دواین هەواڵ

هێشتا زووە باس لەڕێکەوتنی کۆتایی نێوان ئێران وئەمەریکا بکرێت

‌ئەبوبەكر كاروانی

12 کاتژمێر پێش ئێستا

گەورە بیرمەندو سیاسەتمەداری دنیای ئیسلام ورۆژهەڵات( جەمالەددینی ئەفغانی) لەوتەیەکیدا دەڵێت، یەکێ لەگەورەترین خراپەو کێشەی رۆژهەڵاتیەکان ئەوەیە ، ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی ڕکنەکەون،(وەك ئێمەی کورد)،ئەوەی لەنێوان ئەمریکاو ئێرانیشدا لەگۆڕێدایە، گەیشتن بەچارەسەری کۆتایی وڕێککەوتن نییە، بەڵکو ئەگەر بگاتە ئیمزاکردنی دوولایەنەش، تەنها یاداشتنامەی لەیەکتر تێگەیشتن و ڕێککەوتنە لەسەرئەوەی دەستبکەن بەگفتوگۆ لەسەر وردەکارییەکان، بۆ ئەوەی ئەگەر توانیان بگەن بە ڕێکەوتنی کۆتایی.

ئەوەش ڕێگایەکی زۆری لەپێشەو کۆسپ وتەگەرەی جۆراوجۆری لەبەردەمدایەو کارێکی هەرواسانا نییە، چونکە لەسایەی پێدراوەکانی ئێستادا، گەیشتن بەچارەسەری مام ناوەندی و کۆنکرێتی بۆ جەنگەکە، کەدەستەبەری ئاشتیەکی پایەداری دوورمەودا بکات، بەبێ کۆتایهێنان بەوململانێ دوروو درێژەی نێوان ئەمریکاو وئیسرائیل وئێران و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان وگۆڕانی ئێران، لەئێرانی شۆڕشەوە بۆ ئێرانی دەوڵەت نەتەوە، کارێکی قورسە.

جگەلەوەی ئیسرائیل ئیمزا لەسەر رێکەوتنەکە ناکات و دیدو قسەی خۆی دەربارەی جۆری چارەسەرو ئایندەی ململانێکە هەیە کەئەوەش بۆخۆی کێشەیە.هەر بۆیە، بەمانەوەی کێشە بنەرەتیەکان،چارەسەرنەکردنی هۆکارە کانی جەنگەکە وبەدینەهێنانی ئامانجەکان، نەك هەر ئەم لەیەکتر تێگەیشتنەی ئێستا، بەڵکوئەگەر بەرێکەوتنی کۆتایش بگەن، دەستەبەری ئەوەناکات ، لەقۆناغێکی ترداسەرهەڵنەداتەوەو هەموو ئەوەی کراوە نەبێتە میکانیزمێکی بەڕێوەبردنی ململانێیەکی بەلادا نەخراو؟

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP