سیستەمی سیاسی و دەستووریی عێراق لە دوای ساڵی ٢٠٠٥ـەوە، لەسەر بنەمای گواستنەوە لە دەوڵەتێکی یەکپارچەی مەرکەزیی توندەوە بەرەو دەوڵەتێکی فیدراڵیی دیموکراتی داڕێژرا (ماددەی ١ـی دەستوور).
ئەم وەرچەرخانە دەستوورییە بەرهەمی گرێبەستێکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی نوێ بوو کە تێیدا "شەراکەت، هاوسەنگی و سازان" کرانە کۆڵەکەی پاراستنی یەکپارچەیی عێراق لە چوارچێوەی فرەپێکهاتەییدا. بەڵام لەسەر ئەرزی واقع لە دوو دەیەی ڕابردوودا، بەهۆی دەرنەچوونی یاسا تەواوکەرەکانی دەستوور بۆ پێکهاتەی دامەزراوە فیدراڵیەکان، پرۆسەی لێکدانەوەی دەستوور لەڕێگەی "بڕیارە تەفسیریەکان"ی دادگای باڵای فیدراڵییەوە بۆ دەقە دەستوریەکان ئاراستەیەکی وەرگرتووە کە بە پێی شیکاریە دەستوریەکان ، بووەتە هۆی "هەموارکردنی شاراوەی دەستوور" و گۆڕینی قۆناغ بە قۆناغی سیستەمەکە بەرەو مەرکەزیەتی دارایی و کارگێڕی تەواو .
بۆیە لەم شیکارییە دەستوریدا، بە وردی لەسەر چوار تەوەری گرنگ پاڵپشت بە مادە و بڕگە دەستوریەکان و و بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی ، قسە لەسەر کێشە بنەڕەتیە یاساییەکانی فیدراڵیزمی عێراق و سودە وەرگرتنی خراپی دەسەڵاتی حکومڕانی بەغداد دەکەم، بەتایبەت لەو بابەتانەی پەیوەستن ڕاستەوخۆ بەمافەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەوڵەتی فیدراڵی لە عێراقدا.
تەوەری یەکەم: دابەشکردنی دەسەڵاتەکان لە دەستووری ٢٠٠٥ـدا و ململانێی قوتابخانەکانی تەفسیر
دەستووری هەمیشەیی عێراق لە دابەشکردنی دەسەڵاتەکاندا (الاختصاصات الدستورية) پەیڕەوی لە سیستەمێکی سێ-ئاستی کردووە:
1. دەسەڵاتە حەسرییەکانی'تەندراو' حکومەتی فیدراڵی (ماددەی ١١٠): کە تەنها لە نۆ بواردا قەتیس کراون وەک (سیاسەتی دەرەوە، بەرگری و ئاسایشی نیشتمانی، سیاسەتی دارایی و گومرگی، پاراستنی سنوورەکان، کاروباری ڕەگەزنامە، سیاستی پۆستە و گەیاندن ، دانانی پرۆژی بودجەی گشتی و وەبەرهێنان، دانانی پلانی تایبەتی بە سیاستی سەرچوەی ئاو، ئامارو سەرژمێری دانیشتوان ).
2. دەسەڵاتە هاوبەشەکان (ماددەی ١١٤): کە بەهاوبەشی لەنێوان دەسەڵاتی فیدراڵی و هەرێمەکاندا بەڕێوەدەبرێن (لەوانە بەڕێوەبردنی گومرگەکان، سەرچاوەکانی وزەی کارەبا، و سیاسەتی ژینگە و گەشەپێدان).
3. دەسەڵاتی پاشماوە و ئەولەویەتی یاسای هەرێم (ماددەکانی ١١٥ و ١٢١): ماددەی (١١٥) بە دەق بنەمای "الاختصاص المتبقي"ی چەسپاندووە؛ واتە هەر دەسەڵاتێک لە دەسەڵاتە حەسرییەکانی ناوەنددا نەهاتبێت، دەبێتە دەسەڵاتی هەرێم و پارێزگاکان، و لە کاتی ناکۆکیی نێوان یاسای فیدراڵی و یاسای هەرێمدا لە دەسەڵاتە هاوبەشەکاندا، ئەولەویەت بۆ یاسای هەرێمە.
تائێرە بابەتەکە ڕونە، ئەوەی کرۆکی کێشەکەیە لێکدانەوە و تەسفیری دەستوریە بۆ دەقەکان لە بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵیدا لەکاتێکدا لە زانستی یاسای دەستووریدا، لەسەر بنەمای "یەکێتیی دەستوور" (وحدة الدستور) پێویست دەکات ماددەکان بە شێوەیەک لێکبدرێنەوە کە تەواوکەری یەکتر بن. بەڵام لە زنجیرە بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵیدا، پشتبەستن بە لێکدانەوەی فراوان (التفسير الواسع) بۆ دەستەواژە گشتییەکانی ماددەی (١١٠) بووەتە ڕێبازێکی جێگیر، بۆ نموونە:
لە بڕیاری تەفسیریی ژمارە (٢٦٨/فیدراڵی/٢٠٢٦) ، کە تێیدا دادگا لەسەر داوای سەرۆک وەزیران، بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەکان و سەرجەم داهاتە نانەوتییەکانی خستە ژێر دەسەڵاتی حەسریی بەغدا و سنووری جوگرافیی دەسەڵاتەکانی هەرێمی بە ماددەی (٥٣/أ)ـی یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەتەوە بەستەوە.
هەروەها پێشتر بینیمان بڕیاری ژمارە (٨٣/فیدراڵی/٢٠٢٣ و یەکخراوەکانی ١٣١ و ١٨٥) کە تایبەت بوو بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دادگا کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستانی هەڵوەشاندەوە و سەرپەرشتیی هەڵبژاردنەکانی دایە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی فیدراڵی و کورسیی پێکهاتەکانی لابرد. ئەمە دەستوەردان بوو لە دەسەڵاتی یاسادانانی ناوخۆیی هەرێم (ماددەی ١٢١).
ئەگەر بەکورتی بەراورد بە ئەزموونی وڵاتە فیدراڵییەکان بکەین لە حاڵەتی هاو شێوەدا، بۆ نموونە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەمواری دەیەمی دەستوور هاوشێوەی ماددەی (١١٥)ـی دەستووری عێراق، دەسەڵاتی پاشماوەی داوەتە ویلایەتەکان. لە مێژووی دادگای باڵای ئەمریکادا (وەک لە دۆسیەی United States v. Lopez لە ساڵی ١٩٩٥)، دادگاکە ڕێگری کرد لەوەی کۆنگرێس دەسەڵاتی "ڕێکخستنی بازرگانیی نێوان ویلایەتەکان" زۆر فراوان بکات و دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی ویلایەتەکان بکات، بەو پاساوەی کە فراوانکردنی بێسنووری دەسەڵاتەکانی ناوەند، جیاوازیی نێوان دەسەڵاتی فیدراڵی و دەسەڵاتی ویلایەتەکان دەسڕێتەوە.
تەوەری دووەم: سروشتی یاسایی "بڕیاری تەفسیری" و بۆشایی دامەزراوەی هاوسەنگی دەستوری
بەهۆی دانەمەزراندنی ئەنجومەنی فیدراڵی (ماددەی ٦٥)، کە دەبوو ئەنجومەنی دووەمی یاسادانان بێت بۆ پاراستنی هاوسەنگیی نێوان زۆرینەی دیمۆگرافی و نوێنەرایەتیی هەرێم و پارێزگاکان. وە هەموارنەکردنی یاسای دادگای فیدراڵی (ماددەی ٩٢)، دەرنەچوونی یاسایەکی نوێ بەزۆرینەی دوو لەسەر سێی پەرلەمان، و هەموارکردنی یاسا کۆنەکە (فەرمانی ژمارە ٣٠ـی ساڵی ٢٠٠٥) بە یاسای ژمارە (٢٥ـی ساڵی ٢٠٢١) بە زۆرینەی سادە، بووەتە جێگەی ڕەخنەی یاسایی لەسەر شەرعییەتی پێکهاتەی دادگاکە.
لەکاتێکدا، بەپێی ماددەی (٩٣/بڕگەی دووەم)ـی دەستوور، دادگای باڵای فیدراڵی دەسەڵاتی لێکدانەوەی دەقەکانی دەستووری هەیە، و بەپێی ماددەی (٩٤) بڕیارەکانی کۆتایی و پابەندکەرن. لە فقهی دەستووریدا، بڕیاری تەفسیری دەبێت تەنها تەمومژی زمانەوانی لاببات، نەک ببێتە جێگرەوەی یاسادانان. بەڵام لە عێراقدا بە هۆی پەکخستنی دامەزراوە تەواوکەرەکان وایکردووە دادگا ئەو بۆشاییە پڕ بکاتەوە . بۆیە ئەگەر بەراورد بە ئەزموونی وڵاتە فیدراڵییەکان (نموونەی ئەڵمانیا) بکەین دەبینین لەکۆماری فیدراڵیی ئەڵمانیادا، ئەنجومەنی