سەهۆڵەکە چۆڵ مەکەن، لەبەر خاتری کافێ و ریستۆرانتی کۆڕنیشەکان
سلێمانی کە خاوەنی یەکەمین پیشانگای بازرگانی بوو لەساڵی ٢٠٠٧ دا لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستانیش، کەچی ئێستا پێشانگاکانی بوون بە شوینی فرۆشتنی فاسۆلیای ئیرانی و ساوەری تورکی بەجوملەش نا بەڵکو بە کیلۆ،، وەک چۆن ڤیستیڤاڵەکانی کراون بە شوێنی لەفە فرۆشتن و یاپراغ و موت و مووروو.
شارەکە بەتەواوەتی لەرووی کار و کەسابەتەوە و ئیفلیج بووە، کەچی سەنتەرەکانی بەناو توێژینەوە ستراتیژی دێن بەتوێژینەوەی درووستکراوی چات جیپیتی، دەیانەویت وا نیشانبدەن شارەکە وەزعی باشە.
دەیان سەنتەر و رێکخراو و چەتر بەناوی داڕشتنی پلانی ستراتیژی ئابوری و کلتوری سلێمانییەوە بە پارەی حزب درووستکراون،کە هەندێکیان ئەوەندە بەپەلەن، ئۆفیسیان نییە و لە قاوەخانەکاندا کۆدەبنەوە و ئەیانەویت گەشەی ئابوری و کلتوری شارەکە رێکبخەن و گەشەی پێبدەن.
هەندێکی دیکەیان بوون بە دەڵاڵی کۆمپانیا چاوچنۆک و بازرگانەکان، تا ئەو تۆزە پارەی لە گیرفانی خەڵکی شارەکەدا ماوە دەربهێنن و شوقە تەواو نەکراو و نەفرۆشاراوەکانیان بۆ ساغ بکەنەوە.رەنگە ناهەقیشیان نەبێت، ئاخر بودجەی سەدان ملیۆن دیناری دەزگاکانیان چۆن دابین بکەن؟
لە شارێکی وەک سلێمانیدا زیاتر لە ١٩٢ هەزار یەکەی نیشتەجیبوون درووستکراون یان تا چەند ساڵی داهاتوو درووستدەکرێن، کەچی دەیان هەزار خێزانی دانیشتوانی شارەکە کرێچین، هەر ١٩٢ هەزار یەکەکەش دراون بە چەند کۆمپانیا و سەرمایە دارێک کە لە پەنجەکانی هەردوو دەست تێپەڕ ناکەن.
دەروازەی سلێمانی کە لە تاسڵوجەوە دەستپیدەکات بڕیاربوو بەدریژایی ئەمبەر و ئەوبەری رێگاکەی، بکرێت بە باڵەخانەی بازرگانی سەردەمیانە، هاوشێوەی شەقامی شانزەلیزە لە پاریس و شەقامی شیخ زائید بن سوڵتان لە دوبەی، کەچی زەوییەکان فرۆشران و کران بە کۆگای جەمەلۆن و ئەلکۆبۆن و پێشانگای کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبیل.
عەلوەی رۆژئاوای سلێمانی کە چوار ساڵ پێش ئێستا و لەسەر رووبەری ١١٦ دۆنم درووستکرا و دەیان ملیۆن دۆلاری بۆ خەرجکرا، کیلۆیەک تەماتەی تیا نەفرۆشرا و هەر بە داخراوی مایەوە.
سەدان گوندی هاوچەرخی نیشتەجیبونی فاشیل لە سیتەک و لە سنوری تانجەرۆ و چەند شوینێکی دیکەی سلێمانی درووستکران گوایا دەدرێن بە فەرمانبەر و خەڵکی کەمدەرامەت،، کە سەدان ملیۆن دۆلاریان تیدا بە فیڕۆ درا، کەچی ئێستا بوون بە ویرانە، ئەمەیە پلانی ستراتیژی حوکمرانانی سلێمانی؟
فڕۆکەخانەی نیودەوڵەتی سلێمانی کە تاکە دەروازەی پارێزگاکە بوو بۆ پەیوەستبوونی بە جیهانی دەرەوە و ناوی سلێمانی خستبووە بۆردی گەشتی وڵاتانی جیهان، کەچی لە سایەی حوکمرانانی شارەکە ئەو ئیمتیازاتەشی لێ وەرگیرایەوە و ناوەکەی گۆڕدرا بۆ فرۆکەخانەی جەلال تاڵەبانی، کە گەشتەکانی ئەوەندە سنوردار و لۆکاڵین بە دەگمەن فرۆکە بە ئاسمانی شارەکەوە دەبینرێت..
سلێمانی بەتەواوی لەرووی هاتووچۆوە خنکاوە، کاتێک سلیێمانی شەقامی شەست مەتری هەبوو، هەولێر گیرۆدەی هاتووچۆ بوو، بەڵام ئێستا هەولێر خاوەنی بازنەی ٦٠ مەتری و ١٠٠ مەتری و ١٥٠ مەترییە، رێگاکانی دەرەوەی هەولێریش بە دووساید پەیوەستکراون بە شار و شارۆچکەکانەوە، کەچی لە سلێمانیش شەقامی ١٠٠ مەتری لەشوێنی خۆی چەقیوە و چارەگیکی شەقامەکەشیان بۆ تەواو نەکراوە شارەوانی شارەکە بەتەواوی بووە بە شارەوانی کۆمپانیاکانی حزب و بازرگانە چاوچنۆکەکان، ١٠ ساڵیشە شەقامێکی رێکوپێک یان پردێکی درووست نەکردووە، هەر خەریکی پینەو پەڕۆیە، بەڵام هەرچی زەوی گستی و نایاب و گرانبەها هەیە بەخشییە کۆمپانیاکانی حزب یان نزیک لە حزب.
لەگۆیژە و ئەزمەڕەوە بیگرە تا سەرچنار و چەق چەق و دامیێنی شار، مەتریک نادۆزیتەوە خیزانێک بە ئارامی گەشتیک سەیرانێکی تیا بکەن، یان دوو گەنج کۆببنەوە و دەردە دڵی خۆیانی تیا بکەن، چونکە هەمووی کراون بە ناوی کۆمپانیا و سەرمایە دارەکانەوە.
کارو کەسابەتی شارەکە ئەوەندە پەکی کەوتووە، ئەگەر ئەو تۆزە گەشتیارە عەرەبەی ناوەراست و باشوری عێراق نەبێت، ئەوا بەتەواوی ژیان تییدا دەوەستێت، سەرباری ئەوەش دەیان جۆر سەرانە بەناوی جۆراو جۆرەوە لە کاسبکار و دوکاندارەکان وەردەگیرێن.
وایلێهاتووە شارەوانی سلێمانی خەریکی چۆڵکردنی شەقامی سەهۆڵەکەیە، گوایا بەناوی ریکخستنەوە، ئامانجەکەش روونە کە ناچارکردنی خەڵکە بۆ ئەوەی بجن بۆ کافیی و ریستۆرانتە گرانبەهاکان لە کۆڕنیشەکان. ئەمەش نەک هەر دەستبردنە بۆ بژێوی سەدان کاسبکار و دوکاندا، بەڵکو دەستبردنە بۆ کلتوریکی شارەکە کە ساڵانیکە جێگەی شانازییەتی.
پرسیار؟ ئەرێ لەکوێن بەرگریکارانی کلتور؟
پرسیار؟ ئەم سەنتەری توێژینەوانە یەک فلسیان بۆ گیرفانی کاسبکارێکی سلێمانی زیاد کردووە؟