دواین هەواڵ

بۆچی لە ئێستادا پێویستمان بە ئامادەکردنەوەی ڕۆحییەتی مامۆستای مودەڕیسە؟

‌ئەبوبەكر كاروانی

8 کاتژمێر پێش ئێستا


مامۆستای مودەریس، لەوە ناسراوترە بیناسێنین. بەڵام، لەگەڵ ئەوەشدا وەك پێویست بۆ ئێستامان سوودمان لە رۆحییەت و هەناسە پاکەکانی ئەم زاتە وەرنەگرتووە، واتە نەمانزانیوە، لەسەر ئاستە رۆحییەت و ئەخلاقییەکە، چۆنا ئامادەی بکەینەوە و چۆن لە چارەسەرکردنی کێشەکانی ئێستاماندا بەشداری زۆرتری پێ بکەین! مودەڕیسی گەورە، دوایەمین ڕەمزی گەورەی زانای سوننەتیی کوردەواری، لە چاخی کاریگەر بوون بە مۆدێرنەدا بوو. ئەو زانا، سۆفی و خواناس، ساغکەرەوەی ئەدەب، زیندووکەرەوەی مێژووی زانایانمان، بەکوردیکردنی خوتبە و فیقهی شافیعی و ڕاڤەکار و شتی تریش بوو. هەموو ئەمانەشی تێکەڵ  بە ڕوحییەتە ئەخلاقییە زاناییە سۆفیە پاکەکەی خۆی کردبوو و بۆن و بەرامەیەکی تایبەتی پێبەخشیبوون.

زانای مودەریس و دوو کوڕەکەی (محمد و فاتیح)لە پشت ڕزگارکردنی بەشێ لە گەنجینەی ئەدەبی پێشووی ئێمەوە بوون لە فەوتان، کە عەشق و عیرفان ناسنامە گشتییەکەی پێک دەهێنن. بەڵام، ئەوان هەر دەقەکانیان لە فەوتان ڕزگار نەکرد، بەڵکو بە پاشخانە دەوڵەمەندە زانستییەکەی مامۆستا و لە ئاستێکیشدا دوو کوڕەکەی، لە بواری فیقهـ و کەلام و زمان و تەسەوف و زۆر شتی تردا، تەلیسمی ئەو دەقانەشیان بۆ خوێنەری نوێی کوردزمان دەکردەوە و چەمک و زاراوەکانیان شیدەکردەوە، کە بۆ زۆربەمان لە ئێستادا ئاشنا نین.

مودەڕیس بە هاندان و هاوبەشی شێخی عەلادین لە بیارە، شەرەفی ئەوەی پێ بڕاوە کە ئەگەر یەکەم کەسیش نەبووبێت، لە سییەکانی سەدەی ڕابردوودا، لە یەکەمین ئەو  زانایانە  بووە کە خۆتبەی هەینی بە کوردی  بکات و بخوێنێتەوە. کە بە پێوەرەکانی ئەو سەردەمە بە ئیجتیهاد و شۆڕشێك لە ناوەندە عولەمایی و زانستیەکەدا لەقەڵەم دەدرێت، ئەوەش کۆتایی بە یەکێ لە هەرە تەقلیدە خراپەکانی مێژووی ئێمە هێنا، کە حەرامکردنی خوێندنەوەی خوتبە بوو بە کوردی! کە نوێژی هەینی لە بەشێکی گرنگ لە ئاماژە و مەبەستەکانی خۆی بەتاڵ کردبۆوە. دواتر، پوختەی فیقهی شافیعیشی لە چەند بەرگێکدا بە کوردی خستە بەردەم ناوەندە زانستی و دینیەکەی کوردستان. دەبێت لەم چوارچێوەشدا، کاریگەری مێژوونووسی گەورەی نەتەوەکەمان (محمد ئەمین زەکی بەگ) بەسەر مودەڕیسەوە لەبیر نەکەین، کە هەورەك خۆی باسی کردووە، چۆنا بە مێژووەکەی دەربارەی کورد کاریگەربووە، بە ڕەهەندە کودییەکەی ناسنامەی خۆی بە شێوەیەکی ئاگایانەتر هووشیاری کردۆتەوە. ئەمەش بەشێ لەو بازنە یەکتر تەواوکەرەی نێوان زانا و مونەویری کوردمان بۆ دەخاتەڕوو. محمد ئەمین زەکی بەگ بۆ جەنابی مودەڕیس بەرامبەر و نەیاری ئایدیۆلۆژی و فیکری پێکنەهیناوە، بەڵکو لە بوارێکدا ئاگایی لێوەرگرتووە و کارەکانیان لە بازنە ئیسلامی و نیشتیمانی و زانستیە فراوانەکەدا یەکتریان تەواو کردووە. 

مامۆستای مودەڕیس هەر وەک وتمان زانایەکی سوننەتی بووە، واتە لەژێر کاریگەری تەوژمی ئیسڵاحیی ئیسلامیی نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدە و ئایدیۆلۆژیای ئیسلامی نوێدا نەبووە.  بەهۆی ئەوەشەوە، قسەی لەسەر مۆدێرنە، دنیای نوێ، دەوڵەت نەتەوە و نەتەوایەتی، دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ و دەوڵەتی ئیسلامی  و هاوچەشنەکانیانی نەکردووە، بەڵکو درێژەپێدەرێکی سوننەتی حوجرە و خانەقاکانی کوردستان و ئەو زانستانە بووە، لەو چوارچێوەدا خوێندراون. بەڵام، ئەمە لە بەهای ئەوزاتە بۆ ئێمە لە ئێستادا کەم ناکاتەوە، چونکە ئەو چاکسازییە پێویستەی دەبێت لە ئێستادا لە فکر و بیرکردنەوەی بەشێکی بەرچاو لە ناوەندە دینی و ئیسلامییەکەی لە کوردستاندا بکرێت، لە هەندێ ڕووەوە، پێویستی بە گەڕانەوە بۆ ڕێبازی بیرکردنەوە و سوننەتیبوونەکەی ئەو هەیە.
 
ئەگەر ئەمرۆ پێویستمان بەوە بێت، ڕەهەندی ئیسلامی و کوردبوون و کوردستانی بوون، بە شێوەیەکی سروشتیی و بە بێ هیچ زۆر لەخۆکردنێك لە ناسنامە و کەسێتی و واقیع و کۆمەڵگەی ئێمەدا یەکتری تەواو بکەن، هیچ شەرێکی ناڕاست و دەستکرد لە نێوانیاندا بە قازانجی ناحەزانی نەتەوەکەمان دروست نەکرێت، ئەمە لای مودەڕیس و پێش ئەویش شێخی نەهری و شێخ مەحموود و شێخی پیران و قازی موحەمەد و دەیانی تر بەدی دەکەین. لە ڕاستیشدا، دەبێت ئیسلامخوازی کورد مێژووی خۆی بە مێژووی هیچ قوتابخانە و تەوژمێکی دەرەکیەوە نەبەستێتەوە، بەڵکو خۆی بە تەواوکەری ئەم مێژووە ئیسلامییە نەتەوەییە کوردییە بزانێت، ئەرکی خۆی لەوەدا ببینێتەوە، هەوڵبدات، لە ڕێی ئەوەی ئیسلام ببێتەوە بە ڕەهەندێکی ناسنامەی نەتەوەیی کورد و نەتەوایەتیش ڕەهەندێکی ناسنامە و فکری ئیسلامی لە کوردستاندا، ئەو هەڵقە پچڕاوە لەگەڵ ئێستادا بەیەکەوە گرێ بداتەوە.

لە ڕوویەکی ترەوە، تێگەیشتن و ئەخلاقە فیتری و زانستی و عیرفانییەکەی مامۆستای مودەڕیس، وەک هەندێ کەس و رەوت  لە ناوەندە دینی و ئیسلامیەکەی ئەمڕۆی کۆمەڵگادا، لەسەر بناغەی عەقیدە و ئایدۆلۆژیا دابەش و بەگژیەکدا ناکات، بەڵکو چرا هەڵدەکات و دەستی خاوەن پێداویستەکان دەگرێت و ئاسۆی لێ خۆش بوون و هەڵسانەوە و ئومێد دەخاتە بەردەم مرۆڤە شەکەت و ماندوو و گوناهکارەکان. هەر بۆیە، ئەو لە کاتێکدا هەردوو کوڕەکەی (محمد) و (فاتیح) کادری حیزبی کۆمۆنیستی عێراق بوون، پێکەوە دیوانی شاعیرە گەورەکانی ئێمەیان ساغ دەکردەوە، واتە جیاوازی بیروباوەڕ و پابەندی دینی نەك هەر نەیکردبوون بە دوژمنی یەك و لە یەکی نەکردبوون،  هەروەها پەیوەندی نێوانیانی تێکنەدابوو، بەڵکو لە بوارێکدا کە خزمەت بە چاکەی گشتی و بەرژەوەندی کوردە،  پێکەوە کاری هاوبەشیان دەکرد! ئەمەش ئەو وانە گەورەیە  دەبێت لەم زانا گەورە وەریبگرین و فێری ببین بۆئەوەی جیاوازی بیروڕا، کەلەم سەردەمەدا حەتمی وخۆ لێنەبوێردراوە، سەری لە دەمارگیری و دڕدۆنگی و یەکتر بەنەفرەتکردنەوە دەرنەچێت سەقامگیری کۆمەڵایەتی وحورمەتی ئینسانی نەخاتە بەردەم هەڕەشەی جددییەوە, هەروەها بۆئەوەی لەژێر کاریگەری هەندێ ڕەوتی نامۆ بە مێژوو و فەرهەنگ و شێوازی دینداری ڕەسەنی ئێمە، نەکەوینە تەکفیر و تەفسیقکردن و لەڕێی بەئامرازکردنی ئایینەوە بۆ بەرژەوەندی و حەزە تاکەکەسی و گروپییەکان، ڕق و کینە لە نێوان شەبەنگەکانی کۆمەڵگەدا بڵاونەکەینەوە و لۆژیکی ڕێنیشاندان و بانگەواز نەکەین بە قوربانی عەقڵییەتی حوکمدان و ململانێی تر. 

 بەحوکمی ئەوەی جگە لە ڕۆحی ئیسلام خۆی، کۆمەڵگەی ئێمە لەم دۆخە نەخوازراوەی ئێستایدا، پێویستی بەوەیە ئایین ببێتە دوا شوورەی لەخۆگرتن و هەڵسانە و نەڕووخانی، هەوێنی برایەتی و خۆشەویستی و هاوکاری ڕۆڵەکانی لەگەڵ یەکتردا، ئەوەش بە گوتاری موزایەدی دینی و دابەشکردنی کۆمەڵگە لەسەر بناغەی عەقیدەیی و حوکمدانی فیقهی بەسەر یەکتردا نابێت، بەڵکو بەو هەناسە و مۆدێلانەی مامۆستای مودەڕیس هاوچەشنەکانی دەکرێت کە ئیسلام بە سەرچاوەی میهرەبانی بۆ هەمووان دەزانن بێ جیاوازی، ڕەتی دەمارگیری و ڕقی ئایینی وسیاسی وفیرقەگەرایی دەکەنەوە، کاتیك پەلاماری میللەتەکەشمان دەدرێت، پشتیوانی سەنگەری بەرگری لەخۆکردنی دەکەن، چونکە سەنگەری فڵان هێز و دەستە و تاقم نیە، بەڵکو سەنگەری دژایەتی ستەم و دەستدرێژی و دادپەروەرییە، کە لە ئاستە بەهایەکەدا هەر لەو کاتەی سەنگەری نەتەوەییە بەتەواوی مانا سەنگەری ئیسلامیشە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP