دواین هەواڵ

مەسرور بارزانی.. دەوڵەتداری و هێز و هیوا و متمانە

‌ئەسرین عاسی شوانی

8 کاتژمێر پێش ئێستا

کاتێک لە دیدگا و جووڵە و هەنگا و پرۆژە و بەخششەكانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڕوانین، ئومێدی لەسەر هەڵدەچنین. ئەو پێداگرنە و خۆڕاگرانە بەردەوامە لە جێبەجێکردنی بەڵێن و کارنامەکانی کابینەی نۆیەم لە چاکسازی و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و پاراستنی ئەمن و ئاسایش.
هەروەها لە هەنگاو و هەڵوێستەکانیدا دەبینین کە گفتار و کردارەکانی سەرۆکی حکوومەت هاوتەریبن. هەروەک لەسەرەتای دەستبەکاربوونیەوە کاتێ بەڵێنی بە جەماوەری کوردستان دا، ئینجا سەرکەوتنی بەسەر ڕێگرییەكان و شوێندەستی بەسەر سەرجەم جومگەکانی بەڕێوەبردندا لە کاروباری حکوومەت، زوو چارەسەرکردن و پەیبردن بە کرۆکی قەیران و دەستبردن بۆ هەندێک ئاماژەی ئاستەم کە پێشتر قورس بوو دەستی بۆ ببرێت، بەڵام ڕێزدار مەسرور بارزانی هەروەک چۆن بەڵێنی بە جەماوەر دابوو، هەنگاویشی بۆ هەڵێنا و سوپاس ب خوا هەرێمی کوردستان رۆژ دوای رۆژیش لە بەرەوپێشچووندایە و لە لوتکەی ئاواتەکانی خەڵکی کوردستان نزیک دەبێتەوە.
وەک لای هەموان ڕوون و ئاشکرایە کە بەڕێز مەسرور بارزانی کاتێ پۆستی سەرۆکی حکوومەتی گرتە دەست و سوێندی یاسایی خوارد، هەرێمی كوردستان لە قەیران و تەنگژەی جۆراوجۆردا بوو و هی دیکەشی هاتە سەر، بەڵام هەر زوو وەک دەوڵەتمەدارێکی کارامە و بە حیکمەت و لێهاتوویی خۆی توانیی بەسەر زۆربەی تەگەرە و ڕێگرییەكاندا سەرکەوێت و تەوژمی قەیرانەکان ڕاگرێت و بەپێچەوانەوە بیانکاتە دەرفەت بۆ پرۆژەی گرنگ. دیارە هەنگاوی چاکسازییش بە زۆر کەند و کۆسپدا گوزەری کردبوو، بۆیە دەستبردن بۆی کارێکی ئاڵۆز بوو، کەم کەس دەیتوانی خۆی لە قەرەی بدات، بەڵام دیتمان هەر لەسەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمەوە، پایەکانی ئەو وێستگەیە کەوتنە سەر سکەی خۆی و چاکسازی وەک ئەوەی بەرنامەی بۆ داندرابوو، کرایە کارنامەی حکوومەت و خودی سەرۆکی حکوومەتیش وەک ئەندازیاری بەئەزموونی ئەو بوارە شانی دایە بەر قورسایی ئەو پرۆسەیە.
بۆیە ئەگەر گوزەرێک بەناو هەنگاو و جووڵە و پرۆژە و هەڵوێست و كردارەكانی مەسرور بارزانی، وەک دەوڵەتمەدارێکی سەرکەوتووی مۆدرێندا بكەین، دەبینین هەنگاوەکانی بەر لە ڕووداوەکان و هاوتەریبی ڕووداوەکان پێ بەپێ لە چارەسەرکردن و ڕێگادۆزینەوەدان، ئەگەر بۆ نزیکترین بەخەمەوەهاتنی بگەڕێینەوە، دەبینین چەندێک لە خەمی هاووڵاتییانە و تا چ ڕادەیەک ئاوێتەی ئازاری گەلەکەیەتی، کاتێ ڕێژنەبارانێکی پاییزە خۆی دەکات بەناو کووچە و کۆڵانەکانی پایتەختی هەرێمی کوردستان و زەرەر و زیان بەر هاووڵاتییانی وڵاتەکەی دەکەوێت، ئەوە سەرۆکی حکوومەتە لە هەمان ساتدا خەڵکی زیانلێکەوتوو بەسەر دەکاتەوە، بە بڕیاری ئەو، قەرەبوو دەکرێنەوە. کاتێ قوتابییانی دەرچوو و ناڕازی دێنە سەرشەقام و داوای مافی خۆیان دەکەن، ئەوە سەرۆکی حکوومەتە دێتە سەرخەت و دەچێتە ناویان و خەمیان لەگەڵدا دابەش دەکات، هەر وەک دەبینین چاوێکی لە دەوڵەتدارییە و پێیەکی لەناو بازاڕ و چاودێریکردنی ژیانی خەڵکە، لە چارەسەرکردنی قەیرانەکاندا سڵ ناکاتەوە و بەسەر کەند و کۆسپەکاندا زاڵ ئەبێت.
هەر لەسەر دەستی ئەو بوو لە سەروەختی کابینەی نۆیەم، پڕۆژەی بیناکردن و ئاوەدانکردنەوە هەموو کوردستانی گرتەوە، سیمای شارستانییەت، پڕۆژەی ڕێگاوبان، ڕەوتی خوێندن، تەندروستی و زاڵبوون بەسەر نەخۆشیی کۆڕۆنا، بواری گەشتیاری و كشتوكاڵ و بەنداو و كارەبای بەردەوام و هەژماری من و بەدیجیتاڵكردنی سیستەم، هەموو ئەمانە هەروا لەخۆڕا نەهاتوونەتە دی، ئەوە بەری ڕەنجی ئەندازیاری چاکسازی و دەوڵەتدارییە کە ڕێزدار مەسرور بارزانی، وەك كەسایەتییەكی خەمخۆر و دڵسۆز و خاوەن بەڵێنی لەپشتە و وەک و ڕۆژی ڕووناکیش دیارە هەنگاوەکانی بەرەو لوتکە و ئەوەی لە توێشەبەرەیدایە زۆر لەوە زیاترە كە هاتووەتە دی.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP