دواین هەواڵ

قۆناغی دووەم، سەرەی پێشمەرگەیە؟

‌ئەبوبەكر كاروانی

11 کاتژمێر پێش ئێستا

لە ڕابردوودا، چەندین جار لەسەر پرسی پێشمەرگە، ناڕوونیی داهاتووی ئەم هێزە، خاوخلیچکی و نەچوون بە دەم بانگەوازی چارەنووسسازی وڵاتانی خۆرئاوا بۆ یەکگرتنەوە و بەنیشتمانی‌کردنی ئەم هێزە، نووسیومە و قسەم کردووە، ئێستاش ئاماژەکان ئەوەمان پێ دەڵێن کە ئاسایی و چاوەڕوانکراوە ئامانجی دواتری پرۆسەی بەناوەندیکردنەوەی دەسەڵات لە عێراقدا، دروستکردنی فشار بێت بۆ سەر ئەم هێزە.

هەڵەیە ئەگەر وا بزانین پێشمەرگە، بەو شێوە و ژمارە و دۆخەی ئێستایەوە، گرەنتیی دەستووریی هەیە؛ چونکە لە دەستووردا تەنها ئاماژە بەوە کراوە کە هێزێک بە ناوی پاسەوانی هەرێم بوونی هەیە، بەبێ ئاماژەکردن بە ڕۆڵ، ژمارە، قەبارە، جۆری چەک و سروشتی پەیوەندیی ئەم هێزە لەگەڵ سوپا و هێزە چەکدارەکانی عێراق.

هەر بۆیە، ئەگەر ڕووداوە دراماتیکییەکانی ناوچەکە پرسەکە هەندێک دوا نەخەن، یاخود ڕەوتی ڕووداوەکان دۆخەکە بە ئاراستەیەکی تردا نەبەن، پرۆسەی بەناوەندیکردنەوەی دەسەڵات لە عێراقدا، لە قۆناغی داهاتوودا، لێدان لە ڕەمزەکانی سەربەخۆیی و سەروەریی هەرێم، لەوانەش هێزی پێشمەرگە، دەگرێتەوە.

هەوڵ دەدرێت ئەم هێزە ملکەچی دووبارە پێناسەکردنەوەیەکی یاسایی و دامەزراوەیی و ڕێکخستنەوە بکرێت، بە جۆرێک لەگەڵ ئەو عێراقە نوێیەدا کۆک بێت کە ئێستا کاری بۆ دەکرێت.

ڕوونە ئەم هەواڵە، لە سۆنگەی ئەزموونی تاڵی ڕابردوو لەگەڵ سوپای عێراق و خەونە بەدینەهاتووەکانەوە، بۆ زۆرینەی گەلی کوردستان دڵخۆشکەر نییە؛ بەڵام سەرەڕای هەموو ناڕەزایەتییەکان، چاوەڕوانکراوە.

مامەڵەی دوو حیزبەکەش لەگەڵ ئەم هێزە لە قۆناغی ڕابردوودا و نەبوونی هیچ خوێندنەوەیەکی دووربینانە بۆ ئایندەی، بەداخەوە ڕێگەی بۆ ئەم کارە و زۆر شتی تریش خۆش کردووە.

دەزانم لێرەدا بوار هەیە زۆر دروشم و قسەی گەرم دەربارەی ئەم هێزە بکرێن، بەڵام بەداخەوە زۆر سوودیان نییە؛ چونکە گۆڕانکارییەکان و لەدەستدانی دەرفەتەکان لە ڕابردوودا، تا ڕادەیەکی زۆر، توانای بەکارهێنانی ئەم هێزەیان لەلایەن کوردەوە، وەک ئامرازێکی ستراتیژیی ملمڵانێ، لە چوارچێوەی پێدراوەکانی ئێستادا، سنووردار کردووە.

لە کۆتاییدا، پرسیارەکە ئەوەیە: داخۆ ئەوانەی تا دوێنێ نەیانتوانی، لە ڕێگەی یەکگرتنەوە و دووبارە ڕێکخستنەوەیەکی قووڵ و ڕاستەقینەی ئەم هێزە لە کاتی خۆیدا، گرەنتی و پشتیوانییەکی زۆرتری دەرەکی و ناوخۆیی بۆ ئەم هێزە پەیدا بکەن، لە ئێستادا دەتوانن ڕێگە لەم سیناریۆ چاوەڕوانکراوە بگرن؟

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP