دواین هەواڵ

پـــاشـــا ڕووتــە و كــەس پێی نـاڵێ

‌ جیهانگیر گوڵپی

5 کاتژمێر پێش ئێستا

 

(دابەزاندنی نرخی ئاڵوگۆڕی دینار سودی بۆ داهات و بودجەی حكومەتیش نیە)
 
د.جیهانگیر گوڵپی
 
   پاڵنەری ڕاستەقینەی بڕیاری دابەزاندنی نرخی ئاڵوگۆڕی دیناری عێراقی هەرچیەك بێت، عەلی زەیدی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و بەشێک لە كاربەدەستانی تر بەوە پاساوی بۆ دەهێننەوە كە كێشەی كەمیی داهات و كورتهێنانی بودجە هەیە و تەنها بەو ڕێگەیە دەتوانرێ ئەو كورتهێنانە كەم بكرێتەوە. 
 
زیاتر لە هەفتەیەكە ئەو بڕیارە هەمو عێراقی هەژاندوە، لافاوی شیكارییەكان و لێزمە بارانی ڕەخنە بەردەوامە، بەڵام بڕیارەكە خۆی ڕاگرتوە، ئێستا ئیتر هەموان دەزانن كەبڕیارێكە و دراوەو پاشگەزبونەوە لێی نیە.
 
خوا هەڵناگری ئەم هەفتەیە بەئەندازەیەكی زۆر قسەی باش لەبارەی ڕەهەندە جیاوازەكانی ئەو بڕیارەو لێكەوتە چاوەڕوانلێكراوەكانیەوە كرا..
 
هەموان كۆك بون لەسەر ئەوەی كە گوایە حكومەت بەم بڕیارە هەوڵدەدات چارەسەری گەورەیی قەبارەی كورتهێنانی بودجەكەی لەسەر حسابی لاوازكردنی هێزی كڕینی هاووڵاتیان و كەمكردنەوەی داهاتی راستەقینەی موچە خۆران بكات. 
 
بەڵی ئەم ماوەیە زۆر وترا، كەچی ئەوەی لەهەموشت پێویستتر بوو نەوترا.... 
هەموان وتیان بەڵێ ڕاستە دابەزاندنی نرخی ئاڵوگۆری دینار داهات بۆ حكومەت زیاد دەكات و كێشەی كورتهێنانی بوودجە كەم دەكاتەوە بەڵام گرفتەكە لەوەدایە كە لێكەوتەكانی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان خراپ دەبن.
 
پێویست بوو بوترێ بەڵام نەوترا کە ئەم بڕیارە بەهیچ جۆرێک تەنانەت ئەو ئامانجە بەرتەسكە ڕاگەیەنراوەیش وەدیناهێنێ كە حكومەت مرخی لێ خۆشكردوە.
بەڵێ هیچ كەس نەیوت دابەزاندنی نرخی ئاڵوگۆڕی دینار بەهیچ جۆرێك نابێتە هۆی كەمكردنەوەی كورتهێنانی بودجە!!  
 
پێ ئەچێ هیچ كەس نەیویستبێ بە نەزان تۆمەتبار بكرێ، هەر وەك ئەوەی كەس نەیەوێ بڵێ پاشا ڕووتە! چونكە ئەم ماوەیە و پێشتریش زیادبونی داهاتی حكومەت و كەمبونەوەی كورتهێنای بودجە وەك دەرەنجامی چاوەڕوانلێكراوی دابەزاندنی نرخی دینار كراوەتە بەڵگەنەویست و كۆڕایی لەسەرە. 
 
 بەڵام دواجار هەر دەبی بوترێ پاشا ڕوتە... بەڵێ دەبێ بوترێ دابەزاندنی نرخی ئاڵوگۆڕی دینار بەهیچ جۆرێك یارمەتی كەمكردنەوەی كورتهێنانی بودجە نادات.
چونكە ئەو داهاتە زیادەیەی بەدینار دەستی حكومەت دەكەوێ بەهۆی فرۆشتنی دۆلارەكانیەوە بەنرخی نوێ كەمترە لەو زیادە خەرجیەی كە دەكەوێتە ئەستۆی حكومەت بەهۆی دابەزاندنی نرخی دینارەوە. 
واتە پوختەی لێكەوتەی ئەم بڕیارە لەسەر داهات و خەرجیەکانی حكومەت و بودجەكەی نەرێنیە و خراپە نەك باش.. ئەمەیش سەرەڕای لێكەوتە نەرێنیەكانی لەڕوەكانی ترەوە.
 
دابەزاندنی نرخی دینار لەلایەنی داهاتە گشتیەكاندا تەنها داهاتی نەوتی خاوی هەناردەکراو بەدینار زیاد دەکات، كە بەپێی بودجە خەمڵێنراوەكە بڕی داهاتەکەی بەدۆلار نزیكەی(84.6) ملیار دۆلارە و دەكاتە (127) ترلیۆن دینار، ئەمەیش تەنها (58%)ی كۆی بڕی ئەو داهاتە گشتیانە پێكدەهێنێت كە بۆ پارەداركردنی كۆی خەرجیەكان خەمڵێنراوە. 
دابەزاندنی نرخی دینار دەبێتە هۆی زیادكردنی تەنها داهاتی نەوتی خاوی هەناردەکراو بەدینار بەڕێژەی (15%) و سەرەنجام زیادبونی بڕی (16) ترلیۆن دینار. 
 
لەبەرامبەریشدا ئەم هەنگاوە كاریگەریەكەی لەسەر زیادكردنی قەبارەی خەرجیەگشتیەكانی حكومەت هەیە.
جگە لەموچە و دانەوەی پشك و سوی سەر قەرزە ناوخۆییەكان هەمو خەرجیەكانی تر كە نزیكەی(50%) ی كۆی خەرجیەكانن بەهۆی دابەزاندنی نرخی دینارەوە قەبارەیان گەورەتر دەبێت.
 
هەمو خەرجیەكانی تایبەت بە( كڕینی پێداوستیی كەلوپەل، خزمەتگوزاری، چاككردنەوە، پرۆژەكان.....هتد) بەهۆی دابەزینی نرخی دینارەوە تێچویان بەڕێژەی زیاتر لە(15%) بەرز دەبێتەوە بەكەوپەل و خزمەتگوزاریی ناوخۆییشەوە.
سەرەنجام بەو هۆیەوە زیاتر لە (15) ترلیۆن دینار بۆ خەرجیەكانی حكومەت زیاد دەبێت. 
بێگومان ئەو خەرجیانەیشی كە بەدۆلار دەکرێن وەك خەرجی گەڕی مۆڵەتپێدانی نەوت و دانەوەی پشك و سوی قەرزە دەرەكیەكان و بەخشین هاوكاری بۆ دەرەوە ئەوا لەكاریگەریی زیادبونی داهات كەم دەكەنەوە، خۆ ئەگەر بەدیناریش لە چواچێوەی خەرجیەكان هەژمار بكرێن ئەوا بەشداری دەكەن لە زیادبونی قەبارەی خەرجیەكان وەك لەسەرەوە بەو شێوەیە هەژمارمان كرد.
 
لەگەڵ ئەوەیشدا ئەو بڕیارە لەڕیگەی دابەزاندنی هێزی كڕینی هاووڵاتیانەوە بەئەگەری زۆرەوە دەبێتە هۆی زیاتر سست بونی چالاكیە ئابوریەكان و سەرەنجامیش كەمبونەوەی داهاتی نانەوتی حكومەت. 
 
ئەوەندە بەسە بۆئەوەی بزانین ئەم بڕیارە نەك سودی نیە بۆ كەمكردنەوەی كورتهێنانی بودجە بەڵكو ئەگەری زۆرە زیانی زیاتر بێت. 
ئەڵبەت ئەم شیكاریە لەسەر بنەمای ئەگەر نەگۆڕانی هەلومەرج و فاكتەر و گۆڕاوەكانی تر كراوە.
__________________
*(پاشە ڕوتە و كەس پێی ناڵێ) وەك ئیدیۆم بەكارم هێناوە بۆ گوزارشت كردن لە خۆلادان لەوتنی ڕاستیەك لەترسی تۆمەتباربون بە نەزانی. بیرۆكەكەیش لە چیرۆكێكی كۆنەوە وەرگیراوە، دەقی چیرۆكەكە لەكۆمێنت دادەنێم.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP