان ئازاد بكات. ئەمە لە كۆتاییەكانی ساڵی رابردوش (2020) دوبارەبویەوە، كاتێك هێزە ئەمنییەكانی عێراق كادرێكی بزوتنەوەی عەسایبیان بەتۆمەتی تێوەگلان لە هاویشتنی رۆكێت بۆ باڵیۆزخانەكان دەستگیركرد (حسام زریجاوي) و دواتر چەكدارەكانی عەسایب رژانە سەر شەقام بۆ ئازاداكردنی و دۆسیەكەش دیزەبەدەرخۆنە كرا. لە دەستگیركردنی قاسم موسڵحیشدا گەڕێكیتری ئەم بەریەككەوتنە دوبارە بویەوە و لەبەر رۆشنایی ئەو دو ئەزمونەی پێشوش، باوەڕێكی زاڵ هەیە كە چارەنوسی قاسم موسڵیحیش هەر ئازادكردن و كۆتاییهاتنی دۆسییەكەیەتی، چونكە ناوبراو ئەڵقەیەكە لە زنجیرەیەكی قایمتر كە حەشدی شەعبییە و سەرانی ناهێڵن بۆ پاراستنی سەركردەكانیتریان لە دورمەودادا هیچ كەلەبەر و درزێكیان تێ بكەوێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP