پەرلەمان، بە درێژکراوە و گەشەسەندنی ئەو دەزگا و ئەنجومەنانەی لە سەردەمی یۆنانی کۆنەوە (وەک «ئێکلێسیا» لە ئەتینا، کە ئەریستۆ بە دەستپێکی بەشداریکردنی هاوڵاتییان لە ژیانی سیاسیدا وەصفی دەکات) تا ئێستا، گوزارشتی لە ئیرادەی گەل کردووە؛ گەلیش پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیی بە دەسپێک زانیوە. بەرژەوەندی گەلیش — وەک ژان ژاک ڕۆسۆ لە «ئیرادەی گشتی»دا جەختی لێ دەکاتەوە — لە پاراستنی ئەو خاک و ئاو و پارچە جوگرافییەدا دەبینێتەوە کە مێژوو بە ئەویوە گرێداوە و ناوی قەوارەیەکی سیاسی دیاریکراوی لێنراوە (کە لای تۆماس هۆبس وەک بنەمای تەناهی و ئارامی لە ڕێگەی پەیمانی کۆمەڵایەتییەوە وێنا دەکرێت) و بە پێی یاساو دەستوور خاوەنی سەروەری خۆیەتی (کە ژان بۆدان بە دەسەڵاتی ڕەها و بنەڕەتی دەوڵەتی دادەنێت). لەم ڕوانگەیەوە، هەر کەس و گروپ و لایەنێک ببێتە هۆی مەترسی بۆ زیان گەیاندن بەو قەوارەیە، دەچێتە خانەی خیانەتی نیشتمانییەوە.
لەم ڕوانگەیەوە دەبێ بزانین، بەپێی زانستی سیاسی و کۆمەڵناسیی سیاسی، پێکهاتەو بۆچوونە جیاوازەکانی مرۆڤ، ئایدیاو ئایدۆلۆژیای جیاواز (بە هۆی جیاوازی پێگە و بەرژەوەندییە کۆمەڵایەتییەکانەوە، وەک کارل مارکس و کارل مانهایم ئاماژەی پێ دەکەن) دروستەکات؛ بۆ گوزارشت کردن لەم بۆچوونە جیاوازانە، ئامراز و میکانزمی گونجاو دۆزراوەتەوە، کە ئەویش حزب و پارتی سیاسییە (کە ماکس ڤێبەر بە ئامرازی سەرەکی ڕێکخستنی دەسەڵات لە دیموکراسیی هاوچەرخدا ناساندوویەتی).
ئەم حزب و پارتانە دەکەونە کێبڕکێ و ململانێوە بۆ ئەوەی — وەک جۆزێف شومپیتەر لە تیۆری کێبڕکێی دیموکراسیدا باسی دەکات — زۆرترین لایەنگر لە دەوری دیدگای خۆیان کۆبکەنەوە و بە یارییە تاکتیکی و دیبلۆماسییەکان، جڵەوی دەسەڵات و بەڕێوەبردن بگرنە دەست. ئافەرین بۆ جوانترین یاری و باشترین یاریزان کە لە سیستەمی دیموکراسیدا، بە کەمترین کات و تێچوون، بە باشترین لۆژیک، ئەو جڵەوە دەگرێتە دەست و قەوارەکە لە مەترسی دەپارێزێ (بە تێکەڵکردنی هێز و ژیری، کە ماکیاڤیلی، وەک مەرجی سەرکردایەتیکردن دەیبینێت) و نان و ئازادی و ئاشتی و ئارامی بۆ هاوقەوارەکانی دەستەبەر دەکات (کە کڕۆکی بیرۆکەی جۆن لۆکە لە پاراستنی مافە سروشتییەکانی مرۆڤدا !