دواین هەواڵ

ئەگەر ترەمپ بەراستی بیەوێت گەرووی هورموز ئارام بکاتەوە

‌نەوزاد هێتووتی

9 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەگەر ترەمپ بەراستی بیەوێت گەرووی هورموز ئارام بکاتەوە، تەنها دوو بژاردەی سەرەکی لەبەردەستی دایە: یان دەبێت ناوچە ساحلییەکانی ئیران بە هێزی سەربازی کۆنترۆڵ بکات و ناوچەیەکی دابڕاو (Buffer Zone) دروست بکات، یانیش کار بکات بۆ دۆزینەوەی هاوپەیمانێکی ناوخۆیی بە مەبەستی گۆڕینی سیستمی سیاسی لە ئیران. تا ئێستا، ترەمپ هەردوو بژاردەکەی ڕەت کردووەتەوە. بۆیە، ئیران هێشتا هەست بەو مەترسییە ناکات کە بەڕاستی ڕووبەڕووی هەڕەشەیەکی وجوودی (existential threat) بووبێتەوە، تاکو هێرشەکانی لە گەرووی هورموز ڕابگرێت.

تاکوو ئێستا، ترەمپ پێیوایە دەتوانێت  بە  هەڕەشەکردن لە رێگەی پەیامەکانی لە تویتەر، ئێران ناچار بکات سازش بکات لە داواکارییەکانی بەتایبەت ئەوەی پەیوەستە بە گەرووی هورموزە. بەڵام، ڕوون و ئاشکرایە کە ئیران گەرووی هورموز بە ئامرازێکی ستراتیژی دەزانێت بۆ چەند ئامانجێک: یەکەم، دروستکردنی گوشار لەسەر ئەمریکا بۆ ئەوەی هێرش نەکاتە سەر ئیران و ناچاری بکات بە پێدانی ئیمتیاز لە دانوستاندنەکاندا. دووەم، وەک ئامرازێک بۆ زیانگەیاندن بە ئابووری جیهان و تێکدانی بازاڕەکانی وزە. سێیەم، گوشاری خستنە سەر دەوڵەتانی  کەنداوی عەرەبی. چوارەم، لە داهاتوودا ببیتە  سەرچاوەیەکی گرنگی داهات لە ڕیگەی باج وەرگرتن لە کەشتییەکان. بوویە، ئیران بە ئاسانی لە رێگەی هیرشی سنوورداری ئەمریکا و هەرەشە بێ کردارەکانی ترەمپ واز لە گەروی هورموز نا‌هێنێت.
لە سەرەتای هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئیران، دەرفەتێکی زێڕین هەبوو بۆ گۆڕینی سیستمی سیاسی لە ئیران. بەڵام، ترەمپ بەهۆی ئەوەی گوێی نەدایە ڕاوێژکاران و دەزگا هەواڵگرییەکانی وڵاتەکەی، نەیتوانی پلانە سەربازییەکان تەواو بکات. بەتایبەتی، کاتێک بە هاندانی پاکستان، قەتەر و تورکیا، چووە ناو دانوستاندن لەگەڵ ئیران و لە پلانە سەربازییەکانی پاشگەز بووەوە.وەک زۆر جار ئاماژەمان پێداوە، بنەمای سەرەکی ئەو پلانە بریتی بوو لە پشتگیری هێزە کوردییەکان وەک هێزی زەمینی بۆ ڕووخاندنی دەسەڵاتی ئیران. بەڵام، ترەمپ لە ژێر کاریگەری تورکیا وازی لەو پلانە هێنا.ئێستا هێشتا ڕوون نییە ترەمپ چی دەکات. بەڵام، زۆر دیارە کە یان دەبێت سیاسەتی ئێستای بگۆڕێت و یەکێک لەو دوو بژاردەیەی کە باسم کرد  هەڵبژێرێت، یان ئەم دۆخەی «نە شەڕ و نە ئاشتی» بەردەوام دەبێت، کە هەردەم مەترسی هەڵگیرساندنی قەیرانێکی نوێ لە ناوچەکەدا لەگەڵ خۆیدا هەڵدەگرێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP