دەگێڕنەوە جارێکیان هەردوو هەڵبژاردەی عێراق و بەڕازیل یاری دەکەن، یاریزانێکی بەرگریی عێراق بەناوی عەلی بە هەڵە سێ گۆڵ لە خۆیان دەکات. ڕاهێنەرەکەی عێراق یاریزانەکان بانگ دەکات و دەڵێت: «واز لە هێرشبەرەکانی بەڕازیل بهێنن، بڕۆن عەلەی خۆمان بگرن.»
جا ئەم مەسەلەی دۆلارەش وای لێ هاتووە؛ بەپێی دەستوور و یاسای بانکی ناوەندیی عێراق، دەستکاریکردنی نرخی دینار تەنیا لە دەسەڵاتی بانکی ناوەندیدایە و هیچ کەسێک، بە سەرۆکوەزیرانیشەوە، ناتوانێت دەست لە کاروبار و سیاسەتی نەختینەیی بانکەکە وەربدا.
بەپێی مادەی 2ی یاسای بانکی ناوەندیی ساڵی 2004، بانکەکە سەربەخۆیی تەواوەتیی خۆی هەیە و ڕێنمایی لە هیچ کیان، کەس و دەزگایەکی حکومییەوە وەرناگرێت. دەبێت ڕێز لە سەربەخۆیی بانکەکە بگیرێت و هیچ کەس نابێت کاریگەریی خراپ بکاتە سەر هیچ ئەندامێکی بانکەکە لە دەستەی بڕیارداندا.
بە کورتییەکەی، نە وەزارەتی دارایی و نە خودی سەرۆکوەزیران بۆیان نییە دەستوەردان یاخود کاریگەرییان لەسەر بڕیارەکانی بانکەکە هەبێت.
کەچی ئەوەی بینیمان، بۆ یەکەمجارە زەیدی لە ڕێگای وەزارەتی داراییەوە بڕیاری کەمکردنەوەی نرخی دینار دەدات و دەیسەپێنێت بەسەر بانکەکەدا و دەشڵێت: «خۆم کردوومە و بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ دەگرم!!»
جیا لەوەش، زەیدی حسابی بۆ پەرلەمان نەکرد و لە بری ئەوەی بڕواتە بەردەم پەرلەمان، کەچی ڕۆیشتە سەروی پەرلەمان دانیشت و لەگەڵ سەرۆکی لایەنەکان کۆبوویەوە و فەرمانەکانی خۆی بەسەریاندا خوێندنەوە.
هەنگاوەکانی زەیدی پێمان دەڵێن وردەوردە بەرەو ئەوە دەڕوات حساب بۆ پەرلەمان، بانکی ناوەندی و هیچ یاسایەک نەکات و ببێتە بڕیاردەری یەکەمی عێراق.
ماوەیەکی تر دەبێ بڵێین: واز لە دۆلار و دینار بهێنن، بڕۆن عەلی زەیدی بگرن..!!