دواین هەواڵ

دۆزى کورد ،، لە هەموو چەک و سەروەتى جیهان گرانبەهاترە

‌رێبوار حەمەلاو شوانی

2 کاتژمێر پێش ئێستا

گەلى کورد وەک نەتەوەیەکى ڕەسەنى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست ، هەر لەو ساتەوەختەیەوە خاک و نەتەوەکە دوور لەویستى خۆى بە سەر چوار وڵاتى داگیرکەر و لە ئەنجامى چاوچنۆکى زڵهێزانەوە لەت لەت و دابەشکراوە ، دوور لەویستى هیچ وڵات و زڵهێزێک بەڵکو بەچەک و  ئیرادە و باوەر بوون بە دۆزى رەواى گەلەکەى دەستى بەخەبات و تێکۆشان کردووە، هەرگیز چاوى لەوە نەبووە تا هیچ وڵات و نەتەوەیەکى تر خێرى پێبکات و منەتى لەسەر بکات ، لە هەمانکاتیشدا کوردستان ئەو خاک و جوگرافیا زەنگین و بە پیتەیە کە هەر خوى زڵهێزان بەهۆى بوونى ئەو سەروەت و سامانەى سەر زەووى و ژێر زەووییەى کەهەیەتى چاویان لەسەر سەرێتى ، کوردوکوردستان دەوڵەمەندترین نەتەوەن لە سەر ئاستى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا و دەیان ساڵە جگە لە بەتاڵانبردنى سەروەت و سامانەکەى لەهەمانکاتیشدا ئەو سەروەت لەدژى کورد و بۆ لەناوبردنى بەکار دێنەوە ، لێرەدا مەبەست ئەوەیە کورد خاوەن دۆزێکى رەاو و کەسایەتییەکى بەهێز و  کاریگەرى خۆیەتى چاوى لەدەستى هیچ وڵات و خێرى کەس نییە تا ئەمڕۆ بەم شێوە نادادپەروەرانەیە لە لایەن زڵهێزێکى وەک ئەمەریکاوە بە خراپى باسى بکرێت ، لێرەدا روون نییە مەبەستى چ گروپ و لایەنێکى کوردییە کە چەکی ئەمەریکایان وەڕگرتووە ، بەڵام بەگشتى دەبێژم کورد خاوەن بەهێزترین چەکە ئەویش ئیرادەکەیەتى و خاوەن دەوڵەمەندترین خاکە کە ئەویش کوردستانە

ئەم جارى چەندەمین دۆناڵد ترەمپ ، سەرۆکى زڵهێزترین وڵاتى جیهان واتە ئەمەریکا ، باسى بابەتێکى ناڕوون دەکات ، ناڵێت گروپێکى یان لایەنێکى کوردى ، بەڵکو بەشێوەیەکى گشتى باسى کورد دەکات ، لە هەمانکاتیشدا ، ناوێکى خراپ دەخاتە پاڵ کورد ، ئەویش شەڕکردنە لە پێناو پارە ، واتە ئەوپەرى ستەمکاریی و ناڕەوایە لە کاتێکدا گەلى کورد ، هەرگیز لە پێناو چەک و پارەدا خەباتى نەکردووە ، بەڵکو گەلى کورد وەک نەتەوەیەکى ماف و خاک داگیرکراوە خاوەن مێژووییەکى پڕ لە قوربانیدان و تێکۆشانە لە پێناو ڕێگریکردن لە سڕینەوە ولەناوچوون و دژى داگیرکەران و ئینجا جەنگ ، کە بەناچارى ڕێگەى جەنگ هەڵبژاردووە 

کورد نە ڕێگرە و شەڕسازە ، بەڵکو پارێزەرى خاک و نەتەوە و نیشتیمانێکە کە بەدرێژایی مێژوویی سەد ساڵى رابردوو ، چەکى شەڕەف و مەردایەتى و پێشمەرگایەتى کردۆتە شانى ، هەرگیز باوەرى بە داگیرکردن خاک و مافى گەل و نەتەوەیەکى دیکە نەبووە ، بەڵکو هەڵگرتنى چەک لە پێناو ئەو داگیرکەر و ڕژێمە ستەمکارانە بووە کە دەستیان نەپاراست بۆ قڕکردنى کورد و جینۆسایدکردن و لەسێدارەدان و کیمیابارانکردن و لە ناوبردنى هەزاران گوند و ئینجا ڕاگواستن و بێ سەروشوێنکردنى زیاتر لە 182 هەزار ڕۆڵەى ئەم نیشتمانە ، هەڵگرتنى چەکمان ، ئاماژەیە بە بیروباوەرى پتەومان بە دۆزى رەواى گەلەکمان نەک بۆ داگیرکردنى خاک و نیشتیمانى هیچ گەل و وڵاتێکى دیکە ، شەڕى ئێمە بۆ شانازی کردن نەبووە بە شەڕ بەڵکو لە پێناو ئازادى و سەربەخۆیی وسەرفرازیی گەلەکەمان بووە تا هەناسەی ئازادى لەسەر زێدى باب و باپیرانمان هەڵمژین ؛ دەبێ ئەو راستییە بزانن ، کورد هەمیشە شەڕخواز و داگیرکەر نەبووە ، بەڵکو بەرگریکارى دۆزى رەواى گەلەکەى بووە ؛ ناکرێت مێژوو لە بیربکەن ، کاتێک هێزى پێشمەرگەى کوردستان بە گەواهیدەرەى هەموو ناوەند ئاکادێمى و سەربازى وسیاسییەکان وەک هێزى زەمینى شەڕى تیرۆریستانى کرد و هەموو جیهانى لە هەڕەشە و مەترسى تیرۆر پاراست و لەو پێناوشدا سەدان پێشمەرگەى کوردستان گیان و خۆێنیان بەخشیی

پێشمەرگە ، سیمبوڵى ئاشتى و سەقامگیرى
مێژوو گەواهیدەرە ، لە کاتە سەختەکاندا کە بەسەر ناوچەکەدا زاڵ بووە ، هیچ شوێنکى تەناهى بۆ پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینى و ئایننزایی و  پەنابەر وئاوارەکان لە ناوچەکە نەماوە ، گەلى کورد لە نێو قەوارەى کوردستان ، باوەشى بۆ هەمووان کردەوە ، ئەمەش ئاماژەیە بەراستییەک گەلى کورد ، نەتەوەیەکى مەزن و ئاشتیخوازە ، نەک شەڕخواز ، لە کاتێکدا ئەوانەى دوێنى کوردیان بە زیندوویی دەخستە ژێر خاکەوە و دەیان چەوساندنەوە بەڵام گەلى کورد و پێشمەرگە ئامێزى بۆیان کردەوە و پارێزگاریکرى لێیان کرد ، تا ئێستاش کوردستان دوورگەیەکى ئارام و متمانە پێکراوو شوێنى بەیکەوە ژیانى ئاشتیانەى هەمووانە

پێشمەرگە شوناسى پڕ شانازى نەتەوەیەکە 
هەرێمى کوردستان وەک قەوارەیەکى یاسایی و دەستوورى ، جوگرافیا و سەرزەمینێکى دێرینە و ڕەسەنى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستە ، خاوەن دیرۆکێکى هەزاران ساڵەیە ، لە فێربوونى ژیان و کشتوکاڵ و بیناسازى و مرۆڤایەتى و پێکەوەژیان ، ئاشتیی ، خاوەنى سەدان داستانى مێژوویی و دەستکەوتى زانستى و ئەدەبى و سەرکردە و کەسایەتى ناودارى جیهانى و گەلێکى خاوەن ئیرادەیە کە لە هەموو جۆرە چەک بەهێزتر وکاریگەرترە ، خاوەنى پێشمەرگەیە کە جیاواز لە هەموو هێز و سوپاکانى جیهان ، خەسڵەتى خۆشەویستى خاک و نەتەوەیی تێیدا ئاوێتەبووە ، بۆیە کاتێک دوژمنان پەلامارى خاک و نەتەوەکەى دەدەن بە بێ هیچ دوو دڵییەک بەرگرى دەکەن و خاک و خوێیان لە پێناو ئازادى و سەربەستى دەبەخشن ، واتە ئەمە ئازایەتییە ، ئاشتیخوازییە نەک شەڕخواز و خۆشەویستى بۆ چەک 

بۆیە ، کاتێک باسى کوردوکوردستان دەکرێت ، ناکرێت ستەم لە مێژوویی سەدان ساڵەى نەتەوەیەک بکرێت ، کە هەرگیز بستێک لە خاکى هیچ گەل و نەتەوەیەکى دیکەى داگیرنەکردووە و باوەریشى پێنەبووە ، واتە چەک هەڵگرتنى کورد و ئازایەتى و شەڕکردنى تەنها لە پێناو ئاشتى و نەمانى شەڕ بووە ، لە هەمانکاتیشدا خەباتى کورد لە پێناو ئەوە نەبووە تا هیچ  گەل و وڵاتێکى تر خێرى پێبکات ، چونکە کوردوکوردستان خۆى خاوەن سەروەتى بێ شوومارى و لە سەر ئەو سەرەوەتەشە دەیان ساڵە خاک ونیشتمانى لەت لەت کراوە و ئێستاش تێکدەکۆشێت و بە ئیرادەى پۆڵایین و ئازایەتى تا مافى دەوڵەتبوون و سەربەخۆیی بگەڕێنێتەوە .

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP